
شانۆگه‌ری په‌یکه‌ر سه‌رسامی کردین….سامان محمد
شانۆگه‌ری "په‌یکه‌ر" سه‌رسامی کردین
وه‌ک بینه‌رێکی ئاسایی و به‌ئاگا له شانۆی کوردی ، رۆژانه‌ی فیستیڤاڵی شانۆ له‌سلێمانی به تاسه‌وه به‌سه‌ر کرده‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رسامی کردم و هه‌ژاندمی شانۆگه‌ری په‌یکه‌ر بوو ،له‌نوسینی دڵشاد حسێن و ده‌رهێنانی کامه‌ران سوبحان و دڵشاد حسێن و نواندنی سه‌فین ئه‌نوه‌ر و سۆزان بابه‌علی.. نازانم ماوه‌ی شانۆگه‌ریه‌که ده‌قاو ده‌ق چه‌ند بوو .. به‌ڵام ئه‌و رۆژه تا کۆتایی نمایشه‌که توشی سه‌رسامیه‌کی سه‌یر بووم ،سه‌رسام بووم به‌وه‌ی که ئێمه نوسه‌ری وا به‌سه‌لیقه‌مان هه‌یه و ده‌قه‌کانیمان نه‌بینیوه .. نوسه‌رێک که توانیویه‌تی مه‌رگه‌ساتی هونه‌ری کوردیمان له رێگه‌ی په‌یکه‌رتاشێکی نه‌خۆشه‌وه بۆ بگێرێته‌وه .. نوسه‌رێک که زۆر ورییانه و به‌مه‌عریفه‌یه‌کی فراوانه‌وه به ناو خه‌یاڵی هه‌موماندا گوزه‌ری کردووه و له هه‌ر یه‌کێکمان به‌شێکی جوانی رابوردومانی هه‌ڵداوه‌ته‌وه.. ئه‌م ده‌قه هێنده‌ی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێکی گه‌وره تا ئێستاش بیرکردنه‌وه‌می داگیر کردووه ،ئه‌م نوسه‌ره به‌رێزه زۆر سه‌یر توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو گرێ و هیواو خه‌ونه‌کانی ئێمه‌ی تاکی کورد بهۆنێته‌وه که به‌راستی تێگه‌یشتم شانۆ چی چێژێکی سیحری هه‌یه که بینینی ئه‌م ده‌قه پێی به‌خشیم ،من چاوه‌روان بووم ئه‌م شانۆگه‌ریه بۆ چه‌ند رۆژێکی تر نمایش بکرێت و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژێک بێم و له‌سه‌ر دیالۆگ و دیمه‌نه‌کانی زیاتر رابمێنم به‌ڵام ته‌نها 2 رۆژ بوو که هه‌ردوو رۆژه‌که‌ی هاتم و حه‌زم ئه‌کرد زۆرتر بهاتمایه.. له‌وه‌ش زیاتر که‌سه‌رسام بووم ئه‌کته‌ره‌کانی ئه‌م شانۆگه‌ریه بوو ،ئازایه‌تی ئه‌م ئه‌کته‌رانه هه‌ژاندمی به‌جۆرێک وام ئه‌زانی به‌راستی سه‌فین هه‌رخۆی په‌یکه‌ر سازه و جارێک ئه‌گریا و جارێک پێئه‌که‌نی جارێکیش ئه‌بووه من که ته‌واو وام ئه‌زانی ئه‌وه مناڵی منه.. ئه‌م ئه‌کته‌ره نه‌فه‌س درێژه له‌ماوه‌ی نمایشه‌که‌دا هه‌موومانی سه‌رسام کرد ،تێگه‌یشتم ئه‌کته‌ری مه‌زن چی مانیه‌کی مه‌زنت پێده‌به‌خشێ .. سۆزان ئه‌و کچه‌ئه‌کته‌ره ئازاییه‌ی که هه‌موو گیانی و قسه کردنی ئازایه‌تی پێده‌به‌خشیت و سه‌ماکانی له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌کاندا سه‌مای پێئه‌کردین .. کاتێک ئه‌بووه په‌یکه‌ر حه‌زم ئه‌کرد بجوڵێته‌وه .. کاتێک ئه‌که‌وته‌وه جوڵه ئه‌تگوت په‌پوله‌یه و سه‌رشانۆی پڕ ئه‌کرد له جوانی.. ئه‌م هه‌موو دیمه‌نه سیحریانه ناکرێت ده‌رهێنه‌رێکی خه‌یاڵ سیحری له پشته‌وه نه‌بێت ئه‌و دوو ده‌رهێنه‌ره که‌هه‌ردوکیان توا نیبوویان فه‌زایه‌کی وامان بۆ دروست بکه‌ن که تاکۆتایی شانۆگه‌ریه‌که به‌ره‌و جیهانی خه‌یاڵی خۆیان رامانبکێشن ،بمان گرێنن و سه‌مامان پێبکه‌ن له‌کۆتایشدا به مردێکی جوانی کۆتایی شانۆگه‌ریه‌که رۆحێکی تری جوانیمان پێ ببه‌خشن.
سامان محمد