
حزب و گۆڕان
حزب و گۆڕان
مه‌جید ساڵح
وه‌ك زۆر شتی دیكه ئه‌م وڵاته حزبه‌كانیشمان به شێوه‌یه‌كی سروشتی له دایك نه‌بوون. هه‌ربۆیه پاش هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وانیش توشی هه‌زارو یه‌ك گێرمه‌وكێشه دێن و به‌رگه‌ی دۆخه نوێیه‌كه ناگرن. بۆیه یان له‌ت و په‌ت ده‌بن، یان بڕسكیان تێدا نامێنێت و گهڕووگول ده‌بن و ده‌كه‌ونه په‌راوێزه‌وه. هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كان بۆ رۆڵی حزب له زه‌مه‌نه جیاوازه‌كاندا. ئه‌وان كه زاده‌ی سه‌رده‌می شاخ و خه‌باتی نهێنین، ده‌یانه‌وێت به هه‌مان عه‌قڵیه‌ته‌وه موماره‌سه‌ی حزبایه‌تی بكه‌ن له سه‌رده‌می شاردا. به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌زمون وه‌رگرن له‌وه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته بو بووه هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ. هه‌روه‌ها حزبی كوردی تێڕوانینی بۆ كادر‌و ئه‌ندامه‌كانی خۆی، تێڕوانینێكی نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌و له گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا ناگونجێ، به‌ڵكو زۆر جار ده‌چێته چوارچێوه‌ی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه. حزبی كوردی پێش هه‌ر شتێك ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌و وته باوه‌ی سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنی كه ده‌یوت "جێبهجێكهو دواتر موناقشه‌ی بكه"، ئه‌ندامه‌كانی خۆی بخه‌سێنێت و به‌تاڵیان كاته‌وه له هه‌موو بیركرنه‌وه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌و ته‌نها ئه‌و بۆچون و ئایدیایه له مێشكی‌دا بچێنێت كه سه‌رۆكی حزب له وتار‌و لێدوانه‌كانیدا ماوه ماوه بڵاوی ده‌كاته‌وه. حزبی كوردی "به تایبه‌تی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار" ته‌نانه‌ت پابه‌ند نین به‌و په‌یڕه‌و پرۆگرامه‌ی كه له به‌ناو گۆنگرهكانیاندا بڕیاری له سهردراوه و ئه‌رك و مافی ئه‌ندامه‌كانی دیاری كردوه.
له دۆخێكی ئاسایی وه‌كو ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، پێویسته حزبه‌كان ئه‌و كه‌ناڵانه‌ن بن كه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له رێگهیانهو خواسته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كانی خۆیانی پێ به‌دیده‌هێنن. به‌ڵام له واقعی ژیانی حزبایه‌تی ئێمه‌دا، حزبه‌كان بونه‌ته بۆتهقهیهك بۆ توانه‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له پێناوی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌و داروده‌سته‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت خێڵكهیشی.
به‌و پێیه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسانی حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان كه‌سانێكن شه‌رعیه‌تی بون به بهرپرسێتێان له خه‌باتی شاخه‌وه وه‌رگرتوه، نه‌ك توانا‌و شاره‌زایی و لێهاتووییان، هه‌ر بۆیه ده‌بینی به‌به‌رده‌وامی له‌و پرسیارانه هه‌ڵدێن كه له لایه‌ن نه‌وی دوای راپه‌ڕین لێیان ده‌كرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه دوای زیاتر له هه‌ژده ساڵ هێشتا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له رێگه‌ی بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌رده‌می ره‌شی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و تواناكانی ئه‌مان بۆ روبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، درێژه به شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵات بده‌ن.
ئه‌گه‌رچی وا باوه هه‌موو ساڵێك كۆنگره‌یه‌ك ببه‌سترێت، به‌ڵام سه‌رۆكی حزب تا دڵنیا نه‌بێت له‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان به‌و ئاراسته‌دا ده‌چێت كه ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌رگیز كۆنگره نابه‌ستێت. له حزبی كوردیدا كۆنگره‌كان زۆربه‌یان به چه‌پڵه رێزان ده‌ست پێده‌كه‌ن و به چهپڵهرێزانیش كۆتاییان پێدێت. به‌شداری كردنی كادری وه‌سه‌ت له بڕیارداندا بونی نیه. له‌سه‌ر ئاستی قاعیده‌ش رۆڵی نه‌ك هه‌ر نییه، به‌ڵكو له كاته پێویسته‌كاندا بۆ شكاندنی به‌رامبه‌ر كۆ ده‌كرێنه‌وه.
بۆیه له‌م دۆخه‌ی ئێستای كوردستاندا كه هه‌موو شتێك به‌ره‌و گۆڕان ده‌چێت، پێویست ده‌كات حزبی كوردییش له گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه نوێیه‌كه‌دا خۆی رێكخاتهوه و عه‌قڵی پاوانخوازی فڕێدات.