Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
بارانی قه‌زوین‌

بارانی قه‌زوین‌

Closed

 بارانی قه‌زوین‌
 دیدار مه‌سیفی

dmasifi289@yahoo.ca

 

  ‌{ که‌ تاریک داهات ڕێپوانه‌که‌ش ته‌واو بوو، شاره‌که‌ خزایه‌ نێو بێده‌نگییه‌کی پڕ له‌ مه‌ترسی: ده‌ماره‌کان کرژ و پڕ بوون له‌ توڕه‌یی، ملیۆنان گه‌نج ئاماده‌بوون خۆیان به‌خت بکه‌ن بۆ  ئامانج- هه‌ر چ ئامانجێک، ته‌نها ناوی بنێ و ئێمه‌ له‌وێ ده‌بین، ئه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌یه‌، ئه‌وه‌ که‌مترین شته‌ که‌ ئێمه‌ بتوانین بیکه‌ین بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌و ئیمامه‌ پیرۆزانه‌ی   خۆیان بۆ ئێمه‌ کرده‌ قوربانی. ‌هه‌ر که‌سێک هۆش و ئاگاداربوونی هه‌بووایه‌ ده‌یزانی چۆن له‌ جاده‌ و به‌ر پێی  پیاوه‌کان دوور بێت. به‌ڵام ترس و ئاگادار بوون بۆ روبی دوو شتی ناجۆر و ناته‌بابوون، چونکه‌ ئه‌و کورده‌، کورده‌کان ئازا و به‌له‌نگازن، ئه‌وان کیژه‌کانیان وه‌ک کوڕ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن، ده‌یانێرنه‌ به‌ر خوێندن و فێریان ده‌که‌ن که‌ سوارچاک و تفه‌نگ هاوێژ بن، هه‌روه‌ها بۆ هه‌ر شوێنێک ده‌چن و روویان داناپۆشن. . . . } 

caspin_756536099.jpg                                                                                

ئه‌وه‌ی نێو که‌وانه‌ وه‌رگێڕاوی په‌ره‌گرافی دووه‌مه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 189 ی رۆمانی بارانی قه‌زوین که‌ باس له‌ رۆژێکی ڕێپوانی عاشورا ده‌کات، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو وورده‌کارییه‌ مێژووییه‌کانی ئه‌و رووداوه‌ و که‌ش و هه‌وای رۆمانه‌که‌ بباته‌ دۆخێکی دیکه‌وه‌. بارانی قه‌زوین به‌ر له‌وه‌ی رۆمانێکی سیاسی و مێژووی بێت بریتی یه‌ له‌ چیرۆکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی زاری کچۆڵه‌یه‌کی دوازده‌ ساڵان به‌ ناوی یاس که‌ تێیدا‌ باس له‌ شیرینییه‌کانی ئه‌وین و تاڵییه‌کانی دابڕانی نێوان دایکی و باوکی ده‌کات.                                                                                                                                                 
ئه‌و رۆمانه‌ سێ سه‌د لاپه‌ڕه‌ییه‌ به‌رگ قه‌شه‌نگه‌ دوا به‌رهه‌می نوسه‌ر و پرۆفیسۆری ئه‌ده‌بیات جینا نه‌هاییه‌ که له‌‌ هه‌شت به‌ش پێکهاتووه‌ و به‌سه‌رهاتی دوو بنه‌ماڵه‌ی جوو له‌ شه‌سته‌کانی تاران ده‌گێڕێته‌وه‌. روبی* ئه‌و ژنه‌ کورده‌ی له‌ په‌ره‌گرافی سه‌روودا ناوی هاتووه‌ کاره‌که‌رێکی هه‌ژاره‌ و ساڵانێکی درێژه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی حه‌سه‌ن پێکه‌وه‌ له‌ ناو ماڵی خانه‌واده‌ی ئه‌رباب ئیش ده‌که‌ن و ژیان ده‌گوزه‌رێنن. ئه‌وان هه‌ردووکیان له‌و رۆمانه‌دا دوو کاره‌کته‌ری مام ناوه‌ندین له‌ قه‌ره‌باڵغ کردنی فه‌زای بارانی قه‌زوین.                                                                                                       
