کۆتره خوێناوییه‌که
کۆتره خوێناوییه‌که
هه‌ژێن
چه‌ند ڕۆژێك بوو، ئارامی شار شێوابوو، سیمای سه‌ربازگه‌ییانه‌ی قه‌ڵا، سه‌رده‌می هێرشه‌کانی هۆلاکۆی لای خه‌ڵك وێنا ده‌کرد. پێشتر خه‌ڵك له سه‌نگه‌ره‌کانی ده‌وروبه‌ره‌وه لاشه‌ی کوڕ و هاوسه‌ر و برا و باوکیان بۆ هاتبووه‌وه، ڕك و بیزاری لێوان‌لێو بوو. خه‌ڵکی له‌بیری پاشه‌که‌وتکردنی خۆراکدا بوو، چونکه میلیشیای پارته فه‌رمانڕه‌واکان هه‌ردوو ده‌رگه‌ی شاریان گرتبوو، ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا خه‌ڵك هاتوچۆی ئاسایی بکات، هه‌ر بۆیه نرخی شتومه‌ك له بازاردا وه‌ك لافاوی به‌هار له هه‌ڵچووندا بوو.
ئێواران زه‌رده‌ی ده‌مکه‌ل، ده‌توت شکانه‌وه‌ی وێنه‌ی ده‌ریای خوێنه له ئاسماندا به‌یانیانیانیش دوکه‌ڵی هاوه‌ن و ئارپیجی، بزه‌ی کازیوه‌ی له پشت خۆیه‌وه ده‌شارده‌وه. ترسی مه‌رگ خوێنی له ده‌ماردا ده‌مه‌یاند و ڕوخساری خه‌ڵك زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو وه‌ك خه‌زان، مۆته‌که‌ی ئاواره‌بوونه‌وه، ئۆقره‌ی له خه‌ڵكی ڕه‌شوڕوت بڕیبوو. ڕه‌نگی هه‌ڵبزرکاو و چاوی واقوڕماوی ده‌ستفرۆشانی شێخه‌ڵا، ترپه‌ی نائاسایی دڵی خوێندکاران، ترس و ڕاکه‌ڕاکه‌ی ژنانی ئاوکێشی داره‌توو و که‌سنه‌زان، سیمای شه‌ڕی میلیشیاکانی«لوبنان»یان به شار به‌خشیبوو. سه‌نگه‌ری سه‌ربانی ماڵان و دامه‌زراوه‌کان، لوله‌ی مه‌رگی ڕوو له خه‌ڵك له‌ناو ئۆتۆمۆبێلی سه‌ربازی میلیشیاکان، هه‌موو یه‌ك په‌یامیان له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کانی کازیوه و هه‌واڵنامه‌کانی خۆرنشین ڕاده‌گه‌یاند" ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی، دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ له باوه‌شتان ده‌گرێت، ئێوه ساواکان، کرێکارانی مافوور و چنین و جگه‌ره، ژنانی له‌نگه‌فرۆش، میردمناڵانی سواڵکه‌ر و بۆیاخچی پێش چێشتخانه‌کان، ئێوه ئه‌ی پاسه‌وانانی کۆیله‌تی، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که مه‌رگ له لوله‌ی چه‌که‌کانی ئێوه‌وه سنگی خه‌لك نیشانه ده‌گرێت.
شه‌وانه چه‌کداره‌کانی فڵان و فیسار، لێره‌و له‌وێ له باداوا و که‌مه‌ربه‌ندی شار، به ڕووی یه‌کدیدا هه‌ڵده‌شاخان و چه‌ند ماڵه هه‌ژارێك، که هێستاکه دێوه‌زمه‌ی ئابڵۆقه‌ی ئابووری گیانی نه‌کێشابوون و توانیبوویان به پاشماوه‌ی زبڵدانی نیشتماپه‌روه‌ران و کارتۆن و ڕیخ و سه‌وزه و ته‌ڕه‌ی گه‌نیوی بازاره‌کان گیان ده‌رکه‌ن، ده‌که‌وتنه به‌ربه‌زه‌یی گوله هاوه‌ن و فیشه‌ك، فیشه‌که وێڵه نا، به‌ڵكو له لوله‌ی چه‌کی دراوسێکه‌یانه‌وه ده‌رده‌چوو. ئه‌م جاره دایك و باکی وی پێوه نه‌بوون، خوشکه چکۆله‌که‌ی تۆ به‌رکه‌وت و هه‌زار و یه‌ك خۆزگه‌ی منالانه‌ی له دڵدا خه‌ڵتانی خوێن بوون.
هه‌موو پارته به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌کان که‌وتنه خۆکۆکردنه‌وه و ئاماده‌یی بۆ هێرشێك، که بۆی هه‌بوو له‌لایه‌ن نه‌یاری پارته دۆسته‌که‌یانه‌وه بکرێته سه‌ریان، یا بۆ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی هه‌ڵپه‌رستانه و فریودانی جه‌ماوه‌رێك، که ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر پارته فه‌رمانڕه‌واکان ده‌رده‌بری. هه‌مووان هه‌ر له به‌شدارانی ده‌سه‌ڵاته‌وه تا پاشکۆکان و بێده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان، که‌وتنه ژاراوکردنی مێشکی جه‌ماوه‌ر به بیری نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌چییه‌تی، تاوه‌کو جه‌ماوه‌ری به‌گیان هاتوو، ده‌ست بۆ هیچ هه‌وڵیکی شۆڕشگێڕانه بۆ له‌ناوبردنی شه‌ڕ نه‌بات.
هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی و پێکهێنانی کۆمیته‌ی ئاشتی و دژی شه‌ڕی براکان، یه‌کێك بوو له‌و هه‌وڵانه و له‌لایه‌ن ڕێکخراوه نه‌ته‌وه‌چی و نیشتمانییه‌کانه‌وه، له‌و لاشه‌وه چه‌پ و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کان له هه‌وڵی به‌رگرتن به شه‌ڕێك بوون، که له ته‌قینه‌وه‌دا بوو.
