کار (خه‌بات)ی ڕاسته‌وخۆ ….به‌شی سێیه‌م
کار (خه‌بات)ی ڕاسته‌وخۆ (Direct Action) |||
نووسینی: Emile Pouget
و. له فارسییه‌وه: هه‌ژێن
به‌شی سێیهمپهروهردهکاری چۆنییه‌تی وه‌ڵانانی خاوه‌ندارێتی
په‌نجا ساڵ له‌وه‌وبه‌ر، له سه‌روبه‌ری 1848دا، کۆماریخوازه‌کان، که ئه‌و کات هێشتاکه باوه‌ڕێکیان هه‌بوو، ناچار به دانپێدانان به‌وه‌دا بوون، که سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی چه‌نده خۆشباوه‌ڕانه، درۆزنانه و لاوازه، که‌وتنه دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ په‌ڕوپینه‌ی ئه‌م که‌موکوڕییانه. ڕیتینگهاوزن «Rittinghausen» یه‌کێك له شه‌یدایانی ئه‌و سیسته‌مه ڕامیارییه بوو و بۆ پێشکه‌وتنی مرۆڤ به پێویستی دده‌زانی؛ وی که‌وته پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی که ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م گرفتانه‌ی له "نوێنه‌رایه‌تی راسته‌وخۆ"دا دۆزیوه‌ته‌وه. له‌لایه‌کی تره‌وه، پرۆدۆ‌ن «Proudhon» ڕێڕه‌وی سه‌ندیکالیستی پێشنیار کرد و پێی وابوو که فیدرالیزمی ئابووری له‌و چه‌مکه نه‌زۆکه رامیارییانه باشتره و به سه‌رهه‌ڵدانی گشت ئه‌وانه ده‌خرێنه لاوه. گه‌شه‌پێدانی ڕێکخراوه کرێکارییه‌کان به فیدرالیزمی ئابووری، مسۆگه‌رگه‌ری پێکهاتنی ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر کارێکی تایبه‌ت و به‌سووده؛ له‌وێوه که به‌ڵگه‌ی –خۆشباوه‌ڕانه‌ی- بوونی ده‌وڵه‌ت هه‌ر ئه‌مه‌یه، به پێكهاتنی ئه‌م یه‌کێتییانه، کارکرده سته‌مکارانه و بهرتهسکگهرهکان و زیانبه‌خشه‌کانی ده‌وڵه‌تیش که هۆی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دارانه‌ن، له‌نێو ده‌چن.
به‌ڵام بۆ له توانادابوونی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه، سه‌ره‌تا ده‌بێت زه‌مینه‌ی پێویست، له خودی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا و له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه که بڕیاره دواجار ئاڵوگۆڕه‌کان ڕووبده‌ن، ئه‌نجام بدرێت. ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره سه‌ره‌تاییانه ئه‌رکی چینی کرێکاره. به هه‌مان شێوه که چێ‌کردنی خانوویه‌ك له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێده‌کات، ئه‌م ئاڵوگۆڕه ده‌روونییه‌ش، که وه‌لانانی توخمه پێكهێنه‌ره‌کانی دونیای کۆن و به‌کاربردنی شێوازه‌کانی دونیای نوێ، ده‌گڕێته‌وه، ده‌بێت له خواره‌وه‌را ده‌ست پێ بکرێت. لێره‌دا چیتر قسه ده‌رباره‌ی به‌ده‌ستهێنانی سه‌رۆکایه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئاڵوگۆڕی ده‌ستورنامه‌ی یا گۆڕینی کارمه‌نده‌کانی ناکه‌ین: لێره‌دا قسه له‌سه‌ر خواستی ئاڵوگۆڕی میکانیزمه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه، به‌ڕێوه‌به‌رانی کارگه و کارخانه ده‌بێت وه‌لابنرێن و له‌بری به‌رهه‌مهێنان بۆ سوود که ئه‌وڕۆکه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت سۆشیالیستی (هه‌ره‌وه‌زی) و بۆ هه‌مووان بێت… له‌نێوبردنی ده‌وڵه‌تیش سه‌ره‌نجامی لۆژیکی ئه‌م ئاڵوگۆره ده‌بێت.
کاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی ده‌ست پێده‌کات و له کاری ڕۆژانه‌دا دژی سه‌رمایه‌داران و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ره‌و پیش ده‌برێت؛ به‌رته‌ری (امتیاز)یه‌کانیان به‌ره به‌ره ده‌سه‌ندرێنه‌وه، ڕه‌وایه‌تییان بۆ رابه‌ری و ده‌سه‌ڵاتداری له گۆڕ ده‌نرێت و پاگه‌نده‌یه‌ك که به به‌هانه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر به‌رهه‌می کاری که‌سانی تر هه‌یانه، به دزی ده‌ژمێردرێت. به‌م جۆره، به‌ره به‌ره ئاماده ده‌بین، کاتێك که زه‌مینه ڕه‌خسا، به گشتی و بۆ هه‌میشه له کارگه ده‌یانکه‌ینه ده‌ره‌وه.