سه‌ره‌تا رۆمانه‌که‌ی نه‌هایی به‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ به‌هاری ته‌مه‌ن شازده‌ ساڵ به‌ خۆی کتێبه‌کانی به‌ره‌وه قوتابخانه‌ ده‌چێت، کاتێک له‌ پڕ ئه‌وه‌نده‌ نامێنێت به‌ر ئۆتۆمبێلێک بکه‌وێت و وه‌ک براکه‌ی گیانی له‌ ده‌ست بدات که‌ ساڵانێکی پێشووتر به‌ر ئۆتۆمبێل که‌وتبوو. ئه‌و سه‌ر له‌ سپپێده‌یه‌ زووه‌ به‌هار دونیا ئه‌وه‌نده‌ جوان و قه‌شه‌نگ ده‌بینێت ئیدی کاری به‌ هات و هاواری شوفێره‌که‌ نیه‌ که‌ پێیده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ژیانی خۆت لێ به‌ڵایه‌ با تایه‌ری ئۆتۆمبێله‌که‌ی ئه‌و پیس نه‌کات به‌ پان بوونه‌وه‌ ‌له‌ ژێریدا. ئه‌وه‌ ده‌نگی حه‌سه‌نه‌ کاتێک سه‌بری نامێنێت به‌ ده‌ست بێئاگایی به‌هار له‌ مه‌ترسی و راگرتنی کۆمێک له‌ ئۆتۆمبێلان له‌ جاده‌که‌دا. به‌هار هێواش هێواش کتێبه‌کانی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی دونیا ته‌نها بۆ ئه‌و بگوزه‌رێت تا تێیدا هه‌موو به‌یانیان بۆنی ئه‌و گوڵ و گوڵزارانه‌ی سه‌ر ڕیگا بکات له‌ وه‌رزێک که‌ ئه‌وی به‌ ناو کراوه‌. بێئه‌وه‌ی بزانێت که‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ جێگای سه‌رنجی ئومێد ئه‌و که‌سه‌ی دواتر خۆشی و خه‌فه‌ت پێکه‌وه‌ ده‌هێنێته‌ دونیای ئه‌و کچه‌ جوانه‌ هه‌رزه‌کاره و قه‌ده‌ری به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر چاوه‌ڕوان ده‌گۆڕێت.                                                                                            
ئومێد کوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌کی جووله‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و به‌ نیگایه‌کی خێرا دا ده‌که‌وێته‌ داوی ئه‌وینی به‌هار که‌ ئه‌ویش کچی  ماڵیکی جووله‌که‌یه‌ به‌ڵام زۆر هه‌ژاتر له‌ ئه‌وان و ماڵه‌که‌یان له‌ باشووری تارانه‌. روودا‌وه‌کانی بارانی قه‌زوین بریتی یه‌ له‌ کێشه‌ و گرفتی سه‌رخستن و ژێرکه‌وتنی ئه‌و ئه‌وینه‌‌، ‌به‌ڵام به‌ جۆرێکی سه‌یریش خۆی پاراستووه‌ له‌‌ چوونه‌ ناو قوڵایی شته‌کان، تا ئه‌و راده‌یه‌ی ‌خوێنه‌ر به‌ ته‌واوی هه‌ست بکات که‌ رۆمانێک ده‌خوێنێته‌وه‌ به‌ که‌مترین گۆڕان له‌ ناوی شوێن و کاره‌کته‌ره‌کان، ده‌کرێت رۆمانه‌که‌‌ له‌ شارێکی ئه‌مریکایی وه‌ک لۆس ئه‌نجلس روویدابێت.                                          
 ئومێد لێره‌ به‌ دواوه‌ گه‌یشتن به‌ به‌هار تاکه‌ ئامانج و خواستی ده‌بێت، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک دوای ده‌که‌وێت و شوێنی ماڵه‌که‌یان ده‌زانێت، دایک و باوکی هان ده‌دات که‌ بۆی بچنه‌ خوازبێنی ئه‌و کچه‌.                                            
ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رباب گرفت و کێشه‌ دروست ده‌کات و دایک و باوک چه‌نده‌ی ده‌که‌ن ناتوانن کوڕه‌ تاقانه‌که‌یان په‌ژیوان بکه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و کچه‌ هه‌ژاره‌. هه‌روه‌ها له‌ لاییه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ماڵی به‌هار ئامۆژگاری  کچه‌که‌یان ده‌که‌ن له‌ بڕیاردانی رازی بوون قوڵتربێته‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی بزانن که‌ کیژه‌ هه‌ژاره‌که‌یان به‌ چوونه‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رباب چه‌نده‌ خۆشی و که‌یف و سه‌ڵته‌نه‌ت ده‌بینێت، ده‌ ئه‌وه‌نده‌ دووچاری ناخۆشی و