دیمانه‌ی (هاوڵاتی) له‌گه‌ڵ د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان دا…..به‌شی دووه‌م
سایکۆلۆجی که‌سێتی کورد و چه‌ند پرسێکی تر
له دیمانه‌یه‌کی (هاوڵاتی)* له‌گه‌ڵ د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان داسازدانی: ئازاد جه‌لال
به‌شی دووه‌م
هاوڵاتی: د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان له به‌شی دوهه‌می چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی هاوڵاتیدا باس له ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سێکس ده‌کات له‌سه‌ر تاکی کۆمه‌ڵکه، پێیوایه که توڕه‌بوون و هه‌ڵچوون و خه‌مۆکی، زۆرجار به‌دوور نازانرێت په‌یوه‌ندی به گرفتێکی سێکسی قووڵه‌وه هه‌بێ. چونکه سێکس بایه‌خێکی زۆری هه‌یه له ژیانی مرۆڤدا. هه‌روه‌ها تیشکیش ده‌خاته سه‌ر بایه‌نه شاراوه‌کانی ئیزدواجییه (دووجه‌مسه‌ر)ی تاکی کورد.
هاوڵاتی: سێكس وه‌ك به‌شێك له هه‌ڵپه‌ی تاك چ ده‌ورێكی هه‌بووه؟
سێکس پاڵنه‌رێکی سایکۆڵۆجی بنه‌ڕه‌تی به‌هێزه و ڕۆڵێکی هه‌ره گرنگی هه‌یه له بیرکردنه‌وه و دیاریکردنی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ، هه‌ر له یاری و به‌زم و سه‌ماکردن تا ئه‌گاته شه‌ره‌نگێزی نواندن و به‌رپاکردنی جه‌نگه‌وه. کاردانه‌وه‌ی پاڵنه‌ری سێکس و ده‌رئه‌نجامه‌کانی بواریکی زۆر له ژیانی مرۆڤ ئه‌گرێته‌وه و کارئه‌کاته لایه‌نی ده‌روونی و ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی. بۆیه پێویستی به ڕێکخستن هه‌یه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له کۆمه‌ڵگه سهرتاییهکانهوه تا کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدیرن، کار بۆ ڕێکخستنی کراوه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئایین ودابو نه‌ریته‌کان، یاسا و نۆرمی جۆراوجۆریان بۆ داڕشتووه. هه‌ر پاڵنه‌ری سێکسیشه بووه‌ته بنه‌مای پێکهێنانی خیزان و خێڵ و بنیاده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تر. هه‌روه‌ها دروستبوونی هه‌ستکردن به ته‌نیایی لای مرۆڤ یان توڕه بوون و هه‌ڵچوون و خه‌مۆکی، زۆر جار هۆکاره‌کانیان نازانرێت و ده‌رناکه‌ون، بۆیه به‌دوور نازانرێت په‌یوه‌ندی به گرفتێکی سێکسی قووڵه‌وه هه‌بێت.
چونکه بایه‌خێکی زۆری هه‌یه له ژیانی مرۆڤدا، سێکس بووه‌ته بابه‌تێکی گرنگی بواره زانستییه‌کان، به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و بایۆڵۆجی. نوسین و بۆچوونه‌کانی فرۆید له بواری سێکسدا لهسهرتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه که به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و سه‌رنجڕاکێش باسی له سێکس و گرفته سێکێکان ئه‌کرد، بووه دیارده‌یه‌ک له دیارده‌کانی گۆڕان و بگره شۆڕشێک بوو له‌دژ نه‌ریت و به‌ها به‌سه‌رچووه‌کان له باره‌ی سێکسه‌وه و هانی زانایانی بواره جیاجیاکانی دا بۆ زیاتر بایه‌خدان به سێکس و دانپێنان به گرنگێتی له‌ژیانی مرۆڤدا.