گۆڕان.. ده‌بێت ببێت
گۆڕان.. ده‌بێت ببێت
هێمن ڕه‌ئووف .. سویسرا
www.hemnrauf.kurdblogger.comجیهان گۆڕا. به‌ڵام ئێمه‌ی کورد هێشتا به‌ده‌ست سیاسییه‌کانی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردووه‌وه گۆشه‌گیر و چه‌په‌ک و ده‌ق گرتوو له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا ماوینه‌ته‌وه. سه‌رکرده و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له وڵاتی ئێمه دا، به ئاراسته‌یه‌کی جیا، به پێچه‌وانه‌ی گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌وه پێشڕه‌وی کاروانی ژیانی ئێمه ده‌که‌ن. هه‌ریه‌که له سیاسییه ماندووه‌کانی وڵاتی ئێمه چه‌ندین سه‌رکرده و سیسته‌می حوکومڕانی له جیهاندا تێپه‌ڕاندووه و ماشێنی چه‌ند جیلێکیان له ڕۆڵه‌کانی نیشتیمان به بێهیوایی بۆ که‌ناره‌کانی پیری لێخوڕیوه.
له کۆتایی هه‌فتاکانه‌وه، له‌وکاته‌وه‌ی شۆڕشی نوێ هه‌ڵگیرسا که درێژه‌پێده‌ری هه‌مان شۆڕشی شکست‌خواردووی پێشووتربوو، هه‌تا ئێستا. به درێژایی ئه‌م مێژووه هاوچه‌رخه، جیهان کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری بناغه‌یی و جه‌وهه‌ریی له جوگرافیا و سیسته‌می درێژه‌دان به ژیان ڕوویاندا. تێکشکان و دروستبوونی ده‌وڵه‌تان له‌م ماوه‌یه‌دا زۆرێک له پانتاییه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی گرته‌وه. وه‌ک " تێکشکانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و درووستبوونی ئه‌و هه‌موو وڵاته. یان یوگۆسلاڤیای جاران و ئه‌م ههمهدهوڵهتهی ئێستا. یان یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانه‌کان و که‌رتبوونی چیک و سلۆفاکیا. هه‌تا ڕوخانی ڕژێمی به‌عسی فاشیزمی عێراقیشی له‌سه‌ر بێت." ئه‌مانه وه‌ک نمونه‌یه‌کی بچوک له‌و هه‌موو گۆڕانکارییه‌ی له جیهاندا چه‌سپی. هه‌مووی به‌سه‌ر واده‌ی ده‌سه‌لاتی پارت و سه‌رکرده‌کانی کورددا تێپه‌ڕیوه و دۆزی میلله‌تی کوردیش هه‌ر له شوێنی خۆیدایه، هه‌تا ئێستا.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و وێستگه‌یه‌ی پرسیاره گونجاوه‌کان درووست بکه‌ین، که ده‌سه‌ڵاتی کوردی له هه‌ڕه‌تی توانا و پشتگیرییه مه‌عنه‌ویی و مادییه‌کانی که هه‌یبووه و له‌کاتی شکستی دوژمنانی و ده‌نگ بڵندی خۆی، نه‌یتوانیوه ده‌ستپێشخه‌ری بۆ گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی بکات له دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک که ئه‌رکێکی گرنگ و چاره‌نوسسازی پێسپاردووه، ئیتر له ئێستادا و له‌م سه‌ره‌تای هۆشیاربوونهوهیهدا چۆن ده‌کرێت ئه‌و مه‌شخه‌ڵه هه‌ر له‌ده‌ستی ئه‌واندا بێت؟ یان کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه بڵێین، ئێستا له پیربوونی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌دا هیچ له توانا و له هه‌گبه‌یاندا نه‌ماوه بۆ ده‌رهێنانی میلله‌ت له‌م وێرانه‌یه‌دا؟
پیری :
به بڕوا من پیری تێپه‌راندنی ئه‌زمونگه‌لێکی دوورودرێژه به پانتایی به‌رزونزمییه‌کانی ته‌مه‌ندا، شۆڕبوونه‌وه‌یه به‌ناو قوڵاییه‌کانی فکر و قۆناغه فه‌لسه‌فی و مێژوویه‌کاندا، کامڵبوونه له تێکشکان و هه‌ستانه‌وه‌دا، دیتنی هه‌موو که‌له‌به‌ر و پتهویهکانه له ڕێڕه‌وه‌کانی ژیاندا. ده‌کرێت سود له ئه‌زموونی پیره‌کان وه‌ربگرین بۆ تێنهکهوتنه چاڵی و چۆڵییه‌کان، ده‌شێت ئامۆژگارییه‌کانیان ئاسانکاری زۆرمان بۆ بکه‌ن له سه‌فه‌ره‌که‌ماندا،
به‌ڵام هه‌ڵه‌یه پیره‌کان ببن به داڕێژه‌ری سیسته‌می هه‌نوکه‌یی بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان.
