که‌رکوک بۆ سوننه و حوکمڕانیش بۆ شیعه
که‌رکوک بۆ سوننه و حوکمڕانیش بۆ شیعه
ئارام ڕه‌فعه‌ت
خوێندکاری دکتۆرا، به‌شی سیاسه‌ت، زانکۆی ئه‌ده‌لاید، ئوسترالیامهترسی ڕێککه‌وتنی سوننه و شیعه له سه‌ر بنه‌مای که‌رکوک بۆ سوننه به‌رامبه‌ر ملکه‌چ بوونی سوننه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتی شیعه سنووری ئه‌گه‌ری به‌زاندووه و ده‌کرێت به ئاسانی هه‌ستی پێ بکرێت. عێڕاق ئه‌مڕۆ له سه‌روبه‌ندی خۆ ئارایش دانه‌وه‌ی سیایسی و حوکمڕانی و ناسنامه دایه. ئه‌وه‌ی که وڵاتی عێڕاقی به‌ره‌و هێور بوونه‌وه بردووه، ته‌سلیم بوونی سوننه‌کانه به ئه‌مری واقیع و قه‌بوڵ کردنی حوکمی زۆرینه‌ی شیعه‌یه. شتێکی سه‌رنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه که ڕه‌گه‌زه‌کانی ئه‌و هاوکێشه تازه‌یه، هه‌مان یاریکه‌ری دوێنێن که له سه‌ر شوناس یه‌کتریان ده‌کوشت، واته هێزه سهنترالیستهکانی شیعه و سوننه‌ن. هه‌ردوو لایه‌نی هاوكێشه‌که، سوننه‌ی دۆڕاو و شیعه‌ی براوه به‌دوای بنه‌مایه‌ک دا ده‌گه‌ڕێن که سروشتی حوکمڕانی داهاتووی عێڕاق دیاری بکه‌ن. هه‌موو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌چن که که‌رکوک ئه‌و دیارییه بێت که ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه پێشکه‌شی سوننه‌ی بکه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیناریۆیه په‌ی پێ به‌ین پێویست ده‌کات سه‌ره داوه‌کان به‌یه‌که‌و ببه‌ستینه‌وه. له 31-12 – 2007، واده‌ی ده‌ستووری بۆ جێبه‌چی کردنی ماده‌ی 140 به‌سه‌رچوو. بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی جه‌عفه‌ری دووباره بکاته‌وه، مالیکی ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تی جێبه‌جێ کردنی ئه‌و مادده ده‌ستووریه‌ی نه‌ده‌کرد، به‌ڵام ماکیاڤیلانه ملی نه‌دا به جێ به‌جێ کردنی. ده‌ره‌نجام؛ ماده‌ی 140 جێبه‌چی نه‌کرا و هاو کات له گه‌ڵ ته‌واو بوونی مادده‌ی 140دا، به‌شێکی زۆری سوننه‌کان و هه‌ندێک له شیعه‌کان و نوێنه‌ری تورکومانه‌کان به‌تایبه‌تی به‌ره‌ی تورکمانی و ئه‌وانه‌ی ناو لیستی شیعه و که‌وتنه بانگه‌شه‌ی به‌سه‌رچون و ئیکسپایه‌ر بوونی ئه‌و مادده‌یه.
هۆکارێکی مل نه‌دانی مالیکی بۆ جێ به‌جێ نه‌کردنی ماده‌ی 140ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایدیۆلۆژیه‌تی عێڕاقچیانه و سهنترالیستانهی حزبی ده‌عوه و خودی مالیکی. له لایه‌کی تریش، هه‌ڵوێستی دێرینی ناحه‌زانه‌ی مالیکی و حیزبه‌که‌ی نه‌ک هه‌ر له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ کوردستان، به‌ڵکو له هه‌مبه‌ر فیدڕالییه‌تی کوردستان (له بابه‌تێکم دا به‌ناوی هه‌وڵێک بۆ شیعه ناسی له رۆژنامه‌ی رۆژنامه به درێژی باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م کردووه). ئه‌مه‌ش (واته مل نه‌دان به گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر کوردستان و لاواز کردنی پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان) یه‌کێکه له‌و پانتاییه هاوبه‌شانه‌ی نێوان سوننه و شیعه سهنترالیستهکان. وه پێده‌چیت هه‌ردوو لا به وریایی و زیره‌کییه‌وه سوودیان له‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه وه‌رگرتبێت. به نیسبه‌ت مالیکییه‌وه، جێ به‌جێ نه‌کردنی ماده‌ی 140 بۆته سه‌رمایه‌یه‌کی سیاسی و لای به‌رهه‌ڵستکارانی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ستاتۆی فیدڕاڵی کوردستان وه‌ک هه‌ڵوێستێکی عێڕاقیانهی بۆ هه‌ژمار کراوه.
