دیالۆگێك له‌گه‌ڵ جۆرج ته‌رابیشی ـ
عه‌لمانیه‌ت
له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه نیرۆتیكیه‌كانی فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامیداـ دیالۆگێك له‌گه‌ڵ جۆرج ته‌رابیشی ـ
وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بیه‌وه: بڕوا عه‌لادین
ـ هه‌موو ده‌زانین كه تۆ ره‌خنه‌گرێكی توندیت. بۆیه هێرشیشت كرده سه‌ر جابری، چونكه به‌و بیانوه‌وه كه تۆ دژی ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌یت، ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ كۆتاییهێنان به‌هه‌ندێك زاراوه كرد كه ده‌بێته مایه‌ی ئاژاوه‌و وروژاندنی حه‌ساسیه‌تێكی زۆر. به‌بڕوای تۆ عه‌لمانیه عه‌ره‌بیه‌كانی ئه‌مڕۆ چۆن له‌كه‌شوهه‌وایه‌كدا ده‌ژین كه به‌رده‌وام ره‌تیانده‌كاته‌وه‌و تاوانباریان ده‌كات؟
ته‌رابیشی: سه‌ره‌تا ده‌ڵێم كه په‌یوه‌ندییه ره‌گوریشه‌ییه‌كه‌ی من به‌عه‌لمانیه‌ته‌وه زاده‌ی نائومێدبوونم بوو له‌جابری. من یه‌كه‌م كه‌س بووم كه جابریم خوێنده‌وه‌و زۆر به‌سه‌رسامیه‌وه له‌سه‌ریم نوسی. به‌ڵام ئه‌وه‌بوو پاشتر شۆكی كردم: له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا‌و له‌گۆڤاری "الیوم السابع" دا كه له‌پاریس ده‌رده‌چوو، جابری وتارێكی نوسی‌و تیایدا وتی: "با وشه‌ی عه‌لمانیه‌ت له‌فه‌رهه‌نگی فیكری عه‌ره‌بیدا ده‌ربهێنین". هه‌ستمكرد هه‌موو ئه‌و ئومێدانه‌ی كه به‌جابری هه‌مبوون وه‌ك رێبه‌ری شۆڕشێكی مه‌عریفی ـ نه‌وه‌ك ئایدیۆلۆژی ـ له‌ده‌ستچوون‌و نه‌مان. ئیدی له‌و ساته‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه زاراوه‌ی عه‌لمانیه‌ت گرنگترین موفره‌ده‌یه بۆ یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی رۆڵی رۆشنبیری عه‌ره‌بی.
ـ ئایا ئه‌مه مانای وایه كه ده‌بێت رۆشنبیری عه‌ره‌بی یان عه‌لمانی بێت یان نا؟ ئه‌ی بۆ نمونه ناكرێت ئیسلامی بێت؟
ته‌رابیشی: بۆ نا! به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موو رۆشنبیرێكی عه‌ره‌بی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئیسلامی یان مه‌سیحی یان دژ به‌عه‌لمانیه‌ت بێت. به‌ڵام ئه‌و رۆشنبیره ره‌خنه‌ییه‌ی ده‌یه‌وێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینێت له‌پێناوی مۆدێرنیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌كاندا، جگه له‌عه‌لمانیبوون هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا نیه. لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌رۆشنبیری رێنیسانسیه. چونكه به‌بڕوای من جیهانی عه‌ره‌بی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و شته‌دایه كه پێیده‌ڵێم "كشانه‌وه" له‌سه‌رده‌می رێنیسانس. من وایده‌بینم كه باوباپیرانمان موعجیزه‌یه‌كی گه‌وره‌یان خوڵقاند، وه‌ختێك مه‌سه‌له‌ی رێنیسانسیان هێنایه كایه‌وه وه‌ك ته‌عبیركردن له‌ئاره‌زووی عه‌ره‌ب‌و پاشتریش موسوڵمانه‌كان بۆ چوونه ناو سه‌رده‌می تازه‌وه. به‌ڵام كشانه‌وه‌و پاشه‌كشێ ئاره‌زووی به‌شێكی زۆری عه‌ره‌ب‌و موسوڵمانه‌كانه بۆ جیابوونه‌وه له‌سه‌رده‌می تازه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی. من لێره‌دا زاراوه‌یه‌كی ئیسلامی به‌كارده‌هێنم‌و سه‌رله‌نوێ ته‌وزیفی ده‌كه‌مه‌وه.
