Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
شه‌هرامی نازری و گۆرانیی کوردی

شه‌هرامی نازری و گۆرانیی کوردی

Closed

شه‌هرامی نازری و گۆرانیی کوردی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

مه‌نسوور جیهانی، له‌ تارانه‌وه‌، له‌ باسکردنی هه‌واڵێکی هونه‌ریدا، له‌ ماڵپه‌ڕی په‌یامنێردا و له‌ ڕۆژی  13/5/2009 دا، ده‌نووسێت:"گۆرانیبێژی ناوداری کورد شه‌هرام نازری و ئاوازدانه‌ری لاو حافز نازری، له‌ شاری ئوپسالای سوید گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکه‌ش ده‌که‌ن" . جیهانی، بڕێک له‌ قسه‌کانی حافزی نازری بۆ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی په‌یامنێر ده‌گوێزێته‌وه‌‌، که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات، شه‌هرامی نازری، له‌و کۆنسێرته‌ی، له‌ شاری ئوپسالای سوێد سازی ده‌کات، هه‌ندێک گۆرانی کوردی به‌ ده‌نگی خۆی (شه‌هرامی نازری) پێشکه‌ش ده‌کات و پارچه‌ مووزیکی کوردی و هه‌روه‌ها ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی ئامێری ته‌نبووری  ناوچه‌ی کرماشان پێشکه‌ش ده‌کرێت.                                
تۆ وه‌ک خوێنه‌ریک، که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، وات دێته‌ به‌رچاو و ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که‌ شه‌هرامی نازری، کۆنسێرته‌که‌ی به‌ کوردی و بۆ کورد بووه‌.      
من بۆ خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌ی، که‌ زۆر له‌مێژه‌ حه‌زم له‌ ده‌نگی شه‌هرامی نازرییه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم  هه‌موو، ده‌توانم بڵێم زۆرێک له‌ نه‌وار(کاسێت) و سیدییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م هه‌یه‌ و گه‌لێک جاریش، که‌ خۆم به‌ ته‌نیا بم، گوێ له‌ ده‌نگی خۆش و کاریگه‌ری وی و مۆسیقای به‌رز و پڕبه‌های وی  ده‌گرم و زۆریش کارم تێده‌کات. شه‌هرامی نازری، به‌ڵی کورده‌ و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری کرماشانه‌ و له‌گه‌ڵ ته‌نبوور و سۆزی ده‌روێشی و سۆفیانه‌ی نێو جماتخانه‌ی یارسانییاندا مه‌زن بووه‌، لێ ئه‌و گۆرانیبێژێکی مه‌زنی ئێرانه‌ و هه‌ر له‌ ده‌سپێکڕا به‌ زمانی فارسی گۆرانی گوتووه‌ و ئێستایش ده‌شێ وه‌ک گۆرانیبێژێکی فارس یا فارسی لێی بنۆڕدرێ و ئه‌وه‌ش چ ناته‌واوی و نه‌نگی و کێماسییه‌ک نییه‌، به‌ڵکه‌ مه‌زنییه‌که‌ بۆ ئه‌و، که‌ بتوانێت به‌و شێوه‌ به‌رزه‌، که‌ لووتکه‌ی هونه‌ره‌، به‌ زمانێک، که‌ زمانی دایکی نییه‌، ئه‌و هۆنه‌ره‌ جوانه‌ پێشکه‌ش بکات. نازری، به‌وه‌ی به‌ فارسی گۆرانی ده‌چڕێ و گۆرانییه‌کانی هه‌ڵبژارده‌یه‌کی جوانترین و باڵاترین شیعری فارسین، حافز، مه‌ولانا جه‌لالوددین، فیردووسی و سه‌عدی و…له‌ دڵی هه‌موو ئێرانییه‌کدا، له‌ دڵی هه‌موو فارسی زمانێکدا، له‌ نێو فه‌رهه‌نگی ئێرانیدا، له‌ دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێکی جیهاندا، له‌ دڵی هه‌موو عاشقانی شیعری سۆفیایه‌تی وعاشقانی جوانی و ڕاستگۆیی و ئه‌ڤینداری و له‌ نێو هونه‌ری ئێران و جیهاندا، جێگه‌ی خۆی کردووه‌ته‌وه‌. شه‌هرامی نازری، هیچی له‌ شه‌جه‌ریان، موعین، داریووش، مه‌هه‌ستی، هایده‌، حومه‌یرا، گوگووش، شه‌کیلا و … هه‌موو مه‌زنانی هۆنه‌ری ئێرانی، به‌ کلاسیک و نوێیه‌کانیشیه‌وه،‌ که‌متر نییه‌، ئه‌گه‌ر زیاتر و باڵاتر نه‌بێت.                                                                         
