Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
خه‌ڵك چی ده‌وێت…..

خه‌ڵك چی ده‌وێت…..

Closed
by April 28, 2009 گشتی

خه‌ڵك چی ده‌وێت..
ده‌سه‌ڵات چی ده‌وێت……
مه‌جید ساڵح

(1)
كاتێك ئه‌تاتۆرك به‌ ته‌واوی دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، یه‌كێك له‌ نزیكترین دۆسته‌كانی "عصمت ئینونو" بانگ ده‌كات و پێی ده‌ڵێت ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ توركیا حزبی معاره‌زه‌ هه‌بێت ( ته‌بعه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مالیزم) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كیماسیی و كه‌موكوڕییه‌كانی خۆمان ببینین.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌تاتۆرك نه‌ژیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆی ئه‌و رۆژه‌ ببینێت كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا معاره‌زه‌یه‌ك هه‌بێت، به‌ڵام دواتر له‌ ساڵی 1945 له‌سه‌ر ده‌ستی "عصمت ئینونو" ژیانی فره‌ حزبی له‌ توركیادا گه‌شه‌ی پێدراو تاوه‌كو ئێستا سه‌ره‌ڕای سه‌رونشێوی زۆر، به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می تاك حزبی و دیكتاتۆریه‌ت، به‌ هۆی به‌شداری هاوڵاتیانی له‌ ژیانی سیاسی وڵاته‌كه‌یاندا، توركیا بوه‌ته‌ وڵاتێكی كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌دا.
(2)
نمونه‌ی دیكه‌ زۆرن، ئێوه‌ ته‌ماشای وڵاتێكی وه‌ك ئیسرائیل بكه‌ن، ئه‌وه‌ی وای لێكردوه‌ له‌ ناو ئه‌و هه‌موو دوژمنه‌دا بژی به‌ ته‌نها هێزی سه‌ربازی و پشتیوانی ئه‌مریكا نیه‌ بۆی، به‌ڵكو هه‌ستكردنی هاوڵاتیانی ئه‌و ولاته‌، به‌وه‌ی شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتن ، خۆی له‌ خۆیدا توانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌و وڵاته‌ بچكۆلانه‌یه‌ به‌خشیووه‌.
(3)
له‌ 23 وڵاتی عه‌ربیدا، سه‌ره‌ڕای بوونی سه‌روه‌ت و سامان و خاكێكی به‌رفراوان و یه‌كجار زۆر، سه‌ره‌ڕای بوونی هاوپه‌یمانی ستراتیژی له‌ گه‌ڵ رۆژئاوا، كه‌چی رۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ سه‌ر ساحه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌ست پێناكرێت. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاتانه‌دا له‌ ده‌ستی چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كه‌و گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ لێی بێ به‌شن. هه‌ربۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان شێرو به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیان رێوین. هه‌موجارێك به‌ بیانوی بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی خۆیان له‌ به‌شداری پێكردنی خه‌ڵك له‌ ژیانی سیاسیدا ده‌دزنه‌وه‌، كه‌چی له‌ ژێره‌وه‌ شه‌و رۆژ سه‌رقاڵی ته‌نازولات كردنن بۆ ئه‌و دوژمنه‌ وه‌همیه‌ی كه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وان ته‌نها ئامانجیان به‌ تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌كه‌یه‌و هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ كۆیڵه‌یی و درێژه‌ پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانیانه‌.
(4)
له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئێمه‌ لاسایی كام له‌م نمونانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ هه‌موو دیارده‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه‌ په‌یڕه‌وی له‌ نمونه‌ی وڵاته‌ عه‌ربیه‌كان بكه‌ن و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی و مه‌ترسیی له‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانمان بمانترسێنن. له‌ پێناوی مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات و دورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ چاره‌نوسیی وڵاته‌كیان.
خه‌ڵكی كوردستان ئێستا باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، گره‌نتی مانه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كان و نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی له‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌وه‌ دێته‌ دی وڵاته‌كه‌مان ببێته‌ نمونه‌ی دیموكراسه‌ت و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ، نه‌ك هه‌ر رۆژه‌ی له‌ لایه‌ن رێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و پێشێكردنی مافه‌كانی مرۆڤ  بڵاو بكرێته‌وه‌. خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مانێكیان هه‌بێت كارا بێت و توانای لێپرسنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تدا هه‌بێت. حكومه‌تێكیان هه‌بێت یه‌كگرتوو خزمه‌تگوزار، نه‌ك گه‌نده‌ڵ و سه‌رقاڵی گرێبه‌ستی ژێربه‌ژێر بێت. خه‌ڵكی كوردستان داوا ده‌كه‌ن سوپایه‌كی یه‌كگرتوویان هه‌بێت بۆ پاراستنی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی، نه‌ك میلیشای حزبی و شه‌خسی. گه‌لی ئێمه‌ داوا ده‌كات نوێنه‌ره‌كانیان له‌ به‌غدا پارێزگاری له‌ ده‌سكه‌وته‌كان بكه‌ن كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا هاتووه‌، نه‌ك ببنه‌ بازرگانی داوده‌رمان و شیش و چیمه‌نتۆ. خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت ئه‌وانه‌ی دوێنێ خوێنی گه‌له‌كه‌مانیان رشتوه‌ ئه‌و سزایه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت كه‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق به‌سه‌ریاندا سه‌پاندویه‌تی، نه‌ك له‌به‌ر خاتری فڵان عه‌شیره‌ت وفیسار بنه‌ماڵه‌ موعه‌زز موكه‌ڕه‌م له‌ سلێمانیه‌وه‌ ره‌وانه‌ی له‌نده‌ن و پاریس بكرێن.
له‌مه‌ولا خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌شداری له‌ چاره‌نوسیی خۆیان بكه‌ن، نه‌ك چاره‌نوسیان بۆ دیاری بكرێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.