دیموكراسیی وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی كاتیی
دیموكراسیی وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی كاتیی
محمد چیافهیلهسوفی ئه‌ڵمانی (شپنگلر) ده‌ڵێت: "سیاسه‌ت، یان به‌مانایه‌كی ته‌واوتر دیموكراسیی، ئه‌لته‌رناتیڤ و چاره‌سه‌رێكی كاتییه بۆ ڕه‌وشی جه‌نگ"، ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌وه بڕوانین، ده‌توانین ده‌رك به‌و خه‌وشه بكه‌ین كهلهسستمی دیموكراسییدا هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش به‌و مانا نیه، كه له‌ئێستادا سستمێكی دیكه هه‌بێت كه‌له‌م سستمه كه‌م خه‌وشتر بێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه دیموكراسیی وه‌ك سستمێك زاده‌ی بیر‌و ئیختیاری مرۆڤه‌و، ئاسایشه ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت و ده‌ست بخرێته سه‌ر خهوشهكانی، كه‌من پێم وایه ئه‌و خه‌وشانه‌ی سستمی دیموكراسیی له‌خودی سستمهكهدا ده‌رناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌رووی تیۆرییه‌وه باسمان كرد، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتنی خهوشهكانی دیموكراسیی ئه‌وكاته ده‌رده‌كه‌وێت كه پراكتیزه ده‌كرێت، واته دیموكراسیی و جێبه‌جێكردنی دیموكراسیی له‌یه‌ككاتدا یه‌ك شت نین، به‌ڵكو تیۆری دیموكراسیی شتێكه‌و به‌رجه‌سته‌كردنی دیموكراسیی و تێكه‌ڵ بوون و كارلێكردنی له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زو كارهكتهرگهلێگداو، جۆری ئه‌و ململانێیانه‌ی كهدیموكراسیی دروستیان ده‌كات و، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌و ههماههنگیو سازش و رێكهوتنانهش كه‌له‌سایه‌ی دیموكراسییدا ده‌كه‌ونه‌وه، سه‌باره‌ت بهبهشكردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، له‌دواییدا ره‌نگه شتێكیان لێ به‌رهه‌م بێت كه خودی دیموكراسیی بكه‌نه‌وه بهمۆتهكهو بت و جۆرێكی دیكه لهشهراكهتی دیكتاتۆریانه، هه‌رگیزیش فه‌لسه‌فه‌و تیۆره‌كان له‌جیهانی واقیعیدا وه‌ك خۆیان به‌جوانی به‌رجه‌سته نابن.
له‌م وتاره‌دا ئێمه له‌باره‌ی ئه‌و جۆره‌ی دیموكراسییه‌وه ده‌دوێین وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی پێشنیاركراو بۆ شه‌ڕ ، واته بۆ خولقاندنی ڕه‌وشێك له‌ئاشتی، دیموكراسییه‌ت له‌م فۆرمه‌دا شتێك نیه جگه له‌وه‌ی كه هێزه‌كان له‌بری جه‌نگكردن، دێن ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ ره‌وشێك كه‌تێیدا هێزه‌كان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا لهئاستێكدان، كه له‌رووی توانا‌و هێزی ئابوریی و مرۆییه‌وه، یه‌كسان و هاوسه‌نگن، كاتێك كه ململانێكانی نێوانیان هیچ ئاكامێك نادات به‌ده‌سته‌وه، واته كاتێك دیموكراسیی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ژینگه‌یه‌كدا پێشنیار ده‌كرێت كه نه‌توانرێت به (جه‌نگ) ململانێكان یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
ئه‌و كاته‌ی كه ململانێكان ده‌وه‌ستن و یه‌كسان ده‌بن، ئیدی له‌وێوه دیموكراسیی پێشنیار ده‌كرێت وه‌ك ناوبژیوان یان به‌دیل و جێگره‌وه‌یه‌كی كاتیی جه‌نگ، هه‌روه‌ك (شپنگلر)یش ده‌ڵێت: جه‌نگێكی درێژخایه‌ن هه‌ر تاماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌توانرێت ته‌حه‌مول بكرێت، به‌ڵام ته‌بایی و ئاشتی هه‌تا سه‌ر هیچ كه‌سێك ناتوانێت ته‌حه‌مولی بكات). به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه ده‌بێت به‌دوای سستمێكی دیموكراسییدا دیموكراسیی بێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌هه‌میشه‌یی نابێت و هه‌ر ده‌بێت جارێكیش به‌دوای دیموكراسییدا جه‌نگ بێت.