دڵره‌نجان و شتی دیکه‌ ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئومێد و به‌هار هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌وه‌ی نێوانیان بریتی یه‌ له‌و جۆره‌ ئه‌وینانه‌ی که‌ هه‌موو به‌ربه‌سته‌کان ڕاده‌ماڵێت. له‌ کاتێکی زوو دا زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رباب به‌ روو کرژ و له‌شی گرانه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ئاماده‌ی زه‌ماوه‌ندی کوڕه‌که‌یان ده‌بن.                                                                                                                                      
له‌ نێو ووره‌کارییه‌کانی گه‌یشتنی ئومێد و به‌هار خوێنه‌ر ئاشنا ده‌بێت به‌ که‌لتوری جووه‌کانی ئێران که‌ چۆن تقووسه‌ ئاینیه‌کانیان و ره‌فتاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.                                                                                     
به‌هار جگه‌ له‌و بڕا که‌ڕه‌ی که‌ به‌ر ئۆتۆمبێل ده‌که‌وێت، دوو  برا و دوو خوشکی  دیکه‌ی هه‌یه. برا گه‌وره‌که‌ که‌سێکی ده‌نگ خۆشه‌ به‌ڵام هه‌رگیز فرسه‌تی ئه‌وه‌ی نابێت که‌ به‌هره‌که‌ی به‌ شوێنێت بگه‌یه‌نێت بۆیه‌ هه‌رگیز له‌ ره‌شبینی رزگاری نابێت. براکه‌ی دیکه‌ که‌ له‌ هه‌موویان زۆرزانتره ناوی خۆی له‌ مۆشێ وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ موحه‌مه‌د و کچی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌خوازێت. نوسه‌ر له‌ ته‌واوی رۆمانه‌که‌ ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ به‌ جه‌دید ئه‌لئیسلام ناو ده‌بات و له‌ کوڕه‌ جووله‌که‌یه‌کی هه‌ژاره‌وه‌ ده‌یکات به‌ زاوایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی موسڵمان. دیاره‌ به‌و به‌راوردکردنه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ جۆره‌ زۆر و سته‌مێکی شاراوه‌ نیشان ده‌دات که‌ هه‌رده‌م ده‌که‌وێته‌ به‌رده‌م که‌مینه‌کان به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ژار و نه‌دار بن. به‌ڵام له‌ باس کردنی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رباب ئه‌وه‌ وه‌ک خۆی نابینرێت چونکه‌‌ سه‌روه‌ت و پاره‌ هه‌رده‌م ڕه‌هه‌نده‌ی له‌وانه‌ش گه‌وره‌تر په‌رده‌پۆش ده‌کات.                                                                                                                                    
رۆژی ‌زه‌ماوه‌ند بریتی یه‌ له‌ خاڵێک که‌ تێیدا هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ده‌رده‌که‌ون. جیا له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی به‌هار ده‌خاته‌ دڵه‌ڕاوکێ و نیگه‌رانیه‌کی زۆره‌وه سه‌باره‌ت به‌و رۆژه‌‌ بینینی تارمایی برا مردوویه‌که‌یه‌تی، شتێک که‌ زۆر زیندوو خۆی نیشان ده‌دات و دواتریش تا کۆتایی رۆمانه‌که‌ به‌ دوایه‌وه‌ ده‌بێت. تا ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی  دواتر جێگا  له‌ نێو نیگای کچه‌که‌شی ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌ی به‌ سۆز لێی ده‌ڕوانێت و خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌.                       