دیاره سێکس پێویستییه‌که هه‌ر وه‌ک چۆن مرۆڤ پێویستی به خواردن و خواردنه‌وه و خه‌و هه‌یه و ئه‌بێت پێویستی و ئاره‌زۆکانی تێرکات، گه‌ر نا توشی لاوازی جه‌سته‌یی و نه‌خۆشی جۆراوجۆر ئه‌بێت. به‌هه‌مان شێوه‌ش دابڕانی مرۆڤ له سێکسکردن ئه‌بێته بایزی هه‌ڵسوکه‌وتی نامۆ و تێکچوونی باری ده‌روونی مرۆڤ و په‌نابردنی بۆ به‌کارهێنانی شێوازی تر بۆ خۆتێرکردن سێکسی. دوو جۆره سێکس هه‌یه لای مرۆڤ، یه‌کێکییان به بهتاڵکرنی ووزه‌ی سێکسی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ته‌نیا به مه‌به‌ستی دامرکاندنی غه‌ریزه و تێرکردنی پێداویستی سێکسی، که جیاوزی هه‌یه له‌گه‌ڵ حه‌ز یان ئاره‌زووی سێکس. ده‌قاوده‌ق وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێکی زۆر برسی و دابڕاو له خواردن، پێداویستی جه‌سته‌ی و هه‌ڵپه‌ی تێربوون وای لێئه‌کات په‌نا بباته به‌ر هه‌ر خۆراکێک که سگی تێرکات، بێئهوی بیر له تام و چێژی بکاته‌وه. به‌ڵام که که‌سێک زۆر برسی نه‌بێت ته‌نیا حه‌زی به چێشتنی خواردنێکی به‌تام بێت، ئه‌وا بۆی هه‌یه له‌نێو جۆری خواردنه‌کاندا گۆشت هه‌ڵبژێرێت یان ئاره‌زووی خواردنی ماسی بکات به‌بێ په‌له‌کردن، ڕووبکاته باشترین ڕێستورانت. مرۆڤ گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن بۆی نه‌لوێت سێکس بکات له‌گه‌ڵ که‌سی به‌رامبه‌ر که ئاماده‌یی گۆڕینه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ستی له‌گه‌ڵدا هه‌بێت و خۆشه‌ویستیش هه‌وینی ئه‌و سێکسکردنه بێت، ئه‌وا به‌ناچاری په‌نا ئه‌باته هه‌ر ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ به‌تاڵکردنی ووزه‌ی ناووه‌وه‌ی به هه‌ر شیوه‌یه‌ک بێت و دوور له چێژوه‌رگرتنێکی ڕاسته‌قینه. بۆیه مرۆڤ هه‌یه له حاڵه‌تی وادا په‌نا ئه‌باته سێکسکردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا یان له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشاندا. زۆر جاریش ئه‌بێته هۆکاری ده‌ستدرێژی سێکسی و ئه‌نجامدانی تاوان دژ به که‌سانی تر به‌تایبه‌تی منداڵان. دیاره کاسانێکیش هه‌ن که باری ده‌روونییان ناته‌واوه و کاردانه‌وه‌ی ئه‌بیت به‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتیاندا، ته‌نانه‌ت له بواری سێکسیشدا ڕه‌نگئه‌داته‌وه و لادانی سێکسیان لی به‌دی ئه‌کرێت. له‌به‌ر ئه‌وه پێویستئهکات به گه‌ڕانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر سه‌ره‌تای ژیانی منداڵی ئه‌و جۆره که‌سانه‌ی که تووشی ناڕێکی له هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌بن و لادانی سێکسییان لا دروست ئه‌بێت، هه‌روه‌کو زانایانی ده‌روونناسی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌که‌نه‌وه.
هاوڵاتی: وه‌ك عه‌لی وه‌ردی ده‌لێ: كه‌سێتی تاكی عێراقی ئیزدواجییه؟ به كورده‌وه، بۆچوونت له سه‌ر ئه‌مه چییه؟
پیویسته سه‌ره‌تا ئاماژه به‌وه بده‌م که بیرمه‌ندی عێراقی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی له پێشه‌کی ئه‌و نوسینه‌یدا له‌باره‌ی که‌سێتی عێراقییه‌وه، ڕاشکاوانه ئه‌ڵێت که نوسینه‌که‌ی هه‌وڵدانێکی سه‌ره‌تاییه له‌و باره‌یه‌وه و داوا له خوێنه‌ر ئه‌کات که ڕه‌خنه‌ی ڵیبگرێت و به چاوی گومانه‌وه تێی بڕوانن، چونکه پێیوایه که ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی ئه‌و ناچێته چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی و ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی زانستیانه‌وه سه‌یریکه‌ین له‌وانه‌یه جێی قه‌بووڵکردن نه‌بێت. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیش له‌و نوسینه‌ی هاندانی که‌سانی تره بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌و لایه‌نه.
دێمه سه‌ر باس له ئیزدواجییه‌ت له که‌سایه‌تی عێراقی و کورد و ئیزدواجییه‌ت به گشتی. پێویسته ئه‌وه بزانین که ئیزدواجییه‌ت یان به کوردییه‌که‌ی ئه‌کرێت بڵێین (بشێوی جووتهکهسێتیMultiple Personality Disorder)، به شیوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی که‌م تا زۆر له هه‌موو تاکێکدا بوونی هه‌یه و له بنه‌ڕه‌تیشدا ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخی ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که مرۆڤ تیادا په‌روه‌رده ئه‌بێت و ژیانی تیا به‌سه‌ر ئه‌بات، به پێی جۆری ژینگه‌که که خێزان و بنه‌ماڵه و خێڵ و خوێندنگه و کۆمه‌ڵ و دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایین و سیسته‌می سیاسی و هاوڕێ و شوێنی کارکردن کاریان هه‌یه به‌سه‌رێوه. تاکه‌که‌س به‌پێی جۆری په‌یوه‌ندێکانی له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ر و تێکه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تییه و پابه‌ندبوونی به ڕێنمایی و یاسا و ڕیساکانی، ئه‌که‌وێته ژێر کاردانه‌وه‌یان و که‌م تا زۆر ئیزدواجییهتی تیادا دروست ئه‌بێت. ئیزدواجییه‌ت ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناباڵانسی له غه‌ریزه و ئیراده و پاڵنه‌ره ده‌روونییه‌کانی تاکه‌که‌سدا، هه‌روه‌ها ترس و نه‌رجسییه‌ت و خۆپه‌رستی و بێباوه‌ڕی به‌خۆ و چاوبرسێتی و چاوچنۆکی و خۆبه‌که‌مزانی و مه‌راییکردن و گرفته کۆمه‌ڵایه‌تێکان وه‌ک نه‌بوونی و هه‌ژاری و بیئاگایی و ناهۆشیاری له‌ناو کۆمه‌ڵ، ڕۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌یه له سه‌رهه‌ڵدانی ئیزدواجییه‌ت له مرۆڤدا. وه‌ک نموونه له‌باره‌ی ناهۆشیارییه‌وه، کاتێک که تاکی مرۆڤ بێ ئاگا و ناهۆشیاره له پرسه هه‌ستیاره‌کان ئه‌وه ئه‌بێته گرفت له هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێست و باوهڕبووندا، چونکه که‌سی ناهۆشیار نازانێت و په‌ی به جێوازی نێوان دوو بیر‌و بۆچوونی دژ به یه‌ک نابات، وه‌ک جیاوازی نێوان بیروبۆچوونی ماتریالیست و باوه‌ڕ به ئایین و په‌یڕه‌کردنی بیروبۆچوونی میتافیزیکی. بۆیه ئه‌بینین که‌سانێکی زۆر خۆیان به چه‌پ و سۆشیالیست و بگره کۆمۆنیست‌یش ئه‌زانن و ئه‌ندامن له حیزب و گروپه‌کانی به‌ره‌ی چه‌پ و له هه‌مان کاتدا له بۆنه ئاینییه‌کاندا په‌یڕه‌وه‌ی دابونه‌ریته‌کانی ئایین ئه‌که‌ن و به ئه‌رکێکی پیرۆزی ئه‌زانن و زۆریش لێیان هه‌ن نوێژ ئه‌که‌ن وڕۆژووئهگرن.
