
کۆڕه‌که‌ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور له‌باره‌ی پیشانگای ڕێبوار سه‌عید
نه‌به‌ز ئه‌کره‌م
ڕۆژی سێشه‌ممه 05. 05. 2009 سه‌نته‌ری که‌لتووری جیهانیی دانمارک له‌باره‌ی پیشانگای هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار (ڕێبوار سه‌عید)، کۆڕێکی بۆ نووسه‌ر و ڕووناکبیر (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) ڕێکخست. باسه‌که‌ی (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) خوێندنه‌وه‌یه‌کی فیکری و ئیستاتیکی بوو بۆ کاره هونه‌رییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده. خوێندنه‌وه‌که چ له ڕووی دیدگا و چ له ڕووی ستایله‌وه شتێکی نوێ بوو. ده‌توانم بڵێم تا ئێستا ڕه‌خنه‌ی ئێمه نه‌یتوانیوه به‌م تێڕوانینه کار له‌سه‌ر ڕه‌نگ و هێڵ بکات. (کاکه‌سوور) ئه‌گه‌رچی وه‌کو چیرۆک‌نووس و ڕۆماننووس ناسراوه، به‌لآم خاوه‌نی ڕۆشنبیرییه‌کی فراوانه، به‌تایبه‌تی له گفتوگۆکانیدا به‌رده‌وام کۆمه‌ڵێک باسی فیکری و ئه‌ده‌بیی نوێ ده‌وروژێنێت. (کاروان) له سه‌ره‌تا به‌رواردی چه‌مکی (زۆربوون)ی کرد لای (داروین) و (ڕێبوار سه‌عید)دا. ئه‌مه بۆ هه‌موومان سه‌یر بوو، که ئه‌دیبێک له تێگه‌یشتنێکی قووڵه‌وه باس له مه‌سه‌له‌یه‌کی زانستیی سه‌خت بکات و به ئیستاتیکاوهی ببه‌ستێته‌وه. له‌م ڕووه‌وه گوتی: (لای ڕێبوار سه‌عید) ته‌کنیکێک هه‌یه، که ده‌توانم ناوی زۆربوونی لێ بنێم. من ئه‌گه‌ر (تیۆری داروین) کۆمه‌کی نه‌کردبام، له‌و پرۆسێسه تێنه‌ده‌گه‌یشتم و وام ده‌زانی جۆرێک له‌یه‌کچوون له کاره‌کانیدا هه‌یه. له تیۆری دارویندا ئه‌وه تێده‌گه‌ین، که هه‌ر گیاندارێک له گیاندارێکی دیکه جیاوازه، با ئێمه له شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌و جیاوازییه به‌ڕوونییش هه‌ست پێ نه‌که‌ین. هه‌موو زۆربوونێکیش شێوه‌یه‌کی ئه‌ندازه‌یی هه‌یه، واته دوو ده‌بێته چوار و چوار ده‌بێته هه‌شت و هه‌شت ده‌بێته شانزده و شانزده ده‌بێته سی و دوو…)
لێره‌دا (کاروان) ئاماژه‌ی به تابلۆکان ده‌دا و وای له ئاماده‌بووان ده‌کرد، که خۆشیان په‌یوه‌ندیی نێوان تیۆری (داروین) و هونه‌ری (ڕێبوار سه‌عید) هه‌ست پێ بکه‌ن. مه‌به‌ستی خۆشی ڕوون کرده‌وه، که ئه‌و له‌یه‌کچوونه مانای ئه‌وه نییه، (ڕێبوار سه‌عید) ئه‌و تیۆره‌ی له‌به‌رچاو گرتووه، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌وه‌یه، کاتێک هونه‌رمه‌ند به قووڵی بیر ده‌کاته‌وه و به هۆشیارییه‌وه کار ده‌کات، ساده‌یی تێده‌په‌ڕێنێت و سه‌رنجه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون، که به قووڵی له هه‌مان دنیایان ڕوانیوه، با شێوازه‌کانیش له یه‌کتر جیاواز بن. لێره‌وه گوتی: (کاتێک له ڕێگای هونه‌ری ڕێبوار سه‌عیده‌وه تیۆری داروینمان بیر ده‌که‌وێته‌وه، به تایبه‌تی له مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌ر و چه‌مکی زۆربووندا، ئه‌وه ئه‌نجامی ڕوانینی قووڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه بۆ ئه‌م دنیایه، ئه‌گینا له به‌رهه‌مه‌کانیدا جه‌سته له‌ژێر ده‌سه‌لآتی بایۆلۆژیادا نه‌ماوه و وه‌کو بوونه‌وه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵده‌سووڕێت).