ـ ده‌ته‌وێت به‌مانا دژه‌كه‌ی ـ واته پێچه‌وانه‌كه‌ی ـ ته‌وزیفی بكه‌یته‌وه؟
ته‌رابیشی: نا، هه‌رگیز. ئیسلام یه‌كه‌مین رێنیسانسی عه‌ره‌بی دروستكرد. رۆژگارێك خێڵه‌كان ده‌یانویست به‌ره‌و جاهیلیه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌و پاشه‌كشێ بكه‌ن، واته واز له‌رێنیسانسی ئیسلامی بهێنن. ئه‌و رێنیسانسه‌شی كه له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ده‌ستیپێكرد‌و له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گه‌شه‌یكرد، روداوێكی ژیاریی زۆر گرنگه. ئه‌گه‌ر ئه‌و رێنیسانسه نه‌بووایه، ئه‌وه تا ئێستاش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عوسمانی‌دا ده‌بووین. ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ من پێیده‌ڵێم "پاشه‌كشێ"، وازهێنانه له‌ئایدیای رێنسانس‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست.
ـ ئه‌ی ئاره‌زووكردنی ئه‌و پاشه‌كشێیه كه‌ی ده‌ستیپێكرد؟
ته‌رابیشی: ئه‌وه دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وامه. له‌ترۆپكی سه‌رده‌می رێنسانسیشدا كۆمه‌ڵێك هێزی پاشه‌كشێخواز (قوی نكوصیه) هه‌بوون كه به‌ره‌نگاری شبلی شمیل‌و عه‌لی عه‌بدولره‌زاق‌و ته‌ها حسێن‌و جوبران خه‌لیل جوبران بوونه‌وه. ئه‌وه‌بوو دواجار ئه‌و هێزانه بوونه زۆرینه له‌گۆڕه‌پانی كولتوری عه‌ره‌بیدا، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌میان شكستی بزاوتی مۆدێرنیزه‌سازی ناسیۆنالیست‌و چه‌پڕه‌وه‌كان، كه بۆشاییه‌كی دروستكرد‌و ده‌بوو هێزی دیكه جێگه‌یان بگرێته‌وه، فاكته‌ری دووه‌میش ئه‌و دۆلاره سه‌خیانه بوو كه بۆ ئه‌و كولتوره به‌خۆداشكاوه‌یه بڕایه‌وه. جیهانی عه‌ره‌بی له 5% ی دانیشتوانی گۆی زه‌وی پێكده‌هێنن، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌متر له 1% ی كتێبی جیهان به‌رهه‌مده‌هێنن. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا كولتوری عه‌ره‌بی سێ به‌شی كتێبه ئایینییه‌كانی جیهان به‌رهه‌مده‌هێنێت.
ـ به‌ڵام هه‌ندێكیش پێیانوایه كه ئه‌وه دیارده‌یه‌كی پۆزه‌تیڤه؟
ته‌رابیشی: ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی ئایینی راسته‌قینه بوایه‌و به‌ئاراسته‌ی زیندووكردنه‌وه‌یه‌كی رۆحیانه‌ی ئیسلام كاریبكردایه، ئه‌وا منیش بێ گوێدانه هیچ مه‌رجێك له‌گه‌ڵیدا ده‌بووم. به‌ڵام ئه‌وه دیارده‌یه‌كه ده‌یه‌وێت ئیسلام دژی مۆدێرنه ته‌وزیفبكات‌و به‌كاریبهێنێت. ئه‌و كتێبانه له‌پێناوی ئاییندا به‌كارناهێنرێن، به‌ڵكو له‌پێناوی سیاسه‌ت‌و به‌مه‌به‌ستی كۆسپ دروستكردن‌و له‌مپه‌ردانان له‌نێوان مۆدێرنیزه‌كردن‌و كۆمه‌ڵگه‌كاندا ئیشیان پێده‌كرێت.
