
دیمانه له‌گه‌ڵ ماشا‌ڵڵا شه‌مسول واعزین
ماشا‌ڵڵا شه‌مسول واعزین: رۆژنامه‌گه‌ریی بێلایه‌ن به‌واتا ره‌هاكه‌ی له هیچ شوێنێكی جیهاندا بوونی نییه
به‌بۆنه‌ی 111 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له میانی زنجیره‌یه‌ك كار‌و چالاكی تایبه‌ت به‌م یاده‌دا میوانداری شاندێكی هاوبه‌شی رۆژنامه‌نووسانی بیانی له هه‌ولێر كرد، شانده میوانه‌كه پێكهاتبوو له هه‌ریه‌ك له ( جیمس دۆهارتی، سه‌رۆكی یه‌كێتی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی به‌ریتانیا و ئیرلاند،عه‌بدولموحسین سه‌لامه جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی میسر و جێگری سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئه‌هرامی میسری، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا له رۆژنامه‌ی ئه‌خباری میسری، سه‌رۆكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی ئێران و رۆژنامه‌نووسی ئازادی ئێرانی ماشه‌ڵڵای شه‌مسول واعزین.
له په‌راوێزی ئه‌م یاده‌دا رێگای كوردستان ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه و به‌باشی زانی له دیدارێكی كورتدا سه‌رنج و تێبینییهكانی رۆژنامه‌نووس (ماشه‌ڵڵای شه‌مسول واعزین) سه‌باره‌ت به ئاستی ئێستای رۆژنامه‌گه‌ریی له هه‌رێمی كوردستاندا بخاته‌ڕوو.
سه‌ره‌تا دوای نیشاندانی ره‌زامه‌ندی له لایه‌ن شه‌مسول واعزین له‌وه‌ی كه بۆ رێگای كوردستان بدوێ، پرسیاری لێكردین ئاخۆ به چ زمانێك بۆ ئێمه بدوێ، منیش ئازادم كرد له‌وه‌ی به زمانی دایكی خۆی ( فارسی) بدوێ ئه‌گه‌رچی عهرهبیهكهشی باش بوو چونكه ماسته‌رنامه‌كه‌ی له زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆكانی لوبنان دا وه‌ده‌ستهێناوه، هه‌ر بۆیه منیش به فارسی پرسیاره‌كانم ئاراسته‌ی كرد. له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مم دابوو سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی ئێستای رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامم بداته‌وه هاوڕێیه‌كی داوای لێكردین كه په‌له بكه‌ین چونكه دیداری هه‌یه له گه‌ڵ یه‌كێك له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی كوردستان،بۆیه شه‌مسول واعزین هه‌رزوو وه‌ڵامی دامه‌وه و گوتی: ئاستی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستان زۆر نایابه، به‌ڵام من ئه‌و وهڵامهیم پێ په‌سند نه‌بوو و به پێكه‌نینه‌وه پێیمت گوت: ئه‌و وه‌ڵامه زۆر ره‌هایه، ده‌مه‌وێ وردتر بدوێی، ئه‌ویش له په‌له پهلیاندا گوتی: با به‌ڕێوه قسه‌كانمان بكه‌ین، چونكه ئێمه ئه‌هلی ئه‌و پیشهیهین و له‌وه راهاتووین به‌رێگاوه قسه‌بكه‌ین. پاش كه‌متر له خوله‌كێك ده‌رفه‌ت ره‌خسا له كونجێكی هۆڵی هۆتێلی چوارچرا له هه‌ولێر ، وێڕای ژاوه‌ژاو و ده‌نگه‌ده‌نگی میوانانی ناو هۆڵه‌كه، بوه‌ستین و دووباره پرسیارهكهمی ئاراسته بكه‌مه‌وه و پێی بڵێم" له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی سهردانهكهتاندا بۆ كوردستان، چۆن ده‌ڕوانیته ئاستی رۆژنامه‌گه‌ریی و چاپه‌مه‌نی كوردی ؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی: "
دیمانه/ محه‌مه‌دی مشیررۆژنامهگهریی كوردستان ، رۆژنامه‌گه‌رییه‌كی دێرین و خاوه‌ن مێژووه، زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك ته‌مه‌نی رۆژنامه‌گه‌ریی و چاپهمهنییهكهیهتی…( قسه‌كه‌یم پێ بڕی و پرسیم)