یاسی حیکایه‌توان دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند به‌شێکی درێژ چیرۆکی ئه‌وین و کێشه‌ و گرفتی ژیانی هاوسه‌ری نێوان باوک و دایکی ده‌گێڕێته‌وه‌، دواتر ده‌چێته‌ نێو ناخی خۆی و به‌ چاوی کیژۆڵه‌یه‌ک دونیایه‌ک ده‌خاته‌ روو که‌ پڕه‌ له‌ ناکۆکی و کێشه‌ و گرفت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ستی ناسکی ئه‌و.                                        
دایک و باوکی ئومێد ئه‌رباب هه‌ر دوایی گه‌یشتی کوڕه‌که‌یان به‌ به‌هار کۆنه‌ خانوێک له‌ گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژار دوور له‌وه‌ی خۆیان له‌ جاده‌ی په‌هله‌وی به‌و ده‌به‌خشن وه‌ک ئه‌وه‌ی‌‌ سزای بده‌ن تا له‌و خه‌ونی به‌ ناو ئه‌وینه‌ به‌ ئاگابێت. ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌‌ یاس وه‌ک نه‌وه‌ی خۆیان سه‌یر ناکه‌ن، بۆیه‌ دواتر له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ژیانی که‌یف و سه‌یفی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رباب و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ناسیاوه‌کانی ئه‌وان بگێڕێته‌وه‌، یاس رۆژانه‌ باس له‌ روبی و چه‌ند کاره‌کته‌رێکی دیکه‌ ده‌کات که‌ سه‌رباری هه‌ژاری و نه‌داری خۆیان کۆمێک سۆز و خۆشه‌ویستی به‌و ده‌به‌خشن.     ئومید پاش ماوه‌یه‌کی گه‌لێک کورت ئه‌و ئه‌وینه‌ی بۆ به‌هار نامینێت و هه‌ست ده‌کات هه‌ڵه‌يه‌کی گه‌وره‌ی کردووه‌ له‌ دڵدان به‌ کچه‌ هه‌ژارێک. چونکه‌ ده‌زانێت له‌ دیدی ناسیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان شوێن و پایه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ به‌ تایبه‌ت که‌ له‌ ئاهه‌نگ و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌هاری له‌گه‌ڵ دا ده‌بێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ به‌هار هه‌رده‌م به‌ باوه‌ڕ و خۆڕاگرتر له‌ ئه‌و به‌ره‌نگاری  قه‌ده‌رێک ده‌بێته‌وه‌ دووچاری بووه‌.                            
رۆژێک ئومێد له‌ دوکانی زێڕ و خشڵ فرۆشێکی ناو هۆتێڵ هیڵتۆن که‌ هی چه‌ند برایه‌کی ئه‌رمه‌نی یه‌، چاوی به‌ ژنێکی جوان ده‌که‌وێت و وه‌ک جاری پێشوو ده‌که‌وێته‌ داوی ئه‌وینێکی دیکه‌وه‌. ئه‌و ژنه‌ ناوی نیاز ده‌بێت و هاوسه‌ری پیره‌ پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ که‌ بازرگانییه‌کی مه‌زن له‌ ئه‌وروپاوه‌ به‌رێوه‌ ده‌بات. ئومێد له‌ برا ئه‌رمه‌نییه‌کان ده‌زانێت که‌وا نیاز به‌ ئاین ئیسلامه‌ به‌ڵام له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌ پیر و ئه‌وینداره‌که‌ی ئازادییه‌کی ره‌های هه‌یه بۆ که‌یف و ڕابواردن‌. بۆیه‌ نیاز ناوه‌ ناوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاران و دڵی ده‌وڵه‌مه‌ندان ده‌دزێت و ده‌یانخاته‌ داوی خۆیه‌وه‌ تا کۆمێک خشڵ و زێڕیان پێ مه‌سره‌ف ده‌کات دوایی جێیانده‌هێڵیت. ئومێد بێئه‌وه‌ی گوێ به‌وه‌ بدات له‌ دووره‌ ئه‌و ژنه‌ی خۆشده‌وێت و حه‌ز به‌ گه‌یشتنی ده‌کات. ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ گشت شوێن چاو بۆ دیده‌نی ده‌گێڕێت، دواتر ئه‌ڵماسێکی پڕ نرخ و به‌های بۆ ده‌نێرێت که‌ ده‌زانێت نیاز پێشتر له‌ دوکانی برا ئه‌رمه‌نییه‌کان چاوه‌کانی خستۆته‌ سه‌ر‌. دوای ئه‌وه‌ به‌ نهێنی  و له‌ پشته‌وه‌ی به‌هار نیاز ده‌بینێت و زۆر شه‌وان له‌ ئه‌پارتمانه‌ به‌رزه‌که‌ی ده‌مینێته‌وه‌ که‌ له‌ شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کانی دا لوتکه‌ی چیاکانی ئه‌لبورز و ده‌ماوه‌ند دیارن. روبی ژنه‌ کورده‌که‌ش وه‌ک ئومێد ئه‌وینێکی قاچاغ له‌گه‌ڵ گه‌نجێکی ئاشووری ته‌پڵلێده‌ر ساز ده‌کات که‌ له‌ ماڵی کچێکی ئه‌رژه‌نتینی به‌ ناوی سه‌ماکه‌ری تانگۆ ژوورێکی گرتووه.  به‌هار له‌و نێوانه‌دا زه‌ینی ته‌نها له‌سه‌ر کچه‌کیه‌تی و ده‌یه‌وێت به‌ جۆرێک په‌روه‌رده‌ی بکات و هه‌ڵه‌ نه‌کات. رقی له‌ هه‌ست ناسکی خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌وه‌ی ‌که‌وته‌ ژیانێک که‌ هه‌رگیز ئه‌و رۆژه‌ی که‌‌ کتێبه‌کانی لێده‌که‌ون پێشبینی نه‌کردبوو.                                                             
کچه‌ ئه‌رژه‌نتینه‌که‌ له‌ لایه‌ن ژن و مێردێکی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ به‌ خودان کرابوو که‌ گومانی نازی بوونیان لێده‌کرێت و له‌ ئێران خۆیان شاردبێته‌وه‌. رۆژێکیان ئه‌و ژن و مێرده‌ پێکه‌وه‌ ده‌مرن و ماڵه‌که‌ بۆ ئه‌و کچه‌ جێده‌هێڵین که‌ له‌ ئه‌رژه‌نیتینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوو. نوسه‌ر له‌ زاری حیکایه‌توانه‌وه‌ گومان ده‌کات که‌ ئه‌وه‌ مردنێکی ئاسایی بوو بێت، مه‌زه‌نده‌ ده‌کات که هه‌رتک‌ خۆیان کوشتبێت تا ئه‌و توانج و‌ پلار لێبدات و‌ بڵێت که‌وا که‌سانێک بتوانن ملیۆنان جوو بکوژن سه‌ندنی گیانی دوو که‌س با هی خۆشیان بێت ژماره‌ نییه‌.                                              
کچه‌ ئه‌رژه‌نتینیه‌که‌ دوای ئه‌وان چه‌ند ژوورێکی ماڵه‌که‌ به‌ کرێ ده‌دات. که‌ یه‌کێکیان بۆ دۆسته‌ ئاشووریه‌که‌ی رۆبی ده‌بێت‌ و ئه‌ویدیکه‌ش کوڕێکی زه‌رده‌شتی به‌ ناوی چه‌مادۆنی تێیدا ده‌ژیت و ده‌بێت به‌ دۆستی نزیکی خاوه‌ن ماڵ. ژیان له‌و گه‌ڕه‌که‌دا بۆ به‌هار له‌ فلیمێلکی پڕ له‌ سه‌راو ده‌راو و ده‌رده‌سه‌ری ده‌چێت بۆیه‌ ناوه‌ ناوه‌ خۆی کچه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵی باوکی.                                  