ـ با واقیعیانه سه‌یری كێشه‌كان بكه‌ین: له‌و رۆژه‌وه‌ی كه عه‌لمانیه‌تمان ناسیوه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا دژایه‌تی نه‌كراوه. به‌ڕای تۆ عه‌لمانیه‌كان چیان له‌سه‌ره بیكه‌ن تاوه‌كو پاكێتی خۆیان بسه‌لمێنن؟
ته‌رابیشی: باشت كرد ئاماژه‌ت دا به‌م هه‌قیقه‌ته فاكته. ئه‌مێستا دژایه‌تیكردنی عه‌لمانیه‌ت له‌ترۆپكی بوغز‌و قینله‌دڵیی خۆیدایه. جگه له‌وه‌ش من باس له‌هه‌قیقه‌تێكی فاكتی دیكه‌ش ده‌كه‌م: ئایا به‌ڕێكه‌وته كه ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ی عه‌لمانیه‌ت هاوكاتی ئه‌م بارودۆخه خراپه‌یه؟ به‌ڕای من باشتره كێشه‌كه به‌و جۆره ببینین كه ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی نیرۆتیكییانه‌ی عه‌لمانیه‌ت‌و مۆدێرنه هه‌یه‌و شانبه‌شانی ئه‌وه‌ش به‌به‌راوورد له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانی دیكه‌دا بارودۆخێكی ته‌واو خراپی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌بینین، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌خۆرهه‌ڵاتی ئاسیادا خه‌ریكی گه‌شه‌كردنن. به‌بڕوای من چه‌نده له‌عه‌لمانیه‌ت دوور بكه‌وینه‌وه، هێنده‌ش له‌ته‌ڵه‌زگه‌و قه‌یراندا نقومده‌بین.
به‌ڵام با ئه‌و راستیه‌ش بڵێین كه ئێمه له‌پێناوی عه‌لمانیه‌تدا بانگه‌شه بۆ عه‌لمانیه‌ت ناكه‌ین. عه‌لمانیه‌ت جیاكردنه‌وه‌ی كاروباره دنیاییه‌كانه له‌كاروباره ئایینیه‌كان. كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی زۆر چاك ئه‌م پێناسه‌یه ده‌زانێت، كۆمه‌ڵگه خۆرئاواییه‌كانیش له‌ڕێی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پاپاوه وه‌ك نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی رۆحی له‌ئیمپراتۆر له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی جێرمانیه‌وه ئه‌م پێناسه‌یه ده‌زانن. ئه‌وه‌بوو جیابوونه‌وه‌كه روویدا‌و ئیمپراتۆر بوو به به‌رپرسی كاروباره دنیاییه‌كان‌و پاپاش كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌ون‌و خواستی ئاینی‌و دنیایی بوو، ته‌نها به‌كاروباره ئایینییه‌كانه‌وه وه‌ستا‌و كاروباره دنیاییه‌كانی بۆ ئه‌وی دی به‌جێهێشت.
ـ به‌ڕای تۆ كۆمه‌ڵگه ئیسلامیه‌كان له‌چ سه‌رده‌م‌و ماوه‌یه‌كدا ئه‌و ئه‌زمونه ژیاون كه ده‌شێت به‌عه‌لمانی ناوی ببه‌ین؟ته‌رابیشی: ئه‌زمونی (به‌نی بوه‌ییه) و (سه‌لجوقیه‌كان)، ئه‌وكات كه موسوڵمانه‌كان پێناسه‌ی جیاوازیان هه‌بووه بۆ سوڵتان‌و خه‌لیفه. سوڵتان به‌رپرسیار بووه له‌كاروباره دنیاییه‌كان‌و خه‌لیفه‌ش سیمبولێك بووه خاوه‌ن ره‌وایه‌تیه‌كی ئایینیی، به‌بێئه‌وه‌ی به‌راِستی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات. ئه‌وه‌ی كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه بووه سوڵتانی عه‌باسی یان سه‌لجوقی یان بوه‌یهی بووه. ئه‌م دابه‌شبوونه له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا شتێك بووه كه موسوڵمانه‌كان هه‌ر له‌سه‌ده‌ی سێهه‌می كۆچییه‌وه تاوه‌كو سه‌ره‌تای سه‌رده‌می تێك‌شكان زانیویانه‌و هه‌یانبووه.
