Skip to Content

Monday, November 11th, 2024
خه‌یاڵ و گومان له‌ وشه‌كانی(باران)دا…به‌شی چواره‌م

خه‌یاڵ و گومان له‌ وشه‌كانی(باران)دا…به‌شی چواره‌م

Closed
by April 28, 2009 ئەدەب

خه‌یاڵ و گومان له‌ وشه‌كانی(باران)دا

4-4

رێبوار ره‌زا چوچانی

سه‌عید یه‌قیتن، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی خۆیدا، به‌ ناوی ( ئه‌زمونی خوێندنه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموون)، ده‌ڵێت" په‌یوه‌ندی نێوان خوێندنه‌وه‌ و ئه‌زموون، لای هه‌ر یه‌ك له‌ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵوگۆڕییه‌، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌وان موماره‌سه‌ی ده‌كه‌ن "، بۆیه‌ ده‌شێت نوسین و خوێندنه‌وه‌ به‌و مانایه‌ وه‌ربگرین، كه‌ له‌ لایه‌ك ده‌رخستنی دنیابنییه‌كی نوێیه‌ و له‌ لایه‌كی تریش گه‌ڕانه‌ به‌ دوای دنیابینییه‌ جیاوازه‌كاندا، هه‌ر دووكیشیان پێكه‌وه‌ دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ریشه‌یی و قوڵه‌، كه‌ به‌بێ ئاگا له‌ نێوان دنیابینییه‌ جیاوازه‌كاندا دروست ده‌بێت، وه‌ك چۆن موماره‌سه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌لیسماویی و فره‌ ره‌هه‌نده‌، له‌ نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ ئه‌زموونكردنی زه‌مه‌نی نوسین و زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌، چونكه‌ زه‌مه‌ن ده‌بێته‌ خاڵێكی كاریگه‌ر، له‌ نێوان به‌ر یه‌ككه‌وتنی دنیابینییه‌كاندا، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین، كه‌ له‌ هه‌ر جڤاتێكدا مرۆڤ ئازاد نه‌بوو له‌ ده‌ربڕینی فیكر و دنیابینییه‌كانی، ئه‌و جڤاته‌ غه‌رقی نه‌گبه‌تی ده‌بێت و ده‌بێته‌ كارخانه‌یه‌ك بۆ دوباره‌كردنه‌وه‌ی ناشیرینییه‌كان، به‌رده‌وامبوونیش له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌، مرۆڤ ده‌خاته‌ ناو بێبه‌هاییه‌كی كوشنده‌وه‌، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت له‌ ده‌رده‌ كوشنده‌ خۆ كرده‌كانی قوتار ببێت، د. سه‌عید یه‌قیتن ده‌ڵێت" به‌رده‌وامبوون به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ دۆگمابوونی باره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌كه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت، یاخود كاتێك به‌هاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێته‌ شێوه‌یه‌كی جێگیر و وه‌ستاو، پشت به‌ هۆ و پێداویستییه‌كانی موماره‌سه‌كردنی دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌هاكان ده‌به‌ستێت، تا ئه‌و كاته‌ی دۆگمابوون خۆی ده‌سه‌پێنێت".
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ لای ( باران )، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر گومانه‌كانی ئه‌و بكه‌ین، تا بزانین ئایه‌ گومانه‌كانی ئه‌و له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن و ده‌یانه‌وێت چی مانیفێست بكه‌ن، چونكه‌ كاتێك نوسین ده‌بێته‌ مانیفێستی هه‌ر مرۆڤێك، ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرین، كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌به‌ر هه‌ر فاكته‌رێك بێت، هێشتا نه‌یتوانییووه‌ له‌ رێگه‌ی زارییه‌وه‌ په‌یامه‌كانی رابگه‌یه‌نێت، وه‌ك به‌ختیار عه‌لی له‌ وه‌سفی مۆسیقادا ده‌ڵێت" كاتێك مرۆڤ ئاله‌تێكی مۆسیقی ده‌گرێت به‌ ده‌ستییه‌وه‌، ده‌بێت به‌ر له‌ هه‌موو شتێك باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێت، شتێك له‌ ناخیدایه‌ و ناتوانێت له‌ رێگه‌ی زمانه‌وه‌ گوزارشتی لێبكات"، ئه‌م بڕوایه‌ی به‌ختیار ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر لێواری كۆمه‌ڵێك پرسیار، له‌ باره‌ی زۆر لایه‌نی داڕوخاوی جڤاتی كوردی، چونكه‌ هێنده‌ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رمان زۆر، وه‌ك له‌شكرێكی به‌زیووی بێبه‌رنامه‌ په‌رش و بڵاوبونه‌ته‌وه‌ و هیچكامیشیان هیچ په‌یامێك و هیچ پرۆژه‌یه‌كیان نیه‌، ته‌نیا شه‌ڕكردنی رۆشنبیره‌ جدییه‌كان نه‌بێت، ئه‌م حاڵته‌ش ئه‌و جه‌هله‌ی دروستكردووه‌، كه‌ تا بینه‌قاقای زۆرێك له‌و له‌شكره‌ بنووسه‌ی غه‌رق كردووه‌.
( باران ) زیاتر له‌ چه‌ند جارێك دوو دڵی و گومانه‌كانی خۆی ده‌رده‌بڕێت، چونكه‌ گومان له‌ ناو چیرۆكی (تۆ له‌ كوێیت؟)دا، ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی پێكده‌هێنێت، هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ش واده‌كات، بڵێین ( باران ) له‌ رێگه‌ی پرسیاره‌كانییه‌وه‌، ده‌یه‌وێت ژیان راڤه‌ بكات، ( باران ) له‌ چیرۆكه‌كه‌یدا ده‌ڵێت" دوو دڵییه‌ك له‌ ئاماده‌گی تۆیه‌ یان له‌ وجوودت، له‌مه‌ په‌شیمانی ئه‌كاته‌وه‌ و یه‌ت بنووسێ: پێناچێ ئێمه‌ یه‌كتری بناسین، ڕه‌نگه‌ هه‌ر قه‌تیش به‌ دیده‌نت ڕانه‌گه‌م !كه‌چی من وائه‌زانم تۆ منت له‌وێ ون كرد، له‌ ڕێگای دوورگه‌یه‌كی دوور، به‌ سه‌فه‌رێكی كوورت!
گه‌ر وابێت، تۆ ئێستا، ئه‌شێ بۆم بگه‌ڕێیت؟ ئه‌گه‌ر ناش! له‌سه‌ر من پێویسته‌ به‌ئاگا بێمه‌وه‌. "، له‌ پشت هه‌ر وشه‌یه‌كه‌وه‌ هێزگه‌لێكی شاردراوه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وشه‌یه‌ مانیفێستی خۆی بكات، له‌ پشت هه‌ر وشه‌یه‌كه‌وه‌، دنیاگه‌لێكی نهێنی هه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵگری خه‌م و موكه‌سه‌راته‌كانی ژیانن، وه‌ك چۆن هه‌ڵگری نوسته‌لژیا و حیكایه‌ته‌ له‌ ده‌ستچووه‌كانی مرۆڤیشن، ( باران ) ده‌ڵێت" هات بۆ تۆ بنووسێ. وازی له‌ هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ هێنا كه‌ ده‌ستی پێنه‌كردن و ته‌واو بوون!"، لێره‌دا راشكاوی ( باران ) ده‌بینین له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌موو روداوو كاره‌ساتانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر جڤاته‌كه‌یدا هاتووه‌، چونكه‌ ئێمه‌ كه‌ نه‌وه‌ی جڤاتێكی وێرانه‌ی دوای جه‌نگه‌كانین، هه‌میشه‌ ژیانمان پڕه‌ له‌ چیرۆكی ته‌واو نه‌كراو، یان ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر بدوێین، ده‌بێت بڵێین مرۆڤی خۆرهه‌ڵات هه‌میشه‌ كوشته‌ی ته‌واو نه‌كردنی حیكایه‌ته‌كانی ژیانه‌، چونكه‌ خودی ژیان بۆ خۆرهه‌ڵاتییه‌كان حیكایه‌تێكی ته‌واو نه‌كراوه‌، مرۆڤی خۆرهه‌ڵات هه‌میشه‌ له‌ ناو جه‌نگه‌كاندا، ته‌نها یاده‌وه‌ری سه‌رده‌مێكی پڕ مه‌رگه‌ساتی بۆ جێماوه‌، سه‌رده‌مێك كه‌ به‌های به‌شه‌رییه‌ت تێیدا له‌ ژێر پۆستاڵی به‌شه‌ڕهاتووه‌كاندا نرخێكی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ شكاندنی كه‌سایه‌تی خۆرهه‌ڵاتییه‌كان، هه‌میشه‌ ژیانی خۆرهه‌ڵاتییه‌كان، لێوڕێژه‌ له‌ حیكایه‌ته‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كان، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ ژیان له‌ خۆهه‌ڵات فۆڕمێكی جیاوازی