له‌ نێوان هات و هاواری رۆژانه‌ی ئومێد و به‌هار دا یاس منداڵێکی گوێگرانی لێده‌رده‌چێت که‌ کۆمێک له‌ ترس و گرێی ده‌روونی تێدا کۆبۆته‌وه‌. به‌هار له‌ رقی ماڵی ئه‌رباب ده‌یه‌وێت کچه‌که‌ی وه‌ک کوڕ نیشان بدات چونکه‌ ئه‌وان که‌ به‌هار یاسی بوو دووبار ‌سه‌رکۆنه‌ی کوڕه‌که‌یان کرد له‌ هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رێک که‌ شوێن و مه‌کانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگا بووه‌ به‌ شه‌رمێک به‌ نێو چه‌وانی ئه‌وانه‌وه‌.                             
به‌هار له‌ شه‌ڕ و به‌رگریکردنێکی سه‌یر ده‌بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی کچایه‌تی یاس و گوێ ته‌پ بوونه‌که‌ی. یاس له‌ ناخه‌وه‌ به‌و شه‌ڕه‌ی به‌ قه‌ده‌ری ده‌کرێت هه‌ست به‌ ڕه‌نجان و تیکشکان ده‌کات و ڕقی له‌ دایکی و باوکی ده‌بێته‌وه‌. رۆژێک به‌ نهێنی داوا له‌ چه‌مادۆنی ده‌کات که‌ ئامێرێکی گوێی بۆ بهێنێت و له‌و ده‌رده‌ رزگاری بکات. چونکه‌ به‌ بینی تارمایی برا مردووه‌که‌ی به‌هار و وێنه‌ی شێوه‌ کوڕانه‌ی خۆی له‌ شووشه‌ی په‌نجه‌‌ره‌که‌دا، هه‌ست ده‌کات ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کانیش نه‌ ببیستێت زیاتر ده‌بێته‌ قوربانی شه‌ڕی نێوان بنه‌ماڵه‌ی باوک و دایکی.  
به‌هاریش له‌و شه‌ڕه‌ دا زۆر ماندووه‌ و تاقه‌ که‌س که‌ پشت و په‌نایه‌تی بریتی له‌ روبی کاره‌که‌ر. به‌ڵام دواتر روبیش ده‌که‌وێته‌ به‌ر زه‌بری خیانه‌تی ئه‌ویندار و دۆسته‌ ئاشوریه‌که‌ی کاتێک له‌گه‌ڵ تیمێکی ناوداری تاران دا فرسه‌تی بۆ رێک ده‌که‌وێت بچێته‌ ئه‌مریکا. رۆژێک بێئه‌وه‌ی هیچ به‌ که‌س بڵێت به‌ نهێنی ماڵی کچه‌ ئه‌رژه‌نتینیه‌که‌ و گه‌ڕه‌که‌که‌ جێده‌هێڵێت.  دواتر به‌هار له‌ زاری برا گۆرانی بێژه‌که‌ی هه‌واڵی دۆسته‌که‌ی روبی ده‌زانێت و به‌ڵام ناتوانێت هیچ به‌ روبی بڵێت.            نیاز ژنێکی جوان و سۆزانی پاره‌ په‌رسته‌، ئومێد به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ زیاتر له‌وه‌ی پێشوو دایک و باوکی ده‌ڕه‌نجێنێت. بۆیه‌ هه‌ردووکیان فشار ده‌خه‌نه‌‌ سه‌ر ئومێد تا له‌به‌ر خاتری کچه‌که‌ی رێز له‌ ژیانی هاوسه‌ری بگرێت، ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ست تێکه‌ڵ کردن له‌گه‌ڵ ژنێکی سۆزانی ناوی بنه‌ماڵه‌که‌یانی به‌ لاوه‌ گرنگ نییه‌. نیاز له‌و فرسه‌ته‌دا به‌ره‌و ئه‌مریکا سه‌فه‌ر ده‌کات و به‌ ئومێد ده‌ڵێت که‌وا وازی لێبهێنێت.                          
