Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ناڵه‌یه‌ك له‌ عه‌رعه‌ره‌وه‌ دێ‌

ناڵه‌یه‌ك له‌ عه‌رعه‌ره‌وه‌ دێ‌

Closed
by May 18, 2009 ئەدەب

ناڵه‌یه‌ك له‌ عه‌رعه‌ره‌وه‌ دێ‌
نوری بێخاڵی

 

 

كه‌ گه‌رده‌لوولی غه‌زوی بیابان هه‌ڵیكرد
ئێره‌ تازه‌ به‌هارێكی نه‌و شكوفته‌ بوو
كه‌ تۆفانی ره‌شی لمی سارا هاته‌ ئێره‌
هێشتا دره‌خته‌كان خه‌ونیان به‌ رزینی به‌ره‌كانیانه‌وه‌ نه‌بینیبوو
كه‌ سه‌علوكه‌كانی نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب
 به‌ پێی خاوس و به‌سه‌ر پشتی فه‌تواوه‌ هاتن بۆ غه‌زو
لێره‌ تازه‌ گزنگی خۆری ژیان
به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وتبوو
كه‌ له‌شكری جه‌هل به‌ سواری حوشتره‌وه‌ هاتن
ئێره‌ مێرگێكی كاكی به‌ كاكی هه‌ڵاڵه‌ بوو
كه‌ سیڕه‌ی شیر و خرمه‌ی رم و جیڕه‌ی تیغ و تیر
وه‌ك ره‌شه‌با به‌ گوێی ئه‌و ناوه‌یان دادا
ئێره‌ مه‌ستی ئاوازێكی خۆشخوان و
نقوومی خه‌ڵوه‌تی عاشقانه‌ی ژیان بوو
ئه‌وان كه‌ هاتن وه‌ك كولله‌
به‌ربوونه‌ گیانی لاسكی گوڵه‌گه‌نمه‌كان
وه‌ك تاعون رژانه‌ گه‌رووی شار
وه‌ك سن نه‌مامه‌كانیان له‌ ره‌گه‌وه‌ وشك كرد
وه‌ك زێرو خزانه‌ بن زمانی منداڵان
وه‌ك په‌پوویه‌كی نه‌گبه‌ت سه‌ر گوێسوانه‌ی بان و
به‌ر هه‌یوان و ئاسۆی بینینیان لێڵ كردین
وه‌ك هه‌ورێكی ره‌ش رژانه‌ قوڕگی ئێواره‌ی ئه‌رخه‌وانیمان

*****
كه‌ ئه‌وان هاتن
ئه‌و ساڵه‌ ساڵی نه‌هات و
ساڵی قات و
ساڵی شووم بوو
ئه‌و ساڵه‌ ساڵی نه‌گبه‌تی و
ساڵی مه‌رگ و
ساڵی خوێن و
ساڵی تاڵان و
ساڵی حه‌ڵاڵكردنی كوشتنی په‌پووله‌ و
ساڵی حه‌رام كردنی ژیان بوو
ئه‌و رۆژه‌ی به‌ زیندوویی
سه‌علوكه‌كان نه‌فخی سوری
كۆتایی بوونمانیان لێدا
بیابان بوو به‌و مه‌حشه‌ره‌ی خۆی كرد به‌ قه‌ده‌ری هه‌موومان و
مێرگه‌كانی پڕ كردین له‌ ژه‌هری مردن

*****

له‌و سارایه‌ی پڕیه‌تی له‌ گڵكۆی
ئه‌و پاكیزه‌ خۆ نه‌ناسیوانه‌ی
عه‌قڵی به‌دو زینده‌به‌چاڵی كردن
ئه‌و بیابانه‌ی پڕه‌ له‌ مێژووی خوێن و
ئێستاش شڕوشیتاڵی دوای تاڵان و بڕۆی
سه‌علوكه‌كان به‌سه‌ر تووتڕكه‌كانییه‌وه‌ ماوه‌
ئه‌و لمستانه‌ی هه‌ر بستێكی
شوێن نووكی خه‌نجه‌ر و
تیغی شمشێره‌
له‌ ده‌نگی گورگ و كه‌متیار زیاتر
گوێی به‌ هیچ ئاوازێكی تر ئاشنا نییه‌
سیمای خه‌مگینی ئه‌مازیغ و
روخساری رووشاوی قیبت و
سوتماكی جه‌سته‌ی كورد
به‌سن بۆ پێناسه‌ كردنی
*****

ئه‌وانه‌ی دوێنێ‌
 به‌ سواری ئه‌سپه‌وه‌ بۆ دۆڵی ئه‌سحابه‌ و شه‌هیدان
به‌سه‌ری رمه‌وه‌ خوێنیان رژاندین و
كچه‌كانمانیان سواری پشتی ئه‌سپه‌كان كرد و
رووبارێ‌ خوێنی پاك و
سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌لاشه‌ی سڕی كوڕه‌كانیان بۆ به‌ جێهێشتشن
له‌ هه‌شتاو هه‌شتیش به‌ سه‌ر پشتی ده‌بابه‌ و
به‌سه‌ر باڵی فڕۆكه‌وه‌ هه‌ناسه‌یان پڕ كردین له‌ ژه‌هر و
ماڵه‌كانیان پڕ كردین له‌ ساچمه‌ و
كانییه‌كانیان پڕ كردین له‌ بارووت
گونده‌كانیان پڕ كردین له‌ دووكه‌ڵ
ئه‌وانه‌ هه‌ر هه‌موویان
ئه‌وانه‌ی سه‌ر پشتی حوشتر و
ئه‌وانه‌ی سه‌ر باڵی فڕۆكه‌
ئه‌وانه‌ی به‌ شمشێر و عه‌گال و ده‌مامكه‌وه‌ هاتن
ئه‌وانه‌ش به‌ خوده‌ و  تفه‌نگه‌وه‌ هاتن
هه‌موویان كوڕی فتوای بیابان بوون
یه‌ك خه‌ون
یه‌ك روئیا كۆیان ده‌كاته‌وه‌
ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك ره‌سه‌ن
ره‌سه‌نی مه‌رگ و خوێن و تاریكی
ره‌سه‌نی راووڕووت و جه‌هل
ره‌سه‌نی جیهاد و ته‌كفیر و ته‌لحید و ته‌بعیس و ته‌عریب

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.