هه‌ربۆیه لێره‌وه گرنگه ئێمه باس له پرسێكی زۆر گرنگ بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كامه‌یه ئه‌و جاره‌ی كهبهدوای سستمێكی دیموكراسییدا، یان ڕه‌وشێكی دیموكراسییدا، ئیدی دیموكراسیی نایه‌ت و، ئیدی جه‌نگ وه‌ك ئه‌سڵی ململانێكه، ئهلتهرناتیڤهكهی خۆی كه (ته‌بایی و دیموكراسیییه) دهخاتهلاوهو، دێته‌وه مه‌یدان.
ده‌توانین ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كه دیكه بڵێین : چ كاتێك دیموكراسیی به‌ره‌و گه‌نده‌ڵ بوون ده‌چێت، ئایا دیموكراسییه‌ت گه‌نده‌ڵ و پۆخڵه ده‌بێت؟
به‌رای من نه‌ك ته‌نها دیموكراسییه‌ت گه‌نده‌ڵ ده‌بێت، به‌ڵكو خودی دیموكراسییه‌ت ژینگه‌یه‌كی له‌بارو ره‌خساوه بۆ موماره‌سه‌كردنی گه‌نده‌ڵیی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م سستمه‌دا ده‌كرێت هه‌مووشتێك رێكه‌وتن و سازشی له‌سه‌ر بكرێت و به‌ته‌بایی چاره‌سه‌ر بكرێت، ته‌نانه‌ت خودی گه‌نده‌ڵییش، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا كهبهرژهوهندیی له‌سه‌ر دیموكراسیی كۆی كردونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت.
یه‌كێكی دیكه له‌و خه‌وشانه‌ی ده‌كه‌ونه دیموكراسییه‌ت ئه‌وه‌یه كه جه‌ماوه‌ر به‌و مانایه‌ی كهلهخودی چه‌مكی دیموكراسییدا هه‌یه ده‌بێت فه‌رمانڕه‌وا بێت، به‌ڵام له‌واقیعدا كاتێك سستمی دیموكراسیی په‌یڕه‌و ده‌كرێت جه‌ماوه‌ر نه‌ك نابێته فه‌رمانڕه‌وا به‌ڵكو ده‌چێته دۆخێكی سست و ناچالاكه‌وه، كه زۆرجار زیاتر له‌نیوه‌ی جه‌ماوه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی ململانێ به‌جێده‌هێڵن و ته‌نانه‌ته به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ناكه‌ن. جه‌ماوه‌ر كاتێك له‌سایه‌ی سستمێكی دیكه‌دایه بێجگه له‌دیموكراسیی، ئه‌وا ململانێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی حوكم بكات، به‌ڵام كاتێك دێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه حوكم بكات، حوكم ناكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌پێی وایه له‌ڕاستیدا خۆی حوكم ده‌كات، واته جه‌ماوه‌ر له‌ناو سستمی دیموكراسییدا ناتوانێت بڕیار دروست بكات هه‌تا ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ڕایه‌ك بێت و پرسشی پێ بكرێت، ره‌نگه یه‌كێك بڵێت: به‌ڵام له‌رێگه‌ی ئۆرگانیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سته‌و گروپه‌كانه‌وه ده‌توانرێت بڕیار له‌ناو جه‌ماوه‌ردا دروست بكرێت و جه‌ماوه‌ر ببێته خاوه‌ن بڕیار، ئه‌مه ڕاسته، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه‌زۆرجار ئۆرگانه‌كان ده‌بنه‌وه به‌شه‌ریكی ده‌سه‌ڵات و هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، ئه‌مه‌ش نه‌ك ناتوانرێت گومانی لێ بكرێت، به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر شه‌راكه‌ت كردنه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی كردنه‌وه‌ی ده‌زگاو ئۆرگانه‌كان له‌سستمی دیموكراسییدا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستێكی زه‌به‌لاح دروست بكات له‌نێوان جه‌ماوه‌ری چینی ناوهندو ده‌سه‌ڵاتدا، چینی ناوه‌ند له‌سستمی دیموكراسییدا كهبهحساب زۆرینه‌یه فریودراو و چاوبه‌ستراو و بێ ئاگایه، ئه‌و وا ده‌زانێت ئۆرگانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌رده‌وام له‌پێناو ئه‌ودا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا جه‌نگ ده‌كه‌ن، بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زهوتكهرو ههڵفریونهره، له‌سه‌ر حسابی ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا تهبابۆتهوه، بۆیه ده‌بینین ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن كه به‌رجه‌سته‌ترین سیما‌و روخساری دیموكراسیی و ژیانی ئازادن، ده‌بینیت هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ژێر هه‌ر وتار‌و هه‌واڵ و بابه‌تێكدا كار بۆ حسابی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، مه‌رجیش نیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ڵاتی حزبی براوه‌بێت، ئه‌مڕۆ له‌ته‌نیشت حزبی فه‌رمانڕه‌واوه له‌ناو حكومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆندا، چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی ناشه‌رعی هه‌ن، (كه‌خۆی نابێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه هه‌بن)، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌وانه لهدروستهكهرانی بڕیارن، بۆ نمونه با باسی دیموكراسییترین وڵاتی دونیا بكه‌ین كهئهمریكایه، له‌م وڵاته‌دا ئه‌و كاته‌ی بۆ نمونه دیموكراسییه‌كان حوكم ده‌كه‌ن و حكومه‌ت پێكده‌هێنن، كۆمارییه‌كانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تدا حكومه‌تێكن له‌سێبه‌ردا، هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌و دوو پارته سهرهكیهدایه، كه‌له‌خزمه‌تی پارته‌كه‌یاندا به‌كاری ده‌هێنن بۆ پروپاگه‌نده‌كردن بۆ خۆیان، به‌جۆرێك وای لێهاتووه كه مرۆڤ ده‌زانێت بۆ چه‌ندین ساڵی تر له‌ئه‌مریكادا ململانێ ی ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بتوانێت هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌م بهڵگهنهویستهدا بكات، كه‌واته دیموكراسییه‌تی ئه‌مریكا هه‌ر ئه‌وه‌یه كه (شپنگلر) روونی ده‌كاته‌وه: ئه‌لته‌رناتیڤێكی شه‌ڕه‌و رێكه‌وتنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا مسۆگه‌ره، ئه‌گه‌ر بهنۆرهش بێت، مادام بهرژوهندییهكه له‌سنوری لایه‌نه رێكهوتوو تهباكان ده‌رناچێت.