گه‌رمای هاوین، تاوی سه‌ندبوو. سێبه‌ری به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات له کشاندا بوو، هه‌موو که‌سێك گوێی بۆ بیستنی ده‌نگی ته‌قوهۆڕ هه‌ڵخستبوو، پێکدادانه‌که‌ی دوێنێ ئێواره‌ی لای «یاریگه»ی شار، وه‌ك بانگه‌وازێك زۆربه‌ی ئه‌ندامان و هه‌ڵسوراوانی ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کانی له بنکه‌ی یه‌کێتی بێکاران کۆکرده‌وه، کارایی نزیكبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌سه‌ر هۆش و بۆچوونی که‌سه‌کان هێنده تاوی سه‌ندبوو، قسه‌وباسه‌کانی به‌راده‌ی هه‌ڵچوون و نائارامی گه‌رم کردبوون. له‌نێو به‌شداربوواندا سێ بۆچوون به‌رجه‌سته بووبوون؛ نه‌رمڕه‌و (ئاشتیخواز)، که زۆرینه بوو، میانه‌ڕه‌و (ده‌سه‌ڵاتخواز)، توندڕه‌و (به‌ره‌نگاری جه‌ماوه‌ری)، که که‌مایه‌تی بوو، به‌ڵام هه‌ر سێ لا له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕابوون، که ده‌بێت شتێك بۆ به‌رگرتن به شه‌ڕه‌که بکرێت. مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی بکڕێت، تا ده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو، هه‌ندێك جار هه‌ڵچوون و توانج له‌یه‌کدان و هه‌ندێك جار ئارامی و خاوبوونه‌وه‌ی ده‌ماره‌کان. یه‌ك له دوای یه‌ك نۆره‌ی قسه‌کردن به‌رنه‌ده‌که‌وت، هاوبۆچوونانی دوێنێ، دژه‌بۆچوونی ئه‌وڕۆ بوون و دژه بۆچوونانه‌ی دوێنێ نزیك و هاوده‌نگ. مه‌ترسی شه‌ڕ، هۆکارێك که هه‌موو هاوسه‌نگییه‌کانی تێكدابوو..
عه‌بۆ: هاوڕێیان، به‌رای من ئێستا ده‌بێت له بیری ئه‌وه‌دا بین، که شه‌ڕ ڕابگرین، نه‌ك پێشنیاری ده‌سه‌ڵات یا شورا. جه‌ماوه‌ر له‌م کاته‌دا ڕاگرتنی شه‌ڕیان ده‌وێت نه‌ك شتی تر! وه‌ك باسمان کرد، ئێمه له بانگه‌وازه‌که‌ماندا بۆ گشت لایه‌ن و ڕێکخراوه‌کان، خوازیاری ڕاگرتنی شه‌ڕین، له وه‌ڵام به بانگه‌وازه‌که‌مان، چه‌ند ڕێکخراوێك ئاماده‌یی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی ئه‌م دوانیوه‌ڕۆیه ده‌ربڕیوه.
دلۆ: ئێمه، هه‌موو کات پێشنیاری شورا ده‌که‌ین، خه‌ڵك ده‌بێت شورای گه‌ڕه‌ك و کارگه‌کان پێك بهێنن، کاتێك که توانیمان شه‌ڕ ڕابوه‌ستێنین و شار له میلیشیاکان چۆڵ بکه‌ین، ئه‌و کات شوراکان و ئێمه و هه‌ر لایه‌نێكی تر که پشیتوانی پێشنیاره‌که‌ی ئێمه ده‌کات، له به‌ڕێوه‌بردنی شاردا به‌شداری ده‌که‌ین. به‌ڵام ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بزانین، که نابێت ڕێگه بدرێت هیچ لایه‌نێکی شه‌ڕکه‌ر ئه‌م هه‌له بۆ خۆی بقۆزێته‌وه بۆ هێرش بۆ سه‌ر به‌رامبه‌ره‌که‌ی.
عه‌لۆ: به‌ڵام هاوڕێیان، وه‌ك ئاشکرایه به درێژایی مێژوو، شه‌ڕی بۆرژوازی چ له نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یا له نێوان دوو میلیشیاتدا بووبێت، ته‌نیا بۆ لاوازکردنی چه‌وساوان بووه و به هه‌مان شێوه‌ش ئاشتی بۆرژوازی بۆ سه‌قامگیرکردنی ئه‌م لاوازییه و جێگیرکردنی یاسا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی. بۆیه وه‌ڵامی ئێمه بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌ی بۆرژوازی، بۆ ئه‌م شه‌ڕه، ئاشتی نییه، به‌ڵکو له‌ناوبردنی شه‌ڕه به شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه. هیچ کات ئه‌و دوولایه‌نه واز له شه‌ڕ ناهێنن، چونکه ڕاگرتنی له ده‌ستی ئه‌واندا نییه و هیچ کاتێکیش چه‌کداره خه‌ڵه‌تاوه‌کان سه‌ر ساختمانه‌کان و که‌ناری شه‌قامه‌کان چۆڵ ناکه‌ن و به‌ره‌کانی شه‌ڕ به‌جێ ناهێڵن، ته‌نیا ئه‌و کاته نه‌بێت، که جه‌ماوه‌ر پشتییان به‌رده‌دات و جه‌ماوه‌ر به‌رامبه‌ریان سه‌نگه‌ر ده‌گرێت. پێویسته ئێمه هه‌ر هه‌نگاوێکمان به‌م ئامانجه‌وه بێت؛ چ پاگه‌نده و چ ڕێپێوان و چ پێكهێنانی ده‌سته‌ی چه‌کدار و شورا.
عه‌بۆ: ئه‌م براده‌ره ده‌یه‌وێت، به خه‌یاڵپڵاوی کۆمونه به‌رپا بکات. ئێمه ئێستا بێجگه له ڕاگرتنی شه‌ڕ، هیچی ترمان پێ ناکرێت ئه‌مه خۆدزینه‌وه‌یه له کارکردن.
دلۆ: نا هاوڕێیان، ئه‌م دوو بۆچوونه هیچکامیان، ناگونجێن، ئێمه ده‌بێت ئه‌م هه‌له بقۆزینه‌وه و شوراکان دروست بکه‌ینه‌وه، شار له چه‌کدار چۆڵ بکه‌ین و له‌ناو شاردا به خۆمان ده‌سه‌ڵات بگرینه ده‌ست.