گشت ئه‌م هه‌وڵانه، که له هه‌ناوی سیسته‌مه‌که و به شێوه‌ی ڕۆژانه ئه‌نجام ده‌درێن، کاری راسته‌وخۆن. کاتێك که چینی کرێکار، هێز و هوشیاری خۆی په‌ره پێده‌دات و ئاماده‌ی له‌نێوبردنی سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داران بوو، ئه‌وه‌ش کاری ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره کاری له‌نێوبردنی دونیای به‌هره‌کێشی کۆن بێته‌دی، چینی کرێکار ده‌بێت له‌ته‌ك هه‌لومه‌رجی به‌دیهێنانی نه‌زمی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاشنا ببێ و زه‌مینه و ویستی به‌رپاکردنی به‌ده‌ست بهێنێت: له به‌ره‌وڕووبوونی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی که دێنه پێشه‌وه، ده‌بێت ته‌نیا به هه‌وڵه راسته‌وخۆکانی خۆی و توانا و هه‌بوونه‌کانی خۆی پشت ببه‌ستێت. ده‌بێت چاوی هیوای خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵینی منیانجیگهراندا (واسطه) بنوقێنێت، چونکه به چالاکی ئه‌وانه، هیچ کات به‌هره‌کێشی ڕیشه‌کێش ناکرێت و هه‌موو جارێك به ده‌مامکێکی تازه‌وه، درێژه به ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن.
شۆڕش به‌رهه‌می کاری ڕۆژانه‌یه
هه‌روه‌ك پیش‌تر وترا، بۆ کردنه‌وه‌ی رێ، ده‌بێت بۆچوونه تازه‌کان جێگه‌ی چه‌مکه سنووردارگهرهکان و ڕێساکانی کۆمه‌ڵگه‌ی پێشوو بگرنه‌وه، که زه‌مینه‌ی جێبه‌جێکردنی داخوازییهکانمانیان هه‌بێت. ته‌نیا ڕێگه‌ی فێربوونی ئه‌م ئه‌ندێشانه، جێبه‌جێکردنی سیسته‌می شێوازه‌کانی کاری ڕاستهخۆن. کاری راسته‌وخۆ، له ڕاستیدا ئه‌ندیشه‌ی بێسنووری خۆبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی و هاوپشتی مرۆییه، که به چالاکی کرده‌یی کاراتر ده‌بێت، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و کهتواریبوونهوهی بۆچوونی جێگرتنه‌وه‌ی بێنه‌زمی هه‌نووکه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی، به پێکهاته‌یه‌ك ده‌بێت، که کرێکاری ته‌نیاش له‌وێدا شوێنی خۆی هه‌بێت و هه‌موو مرۆڤێك بتوانێت ئاماده‌ییه‌کانی خۆی به‌و جۆره‌ی که ده‌خوازێت گه‌شه پێ بدات.
به‌یارمه‌تی کاری ڕاسته‌وخۆ، ئاماده‌سازی ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوو، که‌مترین تێوه‌ردانی له‌ته‌ك کاری ڕۆژانه‌دا په‌یدا ناکات. باشی تاکتیکی کاری راسته‌وخۆ، به‌زۆری له گونجانی بێوێنهیدایه: ڕێکخراوگهڵێك که چالاکانه له کاره کرده‌ییه‌کاندا به‌شداری ده‌که‌ن، چیتر پێویست نییه تا کاتی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ڕوودانی ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بێکار بمێننه‌وه. ئه‌م جۆره ڕێکخراوانه له کاتێکدا ده‌ژێن و له هه‌موو تواناکارییه‌کانی به‌رده‌ست سوودوه‌رده‌گرن؛ به‌م جۆره نه ئه‌وڕۆکه ده‌بێته قوربانی سبه‌ی و نه سبه‌ی ده‌بێته قوربانی ئه‌وڕۆ. ده‌بینین که کاری راسته‌وخۆ توانایی سه‌رسووڕهێنه‌رانه‌ی له ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمکردنی هاوکات له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌کانی ئه‌وڕۆ و سبه‌یشدا هه‌یه؛ به‌م گونجانه فراوانه له به‌ره‌وپێشبردنی دوو جه‌مسه‌ری کاردا، ئامانجێك که تێکۆشانی بۆ ده‌کرێت، نه سێبه‌ر به‌سه‌ر کهتوارهکاندا ده‌کات و نه له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژانه‌دا نادیده ده‌گیرێت، به‌ڵکو هه‌رچی دروستر پێناسه ده‌کرێت، به‌رچاوتر و به‌رجه‌سته‌تر ده‌بێت.