چونکه له هه‌مانکاتدا ده‌کرێت بڵێین پیریی یان پیربوون له هزردا، نوێ نه‌بوونه‌وه و وه‌ستانه له زه‌مه‌ندا، یان گه‌ڕانه‌وه‌یه به خه‌یاڵ و خۆزگه‌کان بۆ زه‌مه‌نێک هه‌ڕه‌تی ئازایه‌تی و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ بووه تێیدا. ئه‌و رابووردوهی که تێپه‌ڕیوه له ته‌مه‌نی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا، هیچ تروسکاییه‌کی تێدا به‌دی ناکرێت بۆ کردنه خاڵی ده‌ستپێکردن و نوێبونه‌وه و گۆڕان. ئه‌م دیارده‌یه زۆر به‌زه‌قی له سیما و ڕه‌فتاری سیاسیه‌کانی ئێمه‌دا ده‌بینرێت، له بیر و پلانیان بۆ به‌ڕێوه‌بردن و داڕشتنی سیسته‌می پهڕێوهچوونی ده‌زگاکانی حکومه‌ت و کایه مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. هه‌م له ده‌رکه‌وتنیان له شانی هه‌لسوڕێنه‌رانی دنیای ئه‌مڕۆدا.
گۆڕان ده‌بێت گه‌نج ئه‌نجامی بدات. پێویسته لێبڕاوانه و به توانایه‌کی باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌وه ده‌ست بداته ئه‌م ئه‌رکه، ئه‌م بینایه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بناغه‌ی جاران بێت، جارێکی تریش ده‌روخێته‌وه! پێویسته عه‌قڵه نوێیه‌کان به پلان و به‌رنامه‌ی نوێ، بیروبۆچونه کۆنه‌کان له‌بیری نه‌وه‌ی نوێ ببه‌نه‌وه. ئه‌م بۆچوونه به‌و واتایه نا، به ڕه‌هایی هه‌موو پیرییه‌ک وه‌لا نێین. وه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا پێویسته له توانا و دانایی که‌سانی خاوه‌ن ئه‌زمون له بواره‌کانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری و کلتوری، بگره له‌بواری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنیشدا ئه‌وانه‌ی به درێژایی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا له په‌راوێزی و که‌ناره‌کاندا بوون، به‌هۆی نوێخوازی و یاخیی بوونیان له دژی ئه‌و چه‌ق به‌ستنه، سود وه‌ربگرین و پرس و ڕایان پێبکه‌ین. یان له چوارچێوه‌ی ڕێزگرتن له ماندووبونیان له ڕابوردوودا پله‌و پایه‌ی به‌رزی فه‌خرییان پێبدرێت و به سه‌نگینی ناویان بهێنین.
گۆڕان ماتاریالێک نییه بگه‌ڕێین بۆ به‌دیهێنانی، به‌هۆی مادده یان هێزێکی جه‌سته‌یی و جه‌ماوه‌ری ده‌ستمان بکه‌وێت. ڕه‌نگه‌کان و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و زۆرینه و که‌مینه‌کان ناتوان بیانهێننه بوون. " کوردستانی ئێمه له ئێستادا لێوانلێوه له مادده و هێز و حیزب، ڕه‌نگاوڕه‌نگه به پێگه جه‌ماوه‌ری و ئایدۆلۆژیا هه‌مه‌ڕه‌نگه‌کان." ئه‌مانه نه‌یان توانیوه هیچ گۆراننێک دروست بکه‌ن یان بیهێننه دی، وه یان ڕێگاخۆشکه‌ر بن بۆ هاتنه‌دی ئه‌م چه‌مکه. به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندێکه پێویست به پلان و نه‌خشه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری ده‌کات هه‌تا ده‌ست به درووست‌کردنی بکه‌ین. هزر و داینه‌مۆی بنیاتنه‌ر و شاره‌زا و پرۆفی ده‌وێت بۆ ده‌ستکردن به کێشانی نه‌خشه‌که‌ی. ئه‌م سه‌رده‌مه جیهانێکی تره و خێراتر کات و ساته‌کان تێده‌په‌ڕێن. پێویسته هیچ هه‌لێک بۆ بنیات و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌کان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین. ئه‌و ڕه‌وته هیواش و بێجوڵهیهی له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه زیانه گه‌وره‌کانی لێ ده‌که‌ونه‌وه. به‌جێمان و مانه‌وه له ڕابوردوودا ده‌بێته ڕاستی، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی خود دۆزینه‌وه و خۆ ڕزگارکردن نه‌ده‌ین. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێسا بگۆڕێت ماناکانی گۆڕان و ژیانێکی نوێ نه‌هاتوونه‌ته دی. به‌ڵکو ده‌بێت سه‌رچاوه‌کان بدۆزینه‌وه و ده‌ست بده‌ینه ئه‌رکه قورسه‌که .