بێجگه له ئایدیۆلۆژیه‌تی مالیکی و حیزبه‌که‌ی، چه‌ند هۆکارێکی تریش هانده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی مالیکی پشت بکاته ماده‌ی 140. یه‌کێک له‌و هۆکارانه ئه‌وه‌یه که له ساڵی 2007 دا مالیکی له ژێر فشاری ئه‌مریکیه‌کان دابوو بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕی نێوان شیعه و سوننه، وه مالیکی ده‌بوایه قه‌ره‌بووی شکسته مۆڕاڵی و ماددی و سیاسیه‌کانی سوننه بکاته‌وه بۆ هێنانیان بۆ ژێر رکێفی حوکمڕانی شیعه. له‌وه‌ش زیاتر، مالیکی هه‌لێكی مێژووی له‌به‌ر ده‌ست دابوو، له‌لایه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و حیزبه‌که‌ی له ده‌سه‌ڵات دا و له لایه‌کی تریش بۆ به‌دی هێنانی خه‌ونه هه‌زار و چوارسه‌د ساڵه‌ییه‌که‌ی عه‌ره‌بی شیعه بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه به ئیزافه کردنی ئه‌وه‌ی که سووننه‌کان له هه‌ردوو شه‌ڕی گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆنتڕۆڵ کردنی به‌غدا له هه‌مبه‌ر شیعه‌دا شکستیان هێنابوو. ئه‌وان له لایه‌ک تا زیاتر به‌رهه‌ڵستی و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌یان ده‌کرد زیاتر په‌راوێز ده‌بوون و له به‌ده‌ست هێنانه‌وی قه‌ڵه‌مڕه‌وی جارانیان بێ ئومێد تر ده‌بوون، وه له‌لایه‌کی تریشه‌وه له شه‌ڕی کۆنتڕۆڵ کردنی به‌غدا دۆڕابوون و شیعه‌کان توانیبوویان سێ-چاره‌کی به‌غدا پاکتاوی ڕيگهزی بکه‌ن و کۆنتڕۆڵ بکه‌ن و سوننه‌کان خه‌ریک بوو که به‌غدا به‌ته‌واوی له ده‌ست بده‌ن. دوا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان مۆری شه‌رعیه‌تی دا له گۆڕینی ناسنامه‌ی به‌غدا، له به‌غدای سوننه بۆ به‌غدای شیعه. له‌م شکست و شپرزه‌ییه‌دا گه‌ڕانی سوننه‌کان به دوای به‌دیل و ئیمتیازێکی تردا له هه‌مبه‌ر مل دانیان به شکسته‌کانیان و قه‌بوڵ کردنی حومڕانی شیعه حاڵه‌تێکی چاوه‌ڕون کراو و واقیع بینانه‌یه. پێده‌چێت که‌رکوک ئه‌م به‌دیل و ئیمتیازه بێت که شیعه‌کان شاباشی سوننه‌کانی بکه‌ن.
یه‌که‌م ده‌رهاویشته و ئاماژه‌ی ئه‌م بارودۆخه تازه‌یه، ته‌نها دوو هه‌فته له دوای به‌سه‌ر چوونی واده‌ی جێ به‌جێ کردنی ماده‌ی 140 ده‌رکه‌وت. له 12/1/2008 دا زیاترله 100 په‌رله‌مانتاری شیعه و سوننه له‌ده‌وری پلاتفۆرمێک دا که لێواو لێوی دژی خواسته‌کانی گه‌لی کوردستان بوون کۆبوونه‌وه. ئه‌م په‌رله‌مانتارانه سه‌ر به 12 فراکسیۆن بوون، وه له شیعه‌کان زیاتر ئه‌و په‌ڕله‌مانتارانه بوون که سه‌ر به حیزبی ده‌عوه وه ئه‌و حیزبانه‌ی که له ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی و مێژووییه‌وه له فه‌له‌کی حیزبی ده‌عوه‌دا ده‌خولێنه‌وه. له‌وانه‌ش ڕه‌وتی سه‌در و فه‌زیله، باڵه‌که‌ی شارستانی بوون و هه‌رهه‌موشیان به‌رگری له مه‌رکه‌زیه‌تی ده‌سه‌ڵات له عێڕاق دا ده‌که‌ن. له سوننه‌کانیش نوێنه‌ری زۆربه‌ی گروپ و کیانه جۆراو جۆره‌کانی سوننه‌ی تێدابوو، به‌وانه‌شه‌وه که هاوپه‌یمانی ستراتیژی پارتی و یه‌کێتی و هاوبیر و هاوخه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی بوون. ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ی کۆ کردبۆوه یه‌کپارچه‌یی عێڕاق و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های به‌غدا به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌کان و داهاتی نه‌وت دا بوو.
