Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
شیوەنى ژنانى شۆڕش … عەزیز ڕەئووف

شیوەنى ژنانى شۆڕش … عەزیز ڕەئووف

Closed

.. كچە خوێندكارێكى زانكۆى سلێمانى لەبەر وەرنەگرتنى موچەى ئەنفالانە، دوو مانگە وازى لەزانكۆ هێناوە
 
 لەگەڵ دەستپێكردنى كۆنفرانسى بەجینۆسایدناساندنى ئەنفال لە هەولێر، هاوكات خۆپیشاندانى كەسو كارى ئەنفالەكانى ناحیەى شۆڕشى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ دەستى پێكرد. خۆپیشاندانى ژنە ڕەشپۆشەكانى شۆڕش بۆ لەسێدارەدانى تاوانبارانى پرۆسەى ئەنفال و هێنانەوەى ڕوفاتى ئەنفالەكان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەو موچە كەمە بوو كە لەلایەن حكومەتەوە بۆیان بڕاوەتەوە و خێزانى تەنها 150 هەزار دینارە و ماوەى دوو مانگە وەریان نەگرتووە.
 ئەوەى لە ڕاپۆرتەكەى هاوڕێى ڕۆژنامەنوسم كاك كاكۆ محەمەد شوانیدا سەرنجى ڕاكێشام گریانى كچە كەسوكار ئەنفالێك بوو كە خوێندكارى زانكۆى سلێمانیە و دوو مانگە وازى لە زانكۆ هێناوە لەبەر دواكەوتنى موچەى ئەنفالانە كە بە خۆى و خێزانەكەى تەنها 150 هەزار دینارە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە تەنها لەماوەى ئەو چەند ڕۆژەى كۆنفرانسى جینۆساید لە هەولێر بە هەزاران دۆلار سەرف كراوە.
 دۆخى ئیستاى كۆمەڵگەى كوردى دۆخێكە لێوانلێو لە ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و ژیانى نوخبەیەكى سیاسى بە شیێوەیەكى خۆشگوزەران و فەرامۆشكردن و كەڕبوون لەئاست هاوارى زۆرینەى خەڵك بەتایبەتى پاشماوەى كەسوكارى ئەوانەى كە لە ئەنفال و جینۆسایدى كوردیدا تیاچوون.
 ئیستا كۆمەڵگەى كوردى دابەش بووە بەسەر دوو چینى تەواو جیاوازدا، چینێك كە سەر بە نوخبەى سیاسى ئەم كۆمەڵگەیەن و لە بەرزترین ئاستى ژیاندا دەژین و لە بەرامبەریشدا زۆرینەى كۆمەڵگەى كوردى لە ئاستێكى تەواو خراپدا ژیان دەگوزەرێنن و كەسیش ئامادە نیە گوێیان لێبگرێت. ئەم دۆخە دۆخێكى تەواو ناتوندروستە و تا دێت فراوانبوون بەخۆوە دەبینێت و بێگومان دەستیشى دەبێت لە فراوانكردنى سپەیسى نێوان خەڵك و حكومەت.
 نیگەرانى كۆمەڵانى خەڵك لە ئیستادا لە ئاستێكدایە كە بە تەواوى هەستى پێدەكرێت و حكومەتیش جگە لە چەند هەوڵێكى بچوك بۆ بنەبڕكردنى گەندەڵى و ناعەدالەتى، كە هەر لە سیناریۆ دەچێت هیچى ترى ئەنجام نەداوە. بنەبڕكردنى گەندەڵى و كوشتنى جیاوازیە كۆمەڵایەتیەكان و فراوانبوونى ناعەدالەتى ژیان لەم كۆمەڵگەیەدا تەنها بە قسەكردن چارەسەر ناكرێت. هەرگیز بەوە چارەسەر ناكرێت كە بەرپرسێك بێت و پێمان بڵێت لە ئیستاوە لەكەس قبوڵ ناكەین كە لە ئۆفیسەكەیدا گەندەڵى هەبێت، بەڵكو ئەوە بەر لە هەر شت بەوە دەكرێت كە بودجەى ئەم هەرێمە بە یەكسانى دابەش بكرێت و شەفافیەت هەبێت لە سەرفكردنیدا، بۆیە بەر لە هەر كەس بەرپرسان دەبێت لە خۆیانەوە دەست پێبكەن، چونكە زۆرێك لە گەندەڵیەكانى ئەم كۆمەڵگەیە پەیوەندى بە بەرپرسانەوە هەیە و ئەوان دەستیان هەیە لە فراوانبوونى گەندەڵى و تەكەتولى ناو ڕێكخستنى حزبەكان و مەحسوبیەت.
 نیگەرانى ژنە ڕەشپۆشەكانى ناحیەى شۆڕش نیگەرانیەكى تەواو پشتشكێنە. نیگەرانیەكە كە ئیدى تەواو دەستى دەبێت لەوەى كە كەس و كارى ئەنفالەكان ئینتیماى خۆیان بۆ حزب و كۆمەڵگە دەدۆڕێنن، ئەمەش بەر لە هەر شت بەرپرسانى ئەم وڵاتە لێى بەرپرسیارن.
 بەدەنگەوە نەهاتنى پاشماوەى ئەنفالەكان لەلایەن بەرپرسانى ئەم كۆمەڵگەیەوە پەیوەندى بەوەوە نیە كە بودجە بەش ناكات و داهاتى حكومەتى هەرێم كەمە، نەخێر گەر كەس و كارى ئەنفالەكان بزانن كە بەرپرسانیش لانى كەم وەك ئەوان دەژین هەرگیز ئامادە نەدەبوون بێنە سەر جادە، ئەو جادەیەى ناحیەى شۆڕش  كە حكومەتى هەرێم لە شازدەساڵى دەسەڵاتیدا لە بۆى قیرتاو نەكراوە. نەخێر بەپێچەوانەوە كەس و كارى ئەنفلەكان ئەوە باش دەزانن كە ژیانى پێشمەرگەكانى دوێنێى ئەم شۆڕشە لە چ ئاستێكدایە  كەس و كارى ئەنفالەكانیش كە تا دوێنىَ لە گوندەكاندا خزمەتى پێشمەرگەیان دەكرد لە چ ئاستێكدایە. بەبڕواى من فراوانبوونى ئەو نیگەرانیانە لانى كەم پەیوەندى بەم ناعەدالەتى كۆمەڵایەتیەوە هەیە كە لەنێوان كەس و كارى ئەنفالەكان و نوخبەى بەرپرسانى ئەم كۆمەڵگەیەدا هەیە.
 وەزیرى شەهیدان و كاروبارى ئەنفالەكان گەر ناتوانێت موچەى كچە خوێنكارێكى زانكۆ كە كەسو كارى ئەنفالە دابین بكات، وەزرى شەهیدان و ئەنفالەكان گەر گوێى لە شیوەن و گریانى ژنانى ڕەشپۆشى كەسوكار ئەنفالكراو نیە كە لەبەردەم قایمقامیەتى چەمچەماڵدا بۆ لەبەر دواكەوتنى تەنها بڕى سەد و پەنجا هەزار خۆپیشاندان دەكەن، ئیدى بۆ دەرگاى وەزارەتەكەى داناخات و بڕواتەوە بۆ ماڵەوە؟ كچە خوێندكارەگەى ناحیەى شۆڕش لەبەر نەهاتن و كەمى موچە دەوامى زانكۆى بۆ نەكرێت، ئیدى وەزیرى شەهیدان و كاروبارى ئونفالى بۆ چیە؟ 
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.