ئه‌و کۆنسێرته‌ی شه‌هرامی نازری، له‌ باژێڕی ئوپسالای سوێد، له‌ ئێواره‌ی 9/5/2009 ، به‌ڕێوه‌چوو و  به‌ گۆرانی و مۆسیقا و پشوو و دواکه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌، نزیکه‌ی سێ ده‌مژمێرێکی خایاند. من بۆ خۆم یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی، که‌ هه‌ر پێش مانگێک تکتی ئه‌و کۆنسێرته‌م بۆ ڕازی کچم و خۆم کڕیبوو، خۆم  له‌و هۆڵه‌دا بووم، که‌ کۆنسێرته‌که‌ی تێدا به‌ڕێوه‌ چوو، خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆریش هاتبوون و گوێیان له‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ گرت. بێجگه‌ له‌ فارس و ئێرانی و کورد، سوێدییه‌کی زۆریش هاتبوون و ته‌نانه‌ت ئیسپانیۆلی زمان و ئه‌فریقاییش له‌وێ بوون. شه‌هرامی نازری، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌خۆش و ماندوو بوو و هه‌ڵامه‌تێکی گرانی گرتبوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کانیدا، که‌ یه‌کێکیان حافزی نازری بوو، که‌ کوڕی خۆیه‌تی و دووانه‌که‌ی دیکه‌ش، سینا جیهان ئابادی و حوسه‌ین ڕه‌زایی نیا بوون، جوانترین گۆرانی و مۆسیقای فارسییان پێشکه‌شکرد. ده‌نگی به‌جۆش و خۆشی ئه‌و(شه‌هرامی نازری) و ده‌ستڕه‌نگینی مۆسیقاژه‌نه‌کان و ئه‌و شیعره‌ نایاب و به‌رزانه‌ی شانامه‌ و مه‌ولانا و حافز، که‌ هه‌ڵیبژاردبوون، ته‌واوی گوێگرانی خستبووه‌ جیهانێکی فریشته‌ئاسا و سه‌مایه‌کی گیانه‌کی و چێژ و موچوڕکه‌ و ته‌زوویه‌کی ئاوێزان به‌ خه‌یاڵ و خه‌ون و خۆشه‌ویستی و ئارامییه‌کی هه‌میشه‌ییه‌وه‌.  شه‌هرامی نازری له‌ به‌شی دووه‌م و پێنج خوله‌کی کۆتایی کۆنسێرته‌که‌یدا و خۆی به‌ ته‌نێ و بێ هاوکارانی، تاکه‌ یه‌ک گۆرانیی کوردی چڕی، ئه‌ویش "که‌ڤۆکێ" بوو، که‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌کن ئه‌وانه‌ی به‌ کرمانجی خواروو و بنزاراوه‌کانی ده‌په‌یڤن بووه‌ به‌ "کابووکێ". به‌وه‌ی که‌ گۆرانی کوردی نه‌چڕیوه‌، شه‌هرامی نازری، هه‌رگیز که‌م نابێته‌وه‌ و ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌که‌ین، که‌ وه‌ک چۆن، موحه‌ممه‌دی قازی، وه‌رگێڕێکی فارسه‌ و یه‌شار که‌مال، نووسه‌رێکی تورکه‌ و سه‌لیم به‌ره‌کات، زوهدی داوودی، موحیه‌ددین زه‌نگه‌نه‌ و هه‌یفاء زه‌نگه‌نه‌، نووسه‌رگه‌لێکی عه‌ره‌بن و عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان، نووسه‌رێکی فارسه‌ و ڕه‌زا عه‌لی و ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل، سترانبێژگه‌لێکی عه‌ره‌بن، هه‌رچه‌نده‌ هه‌مووشیان به‌ ڕه‌گه‌ز کوردن، هه‌ر به‌و جۆره‌ش شه‌هرامی نازری، گۆرانیبێژێکی فارسه‌، با بۆ خۆی کورد و کوردزمانیش بێت. من بۆ خۆم هێنده‌ی حه‌ز به‌ گۆرانییه‌ فارسییه‌کانی شه‌هرامی نازری ده‌که‌م، بیست له‌ سه‌د (20%)ی ئه‌وه‌ حه‌ز به‌ گۆرانییه‌ کوردییه‌کانی ناکه‌م.                              
هونه‌ر، ئه‌گه‌ر به‌ زمانێکی دیاریکراویش بێت،  ڕه‌هه‌ندێکی مرۆڤانه‌ و جیهانی هه‌یه‌ و موڵکی هه‌موو مرۆڤێکی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه‌ و چ سنوورێک له‌ نێوان  نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌ز و ئایین و خاک و زمان و فه‌رهه‌نگدا نازانێت و دانانێت و ناهێڵێت و هه‌مووی ده‌به‌زێنێت و ده‌سڕێته‌وه‌. هونه‌ری به‌رز و چاک و جوان، خۆی ده‌سه‌پێنێت و ئێمه‌ی خوێنه‌ر، ئێمه‌ی گوێگر، ئێمه‌ی بیسه‌ر، ئێمه‌ی بینه‌ر، ناچار ده‌کات، خۆشمان بووێت، به‌رز بینرخێنین، کارمان تێ بکات، هونه‌ری شه‌هرامی نازری ئه‌و هونه‌ره‌ هێژایه‌یه‌، که گیانمان ده‌شواته‌وه‌ و ده‌روونمان خاوێن ده‌کاته‌وه‌ و‌ هه‌میشه‌ پله‌ به‌ پله‌ به‌ره‌و هه‌وراز هه‌ڵمانده‌کشێنێت. هونه‌ری شه‌هرامی نازری هونه‌ره‌، سا ئیدی به‌ هه‌ر زمانیک بێت.                    
15/5/2009

————————————————

http://www.peyamner.com/details.aspx?l=1&id=124325    [1] بنۆڕه‌ لینکی:

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.