به‌م پێیه، قسه‌ی که‌سانێك که ده‌ڵێن ئه‌و شۆڕشانه‌ی که باوه‌ڕییان به کاری ڕاسته‌وخۆیه (خوازیاری هه‌موو یا هیچ)ن، قسه‌ی پوچ و هه‌ڵه‌ن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه دروسته، که ئه‌وان خوازیاری سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکن له بۆرژوازی! به‌ڵام تا پێش خڕبوونه‌وه‌ی هێزی به‌س بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره گه‌وره هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیش، ئاوا نییه که به وێناکردنه‌کانی خۆیان دڵخۆش بکه‌ن و چاوه‌ڕێی شتی سه‌رسووڕهێنه‌ر دانیشن، به‌ڵکو له هه‌ر هه‌ڵێك بۆ به‌ره‌وپێشچوونه به‌شی(جزئی)یه‌کان سوود وه‌رده‌گرێت. له کاتێکدا که به‌م پێشکه‌وتنه به‌شییانه، بهرتهرییهکانی سه‌رمایه‌داران که‌متر ده‌بنه‌وه و بۆ خۆی ڕێگه بۆ خواسته گه‌وره‌کانی دواتر خۆشتر ده‌که‌ن.
له‌به‌ر ئه‌وه، کاری راسته‌وخۆ، ژیانه‌وه و بزووتنی گیانی شۆڕشگێڕی و کاری چینایه‌تییه؛ کاری راسته‌وخۆ په‌ره‌پێده‌ری شۆڕش و خه‌باتی چینایه‌تی له مه‌یدانی تیۆرییه‌وه پێ ده‌نێته مه‌یدانی کار و جێبه‌جێبوونه‌وه؛ خه‌باتی چینایه‌تییه، که به‌پێی به‌رنامه‌ی ڕۆژانه ئه‌نجام ده‌درێت و هێڕشێکی درێژماوه و پڕجووڵه‌یه بۆ سه‌ر سه‌رمایه‌داری.
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که رامیاران «نوێنه‌ران» و ده‌سته‌بژێران و پاپاکانی دیموکراسی، ئه‌وه‌نده سوکایه‌تی به کاری راسته‌وخۆ ده‌که‌ن ئه‌م میانجگهرانه وا ڕاهاتبوون خۆیان به قسه‌گه‌ری پڕۆلیتاریا نیشان بده‌ن؛ هه‌نووکه که چینی کرێکار گرنگی به دیموکراسی نادات و ڕێگه‌ی خۆی له بواری ئابووریدا گرتووه‌ته به‌ر، چاوه‌ڕوانی چ کارێکی تریان لێده‌کرێت؟
ئه‌گه‌ر بۆرژوازییش زیاتر له میانجیگهران سووکایه‌تی به کاری ڕاسته‌وخۆ ده‌کات، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه! ئه‌وان، ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگ هاتوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که به‌هێزبوونی ڕۆژانه چینی کرێکار له ڕێگه‌ی کاری ڕاسته‌وخۆوه، سه‌ره‌تای له‌نێوچوونی ئه‌وان و تێکشکانی نه‌زمه کۆنه‌که‌یان ده‌بێت. ده‌زانن که پشتبهشتنی چینی کرێکار به سه‌رچاوه‌کانی وزه‌ی خۆی و چاکسازی ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی، سه‌ره‌تای ڕێگه‌ی چێ‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واو تازه‌یه.
********************************************************************************************
* (Direct Action) كه به واتای كاری ڕاسته‌وخۆ دێت و له فارسی و عه‌ره‌بیشدا هه‌ر وا نووسراوه، به‌ڵام له كوردییه‌كه‌دا كه‌متر ئه‌و واتایه ده‌به‌خشێت، هه‌ڵسورانی ڕاسته‌وخۆ، چالاكی ڕاسته‌خۆ و خه‌باتی ڕاسته‌وخۆ واتابه‌خشتر دێنه به‌گوێ.ساڵی 1994 له‌لایه‌ن گروپی (Fresnes-Antony) (گروپی فیدراسیۆنی ئه‌ناركیستانی فه‌ره‌نسه)ه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه. http://cgecaf.com/mot515.html و ساڵی 1999 له لایه‌ن «Kate Sharpley Library» وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر ئینگلیزی و دواتر له سایتی ئه‌نارکۆ- سه‌ندیکالیزم 101، بڵاوکراوه‌ته‌وه
سه‌رچاوه‌ی بڵاوکراوه‌ی ئینگلیزییه‌که‌ی
: http://www.anarchosyndicalism.net/newswire/display_any/200
ژیاننامه و نووسینه‌كانی نووسه‌ر:
http://www.anarchosyndicalism.net/protagonists/pouget.htmسه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه فارسییه‌كه‌ی : http://cnt-ait.info/rubrique.php3?id_rubrique=114