عه‌لۆ: باشه هاوڕێیان، وا شارمان له چه‌کدار چۆڵکرد و شوراکان سێیه‌کی ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وا دوو به‌رامبه‌ر ده‌نگ به شه‌ڕکه‌ران ده‌ده‌ن و هه‌م نه‌خشه‌کێشه‌رانی شه‌ڕ، به سه‌رکوتکردن واداریان ده‌کات. هه‌روه‌ها له وه‌لامی ئه‌و براده‌ره‌ی تردا، باشه ئه‌گه‌ر شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌مان پێ ناکرێت، ئه‌وا ناشتوانین شۆرشگێڕ بین، ده‌ی که‌واته به بۆچوونی تۆ ده‌بێت دژه‌شۆرش بین و داوا له باڵه‌کانی بۆرژوازی بکه‌ین، که واز له شه‌ڕه میلیشاییه‌که‌یان بهێنن و وه‌ك دوو برای نه‌ته‌وه‌ییی، سه‌روه‌ریمان بکه‌ن.
دلۆ: ئه‌م براده‌ره له قسه‌کانیدا زۆر نا‌ئومێد دیاره و باس له بوونی هێزیكی که ده‌کات، که له پستی ئه‌م شه‌ڕه‌وه بێت. به‌ڵام وه‌ك ئاشکرایه، ئه‌م شه‌ڕه ڕه‌گوڕیشه‌ی کۆنی هه‌یه و له ئێستادا قه‌یرانی ئابووری و کێشه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هۆی سه‌ره‌کی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌یه، نه‌ك له به‌رامبه‌ر پڕۆلیتاریادا.
عه‌لۆ: به‌ڕای من، ئه‌م شه‌ڕه یا ڕاستر بڵێین ئه‌م شانۆگه‌رییه، درێژه‌ی هه‌مان شانۆگه‌ری شه‌ڕه‌کانی که‌نداوه. چونکه ئه‌وه چه‌ند مانگێکه خه‌ڵك به کوشتن ده‌ده‌ن، که‌چی تازه به تازه له ڕاگه‌یاندنه‌که‌یاندا باس له‌وه ده‌که‌ن، که "زۆر ناشیرینه له ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا جنێو و ناووناتۆره به سه‌رۆکه‌کان بدرێ"، تازه خه‌ریکه ڕایگه‌ییێنن، که شه‌ڕه! گه‌ر ئه‌مه شانۆگه‌ری نییه، ئه‌ی چییه؟ دیاره وه‌ك له گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شکری به‌عسدا بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵك 1991دا ده‌رکه‌وت، که ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه کورده‌کانی ده‌رهێنه‌ری ئه‌و شانۆگه‌رییه بوون و ئامانجیش تێكشکاندنی بزووته‌نوه‌یه‌ك بوو، که له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه‌کانی ئه‌واندا ڕاپه‌ڕی. به‌رای من ته‌نیا کارێکیش، که پێویسته ده‌ستی بۆ به‌رین، ئه‌وه‌یه: یه‌که‌م، بانگه‌وازی گشت چه‌کداره‌کانه بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ڕیزه‌کانی جه‌ماوه‌ر. دووه‌م، خۆپیشاندانی به‌رده‌وام له گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌کانی کاره‌وه بۆ سه‌ر بنکه‌کان و دامه‌زراوه‌کان، به‌شێوه‌ی سه‌رتاسه‌ری. ڕێکخستنی خه‌ڵك بۆ ده‌رکردنی چه‌کداره‌کان له سه‌ربان و گه‌ڕه‌که‌کاندا، تاکاتێك که هاوسه‌نگی هێز به قازانجی جه‌ماوه‌ر ده‌شکێته‌وه، ئه‌و کات زه‌مینه بۆ ڕاپه‌ڕینی چه‌کدارانه له‌بار ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت، که پێویسته ئه‌م هه‌وڵه سه‌رتاسه‌ری بێت، نه‌ك ته‌نیا لێره، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ند مانگه له ناوچه‌کانی تر شه‌ڕه و که‌چی تازه لێره داچڵه‌کاون. شورا و هه‌ر ڕێکخراوێکی خه‌باتکار و شۆڕشگێڕ له هه‌ناوی بزووتنه‌وه‌یه‌کی وادا دێته ده‌ره‌وه، نه‌ك به بانگه‌واز و دروستکردنی له بنکه پارتییه‌کاندا!
دلۆ: هاوڕێیان به بڕوای ئێمه ده‌بێت شوراکان دروست بکه‌ین و شه‌ڕ ڕاگرین. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م ئێواره‌یه چی بکه‌ین؟ ئێمه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌مان پێ باشه، به‌ڵام به خه‌یاڵ نا! تائێستا له قسه‌وباسه‌کاندا وا ده‌رده‌که‌ێت، که زۆرینه له‌ته‌ك ئێمه‌یه، لایه‌نی دووه‌میش، لێره‌دا به خۆپیشاندانی ئارام و کاری هاوبه‌ش له‌ته‌ك هه‌ر لایه‌نێك، رازییه. که‌واته شتێك نه‌ماوه تا له‌سه‌ری بووه‌ستین. له وه‌ڵامی ئه‌و براده‌ره‌دا، ده‌ڵێم ئێمه بێده‌نگ نه‌بووین، به‌ڵکو به‌یاننامه‌مان ده‌رکردووه.
عه‌لۆ: هاوڕێیان، ئێمه ناتوانین نیشانه‌ی ئاشتی له قۆڵ بکه‌ین، ناتوانین هه‌ڵگری دروشمێك بین، که له خزمه‌ت خودی بۆرژوازیدایه، ناتوانین به‌بێ ئاماده‌یی، خه‌ڵك بکه‌ینه نیشانه‌ی تفه‌نگه‌کان.
عه‌بۆ: به قسه‌ی ئێوه بێت، تا پڕۆلیتاریای جیهان یه‌ك نه‌گرێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وڕۆ ته‌نیا شانخاڵیکردنه له ژێر ئه‌م ئه‌رکه، هاوڕێیان. گه‌ر قسه‌یه‌ك نه‌ماوه، با بڕۆین!
