ئایا ململانێی شارستانییه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ سامۆئیل هانتگتۆندا مرد؟
ئایا ململانێی شارستانییه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ سامۆئیل هانتگتۆندا مرد؟
هاشم ساڵح
وه‌رگێڕانی، جه‌مال پیره
روون‌و ئاشكرایه كه له‌دوای شكستی شیوعیهتو سه‌ركه‌وتنی رههاییانهی ئهمریكاو بوون به تاكه زلهێزی جیهانی له ساڵی 1989دا، رۆشنبیرانی ئه‌مریكا گۆڕه‌پانیی تیۆرسێنیان كۆنتڕۆڵكرد. ئه‌و دوو كتێبه‌ی كه هه‌ریه‌كه‌یان زیاتر له‌وه‌ی تریان بڵاوبووه‌وه، هی دوو مامۆستای زانكۆكانی ئه‌مریكابوو، یه‌كه‌میان فرانسیس فۆكۆیاماو دووهه‌میشیان سامۆئیل هانتگتۆن كه به‌ر له چه‌ند رۆژێك* كۆچی دوایی كرد.
پێشتر رۆشنبیرانی ئه‌وروپا وه‌كو سارته‌رو فۆكۆ به‌یه‌كه‌وه گۆڕه‌پانی هزری جیهانیان كۆنتڕۆڵكردبوو، به‌ڵام نزیكه‌ی 20 ساڵێك ده‌بێت مه‌سه‌له‌كه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هه‌ر چۆنیك بێت فۆكۆیامای ته‌مه‌ن بچوكی له‌دایكبووی ساڵی 1952، خوێندكاری مامۆستای هارڤاردی ناودار هانتگتۆن بوو، به‌ڵام خوێندكار له ناوبانگ ده‌ركردندا پێش مامۆستاكه‌ی كه‌وت، ئه‌مه‌ش له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی كۆتایی مێژوو، دوا مرۆڤ له ساڵی 1992، ئه‌وه‌یشی كه زۆرینه له یادی ده‌كات ئه‌وه‌یه كه كتێبه‌كه‌ی پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كانی هانتگتۆن شتێ نه‌بوو جگه له وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی كتێبه‌كه‌ی فۆكۆیاما. كتێبه‌كه‌ی هانتگتۆن له واقیعدا چوار ساڵ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆتایی مێژوو بڵاوكرایه‌وه واته له ساڵی 1992. فۆكۆیاما گهشبینو هانتگتۆنی مامۆستاكه‌شی ره‌شبین بوو. چۆن؟ یه‌كه‌میان بڕوای وایه كه داهاتووی مرۆڤایه‌تی له‌دوای روخانی بلۆكی كۆمۆنیستی گه‌شه، چونكه له‌دوای ئه‌مه‌وه سه‌راپای له‌سه‌ر شێوازی خۆرئاوا‌و سیستمه لیبرالی دیموكراسیه‌كه‌ی ده‌ڕوات، كه جگه له‌مه هیچ سامپڵێكی تری شیاوتر بۆ مرۆڤ نادۆزرێته‌وه، پاشان رۆژێك دێت سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان ده‌بن به لیبرالیزمی ده‌ستوری پلورالی سیاسیی، مه‌سه‌له‌كه‌ش جگه له كات هیچی تری پێویست نییه. له‌و كاته‌شدا له سه‌راپای جیهان شه‌ڕوشۆڕ كۆتایی دێت‌و ئاشتی‌و ئارامیش شوێنی ده‌گرێته‌وه، چونكه رژێمه دیموكراته‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناجه‌نگن، به‌ته‌نها رژێمه دیكتاتۆرییهكانن مه‌یلی توندوتیژیو دوژمنكارانه‌یان هه‌یه.
