نەورۆز، مەشخەڵێک لەسەر ڕێگای خۆناسینەوەدا…. ئیبراهیم مەلازادە
نەورۆز، مەشخەڵێک لەسەر ڕێگای خۆناسینەوەدا *
ئیبراهیم مەلازادەزۆرن ئەو وێستگانەی کە گەلان شانازی پێوە دەکەن و خۆیانی تیادا دەبیننەوە. هەر گەلێک مەشخەڵی تایبەت بەخۆی هەن و شانازیان پێوە دەکات و لە گەلانی تر جیایان دەکاتەوە. ئەو جیاکردنەوانە تایبەتمەندی دروست دەکەن و لەو پانتاییەشەوە، واتە لە پانتایی تایبەتمەندییەکانەوە دەتوانین قسە لە ناسنامە یا (identity) بکەین.
کەواتە بۆمان هەیە بپرسین ئایا نەورۆز یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی گەلی کورد؟ دەکرێ بە بەشێک لە ناسنامەی گەلی کوردی بژمێرین؟ هەرەشەکانی سەر ئەو تایبەتمەندیە چین؟ ئایا بۆنە ئاینیەکان ئەو ڕۆڵە دەبینن کە نەورۆز دەیبینێت؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئایا بۆ کوردیش ڕاستە؟ ڕۆڵی نەورۆز لە ژیانی مرۆڤی کورددا چی بووە؟ هەر خۆشی دەربڕین بووە یان درێژەپێدەری تایبەتمەندی؟
بێرگەر و لۆکمان پێیان وایە لایەنە کولتوورییە کۆمەڵایەتیەکانی هەر میللەتێک بریتیین لە بینای واقیعی کۆمەڵایەتی ئەو میللەتە و چەند ڕاستیێکی مێژوویی هەن ئەو واقیعەیان دروست کردووە. ئەمەش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە بینای واقیعی کۆمەڵایەتی دەرەنجامی واقیعیشی دەبن لەسەر ژیان و ڕەفتارەکانی مرۆڤەکاندا.
ئەوەی تا ئەو چرکەساتەش لە ژیانی زۆرینەی خەڵکی کورددا تێبینی دەکرێت و بە شێوەیەکی زۆر زەق دەناسرێتەوە، بێ سێو دوو نەورۆزە. نەورۆز هەڵگری کاراکتەرەکانی ناسنامەی کوردبوونە. ئەم حاڵەتەش لە تاراوگەدا باشتر دەناسرێتەوە. مرۆڤی کورد لە تاراوگەدا، هەڵگری هەر چ ئاین و ئاینزا و بیروباوەڕێک بێت، خەڵکی هەر پارچەیەکی وڵاتی دابەشکراوی بێت، کە لێی دەپرسرێت، جەژنی نەتەوەیی ئێوە چیە؟ بێ سێودوو دەڵێت نەورۆزە. ئەمەش مانای وایە نەورۆز بۆ مرۆڤی کورد ڕاستیێکی مێژوویی و هەنوکەییە، هێمای خۆناسینەوە و تایبەتمەنێتییە. لەدەرەوەی ئەو ڕۆژەدا خۆی بە نەناس و بێ هەموو قوڵاییەک دەبینێت.
وەچەکان هێندە گوێ بە لۆژیک و ڕەگوڕیشەکانی بۆنەکان نادەن. ڕاستی یا ئەفسانەیی ڕووداوەکان لەبەرچاو ناگرن، هێندەی بەدوای خۆدۆزیەنەوەدا دەگەڕێن، ئەوان لە ئێستادا پێویستیان بە ناسینەوەیە، سیمبۆڵە نەتەوەییەکان جۆرێک لە ئۆقرە و ئارامی بە وەچە تازە پێگەیشتووەکان دەبەخشن. سەرەڕای ئەوەی کە لەناو ئاڵۆزی ناسنامەکان و پەیامە هەمەجۆرەکانی ئایدیۆلۆژیا و ئاین و تەنانەت گڵۆبالیزەشدا لە هەناسەکانی نەتەوەکەی دووری ناخاتەوە.