ئاماده‌بووان، بێجگه له‌وانه‌ی، که هاورای عه‌لۆ بوون، به‌ره‌و شوێنی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی خۆپیشاندانه‌که که‌وتنه ڕێ. به‌ناو ده‌ستفرۆشه‌کانی بازاری شێخه‌ڵڵادا به‌ره‌و مه‌یدانی نافوره‌که‌ی قه‌ڵا تێپه‌ڕین. له‌ته‌ك هه‌ر هه‌نگاوێکدا به کۆمه‌ڵ خه‌ڵك دوایان ده‌که‌وت، ڕك و بێزاری خه‌ڵکی به‌راده‌یه‌ك بوو، که ده‌تگوت هه‌موو کاتی که‌وتنه‌ڕێی ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌یان ده‌زانی، تا گه‌یشتنه سێڕای نافوره‌که، چه‌ند هه‌زار که‌سێك کۆبوونه‌وه. حه‌شاماته‌که له وه‌ستانیدا شه‌پۆلی ده‌دا، دروشمی جۆراوجۆر ده‌نگه‌کان هێنده ناڕێك بوون، له چه‌ند مه‌ترێکیشه‌وه تێگه‌یشتن لێیان سه‌خت بوو. له ناوه‌ندی حه‌شاماته‌که‌دا که‌سێكیان به‌رزکرده‌وه و ده‌ستی به نیشانه‌ی داواکردن له خه‌ڵکه‌که تا بێده‌نگ بن، به‌رزکرده‌وه، چه‌ند جارێك کۆکی و بڵندگۆکه‌ی له ده‌می نزیك کرده‌وه….
قسه‌گه‌ری یه‌که‌م: جه‌ماوه‌ری به‌ڕێز، ئێمه دژی شه‌ڕین، با ئاشتی بگه‌ڕێته‌وه، با شه‌ڕ ڕاگرین، با پاره‌ی ته‌قه‌مه‌نی و خه‌رجی شه‌ڕ، بدرێت به داوده‌رمان بۆ مناڵان… هه‌ر ئێستا هه‌زاران منداڵ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ دان، که‌چی سه‌دان هه‌زار دینار ده‌کرێنه خه‌رجی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی قه‌د له خۆتان پرسیوه بۆچی؟ ده‌ی که‌واته هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ با بڵێن، نا بۆ شه‌ڕ،به‌ڵێ بۆ ئاشتی!
قسه‌گه‌ری دووه‌م: ئازیزانم، خه‌ڵکانی دژی شه‌ڕ، بڕواننه ئه‌م باره که پارته فه‌رمانڕه‌واکان دروستیان کردووه، بڕواننه باری ژیانتان، ئاواره‌کان.. خه‌ڵکی ئه‌م شاره، شه‌ڕ چ به‌دبه‌ختییه‌کی به‌سه‌ر هێناوین، ئایا که‌س له ئێوه خوازیاری ئه‌م شه‌ڕه‌یه؟ کێ ده‌نگی به‌م پارتانه داوه، تا هه‌ر کات ویستیان هانا بۆ شه‌ڕ به‌رن؟ کاتێك که بۆ خه‌ڵکی داوای ئازووقه‌یان لێ ده‌که‌ین، له وه‌ڵامدا پێمان ده‌ڵێن " میریمان ساوایه و بودجه‌مان نییه!"، کاتێك که بۆ ئاواره‌کانی که‌رکوك داوای خانوویان لێ ده‌که‌ین یا داوایان لێ ده‌که‌ین که له که‌لاوه‌ی سه‌ربازگه‌کاندا ده‌ریان نه‌که‌ن، له به‌رامبه‌ردا ده‌ست به پارانه‌وه و بیانوو هێنانه‌وه بۆ خۆدزینه‌وه ده‌که‌ن و له که‌لاوه‌کاندا ده‌ریان ده‌که‌ن و سه‌ربازگه و ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری بۆ گیانی خه‌ڵك ڕێك ده‌خه‌نه‌وه و هه‌ر کاتێکیش ده‌نگۆی شه‌ڕ بێت، فرمێسکی تیمساحی بۆ ئاواره‌کان ده‌ڕێژن. ئاواره‌کان، خه‌ڵکی به‌ڕێزی شار، ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه هه‌مووان به‌یه‌ك ده‌نگ بڵێین نا بۆ شه‌ڕ، به‌ڵێ بۆ ئاشتی….
له‌م کاته‌دا له شه‌قامی باته‌وه به‌شی دووه‌می خۆپیشاندانه‌که گه‌یشته به‌رۆ، که له کۆمه‌ڵێك کۆمه‌ڵه و ڕێکخراو پێکهاتبوو، به چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازییان لێ کرا.. حه‌شاماته‌که هێنده گه‌وره بوو بوو، له‌لایه‌ن ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که‌وه کۆنترڵ نه‌ده‌کرا.. ئیتر دروشم و هاواری خه‌ڵك، دروشمه ئاماده‌کراوه‌کانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر نه‌بوون، به‌ڵکو قسه و ویستی ناخی خه‌ڵکه‌که بوون و هه‌ر که‌سه قسه‌ی دڵی خۆی ده‌چڕی…
قسه‌گه‌ری سێیه‌م: حزبی ئێمه، حزبی چینی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش، دژی شه‌ڕ تێ ده‌کۆشێت. ئێمه خوازیاری راگرتنی ده‌ستبه‌جێی شه‌ڕین. ئێمه جه‌ماوه‌ر بۆ وه‌ستانه‌وه دژی شه‌ڕ و خۆڕێکخستن له شورای کارگه و گه‌ره‌که‌کاندا، بانگه‌واز ده‌که‌ین. ده‌بێت هێزه شه‌ڕکه‌ره‌کان له‌ناو شار بچنه ده‌ر. ئێمه خوازیاری پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتی شورایین، نا بۆ شه‌ڕ، به‌ڵێ بۆ ئاشتی.
پاش چه‌پڵه‌لێدان، نوێنه‌ری به‌شی دووه‌می خۆپیشاندانه‌که، که له بری چه‌ند ڕێکخراوێک قسه‌ی کرد، به‌رزکرایه‌وه…
قسه‌که‌ری چواره‌م: جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌ف، وا له‌م نێوه‌دا دوو پارتی برا شه‌ڕیانه و ته‌نیا ده‌ستکه‌وتی مێژوویی نه‌ته‌وه‌که‌مان (پارله‌مانه – کۆرپه‌که‌مان) له ده‌ست ده‌چێت، کۆرپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ییمان زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت. فریا که‌ون با به هه‌موو لایه‌کمان ئه‌م شه‌ڕه ناڕه‌وایه، که ناحه‌زانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئاگری خۆش ده‌که‌ن، ڕاگرین. دوو پارتی برا، به به‌شداری گشت دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌م خاکه ئازاده بکه‌ین. ئێمه کۆمیته‌یه‌کمان پێكهێناوه و به‌ناوی کۆمیته‌ی دژی شه‌ڕی براکوژی، به‌یانی به‌ناوی ئێوه‌وه ده‌چینه بارگه کاك مه‌سعود و مام جه‌لال و داوای ڕاگرتنی شه‌ڕیان لێ ده‌که‌ین…
ئه‌م ڕۆژانه هه‌رکه‌س چ به چاك و چ به خراپ بدوایه، هه‌ر چه‌پڵه‌ڕێزان بوو، چونکه خه‌ڵکی له سه‌رده‌می سه‌رۆکی سه‌رۆکانه‌وه تووشی ئه‌م ده‌رده کوشنده‌یه بوون. ده‌نگه ده‌نگی خه‌ڵکه‌که، زه‌نگی ئه‌وه بوو، که ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دژ به شه‌ڕ له سه‌رووی ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی پارته‌کانه‌وه‌یه. هه‌رکه‌سه له شوێنی خۆیه‌وه ده‌نگی به‌رز ده‌کرده‌وه…
-: ئێمه نه‌هاتووین تا بتان نێرینه خزمه‌ت جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی شه‌ڕ.