حه‌وت مانگ دواتر و له 22 ی تهمووز، ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ی نێوان شیعه و سوننه فراوانتر بوو ژماره‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره سوننی و شیعیانه گه‌یشته نزیکه‌ی 140 په‌رله‌مانتار که ماده‌ی 24 یان گه‌ڵاڵه کرد و توانیان بیکه‌نه یاسایه‌ک که پشتگیری یاسایی و په‌رله‌مانی هه‌بێت. ئامانج له ماده‌ی 24 گێڕانه‌وی که‌رکوک بوو بۆ واقیعی پێش ڕوخانی ده‌وڵه‌تی عێڕاق له ساڵی 2003. به پێی ئه‌م یاسایه ده‌سه‌ڵاتی کوردی له پارێزگاکه‌دا وه‌ده‌ر ده‌نرێت و هێزێکی عه‌ڕه‌بی هاوبه‌ش له ناوه‌ڕاست و باشووری عێڕاق واته (سوننه و شیعه) کۆنتڕۆڵی پارێزگاکه ده‌که‌ن، هه‌موو ئاڵوگۆڕه‌کانی تریش که له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان بوو پێچه‌وانه ده‌کرێته‌وه. هه‌رچه‌نده له ژێر فشاری جاده‌ی کوردستانی به پله‌ی یه‌که‌م وه ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کوردیش که ڕوبه‌ڕوی شۆکێکی گه‌وره ببوو، ماده‌ی 24 هه‌موار کراو ماده‌ی 23 جێگای گرته‌وه. مه‌ترسیه‌کانی مادده‌ی 23، که واژۆ و ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نی کوردستانیشی له‌سه‌ره، هیچی له ماده‌ی 24 که‌متر نییه. مه‌ترسیه‌کانی ماده‌ی 23 فره ڕه‌هه‌ند و چاره‌نوس سازن. ماده‌ی 23 له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌کات که ئه‌و بڕگه‌و بابه‌تانه‌ی که له ماده‌ی 24 له ژێر فشاری کوردستانیه‌کان لابران، له ڕووی کرده‌ییه‌وه لانه‌براون و کاریان پێ ده‌کرێت.
یه‌که‌م ته‌رجومه کردنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی سوننه و شیعه له سه‌ر ئه‌رزی واقیع، له خانه‌قین ده‌ستی پێ کرد و له پرۆسیه‌کی ئیفتیزازی و سه‌ربازی سه‌رکوتکه‌رانه‌دا، مالیکی بێ سڵ کردنه‌وه، قه‌زای خانه‌قینی په‌ڕو پۆ کرد و زۆربه‌ی شارۆچکه و ناحیه‌کانی له‌و قه‌زایه دابڕی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و ئاسایش و ئیداری له کورد سه‌نده‌وه و درایه سوننه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه. کاریگه‌ری ئه‌م ئاڵوگۆڕه به ته‌واوی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پاریزگای دیااله به‌ده‌ر که‌وت که سوننه‌کان تێیدا باڵا ده‌ستی خۆیان سه‌پاند. دووه‌م ته‌رجومه کردنی ئه‌م مادده‌یه، له کۆنترۆل کردنی سه‌ربازیانه‌ی که‌رکوک دایه. ئه‌ویش به هێننانی فیرقیهکی سه‌ربازی، که له 20 هه‌زار سه‌رباز پێک هاتووه، له ناوه‌ڕاست و باشووره‌وه بۆ کۆنترۆل کردنی که‌رکوک. هه‌ر چه‌نده ئه‌م بڕگه‌یه که به‌شێک بوو له ماده‌ی 24، له ماده‌ی 23 دا نییه، به‌ڵام ئێستا له ڕووی پراکتیکی سه‌ربازییه‌وه که‌رکوک له لایه‌ن فیرقه‌ی 12 ی عێڕاقییه‌وه، که هێزێکی عه‌ڕه‌بییه کۆنتڕۆڵ کراوه.