له‌ئه‌مریكادا وه‌ك نمونه‌یه‌ك بۆ دیموكراسیی ( كه‌ئه‌م مۆدیله له‌زۆربه‌ی ئه‌زموونه دیموكراسییه‌كانی دونیادا دووباره بۆته‌وه‌و ده‌بێته‌وه) له‌بری تاك ده‌سه‌ڵاتی، جووت ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، له‌بری یه‌ك حكومه‌تی دیكتاتۆری دوو حكومه‌تی دیكتاتۆر هه‌ن كه دوو پارته سهرهكیهكهن و نایه‌ڵن ده‌سه‌ڵات هیچ كات له‌خۆیانه‌وه بگوازێته‌وه بۆ لایه‌نی سێیه‌م، هه‌ڵبه‌ته هه‌مان ئه‌م شته‌ش به‌ئامرازو میكانیزمه‌كانی دیموكراسیی ده‌كه‌ن، ئه‌وان خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌و میدیای هه‌مه‌جۆرن، ئه‌مانه‌یش كه‌لوپه‌لی دیموكراسیین و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی پێده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه كه له‌ئه‌مریكادا گۆڕانكاری له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ست بهگۆرانكارییهكان ناكرێت، ئه‌توانین بڵێین ته‌باییه‌ك هه‌یه له‌نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتدا، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ته‌نها ئه‌وه‌یه له‌بری یه‌ك ئیختیار كهلهبهردهمی جه‌ماوه‌ردا دابنرێت، دوو ئیختیار هه‌یه كه‌هه‌ردوو ئیختیاره‌كه وه‌ك یه‌ك وایه، واته شتێكه هه‌ر له‌فێڵ و چاوبه‌ستن ده‌چێت، ( لێره‌دا مه‌به‌ستم ره‌خنه‌گرتن نیه له‌ئه‌مریكا به‌ته‌نها، به‌ڵكو ئه‌مه‌وێت ئه‌زموونی ئه‌و وڵاته به‌نمونه بهێنمه‌وه كهپێشهنگه له‌م بواره‌داو، ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌نده‌ڵی و بۆشاییه‌كیش بكه‌وێته ناو موماره‌سه‌كردنی سستمی دیموكراسییه‌وه، ئه‌بێت سه‌ره‌تا له‌ئه‌زموونی ئه‌و وڵاته‌وه به‌دیاربكه‌وێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زمونێكی پێشه‌نگتره.
خه‌وشێكی دیكه له‌پراكتیزه‌كردنی دیموكراسییه‌تدا ئه‌وه‌یه كه دیموكراسییه‌ت خۆی بۆ خۆی سیاسه‌تكردنه، له‌سستمی سه‌رمایه‌داریشدا سیاسه‌ت به‌میكانیزمه‌كانی دیموكراسیی ده‌كرێت، یان ده‌توانین بڵێین سیاسه‌تێكی دیموكراسییانه پێڕه‌و ده‌كرێت، لێره‌و دیموكراسییه‌تیش ده‌چێته‌وه ناو ئه‌و ماكینهیهوه كه سه‌رمایه‌داری ده‌یگێڕێت: ئێمه ده‌زانین له‌سستمی سه‌رمایه‌داریدا، هه‌میشه چه‌ندایه‌تی شته‌كان وه‌رده‌گیرێت له‌بری چۆنایه‌تیان، پرۆسه‌ی دیموكراسییش له‌م سستمه‌دا ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان هاوكێشه‌وه، ده‌بینین له‌م سستمه‌دا حساب بۆ چۆنایه‌تی ده‌نگه‌كان ناكرێت له‌كاتی پرۆسه‌ی ههڵبژاردهنهكاندا، به‌ڵكو ده‌نگی فه‌یله‌سوفێك و ده‌نگی كه‌سێكی سه‌فیه وه‌ك یه‌ك وه‌رده‌گیرێت، گرنگ چه‌ندایه‌تییه نه‌ك چۆنایه‌تی، هه‌ڵبه‌ته من نامه‌وێت بڵێم سستمی ئه‌رستۆكراتی له‌مه‌دا باشتره له‌دیموكراسییه‌ت، ته‌نانه‌ت بڕواشم وایه مرۆڤه‌كان له‌رووی ده‌نگدانه‌وه پێویسته هه‌موویان هه‌مان مافیان هه‌بێت وه‌ك یه‌ك، به‌ڵام كێشه‌كه له‌مه‌دا نیه، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه‌مرۆڤه‌كان له‌سایه‌ی سستمی دیموكراسییدا به‌های ده‌نگه‌كانی خۆیان نازانن، ره‌نگه رۆشنبیرێك ده‌نگی خۆی به‌هیچ ئیمتیازێك نه‌فرۆشێت، یان نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی پروپاگه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه، به‌ڵام زۆرینه‌ی خه‌ڵك كه خه‌ڵكی ئاسایین، زۆر به‌ئاسانی كاریگه‌ر ده‌بن به‌و پروپاگه‌ندانه‌ی كه‌له‌كاتی راگه‌یاندنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌كرێن، لێره‌وه ره‌نگه ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌هه‌یانه بیده‌نه لایه‌نێك یان كه‌سێك، كه‌له‌رووی داراییه‌وه ئیمكانیه‌تی باشتره‌و ده‌نگی لهپروپاگهندهكاندا دلێرتر بووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم له‌سستمی دیموكراسییدا تاكه‌كان زۆربه‌یان وه‌ك پێویست به‌های ده‌نگه‌كه‌ی خۆیان نازانن یان هۆشیارنین به پرۆژه‌و به‌رنامه‌و ئایدۆلۆژیای پاڵێوراوه‌كان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ژینگه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سستمی دیموكراسییه‌تدا ژینگه‌یه‌كی نادروست بێت ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم گه‌نده‌ڵ بێت.
لێره‌دا پێم باشه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ی (شپنگلر) كه‌ده‌ڵێت دیموكراسیی ئهلتهناتیڤ (به‌دیل)ێكه بۆ ره‌وشی جه‌نگ، (جه‌نگ) ئه‌سڵ و بنچینه‌یه‌و (مێژووی مرۆڤایهیهتیش بریتیه له‌مێژووی جه‌نگه‌كان)، ره‌نگه بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌مه، وا باش بێت سه‌یری جیهانی واقیعی بكه‌ین، ئێمه ده‌بینین ئه‌مڕۆ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانداو له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا، ره‌وشێكی ئاڵۆز هه‌بێت، یان جه‌نگ و ململانێ هه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ئه‌و ململانێیه به‌قازانجی ئه‌و لایه‌نه‌دا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه كه له‌رووی جیهانبینی و تێڕوانینه‌وه نزیكه له‌خۆیانه‌وه، بۆ نمونه له‌غه‌ززه چاوپۆشیكردن له‌ئیسرائیل له‌كاتی هێرشه‌كانیدا بۆ سه‌ر غه‌ززه، ته‌نها له‌و روانگه‌یه‌وه نه‌بوو كه ئه‌وانه‌ی لهغهززهدان موسڵمانن، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئهمریكاو وڵاته زلهێزه‌كانی دیكه وه‌ك پێویست نه‌هاتن به‌ده‌م ره‌وشه‌كه‌وه، به‌ڵكو هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه كه رێكخراوی حه‌ماس بڕوای به‌پێكه‌وه‌ژیانی دیموكراسییانه نیه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش به‌نسبه‌تی ئه‌فغانستانه‌وه هه‌ر وایه، پشتگیركردنی په‌یمانی ناتۆ له‌حكومه‌تی ئه‌فغانستان و كارازای و جه‌نگانی له‌دژی تاڵیبان، له‌به‌رئه‌وه نیه كه ئه‌و دووانه یه‌كێكیان ئیسلامییه‌و یه‌كێكیان ئیسلامی نیه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه تاڵیبان بڕوای به‌دیموكراسیی و پرۆسه مه‌ده‌نییه‌كانی ئه‌و تێزه نیه. ده‌توانین هاوكات له‌عێراقیش ئه‌مه بخوێنینه‌وه، ده‌بینین حكومه‌تی ئه‌مریكا، حكومه‌تی به‌عسی روخان كه حكومه‌تێكی كه‌متر مه‌زهه‌بی بوو، كه‌چی پشتگیری له‌حكومه‌تی مالیكی ده‌كات كه حكومه‌تێكی مه‌زهه‌بی پوخته، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه بوو كه به‌عس بڕوای نه‌ك به‌دیموكراسیی نه‌بوو، به‌ڵكو