-: ته‌نیا به له‌ناوبردنیان وه‌ك (به‌عس) کۆتایی به شه‌ڕ دێت.
-: ئیتر له‌مه زیاتر ناتوانین چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌کانیان بین، مه‌رگ له چاوه‌ڕوانی مه‌رگه‌سات خۆشتره. نه ده‌توانین بێینه ده‌ر نه ده‌توانین شه‌وان بێخه‌م له ماڵی خۆشمان‌دا سه‌رخه‌وێك بشکێنین، تاکه‌ی چاوه‌ڕوانی مه‌رگ، ئیتر به‌سه!ڕك و بێزاری خه‌ڵك له‌وه ده‌رچووبوو که بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت. ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رستی خۆپیشاندانه‌که ڕایان گه‌یاند " ئه‌وڕۆ کۆتایی به خۆپیشاندانه‌که ده‌هێنین و سبه‌ینێ کاتژێر (4) پاشنیوه‌ڕۆ له مه‌یدانی کۆتری ئاشتی کۆ ده‌بینه‌وه، ئێستا داواتان لێده‌که‌ین، بڵاوه‌ی لێ بکه‌ن"….
لایه‌ن و ڕێکخراوه‌کان هه‌ر یه‌که و جه‌ماوه‌ری لافیته‌به‌ده‌ست و خه‌ڵکانی خۆیان به‌ره‌و بنه‌ککانیان به‌رێ کرده‌وه. ئه‌وه‌ی مایه‌وه، که‌سانێك بوون، ئیتر چاوه‌ڕوانی و دانبه‌خۆداگرتن بۆیان واتای نه‌بوو، هاتبوون ئارامی بۆ شار بگێڕنه‌وه یان گیانی خۆیان بووبوو به‌بار به‌سه‌ریانه‌وه، لێی ڕزگار ببن، هاتبوون له جامی پڕبووی ڕك و بێزارییان، لافاوی ڕاپه‌ڕین هه‌ستێنن و بارگه‌کانی شه‌ڕی کۆیله‌تی ڕابماڵن. لافاوی بێزاری به هه‌موو لادا شه‌پۆلی ده‌دا، خۆپیشانده‌ران یاخییانه به‌ره‌و به‌رده‌م بارگه‌ی پارێزگا ئاسایش ملیان ده‌نا. له‌وێش کۆمه‌ڵێك گوێیان بۆ نوێنه‌ری پارتی مافی چاره‌نووس، که له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو ڕك و بێزاری جه‌ماوه‌ری به‌گیان هاتوو به‌لاڕێدا به‌رێ، تاکو له دژی پارته ڕه‌قیبه‌که‌ی به‌کاری به‌رێت. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا خه‌ونی نێو کۆشکی سه‌روه‌ران بوو. حه‌شامات شه‌پۆلی ده‌دا و خه‌ڵکه‌که ده‌ستی کرده هه‌یا و هوو و فیکه‌لێدان. نوێنه‌ری سه‌وز ناچار بوو، که واز له قسه‌کانی بهێنێت. هه‌راو و هاو هوی خه‌ڵکه‌که ناچاری کرد، به‌ره‌و بارگه‌ی سه‌وزی بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌و جا ڕێپێوانگه‌ران به‌ره‌و بارگه‌کانی پارتی دایك و ئۆتۆنۆمی به پێچه‌وانه‌وه ملیان نا و به "دروشمی خۆتان و شه‌ڕتان بۆ ده‌ره‌وه" به به‌رده‌م بارگه زه‌رده‌که‌ی «شیراتۆن»دا، که وه‌ك دومه‌ڵێك له نێو شاردا هه‌ڵتۆقیبوو تێپه‌ڕین. پیاوانی سه‌رۆك وه‌ك پیشه‌یی هه‌میشه‌ییان ئاسمان و زه‌وییان له جه‌ماوه‌ری نارازی و دژه‌شه‌ڕ، کرده ئاگر و هه‌رچی به‌شه بودجه‌ی داوده‌رمان و کردیانه ئاگر و ئاسن و به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا باراندیان… خۆپیشانده‌رانی بێچه‌ك و دژه‌شه‌ڕ ناچار له به‌رامبه‌ر ده‌سترێژی نه‌بڕاوه‌ی قاره‌مانانی شه‌ڕدا، به چه‌ند بریندارێکه‌وه ئه‌و ناوه‌یان چۆڵکرد. ئه‌و بریندارانه‌ی که له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی بارگه‌ی شه‌ڕکه‌راندا به‌جێمابوون، خزێندرانه ژێرزه‌مینه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌دان.
خۆر وه‌ك خوازیارانی دڵشکاوی ئاشتی، به‌ره به‌ره ئاوابوو و شه‌وی شه‌ڕکه‌ران باڵی به‌سه‌ر شاردا کێشایه‌وه. له ترسا توند توند ده‌رگه‌کان داخران و که‌س نه‌یده‌ویرا به ئارامی له ماڵی خۆیدا سه‌رخه‌وێ بشکێنیت. به‌شدارانی چاوه‌ڕێی خۆپیشاندانه‌کان، له چاوه‌ڕوانی هه‌ڵکوتانی ده‌سته شه‌وکوته‌کاندا خه‌ویان لێ زڕا بوو. ده‌رکه‌وتنی خۆر له ده‌مکه‌لدا نیشانه‌ی زیندوو مانه‌وه بوو، تیشکی خۆر له ته‌پوتۆز و دوکه‌ڵی شه‌ڕدا، که‌م ڕه‌نگتر به‌رچاو ده‌که‌وت، تیشکی ڕوناکی خۆر ترسی تارماییه بکوژه‌کانی له دڵی خه‌ڵکدا ده‌ڕه‌وانده‌وه. سیمای شار، دوودڵی پێوه دیار بوو. هه‌رکه‌سه و کاتێك که به‌ره‌و شوێنی کار ده‌که‌وته ڕێ، دڵی له مشتیدا بوو، نه‌وه‌ك به‌و به‌یانییه زووه ده‌سته شاراوه‌کان بیڕفێنن. سات به سات خه‌ڵك له چاوه‌ڕوانیدا بوو، تا بزانێت ئه‌و ئێواره‌یه چ ڕووده‌دات. سه‌رشه‌قام و کۆڵانه‌کان به یاساوڵ و هه‌واڵگره‌کانی زانیاری و پاراستن گیرابوون، تا له جموجووڵی خه‌ڵک ئاگادار بن و نه‌خشه و پیلانه‌کانیان بۆ سه‌رکوت باشتر دابڕێژن.
کاتی وه‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه‌ی پرسیاره بێ ئه‌ژماره‌کانی خه‌ڵك نزیك بووبووه‌وه. رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یان له خه‌ڵك ده‌کرد، ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ کاری ئاژاوه‌گێڕی به‌رن، مه‌به‌ست له ئاژاوه، خۆپیشاندانی دژی شه‌ڕ بوو.
خۆر گه‌رم گه‌رم داگه‌ڕابوو، ده‌توت نه‌فره‌ت له شه‌ڕ و ئاشتی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران ده‌کات، گه‌رم داگه‌ڕابوو تا خوێن له موولوله‌کانی خه‌ڵکدا جۆش بدا و بۆ ڕاپه‌ڕینه‌وه هانیان بدات. خۆر گه‌یشتبووه لای چه‌پی کۆتره‌که. هه‌ر ڕێبوارێك که ده‌گه‌یشته لای، لێدانی دڵی خێراتر ده‌بوو. کۆترۆکه‌ی ئاشتی، داماو سه‌ری له‌نێو باڵه‌کانیدا حه‌شار دابوو… ترپه‌ی دڵی چه‌ند گه‌ڕه‌ك ئه‌ولاتر ده‌بیسترا… هێز له باله‌کانیدا بڕابوو.. ئاوازی ئاشتی له قوڕگیدا خنکابوو و به ترسه‌وه چاوی بڕیبووه ئه‌و لوله‌چه‌کانه‌ی، که له پشت که‌لاوه‌کانی کۆڵانی تعجیل و عه‌ره‌بان و سه‌ر ته‌لاره سه‌وزه‌که‌ی به‌رامبه‌ر بانکی هه‌رێم، دڵی خه‌ڵکیان نیشانه گرتبوو و له دوێنێ شه‌وه‌وه له‌سه‌ر سه‌نگه‌رگرتن و له خوێنگه‌وزانی جه‌ماوه‌ر راهێنرابوون.
له گشت لاوه خه‌ڵك به‌ره‌و چواڕیانی مه‌یدانی کۆتره‌که خڕ ده‌بوونه‌وه، که‌سانێکی زۆر له‌تاو گه‌رمی خۆره‌تاو، خۆیان هاویشتبووه سێبه‌ری دوکانه‌کان… نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ئاواره‌کان، ده‌نگی هه‌ڵبڕی. کۆترۆکانی ئاشتی، که بینیان په‌نجه‌ی مه‌رگهێنه‌ر، په‌له‌پیتکه‌ی چه‌که‌کان فشار ده‌دات، دڵه‌خورپه‌یان تاوی سه‌ند، باڵشکاو فریا نه‌که‌وتن له‌به‌رده‌م ڕێژه‌نه‌ی مه‌رگدا هه‌ڵفڕن. له گشت لایه‌که‌وه، ڕه‌هێڵه‌ی گوله‌ی پاگه‌نده‌که‌رانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، دایکرد. ده‌وروبه‌ری مه‌یدانی کۆتری ئاشتی له‌بری سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ی ڕژێم، درایه به‌ر ئاگری چه‌کی قاره‌مانانی شه‌ڕ. جه‌ماوه‌ری مۆڵخواردوو، شله‌ژا و هه‌ڵه‌داوان ته‌نیا ڕاسته شه‌قامی بازاری سیروان و باته ده‌ره‌تانێك بوون بۆ ده‌ربازبوون. له چاوتروکانێکدا جه‌سته‌ی له خوێنگه‌وزاوی چه‌ند بریندار و کوژراوێك بوونه تابلۆی ئاشتی له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌کان. له ماوه‌ی نێوان ده‌ستڕێژه‌کاندا، هه‌ر چۆن بوو به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌که توانیان برینداره‌کان ڕزکار بکه‌ن و به تاکسی به‌ره‌و فریاگوزاری بیانگوێزنه‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌ڵسوڕاوانی یه‌کێتی کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌کان به‌و کاره هه‌ستان، به‌ڵام فریا نه‌ده‌که‌وتن و جه‌سته‌ی له خوێنگه‌وزاوی چه‌ند که‌سێك له‌و ناوه که‌وتبوو ڕزگار بکه‌ن. به‌رامبه‌ر کۆتری ئاشتی، جه‌سته‌ی بێ‌گیانی لاوێکی عه‌ره‌بزمان، که هێشتا تابۆکه‌ی ده‌ستی که له‌سه‌ری نووسرابوو "لا للحرب، نعم للسلام، یعیش مام جلال و کاکه مسعود…" به‌رنه‌دابوو، خوێنی گه‌شی ته‌خته سپییه‌که‌ی، که نیشانه‌ی ئاشتیخوازی بوو، سوور سوور نه‌خشاندبوو، خوێنی ورده‌ورده نووسینه‌که‌ی داده‌پۆشی، ده‌توت توند گرتوویه‌تی تاکو ناسیونالیسته‌کان به تابوری پێنجه‌م تاوانباری نه‌که‌ن و بیسه‌لمێنێت که دژی (به‌عس)ه و دۆستی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌و نه‌یتوانی له‌و خه‌ونه‌ی ئاشتیپه‌روه‌ری دا‌چڵه‌کێ و تابلۆکه‌ی به نێوچه‌وانی ئه‌وانه‌دا بچه‌قێنێت، که ئاشتیخوازییان له‌ته‌ك سه‌روه‌ران فێر کردبوو.
