پێشنياره‌کانی هیشام ئاکره‌يی له‌باره‌ی زمانی يه‌کگرتووه‌وه.. هه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵه .!… عه‌لی بريفکانی
کاک هيشام ئاکره‌یی، له سايتی کوردستان نێتی هێژادا بابه‌تێکی به نێوی ( پێشنيار بۆ زمانی يه‌کگرتووی کوردی ) بڵاو کردووه‌ته‌وه، تیايدا چه‌ند ڕاوبۆچوونێک ده‌خاته به‌رده‌م بۆ هێنانه‌کايه‌ی زمانێکی توند و ته‌کووزی کوردی. کورته‌ی بۆچوونه‌کانی له‌وه‌دا کۆ کردووه‌ته‌وه، که نابێ هیچ شێوه‌زارێک بکرێت به بنگه و بنه‌ما، به‌ڵکوو لێژنه‌يه‌ک پێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌کانی بچنه گوندێکی دووره‌ده‌ست و له‌وێ وه‌ک تاقیگه‌يه‌ک، که‌شوهه‌وايه‌ک دروست بکه‌ن بۆ له‌دايکبوونی زمانێکی يه‌کگرتووی نوێی کوردی، پاشان فه‌رزکردنی.. له کۆتايیی پێشنياره‌کانيدا ده‌قێکی وه‌ک نموونه هێناوه‌ته‌وه.
هه‌ر يه‌کێک ئه‌و بۆچوونانه‌ی کاک هيشام بخوێنێته‌وه، وا ده‌زانێت کورد ئه‌وه‌نده ناته‌با و ناکۆکن، ئه‌وقاس دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری يه‌کدین، گه‌ره‌که هێزێکی ده‌ره‌کی ـ وه‌ک جه‌ندرمه‌ی تورکان ـ بێته نێوانيانه‌وه، نه‌وه‌کا يه‌کتر قڕ بکه‌ن. بۆيه، باشتر وايه زمانێکی شێوه ( ئه‌سپێرانتۆ) که دکتۆری پۆڵۆنیی جووله‌که وليام لازاروف زامنهۆف له نێوان 1870 ـ 1880 دا دايهێنا، بۆ کوردان بێته دی.. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و تێزانه‌ی به‌ڕێز هيشام له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی په‌يدابوونی زمانان له مێژووی گه‌لاندا، هه‌رگیز ناگونجێن، چونکه زمان ديارده‌يه‌کی سروشتیی کۆمه‌ڵايه‌تییه، به عه‌مه‌لياتی قه‌يسه‌ری له دايک نابێت.
خۆی ئه‌گه‌ر واقیعی بێ و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی باشووری کوردستاندا بگونجێت، دوای سه‌د ساڵ خوێندن به‌و زمانه‌ی کاری پێ کراوه، که ئه‌مڕۆ ده‌مانه‌وێ زينده‌به‌چاڵی بکه‌ين، کردنی هه‌ر شێوه‌زارێکی ديکه به بناغه، با هی گوندێکيش بێت، زۆر ماقوول و سه‌رکه‌وتووتره له‌وه‌ی زمانێکی ـ بێ‌بن ؟! ـ له مه‌عمه‌ل دروست بکه‌ی که برێتی بێت له چێشتی مجێو‌ر، نه‌زانی ئه‌سڵه‌که‌ی له کوێوه ده‌ست پێ ده‌کات. بۆيه هه‌وڵی ئاوا که کاک هيشام بانگه‌وازی بۆ ده‌کات، ئه‌وقاس ناعیلمی و گه‌نده‌ڵه، پله‌ی سه‌رکه‌وتنی له ژێره‌وه‌ی سفره و به‌ر له‌وه‌ی له‌دايک بێ، مردووه. من هه‌ر که بابه‌ته‌که‌ی کاک هيشامم ده‌خوێنده‌وه، نازانم بۆچی بۆ پڕۆژه‌که‌ی ئه‌و، مشکانم ده‌هاتنه به‌ر ديد و زه‌ينان، نه‌ک مرۆڤان.!
وا بزانم کاک هيشام تازه ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌تانه‌ی که موحسين جوامێر له نووسينه‌کانیدا، گه‌ڵاڵه‌ی کردوون، هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌ترسييانه‌ی له هه‌بوونی چه‌ند له‌هجه‌ی خوێندن له‌پاڵ زمانی يکگرتوودا که هه‌مانه، ڕووبه‌ڕووی کورد ده‌بنه‌وه، که که‌مترينيان برێتييه له دروستبوونی چه‌ند گه‌لێکی جياواز که ده‌وترێت ڕۆژێک له ڕۆژان کورد بوون. بۆ نموونه، حه‌تمييه، ئه‌گه‌ر زمانی خوێندن نه‌بێ به‌يه‌ک، دوای ده ساڵی ديکه، دهۆک ـ وه‌ک هه‌ر شارێکی عه‌ره‌بی ـ به‌ته‌واوی له ناوچه‌ی سۆران جيا ده‌بێته‌وه، وه‌کوو جوامێر ده‌ڵێ ته‌نانه‌ت چه‌مکی قه‌ومیش دێته گۆڕان، سۆران ده‌بێته قه‌ومێکی جيا و بادينیش قه‌ومێکی جيا. ئه‌وجا خۆشی له‌وه دايه، هه‌تا نه‌زه‌رييه‌که‌ی کاک هيشام دێته جێ، خه‌باتی گه‌لانی کورد له دژی يه‌ک وه‌ک خه‌باتی کوردی به‌رێی لێ دێ له دژی گه‌له سه‌رده‌سته‌کانی ديکه‌ی گوايه کورديان ده‌چه‌وسانده‌وه.! هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه مامۆستا هيشام ئه‌و حه‌قيقه‌ته‌ش بزانێ که : هه‌ر له‌هجه‌يه‌ک له ماڵه بابێ بوو، له‌هجه‌يه، که هاته ده‌ره‌وه ـ واته پێی نووسرا ـ ده‌بێته زمان، بڤێ نه‌ڤێ.