(کاروان) به مه‌به‌ستی قووڵبوونه‌وه له‌م به‌راوردکارییه‌دا گوتی: (داروین) ئه‌و زۆربوونه به هه‌ڵبژاردنی سرووشتییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ر گیاندارێک له‌پێناو مانه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌ویدیکه)دا ده‌که‌وێته شه‌ڕه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێن و خۆراک. ئه‌نجام ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری جۆره سیفه‌تێکن، که له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا گونجاون، ده‌مێننه‌وه. لای ڕێبوار سه‌عید مانه‌وه بۆ ئه‌وانه‌یه، که زیاترین ڕه‌گه‌زی هونه‌ری له خۆیان ده‌گرن).
وه‌ک ده‌بینین جه‌خت له‌سه‌ر شێوازی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا ده‌کاته‌وه، که شێوازێکی زۆر تایبه‌ت و جیاوازه. دوای ئه‌وه گوتی: (لای داروین گۆڕان خاوه. گیانداره‌کان نه‌وه دوای نه‌وه ده‌گۆڕێن. که‌واته له‌پاڵ شوێندا، کاتیش ڕۆڵێکی گه‌وره له‌م گۆڕانه‌دا ده‌بینێت). ئه‌مه کات و شوێن لای (داروین)، به‌لآم له‌باره‌ی کات و شوێن لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا، (کاروان) گوتی: ( هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی کات و شوێن له به‌رهه‌مه‌کانی ڕێبوار سه‌عیددا کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پرۆسێسی ئه‌و گۆڕانه‌دا هه‌یه). له هه‌موو ئه‌وانه‌دا به‌وردی ده‌ستی ده‌خسته سه‌ر تابلۆکان و ئه‌و کاریگه‌رییانه‌ی له‌سه‌ر سیمای گیانداره‌کاندا نیشان ده‌دا.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه (کاروان) گوتی: (له تیۆری دارویندا شه‌ڕی گیانله‌به‌ر له‌گه‌ڵ سرووشت له‌لایه‌ک و له‌گه‌ڵ جۆره‌که‌ی خۆی له‌لایه‌کی دیکه‌دا، به‌نده به‌وه‌ی ئه‌و گیانداره چ سیفه‌تێکی تایبه‌تی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، تا بتوانێت له‌م شه‌ڕه‌دا به‌هۆیه‌وه سه‌رکه‌وتن به ده‌ست بهێنیت. لای (ڕێبوار سه‌عید)دا ئه‌گه‌رچی زۆربوون هه‌یه و به‌نده به سیفه‌تی هونه‌ره‌وه، به‌لآم شه‌ڕ له‌پێناو مانه‌وه‌دا نییه، بگره هه‌وڵێک هه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی هه‌موو جۆر و ڕه‌گه‌زه‌کان).
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه لایه‌کی باسه‌که‌ی (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) بوو، به‌لآم دواتر جه‌ختی له‌سه‌ر جه‌سته کرده‌وه، که به زه‌قی له کاره‌کانی (ڕێبوار سه‌عید)دا ده‌رده‌که‌وێت. گوتی: (ئه‌گه‌ر لای پلاتۆ جه‌سته له‌ناو ده‌چێت و ڕۆح ده‌مێنێته‌وه، ده‌مێنێته‌وه و دوای گه‌یشتنی به دنیای ئایدیاڵ بۆ جه‌سته‌یه‌کی دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وا له دنیای ڕێبوار سه‌عیددا جه‌سته له‌ناو ناچێت، کاتێک هه‌ڵگری توخمی ئیستاتیکایه. که‌واته جه‌سته گۆڕستانی ڕۆح نییه وه‌کو پلاتۆ به گۆڕستانی ڕۆحی ده‌زانێت، به‌ڵکو جه‌سته خۆی زمانی ڕۆحه و له‌گه‌ڵماندا ده‌دوێت).
بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له چه‌مکی جه‌سته، (کاروان کاکه‌سور) پشتی به تێڕوانینی (مێرلۆپۆنتی)یه‌وه به‌ستبوو. له‌م ڕووه‌وه گوتی: (ئه‌و فه‌یله‌سووفه پێی وایه جه‌سته نه‌ک شتێک نییه له خۆمان جیاواز بێت، بگره هه‌ر خۆمانین و ئه‌و ڕێگایه‌مانه، که ته‌عبیری پێ له خۆمان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر جیاوازی له‌نێوان ئێمه و جه‌سته‌ماندا نییه، به‌هه‌مان شێوه له‌نێوان جه‌سته و شته‌کانیشدا نزیکی و له‌یه‌کچوون هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. له ڕێگای تێگه‌یشتن له جه‌سته‌ی خۆمانه‌وه، له ده‌وربه‌رمان تێده‌گه‌ین. هه‌ر ته‌عبیرێک له جه‌سته هاوکاته له ته‌عبیر له ده‌وروبه‌ر، بۆیه هونه‌ر وه‌کو شێوازێکی ده‌ربڕین، به‌رهه‌می ئه‌و کۆنتاکت و ئه‌زموونه‌یه). دوای ئه‌وه بۆ لای هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ڕایه‌وه و گوتی: (جه‌سته لای ڕێبوار سه‌عید ڕێگایه‌ک نییه بۆ ته‌عبیرکردن له خود، به‌ڵکو هه‌ر خۆی خوده. له یه‌ک کاتدا من و ئهویدیکهشه. که‌واته جه‌سته مانایه، به‌وه‌ی ڕووبه‌رێکه بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاترین وێنه. جووڵه‌ی جه‌سته ته‌نها بۆ ئه‌وه نییه جیاوازییه‌کانی خۆی نمایش بکات و له بوونی خۆیمان ئاگادار بکاته‌وه، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌شه ڕووبه‌رێکی نه‌زانراو له ده‌وروبه‌ر ئاشکرا بکات).
له کۆتاییدا (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور) گوتی: (ئه‌گه‌ر له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئێمه‌دا هه‌میشه جه‌سته‌ی مێینه له ڕێگای خه‌یاڵی نێرینه‌وه ئاماده کراوه، ئه‌وه لای (ڕێبوار سه‌عید) هه‌ردوو ئاڕاسته‌که له‌ناو سیسته‌می فره‌ده‌نگی و فرهڕهنگییدا پێکه‌وه هه‌ن، به‌ڕاده‌یه‌ک ئاسان نییه سنووری جه‌سته‌ی مێینه و نێرینه له یه‌کتر جیا بکه‌یه‌ته‌وه).
(کاروان) به‌رده‌وام هونه‌ری شێوه‌کاری و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی له یه‌کتر نزیک ده‌کرده‌وه و پشتی به چیرۆک و ڕۆمان و تیۆری گێڕانه‌وه ده‌به‌ست. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو نه‌یده‌هێشت ئاماده‌بووان له گوێگرتن بێزار ببن. وه‌ک دیمان له کۆتاییدا هه‌ر یه‌که‌یان ڕا و سه‌رنجی جوانی ده‌ربڕی. کۆمه‌ڵێک پرسیاری جدییانه چ له (کاروان) و چ له (ڕێبوار)یش کرا و گفتوگۆکه زیاتر زیندوێتیی به خۆیه‌وه بینی. شایانی ئاماژه‌یه، که له‌ناو ئامهدهبوواندا نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ند ده‌بینران له‌وانه میدیا ڕه‌ووف بێگه‌رد، ئاراس وه‌هاب، گۆران ئیبراهیم خه‌یات، گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، به‌ختیار فارس، فه‌رهاد هه‌ورامی، کامه‌ران ئیبراهیم، ئالان په‌ری، فه‌رهاد فه‌یلی و هی دیکه‌ش.