ته‌رجومه کردنێکی ترسناکی تری ئه‌و ماده‌یه، ههلکشاندنی قه‌واره‌ی سوننه‌کانه له پارێزگاکه له سه‌ر حسابی داکشانی قه‌واره‌ی کورد، که له بڕگه‌ی دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات و ئیدار به ڕێژه‌ی %32 بۆ پێکهاته‌کانی که‌رکوک. کورد که زیاتر له نیوه‌ی دانیشتوانی پارێزگای که‌رکوک مه‌زه‌نده ده‌رکرێن، به پێی ئه‌م مادده‌یه ده‌بێته که‌مینه‌یه‌ک. چونکه بێجگه له‌وه‌ی که عه‌ڕه‌به‌کان هاوتای کورد، %32 ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌رده‌که‌وێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش تورکمانه‌کان که هه‌مان ڕێژه‌ی سوننه‌کانیان بۆ دیاری کراوه و له ژێر هه‌ژموونی به‌ره‌ی تورکمانی دان که هاوپه‌یمانێکی نزیکی سوننه عه‌ڕه‌به‌کانن، له هه‌ر کێشـمهکێشێكی داهاتوودا له به‌رژه‌وه‌ندی سوننه‌کانی که‌رکوک هه‌ڵوێست وه‌ر ده‌گرن. وه له لایه‌کی تریش، هه‌ڵبژاردنه‌کان و پێگه و ئیمتیدادی دیمۆگرافی ئه‌وه فه‌رز ده‌که‌ن که هه‌ر وه‌رچه‌رخانێک له دۆسیه‌ی که‌رکوک د اله به‌رژه‌وه‌ندی عێڕاق و عه‌ڕه‌به‌کان، سوودمه‌ندی سه‌ره‌کی یاریکه‌ری کارا له ناوچه‌که‌دا سوننه‌کان ده‌بن نه‌ک عه‌ڕه‌به شیعه‌کان.
سه‌ره داوێکی تر که ئاماژه‌ی به شاباش کردنی که‌رکوک بۆ سوننه‌کانه له لایه‌ن مالیکی و شیعه‌کانه‌وه، ئه‌و له‌یه‌ک نزیک بوونه‌وه ئاشکرا و سه‌رنجڕاکێشه‌یه که له نێوان مالیکی عه‌ڕه‌به‌کانی که‌رکوک و حه‌دبای موسڵ و سهحوهکانی ئه‌نبار دا هه‌یه. ڕاسته‌وخۆ له دوای هه‌ڵبژرادنی پارێزگاکان دا میدیاکانی جیهانی باس له هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کی چاوه‌ڕوان کراو ده‌که‌ن له نێوان سهحوهکانی ئه‌نبار به سه‌رکردایه‌تی ئه‌بوو-ڕیشه وه مالیکی دا. دواتر ئه‌بوو ڕیشه ئه‌م هه‌واڵانه‌ی پشت ڕاست کرده‌وه و ڕایگه‌یاند که بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو زه‌مینه سازی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیستی مالیکی دابه لیستێک دابه‌زین. هاوکات له 12 ی ئه‌م مانگه‌دا، کوتله‌ی عه‌ڕه‌بی که‌رکوک، که کوتله‌یه‌کی سوننیه، کوتله‌یه‌کی سیاسی تازه‌یان له گه‌ڵ عه‌ڕه‌به‌کانی ئه‌نبار ، به‌تایبه‌ت گرووپه‌که‌ی ئه‌بوو ڕێشهدا به ناوی کوتله‌ی عێڕاقی بوونی که‌رکوکیان ڕاگه‌یاند. به پێی حوسێن جه‌بوری سه‌رۆکی کوتله‌که، ئامانج له‌و کوتله تازه‌یه ئیلتیزام کردنه به بنه‌ماکانی یه‌کێتی عێڕاق و عێڕاقیهتی که‌رکوکه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه، به‌پێی قسه‌کانی ئه‌و ئهنباریهکایش بۆیان هه‌یه ده‌نگ له که‌رکوک بده‌ن. به مانایه‌کی تر به خستنه بری سه‌رو سیمای هاوپه‌یمانێتییه‌ک له نێوان شوننهکانی که‌رکوک و مالیکی دا ده‌رده‌که‌وێت. بێجگه له‌وه، له ئاستی که‌رکوک دا فیرقه‌ی 12 ده‌روازه‌کانی ئاوه‌ڵا کردووه بۆ وه‌رگرتنی سهحوهکانی پارێزگای که‌رکوک، که گه‌وره‌ترین میلیشیای سوننه‌ن له‌و شاره‌دا. هه‌روه‌ک له ئه‌زموونی جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په و سه‌عدیه‌دا ده‌که‌وت، چوونی سوننه‌کانی که‌رکوک بۆ ناو فیرقه‌ی 12 که له ڕووی سه‌ربازییه‌وه کۆنترۆڵی که‌رکوکی کردووه، لاسه‌نگییه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ڕه‌به‌کان به‌گشتی و سوننه‌کان دروست ده‌کات و باڵا ده‌ستییه‌کیان ده‌داتێ له هه‌مبه‌ر کورد دا.
