 
	رۆژىَ شار بوو بە عەشقستان …. حەمە سەعید كەلارى
           
 "" بەم  حاڵە  ئەگەر  دەفعەیە تر  بچمەوە  كەركوك
     مەعلومە   بە مەردى   نەڕواوە   لە سەرم   تووك   ""
                                                                 " شێخ رەزاى تاڵەبانى "
             
 
 ئەسپە بۆرەى  كەللە گڕ و
 تەوێڵ غەڕ و
 یاڵ پەرێشان
 ئەى پرمان و 
 ئەى چەپۆكان ،   
 ئەو رۆژە   من
 لە سێبەرى دیوارێكى بوغزاویدا
 چاوەڕوانیى           تەنورێك بوو
 ئەمى برژان ،
 عەجوولیم  لەغاو   ئەكرد و
 سەبووریم ماڵ بەماڵ ئەیدا لە دەرگاكان
 لەو كاتەدا  
 پێكى شەرابى  موعەتق
  ئەیخواردمەو و 
 یادەوەرى   شۆخەكچێك  
 ئەمى هەژان
 لە پڕێكا 
 شەنەبایەك   هەڵیكرد و
 گەواڵە هەورێكى ئاوس
  بە لەتافەت ،       
 پەردەى شەرم و ترسى دڕى و 
   بە سەر رۆحما دایبارن
 فریشتەیەك       بەدەستێكى
  چەپك چەپك  زەردە خەنە و
 بەو دەستەكەى 
 شانەى لە گوللە گڕ و گوڵ  
 پڕ ئەكرد و
 ئەیوت    ئیتر
 شارم ئەبىَ  بە   عەشقستان
 *
 لەو دەمە دا
 وتم ئۆخەى
 عومرم بەدوانە ئاوسە
 تەمەنێكەو دووبەهارە،
 شار سەر پۆشى ڕەش لائەدا
 دوگمەى       سوخمە و
 سینەى خەفەت  ئەترازێنىَ
 هەموو شەوىَ
 لە مەیدانى      ڕمبازیدا
 شادمانى ،
 پۆلىَ كچی ئێسك سووك بوو 
 هەڵئەپەڕى   و   ئەیقریوان
 ئەو    شەوانە
 من  و   بەهار
 بەهارى عشق
 تاریكیى مێژوومان ئەكرد بە چراخان ،
 بەڵام سەد داخ
 بەر لەوەى عەشق  چرۆ كا و 
 شەختەى حەز      بتاوێتەوە 
 " عەلى مەردان "  هەڵسێتەوەو
  بچركێنىَ
 تەرزەى  رەشى  بەخت بارى  بە سەرمانا
 بە ناچاریى 
 دیسانەوە
 كچى      ئاگر
 وەكو    قەرەج 
 بارو بنەى پێچایەوەو 
 سەفەرى  كرد ،
 ئەمجارەیان
 سەفەرێكى  درێژ درێژ و  توولانى 
 بەرو نادیار
 *
 لەو رۆژەوە 
 هەموو      شەوىَ
 لە كەنارى یادەوەریى 
 مەئویسیما
 ئەیبینم و 
 پرچى رەشى  بەدبەختى  دەسكەنە ئەكا،
 كە خەو پرژێنى    دیوانى عەشق   ئەكەم 
 وام پێ ئەڵىَ :
  ئێستە لەوىَ /  بڕوا  ناكەم /  ژەنگە تیغى بیرچوونەوە/    
 لەگەردنى یادە جوانەكان بسوىَ
 ناا وا ناڵێم ،
 خوانەكەردان
 چۆن دڵم دىَ
 بڵێم    لەوىَ 
 كەناریەك لە باخى شیعرم سەر ئەبڕێ
 جریوەیەك  /  پەڕەسێلكەى  /ئەو بەهارە جوانە مەرگەم/ 
 لە هێلانەى   چاوى تەڕى    ئەتۆرێنێ ، 
 قەت وا ناڵێم
 وا  ناڵێم  نا 
 *
