
بۆچی پرۆسه‌ی سیاسی به‌غداد له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتوتره ؟
بۆچی پرۆسه‌ی سیاسی به‌غداد له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتوتره ؟
هه‌ژده ساڵه خه‌ڵكی كوردستان به‌عسی له كۆڵ بوه‌ته‌وه , ته‌مه‌نی ئه‌و ئه‌زمونه سیاسی و ئیداری و ئابوریه‌یش له‌كوردستانداهه‌یه هه‌ژده ساڵی دوای ڕزگاربونه له به‌عس .. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ژده ساڵه‌ی كوردستاندا خه‌ڵكی عێراق شه‌ش ساڵه له‌به‌عس سه‌رفرازبوون , كه‌چی ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌م شه‌ش ساڵه بونیادیان ناوه له‌ڕوی چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تیشه‌وه زۆر زیاتر‌و باشتر وجوانتره له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌ژده ساڵ به‌ده‌ستی هێناوه , له هه‌موو لایه‌نه‌كانی دێموكراتیزه‌كردن , ئازادیه سیاسیه‌كان , ئازادی ڕاده‌ربڕین , شه‌فافیه‌ت و سیسته‌می لیێپرسینه‌وه , بونیاتنانی داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نی , ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سڵاته‌كه …هتد , له‌هه‌ر خاڵێكدا به‌راوردی نێوان بارودۆخی به‌غداد و هه‌ولێر بكه‌ین جیاوازیه‌كی به‌رچاو ئه‌بینین , ئه‌م جیاوازیه بێزاركه‌ر و تاڵه جگه له‌وه‌ی شه‌رمه‌زاری و برینێكی قوڵه له نه‌رجسیه‌تی كه‌سایه‌تی تاكی كوردا , له هه‌مان كاتدا هانده‌رێكی به‌سودیشه بۆگه‌ڕان به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌ی دواكه‌وتویی ئێمه‌و پێشڕه‌وی به‌غدادی دروستكردووه .. چونكه جگه له‌جیاوازی گه‌وره‌ی نێوان ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی هه‌ردوو ئه‌زمونه كه (18 به‌رامبه‌ر 6) , له‌ڕوی چۆنایه‌تیشه‌وه له‌هه‌مو كایه‌كاندا تادێـت به‌غداد به‌ره‌و پێشتر و باشتر وجوانتر ئه‌ڕوات , كوردستانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڤاری نیوزویك وه‌سفیكردووه به‌ره‌و میرنیشینی گه‌نده‌ڵه‌كان هه‌نگاو ئه‌نێت , له‌وێ نوری مالكی به ژماره بڕی دیناره عیراقیه‌كانی ئاشكرا ئه‌كات .. لێره هیچ كه‌سێك ته‌نانه‌ت ژماره‌ی كۆمپانیاكانی سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌ركرده حیزبیه‌كان نازانێت . له‌وێ هه‌رسێ ساڵ جارێك سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌گۆڕێت , لێره ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی ( هه‌تاهه‌تایی ) بێت به‌نۆره براوبه‌ش ئه‌كرێـت , یان به‌سیسته‌می میراتگیری له‌نێوان و كوڕ و باوك و مامه‌و برازاكاندا ده‌ستاوده‌ستی پێ ئه‌كرێت .
ئێستاكه بابپرسین ئه‌م جیاوازیانه بۆ ؟ بۆچی سه‌له‌فی و مه‌زهه‌بی و حه‌وزه‌ویه‌كانی به‌غداد له هاوڕێ چه‌پ و ئاكادیمه‌یه‌كانی هه‌ڵگری دكتۆرا‌و ماسته‌ری لای خۆمان باشتر ئه‌زانن وڵات ببه‌نه‌ڕێوه ؟ ئایا ئه‌مه پرسیارێكی زۆر ساده‌و ساویلكه نیه بۆ تێگه‌یشتنی كرۆكی گرفته‌كان ؟ به‌دڵنیایه‌وه بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره زۆر ساده‌یه , پێویسته له‌چه‌ند ئاستێكدا بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م جیاوازی و گرفتانه بگه‌ڕێین .