مه‌ترسی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ی نێوان سوننه و شیعه‌کان و ماده‌ی 23 هه‌ر له‌م ئاسته‌دا ناوه‌ستێت، به‌ڵکو، له لایه‌که‌وه، له ڕووی مۆراڵی و سیاسییه‌و ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر لایه‌نی کوردستانی داناوه و نه‌ک هه‌ر خواست و تهوهقوعاتهکانی ئه‌م لایه‌نه‌ی دابه‌زاندووه، به‌ڵکو مادده‌ی 23 ته‌ڵه‌یه‌کی که‌م وێنه‌یه که ده‌ست و قاچی سیاسه‌تمه‌دارانی کوردستانی پێوه بووه و بواری موناوه‌ره کردن و فشار دانانی به‌رته‌سک کردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش به ئاشکرا له گوتار و ئه‌دای هاوپه‌یمانی کوردستانی دا ده‌رده‌که‌وێت و خه‌ریکه گرنگی و بایه‌خ پێدانی په‌رله‌مانتار و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد، به بڕگه و بابه‌ته‌کانی ماده‌ی23 و جێبه‌چی کردن و نه‌کردنی ئه مادده‌یه شوێنی ماده‌ی 140 بگرێته‌وه. ئێستا هاوپه‌یمانی کوردستانی بۆته به‌رگریکار و پارێزه‌ری ئه‌م ماده‌یه.
مه‌ترسییه‌کی تری مادده‌ی 23، ئه‌وه‌یه که وه‌ک ئهلتهرناتڤێک له‌لایه‌ن، دهمهستۆرای نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه کراوه‌ته بناغه بۆ پێشنیار کردنی ڕاپۆرته‌که‌ی. هه‌رچه‌نده له شکستی ماده‌ی 140 دا بێ ئومێدی و بێ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له هه‌مبه‌ر حوکمرانانی عێڕاقی عه‌ره‌بی دا، هاوپه‌یمانی کوردساتنی وه‌ک فریاد ڕه‌سێک ته‌ماشای هاتنه ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و قه‌ڵه‌مه سیحریه‌که‌ی دیمهستۆریان ده‌کرد و ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌سته به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه سێ مه‌سه‌له‌ی گرنگ ئاراسته‌ی سیاسه‌ت و کارنامه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه ده‌که‌ن که بریتین له: یه‌که‌م، دیمه‌ستۆرا وه‌ک نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌ک گرتووه‌کان هێنده‌ی کاربۆ ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانی توند و تیژی و که‌م کردنه‌وه‌ی بارگرژی و چه‌سپاندنی سه‌قامگیری ده‌کات هێنده بیر له گێڕانه‌وی ماف بۆ خاوه‌ن ماف ناکات. ڕه‌نگه دیمه‌ستۆرا له‌وه حاڵی بووبێت که هه‌رچیه‌کی پێشنیار بکات، لایه‌نێک هه‌ر ناڕازی ده‌بێت. مه‌ترسیه‌که له‌وه دایه که که‌مته‌رخه‌می و نه‌رمی نواندن و تهنازولهکانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له ئاست جێبه‌جێ نه‌کردنی مادده‌کانی 58 و 140 وه ڕازیبوونی به جێ به‌جێ کردنی مادده‌ی 23، ڕه‌نگه وه‌ک پێوه‌رێک بۆ لاوازی و ته‌سلیم بوونی پارتی و یه‌کێتی ئه‌مری واقیعی لێک بداته‌وه و شانه‌که له‌سه‌ری کورد دا بشکێنێت.
دووه‌م، دیمه‌ستۆرا سه‌قامگیری و شه‌رعیه‌تی ده‌وڵه‌تی عێڕاقی وه سه‌روه‌ری ئه‌م وڵاته، وه‌ک ئه‌ندامێکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به‌هێند وه‌ر ده‌گرێت نه‌ک کوردستان که له ڕوانگه‌ی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ستاتۆیه‌کی پێناسه کراوی نییه و کوردستان به‌شێکه له ئه‌سڵ، واته سه‌روه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کوردستان له‌خوار ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی عێڕاقهوهن (به‌تایبه‌ت له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ی پارتی و یه‌کێتی بۆ عێڕاق). به واتایه‌کی تر، له باشترین حاڵه‌تدا، دهیمهستۆرا به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌کانی کوردستان وه‌ک به‌شێک له‌وانه‌ی عێڕاق ده‌زانێت و له هه‌موو حاڵه‌تێکدا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ عێڕاقه. سێیه‌م، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه و گه‌لانی سه‌رفراز ده‌کات و نماینده‌ی که‌مینه و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان نییه. بۆیه هه‌ر ده‌وڵه‌ت و وڵاتێک به پێی قورسی و سه‌نگی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و دوور و نزیکی له‌و ناوچه‌یه‌ی که قه‌یرانی تێدایه کاریگه‌ری له سه‌ر چاره‌سه‌ریه‌کانی ی‌و ئێن بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و قه‌یرانه داده‌نێت. له په‌یوه‌ست به‌کێشه‌کانی عێڕاق، بێجگه له ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دراوسێ و عه‌ڕه‌بیه‌کان، عێڕاقیش ده‌نگی هه‌یه له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. لێره‌وه به‌ڕاشکاوانه و بێ دوو دڵی ده‌کرێت بگووترێت که ی‌و ئێن بێ لایه‌ن نییه و له ژێر کاریگه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی عێڕاقدا بڕیار و پێشنیاره‌کانی ساغ ده‌کاته‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به ئاشکرا له ڕاپۆرته‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت که نه ماده‌ی 140 و نه گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر کوردستان نه بوونه‌ته به‌دیل و پێشنیاره‌کانی دیمه‌ستۆرا. به پێچه‌وانه‌وه، ماده‌ی 23 و باڵاده‌ستی مه‌رکه‌ز کراوه‌ته بنه‌مای ڕاپۆرته‌که‌ی. وه‌ک ده‌ره‌نجام دیمه‌ستۆرا پشتی به یاسایی بوونی مادده‌ی 23 به‌ستووه که به‌تایبه‌ت که هه‌موو لایه‌نه‌کان، به‌تایبه‌ت کورد ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشان داوه، نه‌ک مادده‌ی 140 ده‌ستووری که بێجگه له کورد هیچ لایه‌نێک قه‌بووڵی نییه. لێره‌دا خواست و ئه‌لته‌رناتیڤی عه‌ڕه‌به‌کان به‌گشتی و سوننه‌کان به‌تایبه‌تی بۆ که‌رکوک، بێجگه له شه‌رعیه‌تی یاسایی و پشتگیری مه‌رکه‌ز و حاکمه فیعلیهکانی عێڕاق، خه‌ریکه شه‌رعیه‌تی نێو ده‌وڵه‌تیش به‌ده‌ست دێنێت.
به‌م جۆره، ئه‌گه‌ر ماده‌ی 24 ناوێکی تری لێ بنرێت ئه‌وا یه‌کگرتنه‌وه‌ی شیعه و سوننه‌یه به نرخی به عه‌ڕه‌بی کردنه‌وه و به عێڕاقی کردنه‌وه‌ی که‌رکوک. ماده‌ی 23 (یان له هه‌قیقه‌تدا ماده‌ی 24) که بۆ که‌رکوک ته‌رخان کراوه، مه‌قه‌ست ئاسا ئه‌و تاکه ڕایه‌ڵه سه‌ره‌کییه‌ی پچڕاند که گه‌لی کوردستانی به عێڕاقه‌وه به‌ستۆته‌وه، واته ئومێدی گێڕانه‌وه‌ی ناوچه ته‌عریب کراو و دابڕاوه‌کانی کوردستان. مه‌ترسییه بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌و مادده‌یه ئه‌وه‌یه که ده‌سپێکێکه بۆ ئاشته‌وایی و ڕێکخسنته‌وه‌ی ناو ماڵی عه‌ڕه‌به‌کان له سه‌ر حسابی خه‌ون و ئومێد و قوربانیه‌کانی هه‌شتا ساڵه‌ی گه‌لی کوردستان. به مانایه‌کی تر سوننه و شیعه وه‌ک دوولایه‌ن که خوێن له‌نێوانیان دا بوو، له له ژێر ده‌واری دژایه‌تی کردنی گه‌لی کوردستان دا سولحیان کرد و که‌رکوکیش کرایه به‌ده‌ل خوێنی ئه‌و ئاشت بوونه‌وه‌یه. له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌م ماده‌یه نه‌خشه و بیچمی سیاسی عێڕاقی ئاینده‌مان پێ نیشان ده‌دات.
هاوپه‌یمانی کوردستانی له کوێی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه دایه؟
ده‌کرێت ڕۆڵی هاوپه‌یمانی کوردستانی له دوو خاڵی سه‌ره‌کی دا کورت بکرێته‌وه که زه‌مینه سازی دروست کردووه بۆ ڕێکه‌وتنی شیعه‌و سوننه له‌سه‌ر که‌رکوک، کاریگه‌ریشی هه‌یه له سه‌ر چاره‌نوس و ستاتۆی داهاتووی که‌رکوک . ئه‌م دوو خاڵه‌ش بریتین له شکستی کارنامه و سیاسه‌تی پارتی و یه‌کێتی له گێرانه‌وه‌ی که‌رکوک وه پاشه‌کشه‌کردنی که‌رکوک له ئه‌وله‌ویاتی ئه‌م دوو پارته‌دا.