دەکرێت نەورۆز ببێتە سیمبۆڵێکی ڕیشەدارتر لە ژیانی نەوەکاندا، بە گۆڕینی شێوازەکانی یادکردنەوە، بە هەڵواسینی سیمبۆڵی نەورۆز لەسەر یاخەکاندا، بە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی گەورە و داهێنانی چەندین شێوازی یادکردنەوەدا. نەورۆز دەکرێت سووربوون بێت لەسەر ژیان و مانەوە و ڕووناکی، هێندەی چوونە ناو ڕەگوڕیشە مێژووییەکانی، ئەگەرچی کورد لەسەر هیچ بۆنە و پرسێک هێندە کۆک نیە هێندەی لەسەر نەورۆز وەکو جەژنێکی نەتەوەیی کۆکە.
هەڕەشەکانی سەر سیمبۆڵە نەتەوەییەکان هەمیشە هەن، یەکێکیش لەوانە کاریگەری ئاین و پەیامە دژەکانیەتی بۆ هەموو سیمبۆڵە ڕکابەرەکانی. بۆیە سەیر نیە کە جاروبار گوێمان لەچەند دەنگێک بێت بە قەدەغە و ناپیرۆز و ئەفسانەی بزانن. بەڵام زۆربەی جاران ئەمانە پەیامی سیاسی ئاینێنراون، بۆ ئەوەی لەڕێگای نەهێشتنی جیاوازیە نەتەوەییەکان پڕۆسەی تاواندنەوە ئەسسیمیلێیشن (assimilation) پەرە پێبدەن. داوایێکی سەرتاسەری لەو جۆرە بۆ گەلێکی وەکو عەرەب هیچ کێشەیەک دروست ناکات و لە بەرژەوەندی ئەواندایە، چونکە عەرەب بێجگە لە بۆنە ئاینیەکان کە ئاوێتەی ژیانی نەتەوەیی عەرەب بوون، بۆنەی تری مێژووییان نین. بۆیە بۆ زیاتر تاواندنەوەی گەلانی نا عەرەب کار لەسەر سیمبۆڵە ئاینیەکان دەکەن و سیمبۆڵە نەتەوەییەکانی هەموو گەلانی ناعەرەب ناشیرین و نا شەرعی دەکەن.
هەروەها بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری و گوڕوتینی نەورۆز، شێوازی تری نائاینی دەگرنە بەر. سەدام حوسێن ڕۆژەکەی گۆڕی بە جەژنی درەخت و کردی بە پشووی سەرتاسەری. لەو ڕێیەوە دەیویست فێڵ لە یادەوەری نەوەکان بکات و ئەو ڕۆژە تا هەتایە بعەرەبێنێ. ئەمڕۆش لە تورکیا هەمان هەوڵ لەبەردەم نەوەکانی کورد دایە، کردنی نەورۆز بە پشووی گشتی وڵات لەبەر ئەوە نیە کە ڕۆژی نەتەوەیی گەلێکە، بەڵکو بەتاڵکردنەوەی کاریگەری و نەهێشتنی جیاوازیەکانە، وەکو دەستپێکێک یا هەوڵێک بۆ تاواندنەوە یا ئەسسیمیلێیشن.
ڕاستە ئامرازەکانی تاواندەوە شێوازی هەمەجۆری گرتوونەتە خۆ، داگیرکەران پەنایان بۆ سەرکوتکردنی تاکەکان و هەڵوەشاندنەوەی بونیادە کۆمەڵایەتیەکان بردووە و ڕاماڵین و سڕینەوەی ژیانی لادێیەکان کاریگەریەکی گەورەی بووە لەسەر لەناوچوونی بەشێکی زۆری کولتوور و دیاردە کوردییە دێرینەکان، بەڵام نەورۆز هەر بە زیندوویی لە ویژدان و لە پێکهاتەی مرۆڤی کورددا ماوەتەوە. ئەزمونی ئەسسیمیلێیشنی بەڕبەڕەکان بە هیچ جۆرێک لە کوردستان سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی ئەو ڕووناکیەی کە لە قوڵایی دڵ و دەروونی زۆرینەی تاکەکانی کورددا هەیە، بۆ ئەو ئاگرەی کە هەموو ساڵێک نوێبوونەوە بە نەوەکان دەبەخشێت و پێکهاتەیان توندوتۆڵ دەکاتەوە.