ئه‌م دیمه‌نه بووبووه تان و پۆی سرودی خرۆشانی جه‌ماوه‌ر و چڕنوكگیرکردنی ئازاره‌کانیان به‌ده‌م گیانه‌ڵاوه له شۆسته‌کان و به خوێنی گه‌وزاویان ئه‌م پرسیارانه‌ی له مێژوودا نووسییه‌وه "ئا ئه‌مه بوو ڕزگاری نیشتمان، که ساڵانێك مژده‌یمان پێ ده‌درا؟ ئا ئه‌مه بوو به‌رهه‌می گیانبه‌خشینی هه‌زاران و ده‌نگدانی ملیۆنیمان؟ ئا ئه‌مه بوو ده‌ستکه‌وتی راپه‌ڕینه‌کانی ئازار و جون (حوزه‌یران)ی 1991؟
دوکان و بازار، گشتی داخرابوون، هه‌ر ده‌تگوت ڕۆژانی پاش ڕاپه‌ڕینه کاتێك که له‌شکری (به‌عس) گه‌ڕایه‌وه. ڕێبواران به خێرایی تێده‌په‌ڕین، وه‌ك بڵێی سێبه‌ریان بووه‌ته مه‌رگ و ڕاویان ده‌نێت. له ته‌نیشت پرده‌که‌ی ته‌عجیل، چه‌ند که‌س له سه‌رپه‌رشتیگه‌رانی خۆپیشاندانه‌که یه‌کیان گرتبووه‌وه تا بیرێك له داهاتووی خۆیان بکه‌نه‌وه، نه‌کا سبه‌ی شتێك ڕوو بدات. سه‌روکه‌له‌ی عه‌لۆ، که به‌شداری خۆپیشاندانه‌که‌ی نه‌کردبوو، په‌یدا بوو و به توانجه‌وه پرسی..
-: کوا نیشانه سپییه‌که‌ی قۆڵتان، خۆ ئێوه ئاشتیخواز بوون، بۆچ له‌لایه‌ن برا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانتانه‌وه خه‌ڵتانی خوێن کران؟
وه‌ك ئه‌وه‌ی که‌سیان گوێیان له پرسیاره‌که‌ی نه‌بووبێت، که‌سیان وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه…
عه‌بۆ: ده‌بێت بیرێك له باری خۆمان بکه‌ینه‌وه. بوارێك بۆ چالاکی نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڕای من ده‌بێت ئه‌وشه‌و که‌سمان له ماڵی خۆماندا نه‌خه‌وین، چونکه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌سته چه‌کداره‌کان بۆ ده‌ستگیرکردنی هه‌ڵسوراوان ده‌رده‌چن.
دلۆ: ئێمه تاوه‌کو سه‌رووی خۆمان بڕیار نه‌دات، ناتوانین ده‌رچین. ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بێن بۆ بنکه و تا مه‌رگ پارێزگاری له خۆمان ده‌که‌ین. هه‌ر که زۆریش ناچار بووین، ده‌چینه شارێکی تر و درێژه به‌کاری خۆمان ده‌ده‌ین.
نوێنه‌ری ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان (ن. ڕ. ک): نا کاکه گیان، ده‌بێت ئێمه وه‌ك لێژنه‌یه‌ك بچینه لای سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو لای شه‌ڕه‌که و پێیان بڵێین، که ئێمه لایه‌نگری ئاشتین.
دلۆ: ئێمه ئاماده نین، کاری وا بکه‌ین، چونکه ده‌زانین تاوانبار کێیه، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر ته‌لاره سه‌وزه‌که‌ی به‌رامبه‌ر بانکی هه‌رێم ته‌قه‌مان لێ نه‌کرا؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر خۆتان ناڵێن، چه‌کداره‌کانی ئاسایشتان بینیوون، که چونه‌ته که‌لاوه‌کانی گه‌ڕه‌کی ته‌عجیل و دامه‌زراون. مه‌گه‌ر چه‌ند چه‌کدارێکی خۆتان که پارێزگاری خۆپیشاندانه‌که بوون، به‌ده‌ستی ئه‌وانه نه‌کوژران، هێشتاکه ئێوه ده‌چن و داوای به‌زه‌ییان لێ ده‌که‌ن؟
(ن. ڕ. ک.): تکاتان لێ ده‌که‌ین، باسی ئه‌وه نه‌که‌ن، که چه‌کداری ئێمه به‌شداربوون و کوژراون، تاوه‌کو ئێمه به‌وه تاوانبار نه‌که‌ن، که ته‌قه‌مان له چه‌کداره‌کانی ئاسایش کردبێت!
عه‌لۆ: به بڕوای من نه بواری کارکردن و هه‌ڵسوران بووه‌ته کونه‌مشك تاوه‌کو به‌ره‌و هه‌نده‌ران په‌نا به‌رین، نه پێویست به کڕنووشبردن له به‌رده‌م سه‌روه‌ران ده‌کات، نه پێویست به بارگه گواستنه‌وه بۆ شاری تر ده‌کات! ئه‌وه‌ی بڕیاری دابێت، دژی به‌ره‌ی دژه‌شۆڕش خه‌بات بکات، ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بێت و هێزێکی جه‌ماوه‌ریش ده‌بێت، که ببێته پاڵپشتی، ئه‌وه‌ش که له توانایدا نییه با بڕوات پاکانه بۆ قه‌سابانی سه‌رکوته خوێناوییه‌که‌ی ئه‌وڕۆ بکات. باشه ئه‌وا ئێوه ده‌رچوون، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه که به‌شداری خۆپیشاندانه‌که‌یان کردووه و پاگه‌نده‌یان بۆ خه‌ڵك هه‌ڵخڕان کردووه و لافیته‌یان به‌رزکردووه‌ته‌وه و دروشمیان داوه، چی بکه‌ن و بۆ کوێ بچن؟ نه‌خێر ته‌نیا ڕێگه‌چاره، به‌رده‌وامی دانه به راگه‌یاندن و ڕێکخستن و ده‌ستبردن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌کانی کار و فڕیدانی لافیته و دروشمه سازشکارییه‌کان، به‌ڵێ ته‌نیا به بزووتنه‌وه‌ی ئاوا ده‌کرێت به‌ر به‌شه‌ڕ و هێڕشی سه‌روه‌ران بگیرێت، که بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییانه‌ی که جه‌ماوه‌ر له راماڵینی ده‌سه‌لاتی ڕژێمی به‌عسدا به‌ده‌ستیان هێناون، به‌ڕێیان خستووه!