+ ببووره، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه رێك ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێستایه‌تی نه‌ك مێژووه‌كه‌ی؟– شه‌مسول واعزین: له ئێستادا ئێوه به ئه‌زموونی به دامه‌زراوه‌یكردن و ئۆرگانیزه‌كردنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و چاپه‌مه‌نییه‌كاندا تێده‌په‌ڕن و ئه‌زموونێكی فره نایابتان هه‌یه، من یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ئێوه‌م بینی و به یاسیهكی زۆر نایابی ده‌زانم،له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌دا كه له كوردستان‌م سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك له نووسینگه‌ی رۆژنامه و چاپه‌مه‌نییه‌كانی ئێره‌م كرد به‌باشیان ده‌زانم، ته‌نها یه‌ك نیگه‌رانیم هه‌یه كه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه به‌ته‌نها به زمانی كوردی مه‌نووسن هه‌وڵده‌ن به‌ڕووی زمانه‌كانی دیكه‌شدا بكرێنه‌وه، بۆیه وه‌ك راسپارده وپێشنیارێك به پێویستی ده‌زانم كه رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستانی ده‌بێ ببێته جیهانی تا بتوانێ ئارمانج وپهیامهكانی كوردستان به‌جیهانی ده‌ورووبه‌ر و دوور بگه‌یه‌نێ وبیانخاتهڕوو، هێشتا رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستانی به‌م قۆناغه نه‌گه‌یشتووه،به‌ڵام رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستان ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ده‌ستپێكردووه و ئێوه رێگایه‌كی دوورتان له‌به‌رده‌مدایه، رێگایه‌ك ده‌شێ بڵێم مینڕێژكراوه، ئه‌مه‌ش له داهاتوودا، به بڕوای من، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كارێكی سه‌خت و دژوار ده‌بێت.
+ باشه له‌و بڕوایه‌دایت رۆژنامه‌نووسێكی بێلایه‌ن له ئایدیولۆژی له ئارادا هه‌بێت؟
– ئێمه شتێكمان نییه پێی بگوترێ رۆژنامه‌نووسی بێلایه‌ن، له جیانی ئه‌مڕۆماندا رۆژنامه‌نووسی بێلایه‌ن به شێوه‌یه‌كی ره‌ها له هیچ شوێنێكدا بوونی نییه، هه‌ر كه‌سێكیش بانگه‌شه‌ی شتی له‌م شێوه‌یه بكات به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، به‌ڵام رۆژنامه‌گه‌ریی دیموكراسی و ئازادمان زیاد هه‌یه، بۆیه پێویسته ئێمه ئه‌و ئه‌زموونه به‌هێز و پته‌و بكه‌ین.+ كه‌واته ده‌شێ بڵێین شتێكیش نییه پێی بگوترێ رۆژنامه‌ی بێلایه‌ن؟
– هه‌ڵبه‌ته رۆژنامه‌ی له‌و بابه‌ته‌ش له هه‌موو جیهاندا بوونی نییه+ جیاوازی له نێوان رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و بێلایه‌ن له چیدا ده‌بینن؟
– شه‌مسول واعزین: رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و رۆژنامه‌گه‌ریی بێلایه‌ن دوو چه‌مكی لێكجیاوازن، رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد به‌و مانایه دێت كه تۆ بۆ خۆت پێگه‌ی خۆت هه‌یه، دیدگه و به‌ها و ئایدیولۆژی تایبه‌ت به خۆت هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا رێگه ده‌ده‌یت به دژڕاكانت یا ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا جیاوازن قسه‌بكه‌ن، ستوونیان هه‌بێت،هه‌واڵ و بابه‌ته‌كانیان بڵاوبكه‌یته‌وه…، ئه‌م شێوه ئازدییه له كاری رۆژنامه‌گه‌ریی ئێوه رۆژنامه‌كه‌تان ده‌خاته خانه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و دیموكراسی، كاری ئێوه‌ش ده‌بێته كاری رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد، به‌ڵام رۆژنامه‌گه‌ریی بێلایه‌ن به واتا ره‌هاكه‌ی، هه‌روه‌ك له پێشدا ئاماژه‌م پێكرد، له هیچ شوێنێكی جیهاندا بوونی نییه و شتێكمان نییه ئه‌و ناوه‌ی هه‌بێت.
+ زۆر سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته
– سوپاس بۆ ئێوه‌ش له‌شتان ساغ بێت