Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
کۆیلەکچانی خێڵ…..هه‌ژێن

کۆیلەکچانی خێڵ…..هه‌ژێن

Closed
by April 1, 2009 هۆنراوە

کۆیلەکچانی خێڵ

هه‌ژێن

کۆیلەکچانی خێڵ
ئەی ئەوانەی دەواری ماڵمان
چنراوی پرچی ئێوەیە
ئەی ئەوانەی
 کە خەون و خۆزگەتان،
له‌ چاو ئێمه‌، چاره‌ك و نیوەیە
ڕۆژگارێك بوو، پێموابوو
گەر سەگەکانی حەسار بکوژێن
له‌ خۆشیانا، وا هەڵدێن..
لە جەنگەلەکانی ئامازۆن نەبێ،
ناوەستنەوە
.. ده‌ڕۆن و
به‌ده‌م ‌حه‌ز و
شه‌پۆل و
 باوه‌
      تا لوتکه‌ی ئازادی
          به‌ر ناکه‌نه‌ دواوه‌
هەرگیز رێگە نادەن، لە پرچتان
پەتی هەڵواسینی من بڕێسن
هه‌رگیز ڕێگه‌ ناده‌ن، له‌ مناڵدانتان
تۆی کۆیله‌کردنه‌وه‌تان بچێنن
نه‌م زانی، گه‌ر چرای ئازادی
له‌ چاوی کۆیلاندا هه‌ڵنه‌بێ
قه‌د بسته‌ڕێیه‌ك،
به‌رپێیان ڕۆشن ناکاته‌وه‌

شەوانێکی درێژ،
لە ئازاری ئێوه‌دا تلامەوە
ڕۆژگارێکی زۆرم، لە چاوەڕوانیدا بردەسەر
نەمدەزانی ئێوه ماڵین و
په‌له‌تانه ‌بۆ ژێر،
ده‌واری خێڵ وه‌رگه‌ڕێنه‌وه‌

ڕۆژگارێك بوو،
له‌تاو هۆگریم بۆ ئازادیتان
که‌توارم به‌حه‌ز ده‌‌پێوا
خه‌ونم به‌فڕینی بیرتانه‌وه ‌‌ده‌بینی
ڕۆژگارێك،
که‌ ئاڵۆشی هه‌رزه‌کارانه‌ی ئێوه‌ و
حه‌ز پێوه‌ری من،
که‌تواریان لێم شێواندبوو،
نه‌مده‌زانی له‌گه‌ڵ دامرکانه‌وه‌ی ئاڵۆشتان،
پێوه‌ری حه‌زیی منیش
له ‌که‌تواردا بستێك  باڵا ناکا
نه‌مزانی تا کۆیله‌که‌ی ناختان نه‌کوژرێ،
جه‌سته‌ی ئازادتان له‌دایك نابێته‌وه‌
نه‌مزانی مرۆڤی کۆیله‌ گه‌ر خۆ رانه‌په‌ڕێ،
ڕۆژێ دادێ،
به‌ره‌و ده‌واری خێڵ‌
به‌ هه‌مان ڕێدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

 

Previous
Next