هه‌رچه‌نده قسه‌کانی عه‌لۆ، سه‌رودڵی ده‌گرتن و دژی بوون، به‌لام کورتهێنانی مه‌زه‌نده‌که‌یان بۆ شه‌ڕڕاگرتن، زمانی کول کردبوون و هیچ وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه… پاش بێنه‌وبه‌رده‌ی قسه‌وباسه‌کان، دواجار بڕیار درا ڕاگه‌یاندنێك بڵاوبکریته‌وه، که تێیدا تاوانبارانی ئه‌م هێرشه بخرێنه ڕوو و هه‌روه‌ها سه‌ردانی ڕۆژنامه و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کان بکرێ، تاوه‌کو داوای بڵاوکردنه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌که‌یان لێ بکرێت.
ئێستا ئیتر نائومیدی باڵی به‌سه‌ر شاردا کێشابوو، ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌کان تووند گیرابوون. که‌سانێکی زۆر له ماڵی خۆیاندا نه‌ده‌مانه‌وه و ڕوویان له دۆست و ناسیاوانیان نابوو. زه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رکوت و ڕفاندنی ناڕازییان له نیوه‌ی شه‌ودا له گوێی خه‌ڵکیدا ده‌زرینگایه‌وه. له‌تاو دڵه‌خورپه و شێواوی هۆش و بیر، خه‌ڵکی خه‌وی لێ زڕابوو. ئه‌و شه‌وه زۆر که‌س له چاوه‌ڕوانیدا بوون، تا بزانن هه‌ڵوێست و ڕای ده‌ره‌وه و ناوه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه چی ده‌بێت…
ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ڕووزه‌ردی پارته پاشڕه‌وه‌کان ڕایگه‌یاند، که ئه‌و خۆپیشاندانه لادانه له یاسا و چه‌پڕه‌وی منالانه‌یه و نابێت خه‌ڵك چیتر به‌شداری تێدا بکه‌ن. ڕاگه‌یاندنی پارته فه‌رمانڕه‌وا شه‌ڕکه‌ره‌کان، بانگه‌وازیان بۆ خه‌ڵك بڵاوکرده‌وه، که هه‌ر که‌سێك به‌شداری له‌و کارانه‌دا بکات و هه‌وڵی وه‌ها کارێك بدات، ئه‌وا سزای یاسایی ده‌درێت و ڕێگه به ئاژاوه‌گێڕی نادرێت، ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵێك ئاژاوه‌چین و دژی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه و نیشتمان خه‌ڵك فریو ده‌ده‌ن…
زۆر لایه‌نی تر بێده‌نگ مانه‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی که له‌م شاره‌دا هیچ ڕووی نه‌دابێت. به‌و شێوه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌بوو بکرایه، نه‌کرا و ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه په‌رده‌پۆش کرا. چونکه خۆپیشاندانی دژی شه‌ڕ، ناوه‌ڕۆکی پوچی نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌چییه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌رده‌خست. ئه‌و پرسیارانه بێ وه‌ڵام مانه‌وه: مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانیان کرد، کورد نه‌بوون؟ مه‌گه‌ر خوازیاری راگرتنی شه‌ڕ نه‌بوون، تا ڕێگه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس خۆش نه‌بێت و جارێکی تر ماڵیان وێران نه‌بێت و ڕۆڵه‌کانیان نه‌بنه سووته‌مه‌نی شه‌ڕی ناڕه‌وای ده‌سه‌ڵاتخوازان؟ مه‌گه‌ر خۆپیشاندان بۆ دژایه‌تی شه‌ڕ و گێرانه‌وه‌ی ته‌بایی نه‌بوو، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له خۆپیشاندانه‌که کرد، دژی ئاشتی نه‌بوون، ئیتر بۆ بێده‌نگه‌ی لێ کرا و په‌رده‌پۆش کرا؟
ئه‌وانه‌ی سوودیان له شه‌ڕدا بوو و به‌جۆرێك نۆکه‌ری بازرگانانی شه‌ڕ و چه‌کسازی بوون، نیشانه‌یان له له‌شکری ئاشتی گرت و خه‌ڵتانی خوێنیان کرد. له‌شکرێك، که ئاشتی لای ملکه‌چی نه‌بوو، له‌شکرێك بوو له نه‌وه‌کانی ڕاپه‌ڕین، ملکه‌چی سنوور و یاساکانی شه‌ڕکه‌ران نه‌بوو، له هه‌ناوی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌وه هاتبووه‌ده‌ر، بۆیه له خوێنیان گه‌وزاند. خۆپیشاندانی دژی شه‌ڕ، په‌یامی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له که‌شکۆڵدا بوو، راپه‌ڕێنێك، که شه‌ڕکه‌رانی ئه‌ورۆی ده‌کرده برا و هاوبه‌شی به‌یانی، ڕاپه‌ڕێنێك، که په‌یامه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ئازاری ده‌گه‌یانده شوێن خۆی، ڕاپه‌ڕێنێك، که ناوه‌ڕۆکی هاونیشتمانێتی و هاونه‌ته‌وه‌یه‌یی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران، سه‌روه‌ران و ژێرده‌ستان، شه‌ڕخوازان و ئاشتیخوازانی ده‌خسته‌ڕوو، بۆیه به ڕۆژی نێوه‌ڕۆ و بێ سڵکردنه‌وه هه‌ردوو به‌ره‌ی شه‌ڕ پێکه‌وه و له‌یه‌ك کاتدا لووله‌ی چه‌که‌کانیان کرده خۆپیشانده‌رانی دژه شه‌ڕ و لاوانی هه‌ولێر و داره‌توو و که‌سنه‌زان و قوشته‌په‌یان خه‌ڵتانی خوێن کرد.
مارچی 1998
پێشتر له ژماره (3)ی ئه‌پڕیڵی 1998ی گۆڤاری «ژیله‌مۆ»دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. لێره‌دا به که‌مێك چاکسازی له دارشتن و ڕێنووسدا دووباره بڵاوی ده‌که‌مه‌وه.