ـ ئه‌مێستا چی بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵێن جه‌نگی ناوخۆ هه‌ڵبگیرسێت؟ ئه‌وه‌تا ده‌بینین كۆمه‌ڵگه ئیسلامیه‌كان خۆیان له‌ناو خۆیاندا دابه‌شبوون، له‌ناو خۆیاندا پڕن له‌بزاوتی ناكۆك‌و ده‌مارگیر كه هه‌موویان بۆنی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگیان لێدێت؟
ته‌رابیشی: تازه جه‌نگه ناوخۆییه‌كان هه‌ڵگیرسان‌و تاوه‌كو ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن. له‌جه‌زائیر‌و لوبنان بینیمان، هه‌روه‌ها له‌سودان یه‌كێك له‌خراپترین جه‌نگه ناوخۆییه‌كانی مێژوومان بینی.
ـ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ده‌ڵێن ئه‌وه عه‌لمانیه‌كان بوون هه‌لومه‌رجیان ره‌خساند‌و كه‌شوهه‌واكه‌یان خۆشكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو شكستیان هێنا‌و…
ته‌رابیشی: راسته هه‌ندێك حیزبی چه‌پڕه‌و ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست. به‌ڵام ئه‌وان هه‌لومه‌رجیان نه‌ڕه‌خساند‌و كه‌شوهه‌وایان خۆشنه‌كرد.
ـ هه‌ستناكه‌یت زیاده‌ڕه‌وی ده‌كه‌یت كه بیریارێكی وه‌ك محه‌مه‌د ئه‌ركۆن به‌سه‌له‌فی له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌یت، له‌كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین كه ئه‌و نوسه‌ره به‌هۆی بیروباوه‌ڕ‌و ئایدیاكانیه‌وه ـ كه هه‌ندێك به‌لادان‌و ده‌رچوون له‌ئاین ناوزه‌دی ده‌كه‌ن ـ توشی كێشه‌یه‌كی زۆر بووه؟
ته‌رابیشی: ئه‌ركۆن دژی عه‌لمانیه‌ت نیه، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌و ئیشكالیه‌ته زمانه‌وانیه‌كه‌یه‌تی: ئه‌و به‌فه‌ره‌نسی ده‌نوسێت‌و نوسینه‌كانی ئاڕاسته‌ی جه‌ماوه‌ری خۆرئاوایی ده‌كات. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌و كاته ده‌ستپێده‌كات كه وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، چونكه هه‌ندێك وا ده‌زانن گوتاره‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه پێمانده‌ڵێت پێویسته ئاگاداری ته‌شه‌نه‌كردن‌و زیاده‌ڕۆیی عه‌لمانیه‌ت بین، ئه‌مه له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی هێشتا شاره‌زای عه‌لمانیه‌ت نه‌بووه‌و نه‌یناسیوه. دیاره ئه‌ركۆنیش مافی خۆیه‌تی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه زیاده‌ڕۆیی له‌عه‌لمانیه‌تدا بكرێت‌و دواجار بكرێته ئایدیۆلۆژیایه‌ك. باشترین نمونه‌ش له‌به‌رده‌مماندا ماركسیزمه كه له‌سایه‌یدا عه‌لمانیه‌ت بووه ئایدیۆلۆژیایه‌كی بێباوه‌ڕ‌و ئایینێكی نوێ، كه ئه‌وه‌ش بۆ خۆی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه. پێویسته ئه‌وه بڵێین كه عه‌لمانیه‌ت ته‌نها میكانیزمێكه‌و له‌چوارچێوه‌یدا مافی خۆته باوه‌ڕ به‌چی بكه‌یت‌و چ بیروڕایه‌ك هه‌ڵبژێریت، به‌ڵام به‌ره‌چاوكردن‌و رێزگرتن له‌بیروڕا‌و ئازادی ئه‌وانی دیكه.