  یەژن لەوىَ 
 نزیك بە قامەتى "بیگ بن "  
   لە سێبەرى دەوەنێكى گەلىَ  خوێن سارد
 لە پاڵ خنجەرێكى  كورتە باڵاى   كەم زاخ 
 لە تەك  دەریایەكى كپى     شەپۆل مردوو
 بە بەر   چاوى    هەتاوێكى     بێتینەوە 
 لەوانەشە هەورێكى كوێر تەماشاى بكا
  یا نەیكا ،
 لەژێر پرووشەى بارانى خەندەیەكا
 ئەشىَ تەڵىَ لە پەرچەمى  شێتى  تەڕ بكا ،
  یانەیكا
 بە ناچاریى
 چاوى حەزى
 بە   درۆى "" بلێر "" ئەڕەژێ و        " * "
  خۆى رووت  و  قووت  ئەكاتەوەو 
 پارچە پەیڤێكى ئاوریشمین 
 لە ناسكیى  شیعرى  (نالى ) 
 دەنگە   زوڵاڵەكەى (  تارا  )          " *  *"
 لە بەر ئەكا و
 هەرچەن ئەكا 
 (رەحیم ئاوا)و (ئیمام قاسم )
  بڵێسەى بێكەسیى لە بیر ناباتەوە  
 *
 یەژم  ئازیز
 ئەو رۆژانە
 لە باوەشى         عەشقستانا
 لێوى حەسەرتمان ئە كرۆشت
  كرمى گومان 
 كەللەو میشكى هەڵئەكوَڵین ،
 لەدیوانى  شیعرى   گەرما
 ئەو شەوانە
 گشت   كەست   بووم
 لە مەیدانى شاسواریدا
  تۆ بەشم بووی ،
 كە شەستە بارانى خەفەت 
 دای ئەكرد لێت
 من بەست بووم
 كەچیى   ئێستا
   یەژن     لەوىَ
  شەرمن  شەرمن چێنراوى
 منیش   لێرە 
 دوورلە باڵات
 " نامۆ " یەكى  تاڵمەشرەبى گۆشە گیرم 
 حوجرەیەكى شپرزەم لە  شیعر و كتێب
 دەرگاى تەكیەى  حاڵ و  سۆزم   ئاوەڵایە
 زیكرى تەنیایم لە زیكرى 
 ئەو كەنیشكەى
 لە بەفرا خۆى    ئەسووتێنى 
 گەرمترە ،
 دڵنیا بە 
 گەر    شەوىَ     بویت    بە    فریشتە 
 بە ئیلهامى هەڵبەستێكى چاو نەترسم  
 بە هەسێرەی ئاسمانى شەوى تەنیایم ،
 ئەگەر هات و
 لە خەونێكدا  خزایتە    ژوورەكەمەوە 
 دودڵ نابم
 وەكو جاران بە قەڵەمەكەى نێو پەنجەم
 دێڕىَ شیعر  ئەنووسم  و
 دوو دێڕ پرچت ئەهۆنمەوە ،
 گەر خوا كردى 
 لەم بەستەڵەكى عەشقەدا
 كەڕەتىَ تر ،
  شارەكەم  بوو بە عشقستان
   تۆش وەكو  گڕ
 وەك هەورە بروسكەى بەهار 
 چەخماخەت دا  و هاتیتەوە
 رۆحم  رووت  رووت   ئەكەمەوە و  
 لە بەر تیشكى گەرمە نیگاى چاوەكانتا
 من لە جێى تۆ 
  ئەتوێمەوە ،
 *
 ئالەم گەرمیانى رۆحەدا 
 چەشنى  كانى
 گەر رێت كەوتە ئەم بنارە
 خۆم ئەزانم
  چۆن دەم ئەنێمە چاوتەوەو
 ئەتخۆمەوە .
                  *
 
 *    مەبەست " تۆنى بلێر " ى سەرەك وەزیرانى ئنگلیزستانە
 ** مەبەست خانمە هونەرمەندى  دەنگ نازك " تارا جاف "ه                        
 

 
			 
			 
			