ڕاستە ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی ئارینەژاد لە ئاسیادا خۆیان لەم ڕۆژەدا دەبیننەوە و هەندێکیان بە پیرۆزی دەزانن و دەیکەن بە جەژن و بە ئاهەنگ و خۆشی، بەڵام ئەمە هەرگیز هۆکارێکی لاواز نیە بۆ کورد، بەڵکو بەڵگەی قوڵایی دێرینی و ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای کوردییە و بەڵگەی گرنگی ئەو ڕۆژە و باکگراوند و ڕەگوڕیشەکانی ئەو ڕۆژەن. بێجگە لەوەی کە کورد توانیویەتی قالبێکی نەتەوەیی بەو ڕۆژە ببەخشێت و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا گڵپەی سووربوون لەسەر دەستەمۆ نەبوون و تایبەتیەکانی خۆی زیندوو ڕابگرێت و بڕوابەخۆبوون بۆ نەوەکان بگێڕێتەوە.
ناکرێت ئاهەنگگێران بەو ڕۆژە و بەرزڕاگرتنی بە مانای نێگەتیف لێکبدرێنەوە، هەروەکو بەدیارخستن و تایبەتمەندێتیش ئەو مانا نێگەتیفانە ناگەیەنن. هەموو گەلانی دونیا ڕۆژی لەو جۆرەیان هەن و بەشێکی زۆر لە بۆشاییە رۆحی و جەستەییەکان پڕ دەکەنەوە و پێویستی خۆناساندن بەوانی دی بەرجەستە دەکات. سانتکلاس لە هۆڵەندا زۆر تایبەتمەند و جیاوازە لەوەی کە تێکڕای گەلانی تری ئەوڕوپا هەیانە، لەسەر بنەمای سەفەرێکی ئەفسانەیی کەسێک کە دیاری بۆ مناڵان دێنێت و ژیانی یەک هەفتەی سەرتاپای ئەو میللەتە پڕ لە خۆشی و ئاهەنگگێڕان و دەرچوون و چالاکی کۆمەڵایەتی دەکات. نەورۆزیش هەڵگری ڕووناکییە و دەکرێت هەفتەی نەورۆز بە چالاکی کۆمەڵایەتی هەمەجۆرەوە مۆبیلیزە بکرێت و ژمارەیەک سۆسیلۆگ و دەروونناس و شارەزا لەسەر ئەو بۆنە نەتەوەییە گرنگە کۆببنەوە و لە تەنها ئاگرکردنەوە و دەرچوونێکەوە بیگۆڕن بۆ کۆمەڵێک چالاکی مانابەخش بۆ ژیانی داهاتووی نەوەکان.
ڕاستیەکی تریش هەیە نابێت لێی بێ ئاگا بین، ئەویش کۆبوونەوەی کارەساتەکانی سەر خەڵکی کوردستانن لەو مانگەدا، هەر لە شای تاوانەکانەوە کە شاڵاوەکانی ئەنفالە بە کیمیابارانیشەوە کە من بە ژمارەیەک لە ژمارەکانی پرۆسەی ئەنفالەکانی دەزانم، وێڕای وێرانکردنی هەزاران لادێی کوردستان و هەموو ئەو سیاسەتانەش کە داگیرکەران بۆ تاواندنەوەی کورد پێڕەویان لێکردووە، بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو تاوانانە لەو مانگەدا دەگەڕێنەوە بۆ گوڕوتین و سەرخوەبوونی خەڵکی کوردستان، ڕاپەڕینیش بەڵگەیەکە بۆ ئەو سەرخوەبوون و گوڕوتینە لەبن نەهاتووە. لەبەر هەموو ئەم هۆیانە دەکرێت نەورۆز هۆکارێکی بنەڕەتی بێت بۆ نەهێشتنی نائومێدی و ئەو پڕۆسەی بێ هیواکردنەی کە داگیرکەران لە دژی میللەتێک گرتوویانەتەبەر.
* له ژمارهی (4826) ی کوردستانی نوێدا بڵاو بۆتهوه.