بڕوایشی به‌پێكه‌وه ژیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ هاوسێكانی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا. كه‌واته ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك له‌م سێ حاڵه‌ته‌ی پێشوو بده‌ین تێده‌گه‌ین: كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشه ئاڵۆزه‌كان له‌فه‌له‌ستین و عێراق و ئه‌فغانستانیش وه‌ك ئیختیاری یه‌كه‌م (جه‌نگ) تاقیده‌كاته‌وه، وه‌ك بینیمان له‌عێراق (جه‌نگ) توانی به‌هۆی ناهاوسه‌نگی هێزه‌وه له‌نێوان هاوپه‌یمانان و هێزی حكومه‌تی به‌عسدا، ئه‌و رژێمه بڕوخێنێت، دواتر پێشنیاری دیموكراسییه‌ت كرا بۆ ئه‌وه‌ی هێزه ململانێكهره نوێیه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق پێكبێن، واته په‌نا بۆ ئهلتهرناتیڤهكهی (جه‌نگ) براو سستمێكی دیموكراسیی له‌عێراق هێنرایه كایه‌وه، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش تائێستا به‌كوێ گه‌یشتووه له‌كۆتایی ئه‌م وتاره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری چونكه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ژیانی ئێمه‌ی كورده‌وه هه‌یه.
با بچینه سه‌ر ره‌وشی غه‌ززه، ده‌بینین ئه‌وه‌ی كه له‌و كه‌رته‌دا كرا، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه‌دا بكرایه، هێنده‌ی كاره‌ساتی هۆڵۆكۆست و قه‌سابخانه‌كانی هۆلاكۆ و جه‌نگیزخان گه‌وره ده‌كرا، به‌ڵام چونكه خۆرئاوا و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی، گڵۆپی سه‌وزیان بۆ ئیسرائیل هه‌ڵكرد، بۆ ئه‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ هه‌ر ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه(ئاشتی) ببرێت، به جه‌نگ (ئیختیاره ئه‌سڵیه‌كه) ململانێكه یه‌كلایی بكرێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك دیاره له‌وێش جه‌نگ نه‌یتوانی ئه‌و ململانێیه یه‌كلایی بكاته‌وه، بۆیه ئێستا پێشنیاری ئه‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ حه‌ماسدا، گفتوگۆ بكرێت و به‌رێگه‌ی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری (ئاشتیانه) كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت.
لهئهفغانستانیش چه‌ندین ساڵه هێزه‌كانی په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا ده‌جه‌نگێن، به‌ڵام تائێستاش ئه‌و ململانێیه یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه، هه‌ر بۆیه نامۆ نیه كه هه‌ندێك جار ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه پێویسته له‌گه‌ڵ تاڵیباندا دانوستان بكرێت، بۆ گه‌یشتنه چاره‌سه‌رێكی (ئاشتیانه)، ئه‌وه‌ی كه‌تائێستا مه‌به‌ستم بوو، رونكردنه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌ی (شپنگلر)ه كه ده‌ڵێت (جه‌نگ) ئه‌سڵیه‌و (ئاشتی) ئه‌لته‌رناتیڤێكی كاتییه.
ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ره‌وشی ئێستای عێراق و، ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه هه‌یه وه‌ك گه‌لی كورد، هه‌وڵیش ئه‌ده‌م ره‌وشی ئێستای عێراقی له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه (شپنگلر)دا لێكبده‌مه‌وه.
