خوێندنی میللی باڵا بۆ؟…. سه‌مه‌دی مه‌لا ئه‌حمه‌د
خوێندنی میللی باڵا، شێوه خوێندنێکی مۆدێرنه له زۆربه‌ی وڵاته ئه‌وروپایه‌کاندا. ده‌کرێت له به‌رانبه‌ر خوێندنی ئاماده‌یی دابنرێت به‌ڵام، ئه‌م خوێندنه بۆ گهورهتهمهنهکان ره‌خسێنراوه. ئه‌و که‌سانه‌ی به‌هۆیه‌ک له هۆکان له رێچکه‌ی خوێندنیان دادبرێن. له دیدی شارستانی و مۆدێرنه‌وه سنوری خوێندن و خۆپێگه‌یاندن و خۆنوێکردنه‌وه هه‌تا دێت فراوانتر ده‌بێت، بگره بهرهوکاڵبوونهوه ده‌چێت بۆیه، ئه‌م جۆره خوێندنانه له بره‌ودایه و گه‌شه و فراوانبوونی بواره‌کانی له‌زیادبووندایه. ئه‌م جۆره خوێندنه سه‌لماندویه‌تی که پرۆسه‌ی خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن
نه‌به‌ستراوه به ته‌مه‌نه‌وه و هه‌موو ئینسانێک له هه‌موو ته‌مه‌نێکدا ده‌توانێت به‌شداری بکات و به‌رده‌وامبێت.
ماوه‌ی چوارساڵ زیاتره کۆمه‌ڵێک خۆبه‌خش له وڵاتی سوید (خه‌ڵکانی سویدی و کورد) له هه‌وڵی دامه‌زراندنی فێرگه‌یه‌کی میللی باڵان له کوردستان.
وه‌ک هه‌موو هه‌نگاونانێکی دی له‌سوید، ده‌بێت به دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه‌ک ده‌ستپێبکه‌یت. ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه هه‌ڵده‌ستێت به به‌رێوه‌بردن و گه‌ڵاڵه‌کردنی بیرۆکه‌ی ئه‌و گروپه و له‌هه‌مانکاتدا ناساندنی به داموده‌زگا حکومیه‌کان. ئه‌م گروپه زۆر به په‌رۆشه‌وه کاریانده‌کرد، لهخۆبوردووبوون بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی بیرۆکه‌که. لهخۆبوردووبوون له داشکاندنی کاتی تایبه‌تی خۆیان و ته‌رخانکردنی بۆ کۆبوونه‌وه‌کان. به‌په‌رۆشه‌وه له کۆبوونه‌وه‌کاندا ئاماده‌ده‌بوون که‌ی و له‌هه‌رشوێنێک بووبێت.
له‌پاش چه‌ندین کۆبوونه‌وه، راوێژکردن و هێنان و بردن گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی بیرۆکه‌که به حکومه‌تی هه‌رێم بناسێنین و بۆ تاوتوێکردن و ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتن چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌که (سویدی و کورد) هه‌ڵسان به سه‌ردانی چه‌ند جاره‌ی کوردستان. له‌م رێگایه‌وه چاویان به به‌رپرسیارانی حکومی و رێکخراوی میللی که‌وت. به‌رپرسانی حکومه‌ت پۆزه‌تیڤانه به‌ره‌ورووی بیرۆکه‌که هاتن. ته‌نانه‌ت داخوازبوون هه‌مان فێرگه له سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک بکرێته‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه یه‌که‌مین هه‌نگاوی کۆمه‌ڵه‌که‌مان بوو، کارێکی سانا نه‌بوو له‌هه‌مانکاتدا له سێ شوێنی جیاوز به‌و کاره هه‌ڵبستێت، بۆیه
بریار له‌سه‌ر ده‌ستپێکردنی دامه‌زراندنی فێڕگهیهک له سلێمانی درا، دوای سه‌رکه‌وتنی ئه‌زمونه‌که ده‌کرێت ئه‌م فێرگه‌یه و مامۆستا و به‌رپرسانی ببنه پاڵپشتێک بۆ کردنه‌وه‌ی له هه‌ولێر و پاشان له دهۆک.
بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م فێڕگهیه، ئاگاداری له مێدیاکاندا بڵاوکرایه‌وه سه‌باره‌ت به پێویستی مامۆستا و که‌سانی شاره‌زا له زمانی ئینگلیزی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری گشتی، نزیکه‌ی شه‌ست که‌س له ڕێگه‌ی ئیمهیل (پۆستی ئه‌لکترۆنی) ئاماده‌باشی خۆیان نیشاندا. له‌م ژماره‌یه بیست که‌س ده‌ستنیشانکرا بۆ چاوپێکه‌وتن و له‌وانیش، هاوینی ئه‌مساڵ، شه‌ش مامۆستای به‌توانا و شاره‌زا هه‌ڵبژێردرا له‌لایه‌ن مامۆستایانی کۆمه‌ڵه‌که که له سویده‌وه هاتبوونه‌وه بۆ سلێمانی. هه‌نگاوی دووه‌م، دوو مامۆستای فێڕگه‌ی خوێندنی باڵا له سویده‌وه سه‌ردانی
سلێمانیان کرد و خوله‌یه‌کی فێرکردنی یه‌ک مانگیان بۆ ئه‌م شه‌ش مامۆستایه به‌سه‌رکه‌وتوویی سازکرد.