ـ هه‌ستناكه‌یت عه‌لمانیه‌كان له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تاوه‌كو ئێستاش نه‌یانتوانی بیروڕا‌و ئایدیاكانی خۆیان رونبكه‌نه‌وه، هه‌ر بۆیه عه‌لمانیه‌ت به‌لای خه‌ڵكیه‌وه بووه هاومانای بێباوه‌ڕی؟
ته‌رابیشی: ئه‌مه ده‌مامكێكه بۆ ناشرینكردنی سیمای عه‌لمانیه‌ت به‌كارده‌هێنرێت. كامانه‌ن ئه‌و كتێبانه‌ی له‌پێناوی به‌رگریكردن له‌عه‌لمانیه‌تدا نوسراون؟ ژماره‌یان له‌ژماره‌ی په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست تێپه‌ڕناكات. هه‌موو ئه‌و سیستمانه‌ی كه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان كرد دیكتاتۆری بوون، به‌ناوی شۆڕش یان به‌ناوی ئایین‌و چینه‌وه خه‌ڵكیان قۆسته‌وه‌و مۆبێلیزه‌یانكردن. هه‌موو سیستمه‌كان به‌دوای ره‌وایه‌تیه‌كدا ده‌گه‌ڕێن بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵیانبژێرن. كاتێكیش دێن هه‌ستوسۆزه ئایینییه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌وروژێنن، ئه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ره‌وایه‌تیان پێ ببه‌خشرێت. پێم مه‌ڵێ عه‌لمانیه‌ت شكستی هێناوه، چونكه هه‌موو ئه‌و حیزبه چه‌پانه‌ی كه ده‌بووایه ئه‌م جه‌نگه به‌رپابكه‌ن، هه‌لپه‌رستبوون: ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر رازیبكه‌ن، وازیان له‌عه‌لمانیه‌ت هێنا‌و نه‌یانكرده یه‌كێك له‌ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانیان. نه ناسیۆنالیسته‌كان، نه چه‌په‌كان‌و نه به‌عسیه‌كانیش عه‌لمانیه‌تیان نه‌كرده دروشمی خۆیان.
ـ مه‌به‌سته بڵێیت هه‌رگیز جیهانی عه‌ره‌بی بزاوتێكی عه‌لمانی پته‌وی به‌خۆوه نه‌بینیوه كه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع ده‌سكه‌وتێكی هه‌بووبێت یان ئامانجێكی پێكابێت؟
ته‌رابیشی: هه‌میشه بزاوتێكی لاواز هه‌بووه گه‌مارۆدراو به‌چینی رۆشنبیران، به‌ڵام بزاوتێكی سیاسیمان نه‌بووه هاوشێوه‌ی ئه‌و نمونه‌یه‌ی كه له‌ئه‌وروپادا هه‌بوو. ئه‌وروپا خۆیشی پێویستی به 130 ساڵ جه‌نگی كوشنده‌و ده‌یان ملیۆن كوژراو هه‌بوو تا بۆی ده‌ربكه‌وێت كه جگه له‌عه‌لمانیه‌ت هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه له‌به‌رده‌مدا نیه بۆ تێپه‌ڕادنی جه‌نگه خێڵه‌كی‌و تایفیه‌كان، چونكه عه‌لمانیه‌ت میكانیزمێكه بۆ واڵاكردنی ده‌روازه‌ی ئازادی له‌به‌رده‌م هه‌موواندا‌و هیچ مه‌دلولێكی بێباوه‌ڕیی نیه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی لای ئێمه شه‌پۆلێكی فه‌نده‌مێنتالیستی سته‌مگه‌را هه‌یه، هه‌ربۆیه ئه‌و مه‌دلوله بێباوه‌ڕیه‌ی پێوه‌لكێنراوه. بێگومان ئه‌و شه‌پۆله سوودی له‌شكستی ئه‌و بزاوته چه‌پڕه‌وانه وه‌رگرت كه نكوڵیان له‌عه‌لمانیه‌ت كرد. ئه‌و گه‌مارۆیه‌شی كه ئه‌مڕۆ چوارده‌وری عه‌لمانیه‌تی گرتوه‌و ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای، به‌ره‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنێكی درێژخایه‌ن‌و پلانرێژكراوه. بۆ نمونه ساڵی 1954 كه دیكتاتۆر ئه‌دیب شیشكلی له‌سوریا روخا، به‌هۆی هاوپه‌یمانێتی نێوان حیزبی به‌عس‌و ئیخوان موسلیمینه‌وه بوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئیخوان موسلیمین داوای هیچ پاداشتێكی سیاسیان نه‌كرد. ئه‌وان به‌به‌عسیه‌كانیان گوت: نه وه‌زاره‌تمان ده‌وێت‌و نه به‌شداری سیاسی، ته‌نها ئه‌وه‌مان مه‌به‌سته په‌یڕه‌وپرۆگرامی فێركردنی ئایینی بخه‌ینه قوتابخانه‌كانه‌وه. ئه‌وه‌بوو بۆ یه‌كه‌مین جار فێركردنی ئایینی خرایه ناو قوتابخانه گشتیه‌كانه‌وه. پلانی ئیخوان موسلیمین كۆنترۆڵكردنی بواری په‌روه‌رده بوو، هه‌لپه‌رستی‌و به‌رته‌سكی تێڕوانینی حیزبه چه‌پڕه‌وه‌كانیش وایكرد كه بێئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن بكه‌ونه داوه‌كه‌وه. كه جه‌مال عه‌بدولناسریش به ئیخواندا ته‌قیه‌وه، ئه‌وان خه‌ریكی سیسته‌می فێركاری بوون. هه‌ربۆیه زوو له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ریشه‌كێشی كردن، به‌ڵام پاش چی؟ پاش ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین نه‌وه‌یان له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی خۆیان گه‌وره‌و په‌روه‌رده كردبوو.
