له نالییه‌وه تا داره سوتاوه‌كه
له نالییه‌وه تا داره سوتاوه‌كه*
شیعری: محه‌مه‌د كوردۆ(1) نالی
ده‌ڵێن نالی
وتویه‌تی:
من هیچم له‌كه‌س ناوێ
ته‌نها له‌سه‌ر گۆڕه‌بێنازه‌كه‌ی حه‌بیبه
دارێكی خه‌مبار بنێژن و
ناوی بنێن نالی!
***
(2) كۆتره‌كانی هه‌ڵه‌بجه
راسته ده‌نگی فڕۆكه و كۆپته‌ر نایه
به‌ڵام كێ ده‌زانێ
كه ئه‌م كۆتره گمه شیرینانه‌ش
وه‌ك كۆتره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌سه‌ر نایه؟!
***
(3) نزیكبوونه‌وه
ئاخۆ كۆترێكی نێر
چۆن چۆنی له‌كۆترێكی مێ نزیك ده‌بێته‌وه
كه من به‌م زمانه درێژه‌وه
نازانم چۆن له‌تۆ نزیك ببمه‌وه؟!
***
(4) جانتا
پۆلیسه‌كه له‌ناكاو
جانتای ژنه ته‌نیاكه‌ی كرده‌وه
پڕبوو له‌بۆنی پیاو!
***
(5) شكان
كاتێك ژنه حه‌یشه‌رێكه
خۆی به‌پیاوه شه‌رمنه‌كه‌وه لكان
گوێم له‌دووهاڕه‌ی خه‌مناك بوو:
تاسه‌ی گه‌رمی ژنه‌كه و
ده‌ستنوێژی ته‌ڕی پیاوه‌كه
به‌یه‌كه‌وه شكان!
***
(6) بێوه‌فایی
كه‌مناڵا بووم
بۆ شكانی په‌نجه‌یه‌كم
دایكم ژیانی یه‌ك هه‌فته‌ی له‌خۆی تێك دا
كه گه‌وره‌بووم
بێئه‌وه‌ی پرسه گورگانه‌یه‌كیش به‌دایكم بكه‌م
هه‌موو په‌نجه‌كانم
وه‌ك قردێله له‌پرچی كچێك دا!
***
(7) گڵ
ئه‌ی دڵ!
من نازانم چ په‌یوه‌ندییه‌ك
تۆ به‌گڵه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه
واهه‌میشه زۆرینه‌ی خه‌ونه‌كانت
ده‌به‌یته‌وه ئامێزی گڵ؟!
***
(8) داره سوتاوه‌كه
رۆژێكیان گله‌یم له‌خۆمان كرد
كه‌بۆچی هه‌زاران جار ده‌چینه داره‌سوتاوه‌كه و
جارێك ناپرسین حیكایه‌تی ئه‌م داره‌سووتاوه چیه؟
گله‌یم كرد و پرسیم
وتیان ئه‌و داره
كچێكی نازه‌نین و شه‌رمن بووه
شه‌یدای كوڕێكی دراوسێی خۆیان بووه و
هه‌رچی هه‌وڵیداوه
نه‌یزانیووه چۆن ئه‌و كوڕه له عه‌شقه‌كه‌ی خۆی ئاگاداربكاته‌وه
تا رۆژێك كڵپه‌ی كردووه و
ئاگر له‌هه‌موو جه‌سته‌ی به‌رزبۆته‌وه و
چه‌ن چركه‌ساتێك به‌رله‌وه‌ی بمرێ
له‌خودا و په‌ریو فریشته‌كان پاڕاوه‌ته‌وه و داوایكردووه
به‌ئاگره‌كه‌وه ببێته دارێك و
شوێنه‌وارێك له‌دووی خۆی جێبهێڵێ و تاهه‌تایه
له‌جیاتی كچه سووتاوه‌كه پێیبڵێن داره‌سووتاوه‌كه!* ئه‌م شیعرانه له دیوانی (ژنێك ده‌مرێ و پیاوێك به‌چراوه نایه) وه‌رگیراون، كه ساڵی 2005 له سلێمانی چاپكراوه.