یه‌که‌م: شکستی پرۆژه‌کانی هاوپه‌یمانی کوردستان
هه‌قیقه‌تێکی ساده و تاڵ هه‌یه که که که‌س ناتوانێت ئینکاری بکات ئه‌وه‌یه که ئه‌و میکانیزم و سیاسه‌تانه‌ی که تا ئێستا له لایه‌ن هه‌ردوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان و خودی هه‌ردوو به‌ڕیزان تاله‌بانی و بارزانی په‌یڕه‌و کراون، نه‌ک هه‌ر له گێڕانه‌وی که‌رکوک شکستیان هێناوه، به‌ڵکو هه‌موو قورسایی کورد له به‌غدا له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوو دا نه‌یتوانی که تاکه گوندێكی بهعهڕهب کراو یان دابڕاو به‌شیوه‌یه‌کی فه‌رمی و ئیداری بگێڕێته‌وه سه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان.
ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ هه‌ره‌س و داڕوخانی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی عێڕاق له ساڵی 2003 دا، وه له دوای 12 ساڵ له دابڕانی فیزیکی و ئیداری له عێڕاق، چاره‌نوس و ئیراده‌ی گه‌لی کوردستان سه‌رله‌نوێ لکێنرایه‌وه به زه‌لکاوی عێڕاقه‌وه. گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کانی تری کوردستان یه‌کێک بووه له پاساوه سه‌ره‌کیه‌کانی پارته‌کانی کوردستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێڕاق. شه‌ش ساڵه خه‌ڵکی کوردستان به کێشمه‌کێشه‌کانی ناو خۆییه‌کانی نێوان سوننه و شیعه دا گیرۆده کراوه و وزه و توانای سه‌رکرده کورده‌کان و له‌شکرێک له کادر و خه‌ڵکی به‌توانا له بونیاد نانه‌وه‌ی عێڕاقی (هیواو ئاشتی) دا به‌هه‌ده‌ر چوو، ئاشتکردنه‌وه‌ی ناو ماڵی عه‌ڕه‌ب له ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌دا جێگای به ئاشت کردنه‌وه و رێکخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی کوردستانی گرته‌وه. بێچگه له‌وه، له ڕووی سیاسی و ئابووریشه‌وه کوردستان تا دێت ده‌کرێته پاشکۆی عێڕاق. له هه‌موو ههنگاوێکی ڕۆچوون به‌ناو ئه‌م زه‌لکاوه دا سیاسه‌تمه‌داره‌کانی کوردستان داوای پشوو درێژییان له خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن و موژده‌ی نزیک بوونه‌وه‌ی وه‌رزی چنینه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانیان به گه‌لی کوردستان ڕادهگهیاندووه و له سه‌رووی هه‌موشیانه‌وه گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک. به‌ڵام به‌داخه‌وه ، له عێڕاقی “نوێ و هیوا و ئاشتی و فیدڕاڵی و دیموکڕاتی و…هتد..”، ڕۆژ دوای ڕۆژ، کوردستان به‌ره‌و وه‌رزی وه‌رینی ئومێده‌کان ده‌چێت و ه که‌رکوکیش زیاتر له جه‌سته‌ی کوردستان دوور ده‌خرێته‌وه.
دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک چیتر چه‌قی ستراتیژی لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان نییه
ئاراسته‌ی ترسناکی دووه‌م پاشه‌کشه کردنی مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و کوردستانی بوونی که‌رکوکه له ئاستی گوتار و کارنامه و ستراتیژیه‌تی سه‌رکرده بڕیار به‌ده‌سته‌کانی کوردستان. ئه‌م پاشه‌کشه‌یه به ئاشکرا له ڕێكه‌وتنه “ستراتیژی!!” و نا ستراتیژیه‌کانی هه‌ردوو پارته‌که‌ی کوردستان له گه‌ڵ لایه‌نه شیعی و سوننیه‌کان وه له پێوه‌ندی و ڕاگه‌یاندنی ڕۆژانه‌یان وه له کۆڕ‌و کۆبونه‌وه‌کان دا و له کارنامه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی له په‌رله‌مانی عێڕاق دا و له پێوه‌ندیه نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان دا ده‌رده‌که‌وێت.