بڕیاره له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا ئه‌م مامۆستایانه بانگهێشکرێن بۆ وڵاتی سوید و له‌سه‌ر ئه‌رکی زانکۆی لینشۆپین خوله‌یه‌کی فێڕکردن و گه‌شه‌پێدانیان بۆ بره‌خسێنرێت.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئاماده‌کردنی رێوشوێنی فێڕگهکه ده‌بێت بۆ پێشوازی یه‌که‌مین گروپی به‌شداربووان.
فێرگه‌ی میللی باڵا چییه؟
قه‌شه‌یه‌کی دانیمارکی به‌ناوی ( نیکۆلیا فره‌دریک سهڤهرین گروندتڤیگ) له ساڵی 1844دا یه‌که‌مین فێرگه‌ی خوێندنی باڵای دامه‌زراند. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له دانیمارک خوێندن خوێندنی لاتین بوو، بۆ پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵێکی بیرۆکرات و بهرزههڵفر. بۆیه گروندتڤیگ پێیوابوو خه‌ڵکی پێویستی به خوێندنی خۆماڵی هه‌یه. پێویسته له‌باره‌ی کۆمه‌ڵگای دانیمارک و شیعر و ئه‌ده‌ب، چیرۆک و به‌سه‌رهاته میللێکان بخوێنرێت.
له‌پاش ئه‌مان و له ساڵی 1868دا وڵاتی سویدی یه‌که‌م فێرگه‌ی خوێندنی باڵای تیا دامه‌زرا. ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی ئه‌م فێرگه‌یه وه‌ک دانیمارک ته‌نها میتۆلۆگی نه‌بوو، به‌ڵام چاولێکردنێکی سه‌رکه‌وتوبوو.
له‌وسه‌رده‌مه‌دا سوید په‌ره‌ی به سه‌ربه‌ستی شاره‌وانیه‌کان ده‌دا و ئه‌مه‌ش بووه هۆی گه‌شه و ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن موڵک و خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌به‌رامبه‌ردا جوتیار و چینی هه‌ژاران بواره‌کانیان بۆ تهسکدهبوونهوه. بۆیه ئه‌م شێوه تازه‌یه‌ی خۆ پێگه‌یاندن و فێربوون هه‌ر زوو بووه بوارێکی فراوان و گه‌شه‌ی خه‌ڵکی.
یه‌کێک له بنه‌ما سه‌ره‌کێکانی خوێندن له‌م فێرگه‌یه‌دا، رۆڵی ئه‌کتیڤی به‌شداربووانه له‌و بواره‌ی بۆیان ده‌ره‌خسێنرێت. بوارێک بتوانێت به‌شداربوو توانا و هێماکانی خۆی ده‌ربخات و ئازادانه خۆی پێبگه‌یه‌نێت.
بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی دی ئه‌م فێرگه‌یه، به‌هه‌ند زانینی ویست و مه‌به‌ستی به‌شداربووانه. هه‌ر ئه‌م ویست و مه‌به‌سته‌شه که ره‌وت و رێچکه‌ی فێرگاکه دیاریده‌کات. چوونکه هه‌میشه به‌شداربووان له ناوهندادادهنرێت، بۆیه به‌شداربوو رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بێنێت له به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وتی خوێندن و پرۆسه‌ی خۆپێگهیاندنا. هه‌ربۆیه شێوه‌ی گوتنه‌وه و فێرکردن سه‌رتاپا جیاوازه له‌و شێوه باوه‌ی له فێرگه‌کانی دی په‌یره‌وده‌کرێت.
ویست و داخوازی خوێندکاران، ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ته‌نانه‌ت پێداویستی کۆمه‌ڵ، ناوه‌رۆکی خوێندن له فێرگه‌که‌دا ده‌ستنیشان ده‌کات.
