Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
كه‌ شه‌و خه‌وت به‌ یاساخ دێینه‌وه‌ بۆ ئێره‌

كه‌ شه‌و خه‌وت به‌ یاساخ دێینه‌وه‌ بۆ ئێره‌

Closed
by May 12, 2009 ئەدەب

كه‌ شه‌و خه‌وت به‌ یاساخ دێینه‌وه‌ بۆ ئێره‌
پێشكه‌شه‌ به‌و بایه‌یی ماڵێكی بۆ دروستكردووم له‌ غوربه‌تدا
  دیار محمد ( باران )

خۆم لێوان لێو ده‌كه‌م
له‌ تۆ
ده‌ست ده‌خمه‌                 
سه‌ر دڵی مانگ ..
به‌ شه‌ونم دا
په‌یڤێك نه‌سیم ده‌گه‌یه‌نم و ڕاده‌كه‌ین
له‌ ناو دڵی ئه‌م ئۆقیانوسه‌ شێته‌دا وێڵ ده‌بین
تا باوه‌شێك سیاه ت بۆ نه‌دۆزمه‌وه‌ , ناتبه‌مه‌وه‌
كه‌چی ئه‌م دیواره‌
دوو هێنده‌ی  ته‌مه‌نی بیره‌وه‌ریمه‌وه‌ و
ده‌مێ ساڵه‌ به‌ته‌مای ڕوخانیم, ناڕوخێت
ئه‌م باخچه‌یه‌ دوو هێنده‌ی ته‌مه‌نی حه‌زره‌تی نوحه‌ و
ده‌مێ ساڵه‌ به‌ته‌مای گه‌وره‌بوونیم
گه‌وره‌ بێ و گه‌وره‌ نابێ
به‌قه‌د مه‌رقه‌دێ‌
ته‌نهای خۆی تیا حه‌شار داوم
كه‌چی هێنده‌ی ته‌نهاییم
پیرۆزی , ئاگری تیا كردومه‌ته‌وه‌ و
باڵێكم شین نه‌بوه‌ و شین نابێت
به‌قه‌د باران خوا شه‌ڕی به‌ مردن فرۆشت ,
نه‌مردین
به‌قه‌د گه‌ڵا,ئاو شه‌ڕی به‌ ڕێگه‌ فرۆشت ,
نه‌خنكاین
كه‌چی ..
نه‌یهێشت ڕوو گرژكه‌ین له‌ئاستی خۆشه‌ویستی و
پێت نه‌وتم ده‌م مه‌خه‌ ده‌می پاسارییه‌وه‌ حه‌رامه‌
پێت نه‌وتم ده‌ست مه‌ده‌ له‌م هه‌ناره‌ شیریننانه‌ با تاڵ نه‌بێ و
پێت نه‌وتین به‌سوكانی ده‌ستكاری جێگاكه‌تان بكه‌ن با تێك نه‌چێت
پێت نه‌وتین..نه‌ت ووت.. نه‌ت ووت
نه‌ت ووت .. ئه‌و خانووه‌
دوو هێنده‌ی ته‌مه‌نی بێتاقه‌تیته‌ و
ده‌مێ ساڵه‌ به‌ته‌مایی ئاوه‌دادن كردنه‌وه‌یم
ئاوه‌دان نابێته‌وه‌
ئه‌گه‌ر نه‌متوای بتشۆم
به‌ لاسكی موحیبه‌ت ده‌ترازێینه‌ له‌ ئاوه‌وه‌
خۆمان ده‌دزینه‌وه‌ لێره‌
ڕه‌سمێ له‌ژێر سه‌هۆڵه‌وه‌ ده‌گرین و
ده‌ینێرینه‌وه‌
ڕه‌سمێ له‌ باوه‌شی خوایا ده‌گرین و
ئه‌یدڕێنین
ڕه‌سمێ له‌ چاوه‌كانی باراندا ده‌گرین و
ده‌یخه‌ینه‌ باخه‌ڵمانه‌وه‌
تۆپه‌ڵێ‌ هه‌ور ده‌كه‌ین به‌ په‌شمه‌ك و
تامی تامی به‌ خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ت ده‌كه‌ین
دواجار هه‌ر  ده‌گه‌ینه‌ كۆتای و
به‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌ڵێین: بزانێ‌ كێتان له‌ ماڵه‌
ئه‌مشه‌و به‌ یاساخ دێینه‌وه‌ بۆ ئێره‌
پیاسه‌یه‌كت به‌ ڕووتی پێده‌كه‌م و
پڕتده‌كه‌م له‌ عیباده‌ت
له‌ ڕووناكی
پڕت ده‌كه‌م له‌ شه‌هوه‌تی خوا
له‌ تامی گیلاس
 تا ده‌ست نه‌خه‌ینه‌ دڵی شه‌وه‌وه‌,ناگه‌ڕێینه‌وه‌
تا ده‌ست نوێژێ له‌م ته‌نهاییه‌ نه‌شۆین,پاك نابینه‌وه‌
كه‌ شه‌و خه‌وت
سه‌تڵێك عیشق ت پیا ده‌ڕێژم
له‌خۆما وشكت ده‌كه‌مه‌وه‌
كه‌ شه‌و خه‌وت
ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ چراكه‌ ده‌كه‌ین
تا ده‌نوێ‌
دوای به‌ ئیشاره‌ بڵێ‌ ( ئحم)
جا ..نازانم په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌  یا نا
چراكه‌ خه‌به‌ر ده‌كه‌یته‌وه‌ یا نا
نازانم فڕكم ئه‌ده‌یته‌ نێو دامه‌نی مه‌راقه‌وه‌ یا نا
نازانم پرشنگی شه‌وم تێده‌گری یا نا
نازانم  تۆ من ڕووت ده‌كه‌یته‌وه‌
یا من تۆ ڕووت ده‌كه‌مه‌وه‌
نازانم…نازانم …نا..نا
 ئه‌ی كاڵترین كه‌وشه‌ن
ڕێگه‌بده‌ پێ بنێم وه‌ دڵی ئاورا
خۆم شه‌ڵاڵ بكه‌م له‌ مه‌غریب
ڕه‌شایی له‌ به‌یه‌نم بسووم
ستیانه‌كه‌ت پڕ بكه‌م له‌ ماچ
به‌ ئاره‌قی شه‌رمت
سه‌رپۆشه‌كه‌ت  ته‌ڕكه‌ره‌وه‌
به‌ گه‌ڵا ڕووتیمان داپۆشین
دواجار..
ده‌ستكێشه‌كانم له‌ كانی موحیبه‌تدا
به‌جێدێڵم  تا ده‌خنكێ‌..!
كاسكێته‌كه‌ی سه‌ر م و
سه‌رپۆشه‌ نورانیه‌كه‌ی تۆ
له‌ مه‌رقه‌دێكی پیرۆزدا
ده‌پێچم له‌ ملی دارێك
حاشا ده‌كه‌م له‌ ئیمان و
باوه‌ڕ ده‌هێنم به‌ ئه‌هریمه‌ن
كراس و پێڵاوه‌كانمان
ده‌به‌خشین به‌و بایه‌ی
شه‌وان له‌ سه‌ر خۆ هاوار ده‌كات
ماڵێك كۆنه‌ی هه‌بێت
بیگۆڕێته‌وه‌ به‌ مه‌رگ
ماڵێك باوه‌شێك حه‌زی هه‌بێت
بیگۆڕێته‌وه‌ به‌ جه‌هه‌نه‌م
جار نا جارێكیش كه‌ توڕه‌ ده‌بێ و
ده‌ڵێ ..
ماڵێك لاسكی گوڵی
حه‌وشه‌كه‌یان  به‌ناهه‌ق
شكاندبێ ,و بفڕۆشێته‌وه‌ به‌ شه‌ڕ
ماڵێك  بوخچه‌یه‌ك ویژدانی هه‌بێ
بیگۆڕێته‌وه‌ به‌ بوغز
عیشق بفرۆشێته‌وه‌ به‌
       هیــــــچ
                             
ئه‌م ده‌قه‌ پێشتر له‌ گۆڤاری هه‌نار ی ژماره‌( 39) بڵاوبوه‌ته‌وه‌ 

 

دیار محمد ( باران )
به‌رواری نوسین
به‌كاتی عیباده‌ت
Baran_n83@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.