له‌ڕاستیدا حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه هه‌تا ئێستا، ئارامیی به‌خۆوه نه‌بینیوه، هۆی ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌میشه له‌عێراقدا ململانێیه‌كی نابه‌رامبه‌ر هه‌بووه له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌بدا، له‌لایه‌ك عه‌ره‌ب به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشتگیرییكهری زۆربووه، رازی نه‌بووه سازش له‌هه‌ر مافێك بكات و بیداته كورد، كوردیش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كه داوای كردوون به‌مافی ڕه‌واو ڕاستی خۆیی زانیون، ڕازی نه‌بووه ته‌سلیم بێت و لهململانێكه بێته‌ده‌ره‌وه، كه‌واته به‌رده‌وامی ململانێكان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌له‌راستیدا ناهاوسه‌نگی له‌هێزدا فاكته‌ری سه‌ره‌كی بووه.
به‌ڵام ده‌بینین له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه، كورد بووه هێزێك كه له‌هه‌موو مێژووی پێشتری خۆی له‌عێراقدا ئه‌و جانسهی نه‌بووه، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌كه‌م: له‌به‌ر هاوپه‌یمانی به‌ستنی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكادا. دووه‌م: لهبهرلاوازبوونی لایه‌نی عه‌ره‌بی و دابه‌شبوونی هێزه عه‌ره‌بیه‌كان بۆ چه‌ند پارت و مه‌زهه‌ب و تاییفهیهك، كه ئه‌مه وایكرد كورد له‌عێراق له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا تا ڕاده‌یه‌كی باش یه‌كسان بكاته‌وه، ئه‌وكاته‌ش كه هێزه‌كان ده‌گه‌نه راده‌ی هاوسه‌نگی و ململانێكان له‌ئاستێكدا ده‌وه‌ستن و بێ ئاكام ده‌بن، پێشنیاری دیموكراسییه‌ت ده‌كرێت، وه‌ك بینیمان كه عێراق بووه عێراقێكی دیموكراسیی و په‌رله‌مانی، به‌ڵام وه‌ك(شپنگلر) ده‌ڵێت: دیموكراسییه‌ت چاره‌سه‌رێكی كاتییه بۆ ره‌وشی جه‌نگ، له‌وێوه كههێزهكان به‌هۆی كۆمه‌ڵه فاكته‌رێكه‌وه كه‌ئێستا باسی ده‌كه‌ین له‌یه‌ك ده‌ترازێن و ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌یباته‌وه، ئه‌و كه‌شه به‌كار ده‌هێنێت كه خۆی تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پێ به‌هێز بكات، ئه‌وكاته‌یش خۆی به‌هێز كرد ئیدی ئاماده نیه شانبه‌شانی هێزه لاوازه‌كان بمێنێته‌وه،هه‌ر بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ری په‌نا بردنه‌وه بۆ ئیختیاره ئه‌سڵیه‌كه (جه‌نگ) له‌هه‌موو كاتێك زیاتر ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بده‌ین له‌عێراق ئه‌مه به‌روونی ده‌بینین كه چۆن مالیكی توانی دیموكراسییه‌ت به‌كاربهێنێت بۆ بردنه‌وه‌ی خۆی و چۆن هه‌وڵ ده‌دات له‌و هاوسه‌نگیه‌ی هێزه‌كان له‌عێراقدا بێتهدهرو ببێته‌وه به لایه‌نه به‌هێزه‌كه، ئه‌و به‌چه‌ند كورسیه‌كه‌ی كه‌می په‌رله‌مانه‌وه، كه پشكی حزب و هاوپه‌یمانی بوونی كردیه سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌و پۆسته‌كه‌ی به‌كارهێنایه‌وه بۆ بته‌وكردنی پێگه‌ی خۆی و بردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، ئێستا ده‌بینین زمانی مالیكی زمانی ئاشتی و دیالۆگی جاران نه‌ماوه، ئێستا ئه‌و داوای به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌كات، كه‌ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌ره‌بی و مه‌زهه‌بی و شۆڕشێگرانهیه، كه‌ره‌نگه ئه‌گه‌ر مالیكی هه‌ربه‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كوردیش په‌نا بۆ ئهلتهرناتیڤهكهی دیموكراسیی بباته‌وه كه جه‌نگه.