Skip to Content

Sunday, August 14th, 2022

هه‌شت شیعری كورت……محه‌مه‌د كوردۆ

Closed
by April 10, 2009 ئەدەب

هه‌شت شیعری كورت
محه‌مه‌د كوردۆ
(1) ناو
به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ به‌ڵێنم دا
هه‌م به‌خۆم و
هه‌م به‌خوداو
هه‌م به‌دڵی‌ ترساوی‌ تۆ
لای‌ كه‌س ناوت نادركێنم
به‌ڵام به‌خوا
به‌چاوی‌ تۆ
ئه‌گه‌ر به‌حه‌زی‌ خۆم بوایه‌
هێند به‌كوڵ‌ بانگم ده‌كردی‌
دارو به‌ردو
خاك و ئاوی‌ ئه‌م وڵاته‌م
شه‌ڵاڵ‌ ده‌كرد به‌ناوی‌ تۆ!!
***
(2) دیكتاتۆر
من هه‌رگیز نازانم تۆچیت
زوو زوو خۆتم لێده‌گۆڕی‌
جارێ‌ مانگی‌ به‌تریفه‌ و
جارێ‌ ئه‌ستێره‌ی‌ پڕ ورشه‌ و
جارێ‌ خۆری‌
جار هه‌یه‌ جوانێكی‌ توڕه‌ و
ترسناكی‌،
جاریش هه‌یه‌
نازدارترین دیكتاتۆری‌!
***
(3) به‌راوورد
له‌و ئێواره‌ پرچ و په‌رچه‌م په‌شێوه‌دا
كه‌ڕه‌شه‌با شه‌ڕیده‌كرد
له‌گه‌ڵ‌ سه‌رما و كڕێوه‌دا..
من په‌نجه‌ره‌ی‌ دڵم بۆ تۆ خسته‌ سه‌رپشت
كه‌چی‌ گیانه‌ تۆ نه‌ك دڵت،
ده‌رگای‌ حه‌وشه‌كه‌ت پێوه‌دا..!
***
(4) كارگه‌ی‌ دڵ‌
-ته‌وقه‌مان كرد ده‌ستت گوشیم،
په‌نجه‌م زیڕه‌ی‌ لێوه‌ هه‌ستا!
-تۆ چی‌ ده‌ڵێی‌ ماڵئاوه‌دان،
من خه‌ریكبوو
كارگه‌ی‌ دڵم راده‌وه‌ستا!
***
(5) سه‌یره‌
تۆ ئافره‌تێكی‌ پێم سه‌یره‌
له‌به‌ر سه‌رما.. و
له‌به‌ر گه‌رما..و
له‌به‌ر زۆر ده‌ردی‌ گه‌وره‌دا
خۆت راده‌گری‌..
كه‌چی‌ كه ‌من،
سه‌یری‌ چاوه‌كانت ده‌كه‌م
تۆ ده‌ستبه‌جێ‌ سه‌ر داده‌گری‌..!!
***
(6) حه‌په‌سان
هات و سڵاوێكی‌ كرد..و
دیوانه‌ شیعرێكی‌برد..و
پاش ماوه‌یه‌ك هێنایه‌وه‌
وتی‌: سوپاس
وتم: ئه‌ی‌ دڵمت چی‌ لێكرد؟!
سه‌رنجێكی‌ حه‌په‌ساوی‌ تێگرتم..و
لێیداو رۆیی‌..و
نه‌وه‌ڵام..و
نه‌ئاوڕ..و
نه‌سه‌ریشی‌ نه‌دایه‌وه‌!
***
(7) رێگاكان
ئای‌ چه‌ن خۆش بوو گشت رێگاكان
له‌جێی‌ (بانه‌)
بچوونایه‌ بۆ ناودڵی‌ ئه‌و چاو جوانه‌
كه‌ ڕوومه‌تی‌ له‌كێك ده‌چێ‌..
-ئه‌رێ‌ نازانم رێگاكان
هه‌ر ناگه‌نه‌ نێو دڵی‌ ئه‌و
یان من گێلم لێم تێك ده‌چێ‌؟!
***
(8) دیاری‌
-ئه‌ی‌ تۆ بۆ دڵی‌ په‌شێوت
چیت پێخۆشه‌ پێشكه‌شتی‌ كه‌م؟
-ته‌نها لێوت..!

*ئه‌م شیعرانه‌ له‌ دیوانی (ژنێك ده‌مرێ‌ و پیاوێك به‌چراوه‌ نایه‌) بلاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ساڵی 2005 له‌ سلێمانی چاپكراوه‌.

 

Previous
Next