ـ وه‌ك نوسه‌رێك كه ماوه‌یه‌كی زۆر له‌بواری ده‌روونشیكاریدا كارت كردووه، هه‌ستناكه‌یت ئیدی میلله‌ته عه‌ره‌بیه‌كان به‌خۆیان‌و ئه‌و بارودۆخه سایكۆلۆژی‌و سۆسیۆلۆژیه‌وه كه هه‌یانه، له‌بارنین بۆئه‌وه‌ی مۆدێرنه به‌و شێوه‌یه قبوڵبكه‌ن كه ژماره‌یه‌ك رۆشنبیر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، چونكه ته‌واو وه‌ك كۆپیه‌كی ئه‌و نمونه‌یه وایه كه له‌خۆرئاوادا هه‌یه؟ باشتر وا نه‌بوو رۆشنبیری عه‌ره‌بی سه‌ربه‌خۆتر بووایه‌و زیاتر ته‌عبیری له‌خۆی بكردایه وه‌ك خودێكی سه‌ربه‌خۆ؟ته‌رابیشی: به‌دڵنیاییه‌وه. من زۆر به‌راشكاوی ده‌ڵێم كه توێژێكی به‌رفراوان له‌رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب به‌ده‌ست پاشكۆیه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنن: یان پاشكۆیه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، یان پاشكۆیه‌تی بۆ رای شه‌قامی عه‌ره‌بی. رۆشنبیری مدیایی كه ده‌یه‌وێت جه‌ماوه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت‌و جێگه‌ی حیزب بگرێته‌وه، واز له‌رۆڵه ره‌خنه‌ییه‌كه‌ی خۆی ده‌هێنێت. ئه‌مه حاڵی زۆربه‌ی زۆری رۆشنبیرانی عه‌ره‌به.
ته‌ڵه‌زگه‌كه هێنده ترسناكه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه هه‌ندێكیان چه‌پڵه‌یان بۆ ده‌ستێوه‌ردانی بێگانه كوتا‌و به‌هوتافه‌وه پێشوازیان له‌تانكه‌كانی ئه‌مریكا كرد. به‌ڵی، بارودۆخی عه‌ره‌بی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه قه‌یراناوییه. به‌راستی مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به‌عه‌لمانیه‌ته‌وه نیه، به‌ڵكو گرنگ مۆدێرنیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیه. ئێمه هه‌ر له‌سه‌رده‌می سه‌ربه‌خۆییه‌وه تاوه‌كو ئێستا دروشمی له‌ناوبردن‌و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری به‌رزده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی گه‌شه‌ی دیموگرافییه‌وه رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری هه‌ر له‌زیادبووندایه. پێویسته چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه قورسانه بدۆزینه‌وه كه وایانكردووه 115 ملیۆن عه‌ره‌بی نه‌خوێنده‌وار بێت.ـ ئه‌ی ئه‌گه‌ر فرسه‌تیان درایه‌و هه‌لومه‌رجیان بۆ ره‌خسا؟
ته‌رابیشی: دوو هێزی گۆڕانكاریساز‌و ریفۆرمیست هه‌ن كه ئه‌وانیش خۆیان هه‌ڵبژێردراوی راسته‌قینه نین: مه‌به‌ستم ده‌وڵه‌تی دیسپۆتیست‌و ئه‌و بزوتنه‌وانه‌یه كه خۆیان به‌دروشمی ئایین ده‌مامكپۆشكردووه. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش خۆی دیسانه‌وه موسیبه‌تێكی گه‌وره‌ی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌یه. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌كان پێشنه‌كه‌ون، نه‌ك به‌ته‌نها له‌دۆخی نه‌زانی‌و دواكه‌وتویی رزگاریان نابێت، به‌ڵكو له (گرێی دواكه‌وتوویی) و ئه‌و شته‌ش ده‌ربازنابن كه من پێیده‌ڵێم "برینی نارسیزم". به‌مانایه‌كی دی، هه‌ستكردنمان به‌دواكه‌وتووییمان له‌ئاوێنه‌ی ئه‌وی دی‌دا قوڵترده‌بێته‌وه‌و چه‌ندین كاردانه‌وه‌ی نه‌خۆشانه به‌رهه‌مده‌هێنێت. من خۆم وامده‌زانی دواكه‌وتنی ئێمه دواكه‌وتنێكی كشتوكاڵی‌و پیشه‌سازیه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه دواكه‌وتنی ئێمه كولتورییه، چونكه كولتوره‌كه‌مان یه‌كپارچه داخرانه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌مكی سه‌رده‌مه كۆنه‌كاندا كه له‌وكاته‌دا كارا بوون، به‌ڵام ئه‌مێستا ئاكتیڤ نین‌و ئیشیان پێناكرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌وه‌ڵامی باپیرانمان وه‌ڵامی پرسیاری نه‌وه‌كانی ئێستامان بده‌ینه‌وه. ئیسلام كه له‌سه‌ره‌تادا بووه ئه‌نگێزه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌وتنی عه‌ره‌ب هێزێكی ماته‌ریاڵی نه‌بوو، به‌ڵكو هێزێكی رۆحی‌و زه‌ینی بوو. ئه‌مێستاش پێویستمان به ئه‌نگێزه‌یه‌كی له‌و جۆره هه‌یه، چونكه گرێ ئاڵۆزه‌كه له‌مێشكدایه. جه‌سته‌ی عه‌ره‌بی نه‌خۆشه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه چوارپه‌لی شه‌كه‌ت بووه، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌قڵی ئیشناكات. ئێمه پێویستیمان به‌شۆڕشێكی زه‌ینییه، چونكه له‌سه‌رده‌مێكداین كه هه‌موو هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی ناوی مه‌عریفین. دواكه‌وتوویی ئێمه نه ئابوورییه‌و نه‌ته‌كنیكی، به‌ڵكو مه‌عریفیه. رۆڵی سه‌ره‌كیش له‌م شۆڕشه مه‌عریفیه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆشنبیر‌و مامۆستا. ئێمه پێویستمان به‌سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌و تێڕامانه له‌سه‌رتاپای سیستمی په‌ره‌وه‌رده‌و فێركردنی عه‌ره‌بی.
ـ نازانم ئومێدت به‌هیچ ماوه، به‌تایبه‌تی له‌ئێستادا كه هه‌مووان وه‌ك دیناسۆر ده‌ڕواننه عه‌ره‌ب له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری نه‌ماندا؟ته‌رابیشی: من باوه‌ڕم به‌تیۆره‌ی كۆتایی مێژوو نیه‌و خۆرئاواش ته‌واوی ژیاری مۆدێرنی بۆخۆی پاوان نه‌كردوه. راسته خۆرئاوا به‌رهه‌مهێنه‌ری مۆدێرنه‌یه، به‌ڵام مۆدێرنه شتێكه گلۆبالیزه‌ده‌كرێت (تتعولم). بروانه وڵاتی چین زۆر راشكاوانه‌و به‌توانایه‌كی ته‌كنیكی زۆر گه‌وره‌وه ده‌چێته نێو مۆدێرنه‌وه. ته‌نها كۆسپێكیش كه له‌به‌رده‌میدا بێت سیستمه دیسپۆتیزمه‌كه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر چین دیموكراتیزه بكرێت، ئه‌وا ده‌بینین سیمای جیهان ده‌گۆڕێت‌و له‌هه‌موو شه‌ش كه‌سێكی جیهان، كه‌سێكی چینی ده‌بێت‌و زۆر چاكیش ده‌توانێت خۆی بسه‌پێنێت. ئه‌ی ئه‌وكاته بڵێین چی؟ بڵێین چین خانه‌و مه‌نزڵگه‌ی كوفره؟ ئه‌مه پرسیاره‌كه‌یه. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا له‌روانگه‌یه‌كی ئایینیه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ یه‌كتاپه‌رسته‌كاندایه، به‌ڵام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چینیه‌كاندا په‌یوه‌ندیه له‌گه‌ڵ بتپه‌رسته‌كاندا. هه‌ر بۆیه ده‌ڵێم ئێمه پێویستسمان به‌عه‌لمانیه‌ته له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. ئه‌وه‌ش كاره‌ساتی ئیسرائیله له‌به‌رده‌مماندا.