جیاوازیه بونیادیه گرنگه‌كان :-
(1) له‌ڕوی بونیاتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه : كۆمه‌ڵگای عێراقی ده‌سته‌بژێرێكی گه‌وره‌ی له خه‌ڵكی ئیداری و ئاكادیمی و كادری ته‌كنۆكرات هه‌یه , ئه‌م ده‌سته‌بژێره گه‌وره‌و كاریگه‌ره به‌رهه‌می 80 ساڵی ڕابردوی ده‌وڵه‌تی عێراق و حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانیه‌تی , ئه‌گه‌رچی به‌عس به‌هۆی برسێتی و خراپی ژیانی ساڵانی ئابڵوقه‌ی ئابوری تالێواری وێرانبون و توانه‌وه‌ی بردبون , به‌ڵام له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ئه‌مانه هێزێكی كاریگه‌ری سیاسی و كارگێڕین له‌به‌ڕێوه بردنی وڵاته‌كه‌دا . له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا :- له‌هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ته‌ی حكومه‌ت و ئه‌زمونی وڵات به‌ڕێوه‌بردن هاتۆته ئاراوه ( پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی ) شاخ ده‌ستیانگرتووه به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا , وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ڕكه‌ری خێڵ بن و تاڵانی دوای شه‌ڕ له نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن , هه‌موو پۆسته ئیداری و سیاسیه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یان له نێوان خۆیان و داروده‌سته‌حیزبیه‌كانیاندا دابه‌شكرد بێ لانی كه‌می ڕه‌چاوكردنی شاره‌زایی و تواناییان .. دیاره وڵاتێكیش شۆڕشگێڕه‌كانی سه‌رده‌می خه‌باتی ڕزگاری نیشتمانی بیباته ڕێوه , به‌شێوه‌یه‌كی حه‌تمی ئه‌بێتـه وڵاتێكی پڕ له‌گه‌نده‌ڵی و دیكتاتۆریه‌ت و یاسای دۆخی نائاسایی و برسی بونی زۆربه‌ی هاووڵاتیان و زۆربونی ژماره‌ی كۆمپانیای سه‌ركرده سیاسیه‌كان , ئه‌مه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان , به‌ڵكو له هه‌مو وڵاتانی دنیا ئه‌م خه‌سڵه‌تانه بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندی ده‌وڵه‌ته پۆستكۆلۆنیالیزمه‌كان , هه‌رگیز ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی شۆڕشگێڕ نه‌بینراوه به‌باشی وڵاتیان بردبیـَته ڕێوه , له‌پاكستانه‌وه تائه‌گاته جه‌زائیر و كوبا و … , بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ جیاوازی نێوان ده‌سته‌بژێره سیاسی و ئیداری و ئابوریه‌كانی به‌غداد و هه‌ولێر به‌م جۆره شكاوه‌ته‌وه نابیـَت سه‌یرو عه‌جیب بێـت به‌لامانه‌وه , چونكه ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و دوو كۆمه‌ڵگا سیاسیه جیاوازه‌یه كه ئیداره‌ی هه‌ردوو ئه‌زمونه‌كه ئه‌كه‌ن .. هه‌ڵبه‌ته له‌ناو په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بغداد نا‌بێـت ڕۆڵی ئا‌مریكا فه‌رامۆش بكرێـت , بۆدروستكردنی هاوسه‌نگی نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانی عیراق و بۆناچاركردنی حكومه‌ت له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گه‌ڵاڵه‌كردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق , پشتیوانیه‌كانی ئه‌مریكا یارمه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی به‌خشیه ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی ئه‌مڕۆ هاتۆته‌دی .. ته‌نها جیاوازیه‌كه له‌وه‌دایه , به‌رپرسه‌كانی به‌غداد تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك پیاوانی ده‌وڵه‌ت Statesman بۆ سودو به‌ژه‌وه‌ندی وڵات كه‌ڵكیان له‌م پشتیوانیه‌ی ئه‌مریكا وه‌رگرت , له كوردستانیش كادیره‌حیزبیه‌كان بۆ به‌زركردنه‌وه‌ی ره‌سیدی ئابوری خۆیان و دابینكردنی دواڕۆژی ئابوری وه‌چه‌كانیان كه‌ڵكیان لێوه‌رگرت .
(2) له ئاستی كۆمه‌ڵگای سیاسی‌دا :- كۆمه‌ڵگای سیاسی عێراق كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌لایه‌نی زیندوی به‌هێزه , ئه‌مه‌یش وای كردووه هیچ هێزو لایه‌ن و ڕه‌وتێك , هه‌رچه‌نده به‌هێزیش بێـت نه‌توانێت عێراق كۆنترۆڵبكات , به‌تاقیكردنه‌وه‌یش سه‌لمێنراوه هه‌مو هێزه تائیفی و ئاینیه‌كان ( ئه‌وانه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی كوردیدا به‌هێزی تاریك و دواكه‌وتو ئه‌ناسرێن ) له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردن و پشتیوانی كردنی خه‌ڵكی عێراقه‌وه ئه‌یانه‌وێـت ببنه هێزی باڵاده‌ست و super power , به‌ڵام كۆمه‌ڵگای سیاسی له‌كوردستاندا كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنرتۆڵكراوی ترسێنراوی چه‌پێنراوه , هه‌ر له‌دوای ساڵی 1991 ه‌وه گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان له‌لایه‌ن puk وpdk ه‌وه كۆنترۆڵ كراوه , ئه‌م دوو حیزبه‌یش هیچ ڕێگایه‌كی ناڕه‌واو كاولكه‌ر نه‌ما نه‌یگرنه‌به‌ر بۆمانه‌وه‌ی خۆیان وه‌ك هێزی تاق و ته‌نها وتۆتالیتاری ئه‌و ناوچانه‌ی به ( هه‌رێمی حیزبی ) خۆیانی ئه‌زانن , هه‌ر له‌شه‌ڕی ناوخۆ و تیرۆر‌و ڕه‌شه‌كوژی سیاسی و ده‌س تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ به‌عس وداگیركه‌رانی تری كوردستانه‌وه تا ئه‌گاته گزی و ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان , بێ شه‌رمانه هه‌مو شتێكیان كرد .