دوای نیاز، ئومێد و به‌هار چه‌ند سه‌فه‌رێکی مازه‌نده‌ران و قه‌زوین ده‌که‌ن به‌ڵکو بتوانن لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌ بکه‌نه‌وه‌. یاس به‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ شادییه‌کی بێوێنه‌وه‌ و هه‌ست ده‌کات ئه‌وه‌ یه‌که‌م جاره‌ دایک و باوکی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆر ناخایه‌نێت چونکه‌ دووری نیاز به‌ جارێک دڵی ئومێد کۆڵبیوو‌ که‌ نه‌توانێت زیاتر خۆی بگرێت. شه‌وێک به‌ نهێنی ده‌یه‌وێت جانتاکانی بپێچێته‌وه‌، یاس هه‌ست به‌ پلانه‌که‌ی ده‌کات و پێی ده‌ڵێت که‌وا بۆ هه‌ر شوێنیک چوو ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ببات.                   
ئه‌ویش به‌ڵێن به‌ یاس ده‌دات که‌جیێ ناهێڵێت. بۆ به‌یانی کاتێک یاس به‌سه‌ره‌ په‌نجه‌ بۆ ژووره‌که‌ی باوکی ده‌چێت له‌ لایه‌ن به‌هاره‌وه‌ ده‌بینرێت و دواتر هه‌ردووکیان به‌ رۆیشتنی ئومێد پرسیار تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بن و خه‌م و په‌ژاره‌ی دونیا له‌ روویان کۆده‌بێته‌وه‌.                   
یاس له‌ قینی ئه‌و بێ په‌یمانیه‌ی باوکی و دڵره‌قی دایکی ئاگر له‌ ماڵه‌که‌ به‌رده‌دات، به‌ڵام که‌ ده‌بینێت دایکی و روبی سه‌رباری ده‌ربازبوونیان دووباره‌ بۆ فریادره‌سی ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نێو گوڕ و ئاگر، یاس ته‌نها لێره‌وه‌ ده‌رک به‌وه‌ ده‌کات که‌ ژیانی  بۆ ئه‌وان زۆر گرنگه‌.                                          
دوا وشه‌ ئه‌و رۆمانه‌ به‌ په‌ره‌گرافی کورت کورت و زمانێکی دوور له‌ فه‌نتازیاوه‌ نوسراوه‌ و رووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌. زیاتر له‌ ده‌قێکی ڕێکخراو و ئاماده‌ کراو ده‌چێت له‌وه‌ی شتێک بێت که‌ خۆڕسک خۆی خستبێته‌ سه‌ر کاغه‌ز.                         
که‌ خوێنه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه‌ هه‌ست ده‌کات له‌ به‌رامبه‌ر ده‌قێک دایه‌ که‌ پڕه‌ له‌ رووداو و پرسیاری هه‌ست بزوێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێن به‌ زه‌قی نائاماده‌بوونێکی سه‌یری پێوه‌ دیاره‌. چونکه‌ بارانی قه‌زوین بۆنی بارانی کالیفۆرنیای لێدێت.                       

 

* روبی به‌ ئینگلیزی مانای یاقوت ده‌گه‌یه‌نێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ی نه‌هایی ناوی یاقوته‌ بووبێت، ئه‌گه‌ر وابێت رۆمانه‌که ته‌نها‌ بۆ خاتری بازاڕ ناوی ئه‌و ژنه‌‌ و  به‌شێکی زۆری له‌‌ بۆن و به‌رامه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ی گۆڕیوه‌ و  له‌ ده‌ست داوه‌.         
– جینا نه‌هایی خاوه‌ن چه‌ندین رۆمان و نوسینه‌.  پێده‌چێت ئه‌و خانمه‌ رۆمانوسه‌ سۆزێکی گه‌وره‌ی بۆ کوردان هه‌بێت، چونکه‌ له‌ به‌ناوبانگترین رۆمانی به‌ ناوی {بێده‌نگی یه‌کشه‌ممه‌ } پاڵه‌وان‌ كچه‌ جووله‌که‌یه‌کی کوردی عیراقه‌ که‌ له‌ ئه‌مریکا ده‌ژیێت و له‌ لایه‌ن مه‌سیحیه‌ توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ دژایه‌تی و بێزاری له‌ به‌رامبه‌ر ده‌کرێت.                                                               
بۆ ئێستاکه‌ من  پێم باش بوو دوا به‌رهه‌می ئه‌و خانمه‌ نوسه‌ره‌ بخو ێنمه‌وه‌ که‌ بارانی قه‌زوینه‌.                                        

Previous
Next