ـ چونكه ده‌یه‌وێت خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئایینی نیشانبدات؟ته‌رابیشی: ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر قوڵبینه‌وه ده‌بینین كه ئایین لای ئیسرائیلیه‌كان ده‌مامكێك بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌تنیه‌ته‌كان له‌هه‌موو به‌شه‌كانی جیهاندا، ئه‌وه‌ش ئه‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه‌یه كه ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن. لای ئه‌وان ململانێكه له‌نێوان "قودس" و "ته‌لئه‌بیب" دایه. فیلمێكم بینی به‌ناونیشانی "پیرۆز " یان "حه‌رام" سه‌باره‌ت به‌ئه‌رسۆزێكسێكی یه‌هودی ئه‌وروپی كه ناچار ده‌بێت به‌فه‌رمانێكی ئایینی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات چونكه مناڵیان نه‌خستۆته‌وه. دیاره ئامانجی ئه‌و نه‌ریته كولتوریه له‌هاوسه‌رێتی مناڵخستنه‌وه‌یه. دواجار له‌كۆتاییدا پیاوه‌كه شكستده‌هێنێت‌و ژنه‌كه‌ش خۆی ده‌كوژێت. ئه‌وه‌ی كه له‌فیلمه‌كه‌دا زۆر سه‌رنجی راكێشام ئه‌و پیاوه ئه‌وروپیه بوو كه به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت هۆی نه‌زۆكیه‌كه خۆیه‌تی یان ژنه‌كه‌یه‌تی له‌سه‌رۆكه پایه‌به‌رزه ئایینیه‌كه‌ی ده‌پرسێت: "من ژنه‌كه‌مم خۆشده‌وێت، بۆچی لێمی حه‌رامده‌كه‌یت"؟، ئه‌ویش وه‌ڵامیده‌داته‌وه: "ده‌بێت مناڵ بخاته‌وه، چونكه مناڵ ته‌نها سه‌رمایه‌ی هێزی ئێمه‌یه بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی دوژمنه‌كان". پاش ئه‌و رسته‌یه‌ی فیلمه‌كه راسته‌وخۆ خه‌یاڵم چوو بۆ عه‌ره‌ب‌و دیمۆگرافیا زۆره‌كه‌یان. ئه‌گه‌ر گه‌نجێك بپرسێت: "كێن دوژمنه‌كانمان"؟، ئه‌وا راسته‌وخۆ به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه: "ئه‌وانه‌ی كه له‌ته‌لئه‌بیب فه‌رمانڕه‌وایه‌تیمان ده‌كه‌ن، له‌روی دیمۆگرافیه‌وه به‌سه‌ریاندا زاڵده‌بین‌و سه‌هیۆنیزمه عه‌لمانیه‌كه‌یان تێكده‌شكێنین". بێگومان ئه‌مه قسه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ره! سه‌یر ده‌بێت گه‌ر ئه‌و توندره‌وانه بتوانن به‌سه‌ر ئیسرائیل‌دا زاڵ‌بن. به‌ڵام بۆ نا؟ خۆ خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمین… مادامه‌كیش باوه‌ڕیان به‌وه هه‌یه كه خودایان له‌گه‌ڵدایه، ئه‌وا هیچ دوودڵ نابن له‌به‌كارهێنانی.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ" .