دیسانه‌وه بێحورمه‌تیکردن به‌ژنان
دیسانه‌وه بێحورمه‌تیکردن به‌ژنان
کاوه حه‌سه‌ن
Kawa2002@yahoo.com
ڕۆژ نییه گوێبیستی هه‌واڵی به‌ستنی کۆنفرانسێک، یاخوود لێدوانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆکی کوردستان، یان سه‌رۆک کۆماری عێراقی "فیدراڵ" دژ به‌توندو تیژیی به‌رامبه‌ر به‌ژنان نه‌بین. دیاره هه‌ر هه‌وڵێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تییه‌کانی مێینه له مه‌مله‌که‌تی ئێمه‌دا پێویسته به‌هه‌ند وه‌ربگیردرێت، به‌ڵام کاتێک ده‌بینین ئه‌وجۆره لێدوان و کۆنفرانسانه ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی گه‌رمکردنی بازاڕی سیاسه‌ته، ئه‌وه پێویسته ده‌سته‌ڵاتداران شه‌رمه‌زاربکرێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ربه‌رییه‌ته‌ی که له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌واندا له کوردستان و له‌شاره‌کانی باشووری عێراق دژ به ژنان ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌رچه‌نده زۆرجار ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان له بڵندگۆکانیانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی تاوانباران و بکوژانی ژنان ده‌که‌ن . کوشتنی ژنان له کوردستاندا له‌ژێر بیانووی شه‌رف و نامووس په‌رستییدا ده‌مێکه چاوپۆشی لێده‌کرێت. ئه‌وه‌ی لێردا مه‌به‌سته دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌وه نییه ژنان بۆچی ده‌کوژرێن و ژماره‌یان چه‌نده. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه که ئایه ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستیان سووره به‌خوێنی ژنان و به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێت له‌بێحورمه‌تیکردن به ژنان کێن. کاتێک چاوت به هه‌والێک له بابه‌تی ئه‌وه‌ی که له سایتی ئاوێنه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه له ژێر ناونیشانی "435 ئافره‌ت له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌وه ده‌ستدرێژی سێکسیان کراوه‌ته سه‌ر " له‌لایه‌ن وه‌زیرو به‌رپرسه‌کانی هه‌رێمه‌وه، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره وه‌رده‌گریته‌وه. دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ش ئیتر دنییایه‌ک رق و کینه له ویژدانتدا چه‌که‌ره ده‌کات. هاوکات دنیایه‌ک ترس و نیگه‌رانی مێشکت داگیر ده‌کات دیسانه‌وه ده‌پرسیت ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتدارانی ده‌ڤه‌ره‌که‌م ئه‌وه کرداریانبێت، ئیتر ده‌بێت مرۆڤ یه‌خه‌ی کێ بگرێت. هه‌رکه‌سێک چاوی به‌و هه‌واڵه بکه‌وێت ئه‌ستمه بتوانێت بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت. ئه‌سته‌مه شه‌رم داینه‌گرێت له‌وه‌ی که ئه‌و خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه ، ئه‌سته‌مه په‌نجه‌ی تاوان بۆ ئه‌و دڕنده‌و جانه‌وه‌رانه درێژ نه‌کات که ڕۆژانه بێحورمه‌تی به‌چاره‌نووسی نه‌ک به‌ته‌نیا ژنان به‌ڵکو ته‌واوی خه‌ڵکی ئه‌و هه‌رێمه‌وه ده‌که‌ن. ئاخر کێ هه‌یه بتوانێت دان به‌خۆییدا بگرێت و له گوڵ کاڵتر به‌و به‌رپرس و "وه‌زیرانه" نه‌ڵێت. ئاخر کێ هه‌یه بتوانێت سنووره‌کانی نوسین و ڕۆژنامه‌وانی نه‌به‌زێنێت و هه‌رچی له‌دڵیدا هه‌یه نه‌یڵێت. ئاخر به‌ڕاستی باسکردن له‌یه‌کسانی و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌کی مۆدێرن له‌کۆمه‌ڵگایه‌کدا که‌ئه‌وه ڕه‌وشت و پره‌نسیپی به‌رپرسه‌کانیبێت ده‌چێته خانه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵاته‌وه و ده‌بێت مرۆڤ بیر له ڕێگایه‌کی تر بکاته‌وه.