دژ به‌م تیۆره یه‌كجار گه‌شبینه، سامۆئیڵ هانتگتۆنی ره‌شبین هه‌ڵسایه‌وه، به بڕوای ئه‌و گوته‌كه‌ی فۆكۆیاما ساده‌یه‌و زیاد له پێویست بڕوای به سروشتی مرۆیی هه‌یه، مرۆڤ تا ئه‌م ئاسته فریشته نییه‌و شه‌ڕه‌كانیش له جیهاندا كۆتاییان نایه‌ت، هیچ دڵنیاییه‌كیش نییه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌تانی جیهان له ئاینده‌دا له‌سه‌ر میتۆدی ئازادی‌و دیموكراسیدا ده‌ڕۆن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه داهاتوو بۆ پێكدادانی شارستانییه‌كان ده‌بێت، له‌وساوه تیۆره ناوداره‌كه‌ی سه‌ریهه‌ڵداو وتی له‌دوای شه‌ڕی سارددا ململانێكان له سه‌ر بنه‌مای جیاوازییه ئایدۆلۆژییه‌كانی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك كۆمۆنیستی‌و سهرمایهداریو ناسیۆنالیستی‌و فاشیستی‌و هتد سه‌رهه‌ڵناده‌ن، به‌ڵكو ململانێكان له رێگه‌ی جیاوازییه كه‌لتوریی‌و ئایینییه‌كانی نێوان شارستانیه‌ته‌كانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. لێره‌دا جیهانی دابهشكرده سه‌ر هه‌شت كوتله‌ی شارستانیه‌تی گه‌وره، ئه‌وانیش: كوتله‌ی ئه‌فریقیای رهشو كوتله‌ی وڵاته سلاڤیو ئهرسهدۆكسییهكانو كوتله‌ی جیهانی ئاسیایی كه له‌واقیعدا سێ كوتله له خۆوه‌ده‌گرێت ئه‌وانیش هیندو چین‌و ژاپۆنن ته‌نانه‌ت كۆریاو ڤێتنامیش.
پێشبینیشیكرد كه ململانێیه گه‌وره‌كه له نێوان جیهانی خۆرئاوا‌و جیهانی ئیسلامی‌دا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش بهپشستبهستن بوو به‌و پارادۆكسه ته‌واوه‌ی له به‌هاكاندا هه‌یه. پاشان ئه‌م رایه‌ی بووه مایه‌ی نانه‌وه‌ی هه‌راو له هه‌موو لایه‌كه‌وه ره‌خنه‌ی ئاراسته‌كرا، به‌ڵام با لێره‌دا ساتێك بوهستینو بپرسین : ئایا ئێستا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه هانتگتۆن مافی خۆی پێبدرێت به‌تایبه‌ت كه ماڵئاوایی له ژیان كرد؟ ئایا پێشبینییه‌كه‌ی دوای پێنج ساڵ له بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی نه‌هاته دی؟ ئه‌و كتێبه‌ی كه وه‌رگێڕدرایه سه‌ر 39 زمان‌و هه‌روه‌ك وتمان له ساڵی 1996دا بڵاوكرایه‌وه، هه‌روه‌ها لێدانی 11ی سێپتێمبه‌ر كه له ساڵی 2001دا روویدا واته ته‌نها پێنج ساڵ دوای ئه‌م كتێبه، ئایا لێدانه‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ر رێك وه‌رگێڕانێكی راستهوخۆییانهی كتێبه‌كه نییه؟ كه‌وایه بۆ سه‌رزه‌نشتی بكه‌ین؟ ئایا رووداوه‌كه زیاتر پێش هه‌ر بیرمه‌ندێكی تر نه‌كه‌وتووه..؟
به‌ڵام ده‌كرێ دوورتر له‌و شیكردنه‌وه‌یه‌ی هانتگتۆن بڕۆین، ئه‌و دواجار بیرمه‌ندێكی سیاسییه نه‌ك فه‌یله‌سوفێكی قوڵ، هه‌رچه‌ند ناوبانگێكی گه‌وره‌شی به‌ده‌ستهێنا بێت، ناكرێت له‌و باره‌یه‌وه بۆ نموونه له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی یۆرگن هابرماس به‌راورد بكرێت كه خاوه‌ن شاره‌زاییه‌كی گه‌وره‌و فراوانی مه‌عریفییه.