من پێموانیه ئه‌و نوسینه‌ی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی زانستی نه‌سه‌لمێنراوه، هه‌موو ئه‌و چین وتوێژ و گه‌لانه ناگرێته‌وه که له چوارچێوه‌ی سنووری دروستکراوی عیراق که به پێی ڕێکه‌وتنامه‌ی سایکس- پیکو له ساڵی 1921 دیاری‌کرا. پاشان عه‌لی ئه‌لوه‌ردی ئیزدواجیه‌تی که‌سێتی عێراقی ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ململانێی نێوان به‌داوه‌تی عه‌ره‌ب و شارستانییه‌تدا. پێموانیه هه‌رچه‌نده نه‌ریته خێڵه‌کییه‌کانیش زاڵ‌بێت به‌سه‌ر کۆمه‌ڵی کورده‌واری، بخرێته تای نه‌ریتی به‌دوی بیابانه‌کانی عه‌ره‌ب یان له ژێر کاردانه‌وه‌یدا بێت. گریمان ئه‌گه‌ر کورد له چوار چێوه‌ی ئه‌و سنوره ده‌ستکراوه‌ی عێراقدا، نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی عێراق زۆر یان که‌م کاردانه‌وه‌ی دانابێت له‌سه‌ری، به‌ڵام کوردی ناو سنوری عێراق دابڕاو نه‌بووه له مێژوو و کولتوری کورد به گشتی و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له به‌شه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی فارس و تورک و عه‌ره‌بی سوریادا.ڵیکچواندنێک هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی باسی لێوه‌ئه‌کات سه‌باره‌ت به‌و ئێزدواجییهتهی له که‌سێتی عێراقییه‌وه به هۆی هاتنه کایه‌وه‌ی توێژی ئه‌فه‌ندییه‌کان له دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له ساڵی 1921 دا، له‌گه‌ڵ به‌رپرس و خاوه‌ن پله‌و پایه‌کانی ئێستای ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا، له دوای دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه له ساڵی 1992 دا. عه‌لی ئه‌لوه‌ردی پێیوایه " توێژی ئه‌فه‌ندییه‌کان که سه‌ره‌تا له کاتی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی په‌یدا بوو و توێژێکی بچوکی کومه‌ڵی عێراق بوون، له‌دوای ده‌مه‌زراندنی عێراقه‌وه تا ئه‌هات گه‌وره ئه‌بوو و کۆمه‌ڵێکی تری گرته‌خۆ به هۆی باری ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوه‌وه، له که‌سانێک پێکهاتبوون که ڕۆژێک له ڕۆژان خه‌ونی ئه‌وه‌یان نه ئه‌دی ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و له پڕا باره‌که بۆیان له‌بار بوو و پله‌و پاییه‌ی به‌رزیان گرته ده‌ست له‌ناو سوپا‌و وه‌زاره‌ته‌کان و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کانی تردا. ئه‌وه‌ش بووه هۆی له‌خۆ بایی بوونیان و لووتبهرزیان، بۆیه ئه‌بینین ده‌وڵه‌مه‌نه‌کانی شه‌ڕ و باری سیاسی تازه خۆشیان به که‌سانی خاوه‌ن توانا و بڕوانامه له‌ناو کۆمه‌ڵێکی نا هۆشیاردا نایات". به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌رپرسه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی و حکومی له کوردستاندا له پاش شه‌ڕی کوێت و ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و کشانه‌وه‌ی له کوردستاندا، له شاخه‌وه هاتنه ناو شاره‌کان و داهاتی گومرگ و به‌شێک له دارای عێراق چ له کاتی ڕژێم له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراک و چ له دوای ڕوخاندنی ڕژێمه‌وه، ڕێژه‌ی 17% داهاتی نه‌وتی عێراق له ژێر ده‌ستییانه و به بێ بوونی ده‌زگایه‌کی چاودێری فه‌رمی و بێلایه‌ن، له پاڵ دابه‌شکردنی پۆسته‌کانی وه‌زاره‌ت و په‌رله‌مان و ئیداره‌ی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان، توێژێکی نوێیان لی هاته کایه‌وه که بوغرایی و له‌خۆبایی بوونیان پێوه به‌زه‌قی دیاره و خۆیان له‌سه‌رووی گه‌ل و یاسا دائه‌نێن. له‌کاتێکدا باس له شۆرش و خه‌بات و کوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌که‌ن. ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئێزدواجییهتێکی زۆر دیار و به‌رچاوه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه هه‌یه که دووچاری دڕنده‌ترین چه‌وساندنه‌وه و جینۆساید بوو.
…………………………………………………………………………………………………………….
* هاوڵاتی ژماره 517 ی ڕۆژی 19/4/2009