هه‌بێت، له‌ لایه‌ك زۆری سنوره‌كانی خودی مرۆڤ، كه‌ ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك وای كردووه‌ مرۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆز بن، له‌ لایه‌كی تریش كاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌ تۆلیتارییه‌كان، بۆته‌ هۆی پته‌وتر كردنی ئه‌و سنوره‌ زاتییانه‌، كه‌ هه‌ر كاتێكیش سنوره‌ خۆكرده‌كانی مرۆڤ دروست ده‌بن، وا ده‌كه‌ن به‌ ئاسانی نه‌توانین له‌گه‌ڵ سایكۆلۆژییه‌تی به‌رابنه‌ر بكه‌وینه‌وه‌ گفتوگۆ، ئه‌وكات ژیان ده‌بێته‌ یه‌كپارچه‌ جه‌نجاڵی و بزر بوونی ره‌نگه‌كانی، به‌ڵام به‌ بڕوای من به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی تێكشكاندنی ئه‌و سنورو به‌ربه‌ستانه‌ بده‌ین، ده‌بێت له‌ هۆكاری دروستبوونییان بكۆڵینه‌وه‌، ئه‌وكات ده‌توانین به‌دوای تێكشكاندنیانه‌وه‌ بگه‌ڕێین، چونكه‌ سروشتی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جیاوازه‌ و ناكرێت هیچ بڕیارێكی گشتگیر به‌سه‌ر كۆی تاكه‌كاندا بسه‌پێنین، وه‌ك پێشتریش وتم به‌ بڕوای من ساده‌ كردنه‌وه‌ی ژیان له‌ ناو خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌كانی مرۆڤدا، به‌ مانای باڵابوونی گه‌مژه‌یی دێت له‌لای ئه‌و مرۆڤه‌.
به‌ڵام ده‌بێت له‌ هه‌موو كاتێكدا بگه‌ڕێین به‌ دوای شێوه‌ی روانینی مرۆڤ بۆ ژیان، كه‌ ئایه‌ ژیان لای ئه‌و چ مانایه‌كه‌ی هه‌یه‌، كاتێك ژیان ده‌بێته‌ به‌هه‌شتێك بۆ مرۆڤ، كه‌ خودی مرۆڤ له‌ خه‌یاڵی خۆیدا به‌ دوای ئه‌و به‌هه‌شته‌وه‌ وێڵ بێت، چونكه‌ ئاراسته‌كانی ژیان په‌یوه‌سته‌ به‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانی، كاتێك مرۆڤ له‌ نیگایه‌كیی نه‌فره‌تییانه‌وه‌ له‌ ژیان بڕوانێت، ئه‌وكاته‌ ژیان بۆ ئه‌و ده‌بێته‌ یه‌كپارچه‌ له‌ دۆزه‌خ، بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ و شێوازی سه‌یركردنی مرۆڤ له‌ ژیان و وجوود، نه‌گبه‌تی و خۆشنودییه‌كان باڵا ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ باڵابوونی عیشقی ژیاندۆستی و عیشقی مه‌رگدۆستییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ ئاراسته‌كه‌ری ژیانه‌ به‌لای خۆشنودیدا و ژیان ده‌كاته‌ یه‌كپارچه‌ له‌ موحیبه‌ت، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ر خودی مرۆڤیشه‌ هه‌وڵی له‌ باربردنی خه‌ونه‌ جوانه‌كانی ئه‌وانی تر ده‌دات و هه‌ر مرۆڤه‌ ژیان پڕ ده‌كات له‌ مه‌رگ و تیاچوون و بێبه‌ها كردنی هه‌سته‌ ئینسانییه‌كان.
( باران )یش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری ئه‌و دۆخانه‌ بكات، كه‌ ئیحساس و به‌ها له‌ مرۆڤ ده‌سێننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ویش نه‌وه‌ی جڤاتێكی دوای كاره‌سات و جه‌نگه‌كانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ خه‌می سه‌ره‌كی هه‌موو تاكێكی ئه‌م جڤاته‌، ئه‌گه‌رچی له‌و په‌ڕی دنیاشه‌وه‌ بن، به‌ڵام مه‌رگه‌سات و كاره‌ساته‌ هه‌میشه‌ییه‌كان، پێكیانه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ژیانیش جیاواز تر ئه‌زموون ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌میشه‌ خه‌یاڵیان لێوڕێژه‌ له‌ خه‌می جڤاته‌كه‌ی خۆیان، هه‌میشه‌ له‌ خه‌می گێڕانه‌وه‌ی جوانییه‌كانن بۆ جڤاته‌ كه‌لاوه‌ ئاسا په‌ڕپوته‌ وێرانه‌كه‌ی خۆیان.
rohani1983@gmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.