ئه‌مڕۆ له سویدا نزیکه‌ی سه‌دوپه‌نجا فێڕگهری میللی باڵا هه‌ن به‌مه‌رجێک دوو فێڕگه‌ی له‌یه‌کچوو به‌دی ناکرێن و هه‌ریه‌ک روخسار وپرۆفیلی خۆی به‌جۆری خۆی ئاشکراکردووه. پتر له سه‌د فێرگه‌یان رێکخراوی جه‌ماوه‌ری له‌پشتیانه و به‌رێوه‌یان ده‌به‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌ندی خوێندن و ده‌زگا رهسمێکانی خوێندن و په‌روه‌رده ده‌ستوه‌رده‌نه ئیشوکاره‌کانیان. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م لایه‌نانه هه‌میشه پاڵپشتێکی مادی و مه‌عنه‌وی ته‌مه‌نی ئه‌م فێرگایانهن. به‌رێوه‌بردن و گه‌شه‌کردنی ئه‌م فێڕگایانه له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه، رێکخراوی ئایدیالی، کولتوری و فه‌رهه‌نگی، بزوتنه‌وه
میللیه‌کان به‌ڕێوه ده‌چن. ده‌شێت به نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند کۆمه‌ڵه‌یه‌ک ئه‌رکی به‌رێوه‌بردنی له‌ئه‌ستۆ بگیرێت. واته له‌نێو رێکخراو و ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م فێرگه‌یه، ده‌سته‌ی کارگێر ،له کۆبونه‌وه‌ی ساڵانه‌دا، به زۆربه‌ی ده‌نگ هه‌ڵده‌بژێردرێت و له‌نێو ئه‌وانیشدا سه‌رۆک و وته‌بێژ و ژمێریار و ئه‌ندامه‌کانی دی دیاریده‌کرێن و بۆ ماوه‌ی ساڵێک هه‌موو کار و په‌یوه‌ندی و پێداویستیه‌کانی جێبه‌جێده‌کرێن. ئه‌م فێرگه‌یه‌ش وه‌ک هه‌موو دامه‌زراوێک له کۆمه‌ڵدا ره‌چاوی هه‌موو پرنسیپ و یاساکان ده‌کات له‌وانه دائیره‌ی زه‌ریبه وچاودێری ئابووری و ….
دابینکردنی بوجده‌ی ئه‌م فێرگایانه، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و پارێزگا و شاره‌وانیه‌کانه‌وه مسۆگه‌رده‌کرێت. چونکه ده‌وڵه‌ت (ده‌وڵه‌تی دیموکراسی) بروای وایه خوێندن له‌م فێرگایانه ده‌بێته هۆی:
– گه‌شه‌کردنی پرۆسه‌ی دیموکراسی
– فراوانبوونی رۆڵی خه‌ڵکی له نه‌شونما کردنی کۆمه‌ڵدا، به‌تایبه‌تی له به‌رهه‌مهێنانی بواری جفات و کولتوری.
– زیادبوونی ره‌وایی و یه‌کسانی بواری خوێندن و فێربوون.
– به‌رفراوانبوونی چێژ و ویستی خه‌ڵکی له ژیانی کولتوریدا.
– نزیکبوونه‌وه‌ی ئاستی ژن و پیاو و بهههندزانینی مافه‌کانی ژن و رێزلێگرتنیان.
– فراوانبوونی بواری خۆرهخساندن و خۆئاماده‌کردنی ژنان له کۆمه‌ڵدا.
– کردنه‌وه‌ی بواری جارێکی دی خۆپێگه‌یاندن. بیسه‌لمێنێ سنوری ته‌مه‌نی خوێندن و فێرخوازی بوونی نییه.
له کوردستان و به‌هۆی هه‌مه‌جۆره‌وه خه‌ڵکانێکی زۆر له پرۆسه‌ی خوێندن و خۆپێگه‌یاندن داده‌بڕێن و به‌جێده‌مێنن. به‌تایه‌به‌تی ژنان که ره‌نگه به‌هۆی شوکردن، ئه‌رکی ماڵ و به‌خێوکردنی خوشکوبرا و دایک‌وباوک مافی خوێندن و گه‌شه‌کردنی زانستی و بیروهۆشیان لهدستبچێت. ده‌شێت نه‌بوونی و که‌م ده‌رامه‌تی پاڵ به‌زۆر منداڵه‌وه بنێت له خوێندن دووربکه‌وێته‌وه و ملی ژیانی کارکردن و کاسپی پێ بگرێته‌به‌ر. هه‌لی خوێندن له لای ئێمه راسته رێگایه‌که و یه‌ک جار لادان، به‌هه‌رچی هۆیه‌ک بێت، زه‌حمه‌ت ده‌بێت بتوانرێت بگرێته‌وه سه‌ر رێگاکه. بۆیه کردنه‌وه‌ی فێرگه‌یه‌کی ئاوا،
جارێکی دی ده‌رفه‌تی هاتنه‌کایه و ده‌ستپێکردنه‌وه بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌ره‌خسێت، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌شێوه‌یه‌ک که‌سه‌که بتوانێت که‌سایه‌تی خۆی بدۆزێته‌وه، بتوانێت توانا شاراوه‌کانی خۆی بخاته گه‌ڕ و رۆڵی ئه‌کتیڤ ببینێت له دارشتن و بهردهاومبوونی پرۆسه‌ی خۆپێگه‌یاندنی. بتوانێت ببێته کادرێکی به‌توانا و گۆڕانکاری به‌ئه‌نجام بهێنێت.