له‌م بواره‌دا چوار نموونه، وه‌ک مشتێک له خه‌روارێک، باس ده‌که‌م: یه‌که‌میان؛ ساڵ و نیوێک به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی ماده‌ی 140 و دوو ساڵیش به‌سه‌ر ماده‌ی 22 ی کارنامه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی دا تێ په‌ڕیه‌وه و مالیکی هیچ کامیانی جیبه‌جێ نه‌کرد. به‌ڵام مالیکی وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوو و که‌س پێی نه‌وت پشتی چاوت برۆیه. ته‌نانه‌ت له‌و ماوه‌یه‌ی که بۆ جێبه‌جێ کردنی ماده‌ی 140 دانرابوو، واته ساڵی 2007، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که مالیکی به کرده‌وه پابه‌ند نه‌بوونی خۆی بۆ ده‌ستوور نیشان دابوو، ته‌نانه‌ت ئاماده نه‌بوو که داهاتی مانگێک یان چه‌ند مانگێکی ئه‌وسای نه‌وتی که‌رکوک بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه دابین بکات، سه‌رکرده کورده‌کان زۆرجار گره‌ویان له‌سه‌ر نیاز پاکی مالیکی ده‌کرد و هه‌ندێک جاریش ده‌بوونه پارێزه‌ری خۆبه‌خشی ئه‌م زاته و ئۆباڵی جێبه‌جێ نه‌کردنی ماده‌که‌یان ده‌گێڕایه‌وه بۆ باری نا جێگیری ناوچه‌کانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێڕاق!، زۆر جاریش تاوانه‌که‌یان به‌ته‌واوی له ئۆده‌ی مالیکی ڕاده‌ماڵی و ده‌یان خسته سه‌ر ده‌ست تێوه‌ردان و فشاری ده‌ره‌کی. له‌وه‌ش خراپتر، جۆره‌ها هاوپه‌یمانی ستراتیژی و نا ستراتیژی له گه‌ڵ ئه‌م بهڕیزهدا مۆر کران.
دووه‌م نموونه؛ له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی عێڕاق دا لیستی هاوپه‌یمانی له ناوچه دابڕاوه‌کانی سه‌ر به دیاله و تکریت و موسڵ، گوتار و ریتمی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه‌یان وه‌لا نا بوو، له بری ئه‌وه هاوشیوه‌ی لیسته‌کانی تری سوننی و شیعی باسی بابه‌تگه‌لێکی وه‌ک خزمه‌ت کردن و نوێنه‌رایه‌تیکردن له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا دا ده‌کرد. نمونه‌ی سێیه‌م؛ له ڕێکه‌وتنی ستراتیژی نێوان عێڕاق و ئه‌مه‌ریکا (سۆفا)، هه‌ردوو لایه‌نی شیعه و سوننه مه‌رج و پێشنیاری تایبه‌تی خۆیان هه‌بوو بۆ ڕێک که‌وتنه‌که، به‌رژه‌وه‌ندی و نیگه‌رانیه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیان هێنابووه سه‌ر مێزی دانوساندن و هه‌ر لایه‌نێک به پێی قورسایی خۆی ده‌یه‌ویست که ڕێکه‌وتننامه‌که به‌جۆرێک دابڕێژرێت که ره‌نگدانه‌وه‌ی دیدگا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بێت. به‌داخه‌وه، ته‌نها لایه‌نی کوردستانی ببووه داکۆکی کارێکی بێ قه‌ید و شه‌رتی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه و بۆ جارێکیش له‌سه‌ر لێوانه‌وه باسی چاره‌سه‌رکردنی (ئه‌وه‌ی که ناویان ناوه) کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان کوردستان و عێڕاقیان نه‌کرد. نموونه‌ی چواره‌میش، کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ری نێوان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و نوێنه‌رانی عه‌ڕه‌بی که‌رکوک بوو، که به‌ڕێزی به ئاشکرا خۆی له باس کردنی کوردستانیه‌تی که‌رکوک بوارد. کورردستانیهتی که‌رکوک به‌ڕاده‌یه‌ک له خیتابی پارتی و یه‌کێتی دا پاشه‌کشه‌ی کردووه که بۆته حاڵه‌تێکی باو،به‌جۆرێک که چه‌ند مانگێک له‌مه‌و به‌ر به‌رپرسێکی لۆکا‌ڵی عه‌ڕه‌به‌کانی پارێزگای که‌رکوک ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و گوتی سه‌یرم لێدێت که تاکو ئێستاش هه‌ندێک له به‌رپرسه کورده‌کان باسی کوردستانیه‌تی که‌رکوک ده‌که‌ن.
به‌کورت و کرمانجی ده‌کرێ بگووترێت که مالیکی که‌رکوکی له یه‌ک کات دا وه‌ک کارتێکی جۆکه‌ر بۆ ڕازی کردنی سوننه‌کان وه بۆ به لاڕێدا بردن و ده‌سخه‌ڕۆ کردنی نوێنه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌کار هێنا. له‌سه‌ر حیسابی کورد، خه‌ریکه له لایه‌ک سوننه‌کان به هاوکاری مالیکی ده‌سته‌گوڵی خۆیان له عێڕاقی تازه‌دا ده‌به‌ن و له لایه‌کی تریش شیعه‌کان مۆری شه‌رعیه‌تی سوننه‌کان بۆ حوکمڕانییان به‌ده‌ست دێنن. له‌م حاڵه‌ته‌ش دا گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوکیش هاوشێوه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌کرێته “خه‌ونی شاعیره‌کان”.