دیاره به ته‌نیا ژنانی کوردستاندا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانه‌وه به‌ر ته‌وژمی پیاو سالاری نه‌که‌وتوون، به‌ڵکو ژنانی شاره‌کانی باشووری عێراق له ژێر ده‌سته‌ڵاتی هاوپه‌یمانه‌کانی پارتی و یه‌کێتێدا زۆر دژوارتره. له رۆژنامه‌ی ڤانکۆڤه‌ر سه‌ندا له‌به‌رواری 8 ی دیسه‌مبه‌ر‌دا بابه‌تێک سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانی تووندوتیژی دژ به ژنان له‌شاره‌کانی باشووری عێراقدا بڵاو کراوه‌ته‌وه. له‌و بابه‌ته‌دا به‌زۆری ئاماژه به‌دژواربوونی هه‌لومه‌رجی ژنانی شاری به‌سره کراوه و له ده‌می به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌وه ئاماری کوشتنی ئه‌و ژنانه بڵاوکراوه‌ته‌وه که به‌ده‌ستی چه‌کداره‌کانی "مه‌جلیسی ئه‌علی" و " حزبی نه‌هزه‌و" و " سوپای مه‌هدی " کوژراون. ئه‌و ژنانه‌ی که به‌رته‌وژمی ئه‌م هێزه ڕه‌شانه ده‌که‌ون ئه‌وانه‌ن که ملکه‌چی یاسا‌و رێساکانی سه‌ده‌کانی جه‌هل و خورافه‌ت و کۆنه‌په‌رستی دین نابن، ئه‌و ئافره‌تانه‌ن که نایانه‌وێت سه‌رپۆش له‌سه‌رکه‌ن، ئه‌و کیژۆڵانانه‌ن که ده‌یانه‌وێت له‌دانشگاکاندا بخوێنن و سه‌ربه‌ستانه و دوور له ده‌سته‌ڵاتی پیاوسالاری ژیان بکه‌ن. که‌چی ناهووشیاری و دواکه‌ووتووی ئه‌و هێزانه توانای قبووڵکردنی ئه‌و جۆره له ئازادی بۆ ژنانیان نییه. ئه‌مه تاقه هۆکاری هاوپه‌یمانه‌کانی یه‌کیتی و پارتییه که ڕۆژانه چه‌ندین ژنی بی تاوان بکوژن و لاشه‌کانیان خه‌ڵتانی خوێن بکه‌ن و فڕێیان بده‌نه سه‌ر شه‌قامه‌کان. گێرانه‌وه‌ی وورده‌کارییه‌کانی نێو ئه‌و بابه‌ته ده هێنده‌ی هه‌واڵه‌که‌ی سایتی ئاوێنه دڵته‌زێنه. وورده‌کارییه‌کانی نێو ئه‌و هه‌واڵه هێنده ما‌یه‌ی شه‌رمه‌زاری و بێزارییه که مرۆڤ ڕووی ده‌می بکاته وه‌زیرو سه‌رکرده کوورده‌کان و لێیان بپرسێت ئه‌رێ ئێوه ئاگادارن که چه‌کداره‌کانی حیزبه هاوپه‌یمانه‌کانتان چی به ژنان ده‌که‌ن، یاخوود لێیان بپرسیت ئه‌رێ ئه‌گه‌ر خۆتان بێ‌ئاگا پیشان ده‌ده‌ن له‌هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه به تاوا‌نی وه‌زیره‌کانیشتانه‌وه ، به‌نیازن هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ن، به‌نیازن بۆ چرکه‌یکیش بێت ڕاستگۆ بن له‌گه‌ڵ بانگێشه‌و پڕوپاگه‌نده‌کانتاندا سه‌باره‌ت به‌دابینکردنی مافه‌کانی ژنان و پاراستنیان له هه‌رجۆره توندوتیژیه‌ک. بێگومان مێژووی تاکو ئێستاتان سه‌باره‌ت به‌ژنان پێچه‌وانی بانگهێشته‌کانتانه و بریتیه له‌بێحورمه‌تی و سوکایه‌تی کردن، برییتیه نه‌ک به‌ته‌نیا له‌کوشتنی دووعاکان، به‌ڵکو بێحورمه‌تیکردنه به هه‌موو که‌سه‌کانی ئه‌و ووڵاته له‌هه‌موو بارێکه‌وه، وه‌کاتی ئه‌وه هاتووه باجی ئه‌و بێحورمه‌تییه بده‌نه‌وه.
1http://www.awene.com/new2389/defaultn.asp
[2] Killers target Basra Women. The Vancouver Sun. Saturday. December 8, 2007
8 ی دیسه‌مبه‌ری 2007
ڤانکۆڤه‌ر