ده‌شێ بڵێین هۆكاری دوژمنایه‌تی سه‌رسه‌ختی نێوان جیهانی ئیسلامی‌و خۆرئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هۆكار نه‌ك ته‌نها هۆكارێك. هه‌موو لایه‌ك ته‌ركیز ده‌كه‌نه سه‌ر زامه مێژووییه‌كانی وه‌ك مێژووی‌و شه‌ڕه سهلیبییهكانو سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیستیو هتد,, له‌مه‌دا راست ده‌كه‌ن به‌ڵام هیچ كامیان قوڵتر شیكردنه‌وه ناكات تا بگاته قوڵاییه جه‌وهه‌رییه‌كه، زۆر به كورتی ده‌ڵێم: كه جیهانی عهرهبیو ئیسلامی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ده‌ست دابڕانێكی گه‌وره‌وه ده‌ناڵێنێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌وه‌ی كه خۆرئاوا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، ئێمه له‌گه‌ڵ مردنی ئیبن روشدا له فه‌لسه‌فه دابڕاین، واته له كۆتایی سه‌ده‌ی دوانزه‌هه‌می زایینی‌دا.و خۆمان خسته پاڵ سهلهفیهتێكی به‌رته‌سك‌و ته‌سه‌وف‌و دهروێشگهریو دوبارهكردنهوهیهكی قوڵ‌و كاوێژكردنه‌وه.
به‌كورتی عه‌قڵ مردو دینداری ته‌قلیدی سه‌ركه‌وت. ئێمه بنلادنو تاڵیبان‌و بزوتنه‌وه فهندهمێنتاڵیستیه سونی‌و شیعیهكانمان بۆمایه‌وه، یان ئه‌وه‌تا ئه‌وان له‌ده‌ست دابڕانی گه‌وره ده‌ناڵێنن له‌گه‌ڵ ئاییندا، له‌دوای رۆشنگه‌ری‌و شۆڕشی فه‌ره‌نسی، ئه‌وان ئایینیان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی‌و ئهخلاقیو هه‌موو شتێكیاندا دابڕاند. بۆیه بووین به دوو جیهانی ناكۆك‌و دژیه‌ك كه به یه‌ك نه‌گه‌ین، لێره‌دا رێك هۆكاری قوڵی پێكدادانی شارستانیهتهكانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه سامۆئیل هانتگتۆن لێی تێنه‌گه‌یشت.
بۆ ئه‌وه‌ی به باشی لێم تێبگه‌ن: من بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وروپا بۆ فهندهمێنتاڵییستی مهسیحیو دینداری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ناكه‌م! بانگه‌شه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه له پێشكه‌وتن‌و رۆشنگه‌ری‌و مۆدێرنه ناكه‌م. به‌ڵام بانگه‌شه‌ی رزگاربونی باشتر ده‌كه‌م له‌وه‌ی كه ئایین به‌خشیویه‌تی به‌ره‌و جه‌وهه‌ری ئایین: یان به‌ره‌و پاكبونهوهو ترانسێندێنتاڵیو خوایی‌و به‌ها رۆحی‌و مۆڕاڵی باڵا.
رۆژنامه‌ی شهرقولوئهوسهت، ژماره 10990، 30ی دیسه‌مبه‌ری 2008.
• ئه‌م وتاره رۆژێك دوای مردنی بیرمه‌ندی ناودار سامۆئیل هانتگتۆن نوسراوه كه له 29ی دیسه‌مبه‌ری 2008دا له یه‌كێ له نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌مریكا كۆچی دوایی كرد. دوای وهرگێِرانیشی بۆ كوردی له ژماره 31-32ی گۆڤاری (نما)دا بڵاومكردۆته‌وه.