(3) له‌ڕوی دام و ده‌زگاییه‌وه :- له‌عیراقدا دام و ده‌زگاكان تاڕاده‌یه‌كی باش ده‌زگای زیندوی خاوه‌ن كاره‌كته‌ری خۆیانن , پارله‌مان و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه و دادگای فیدراڵی ڕۆڵێكی باش ئه‌گێڕن له‌و بزوتن و جوڵانه‌وه دیموكراسی و سیاسیه‌ی له‌عیراقدا هه‌یه , به‌ڵام له‌كوردستاندا ئه‌م ده‌زگانه یان هه‌ر نیه , یان ئه‌گه‌ر هه‌یش بێت وێنه‌یه‌كی كاریكاتۆری پارله‌مان , یان سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ن .
(4) هه‌لومه‌رجی سیاس و ئابوری و ئاسایشی : عێراق وڵاتێكی پڕناكۆكی سیاسی و ئاینی و مه‌زه‌هه‌بیه , به‌كۆمه‌ڵكێك دراوسێی دوژمنكار و خاوه‌ن ئه‌جێندای خراپ ده‌وره‌دراوه , له‌به‌ر ئه‌و ئاماده‌ییه به‌هێزه‌ی ئه‌مریكایش وه‌ك سوپایه‌كی داگیركه‌ر , وڵاته‌كه بۆته شوێنی ململانێی لانی كه‌م USA و ئێران و سعودیه و سوریا و توركیا و ئوردون … هتد , جگه له‌و ناكۆكیه خوێناویه‌ی زیاترله‌هه‌زار ساڵه شیعه‌و سونه ئاگره‌كه‌ی خۆشتر ئه‌كه‌ن , به‌ڵام هاوكێشه‌كان له‌كوردستاندا ئه‌گه‌ر هه‌یش بن ئه‌وه‌نده ئاڵۆز نین , ئه‌گه‌ر خراپی بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی بیانویه‌ك بێـت بۆ پێش نه‌كه‌وتن و چه‌قبه‌ستن له‌خاڵی ئفلیجیدا , ئه‌وا ئه‌بوایه عێراق هیچ گۆڕانێكی پۆزه‌تیڤی به‌خۆیه‌وه نه‌دیایه , به‌ڵام دۆخی عێراق جگه له‌وه‌ی ناماقوڵی ئه‌م بیانوه‌مان نیشان ئه‌دات , هاوكات ئه‌زمونی كوردستانیشی توشی شه‌رمه‌زاریه‌كی قورس كرد .
ئه‌گه‌ر ئه‌م هۆكارانه له‌پشت جیاوازیه‌كانی نێوان ئه‌زمونی به‌غداد و هه‌ولێر بێـت , دیسان هه‌رجێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه له گه‌ڵ ئه‌م هۆكارانه‌یشدا هه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی و ده‌سته‌بژێره سیاسیه‌كه‌یه‌تی لێپرسراوی سه‌ره‌كین له به‌رامبه‌ر هه‌مو كه‌موكوڕی و گرفته‌كان , نه‌ك كه‌س و لایه‌نی تر . هه‌موو ئه‌م ڕاستیانه ده‌مانخاته به‌رده‌م حه‌قیقه‌تێكی گه‌وره تر و تاڵتر كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه :- ئێمه كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌وتوین بۆیه پرۆسه‌یه‌كی سیاسی دواكه‌وتو و پڕكه‌موكوڕیمان به‌رهه‌مهێناوه , لێره‌دا به‌پێویستی ئه‌زانم به‌راوردێكی تر بكه‌ین له‌نێوان خه‌ڵكی شاری سه‌در و خه‌ڵكی كوردستان :
به‌شی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی شاری سه‌در له‌و لادێیه هه‌ژار و برسیانه‌ی ناوچه‌ی هۆڕه‌كان و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق پێكهاتون كه له‌ناو خه‌ڵكی عێراقدا به ( شروگی ) ناسراون , ئه‌مانه زۆرترین ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری و خێزانی قه‌ره‌باڵخیان لێ پێك هاتووه , به‌جۆرێك كه‌له‌ناو خه‌ڵكی عێراقیشدا وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ دواكه‌وتویی و نه‌خوێنده‌واری ده‌ناسرێن , زۆر به‌كورتی , ئه‌مانه گیتۆی شاری به‌غداد و به‌گشتی هه‌موو عێراقیشن . به‌ڵام ئه‌م خه‌ڵكه هه‌ژاره زۆر زیره‌كانه له‌سه‌ره‌ده‌مه جیاوازه‌كانی عێراقدا هێزی سیاسی و گوزارشكه‌ری خۆیانیان دروستكردووه , یان له‌هه‌مو سه‌رده‌مێكدا به‌گوێره‌ی خواسته سیاسی و ئابوریه‌كانیان وه‌لائو وابه‌سته‌یی سیاسی خۆیانیان گۆڕیوه , له‌دوای ساڵانی په‌نجاكانه‌وه به‌زۆری كه‌وتنه دوای حیزبی شیوعی عێراق ( كه ئه‌وكات ڕابه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی عیراقی ئه‌كرد ) , هه‌ركه ئه‌ستێره‌ی حیزبی شیوعی كه‌وته په‌ناوه‌و حیزبی ده‌عوه وه‌ك حیزبێكی توندڕه‌وی مه‌زهه‌بی سه‌ری هه‌ڵدا له‌ناو ئه‌م خه‌ڵكه‌دا بره‌وی په‌یدا كرد , له‌دوای ده‌عوه‌یش به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی وه‌ك لایه‌نێكی به‌هێز له‌ناویاندا سه‌ری هه‌ڵدا , به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م خه‌ڵكه وابه‌سته‌یی خۆیانیان گۆڕی بۆ ڕه‌وتی سه‌در , هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش ئاماژه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی نوری مالكی ئه‌كرد له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتو هه‌ژاره‌دا , كه‌واته خه‌ڵكی شاری سه‌در له‌هه‌مو سه‌رده‌مكێدا پێویستیان به‌هێزێكی سیاسی هه‌بووه كه توانای به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی گرفت و كێشه‌كانیانی هه‌بێت , بۆدروستكردنی ئه‌م هێزه سیاسیه‌یش ئاماده‌بوون هه‌ر ماوه‌یه‌ك هێزێكی سیاسی تاقی بكه‌نه‌وه , له‌م په‌ڕی چه‌په‌وه تا ئه‌گاته ئه‌و په‌ڕی ڕاست , بێگومان ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی پێگه‌یشتویی و زیندویی هۆشیاری سیاسی خه‌ڵكی ئه‌م شاره پڕ له‌هه‌ژاری و كوێره‌وه‌ریه‌یه .. كه نه‌وه‌كو هه‌ولێر خۆیان به لانكه‌ی مێژوی مرۆڤایه‌تی ئه‌زانن , نه‌وه‌كو سلێمانیش بانگه‌شه‌ی پایته‌ختی ڕۆشنبیری ئه‌كه‌ن !!
له به‌رامبه‌ر ئه‌م خۆشگۆڕانه‌ی خه‌ڵكی سه‌ردردا , به‌شی زۆری خه‌ڵكی كوردستان دابه‌شبونه‌ته سه‌ر دوو هێزی سیاسی‌دا , یه‌كێكیان ته‌مه‌نی دروستبونی 67 ساڵه‌و , ئه‌وه‌كه‌ی تریشیان 34 ساڵ , تائێستایش پاساوی زۆر له ئه‌ندامانی ئه‌م دوو حیزبه بۆ وه‌لائو وابه‌سته‌ییان (دیاره جگه له‌مه‌سه‌له ئابوریه‌كه‌و پێداویستی ژیانی ڕۆژانه‌یان ) , له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دوو حیزبه مێژویی خه‌باتگێڕیان هه‌یه , یان شه‌هیدیان هه‌یه و خوێنیان بۆداوه , یان هه‌ر به‌بنه‌ماڵه هه‌واداری ئه‌م حیزبه‌ن , یان له‌و جۆره‌یه كه خۆیشی نازانێـت بۆچی بۆته ئه‌ندامی حیزب و بۆچی پێویسته قه‌ت نه‌گۆڕێت !!! كه بێگومان هه‌موو ئه‌م بیانوانه به‌راورد به ئاگایی و هۆشیاری شروگیه‌كانی به‌غداد نیشانه‌ی دواكه‌وتویی و نه‌خوێنده‌واریه‌كی كوشنده‌ی هۆشیاری سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردیه . هه‌ر ئه‌م دواكه‌وتنه سیاسیه‌یشه وه‌ڵامی زۆربه‌ی ئه‌وپرسیارانه‌مان ئه‌داته‌وه كه ده‌رباره‌ی جیاوازیه‌كانی نێوان (بغداد – هه‌ولێر ) ده‌خرێته‌ڕو .محمد حسین