به‌بۆچوونی من هه‌تا ئێستا نه‌ک هه‌ر گۆڕانکاری له چاره‌سه‌رکردنی کیشه‌کانمان به قازانجی میلله‌ت نه‌کراوه، به‌ڵکو له رابوردووی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ی ئێستادا گه‌وره‌ترین زیان به دۆزه ڕواکهی گه‌یشتووه. که ده‌کرێت زیانه‌کان به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری، ناوخۆیی و ده‌ره‌کی، نیشان بکه‌ین:
* ناوخۆی کوردستان : " ئه‌نفال و کیمیاباران، شه‌ڕی ناوخۆ، به‌تاڵانبردنی دارایی و سامانی حکومه‌ت و میلله‌ت له راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ ه‌وه هه‌تا ئێسا."
* ده‌ره‌وه‌ی کوردستان: جوگرافیای کوردستان له چوارچیوه‌یه‌کی ترسناکدا خوڵقاوه، هه‌رچه‌نده به‌شێکی ئه‌م ترس و گه‌وره‌کردنی دوژمنه به‌ده‌ستی خۆمان درووستمان کردووه. به‌هۆی ملکه‌چی و بازبازێنی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له باوه‌شی ئه‌مه‌وه بۆ ئه‌و له ڕابوردوودا، بچوکی ئێمه و ترس له گه‌وره‌یی به‌رامبه‌ر، بووه به واقیعێکی تاڵ. به‌ڵام نه‌گۆڕان و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م باره و گرێدان به سروشتی تاکی میلله‌ته‌وه، زیانێکی گه‌وره‌ی له دۆسیه‌که‌مان دا له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌کی. وه پاش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس، هه‌موو دنیا به‌تایبه‌تی دراوسێکانی عێراق سیاسه‌ت و ئه‌جیندای خۆیان گۆڕی له ناوچه‌که‌دا، به خێراییه‌کی سه‌رنجڕاکێش هه‌موو شته‌کان گۆڕان. ده‌وڵه‌تی عێراق جارێکی تر له‌سه‌ر پێی خۆر ڕاده‌وه‌ستێته‌وه و نیشانه‌کانی دیکتاتۆریی له سه‌رکرده نوێیه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت. ئێران به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی بوو به ڕاستییه‌کی تۆقێنه‌ر و ده‌بێته خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی. تورکیا به سیاسه‌ته چه‌واشه‌کارییه ژێربه‌ژێره‌کانی، به باسکردن له زمان و چه‌مکه‌کانی فه‌رهه‌نگی کوردی ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستانه و کۆنه‌په‌رستانه به‌سه‌ر عه‌قڵی تاکی کورددا بسه‌پێنێت له‌و وڵاته. ئه‌مریکا و وڵاتانی جیهان هه‌موو خوێندنه‌وه‌کانیان بۆ دۆزی کوردی پشتگوێ ده‌خه‌ن. تاکه لایه‌نێک که ستراتیژیه‌تی نه‌بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وڵات و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌م ڕه‌وشه‌دا، کورد و ده‌سه‌ڵاته ساویلکه‌که‌ی بوو، به کۆمه‌ڵێك ده‌ستکه‌وتی لاوه‌کی و بێ‌مانا ئامانجه گه‌وره‌کانیان له‌گۆڕنا: ڕازیی بوون به ده‌سه‌ڵاتێکی کارتۆنی بێ متمانه‌ی سه‌رۆک کۆماری، له عێراقدا، ڕازیبوون به ڕاپرسی له‌سه‌ر که‌رکوک و خستنه نێو سه‌رزه‌مینی گومان و خوێنه‌وه" گومان له کوردبوون، خوێن ڕشتن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و گومانه و پێشاندانی حه‌قیقه‌ت له ڕاستیه‌کاندا" ، ڕازیی بوون به ده‌رهێنانی نه‌وت به‌ڕه‌زامه‌ندی بێگانه له خاکی خاوه‌ن خاک‌دا. رازیی بوون به ده‌ستورێکی عه‌ره‌بی پڕ له لێلی و ته‌ماوی له پێش هیچ ههنگاوێکی ئه‌رێنییه‌وه به‌ره‌وڕووی چاره‌سه‌ره جه‌وهه‌رییه‌کان. وه ڕیسواکردنی داخوازییه‌کانی میلله‌ت به شوبهاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان به خه‌یاڵی شاعیران له به‌رده‌م کامێرا و مایکرۆفۆنی میدیا ده‌ره‌کییه‌کاندا به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتێکی وه‌کو تورکیا.
ئه‌و گۆڕانه‌ی که‌ده‌بێت بکرێت، له پێش هه‌موو شتێکدا دیاری کردنی ئه‌و سه‌رچاوانه‌یه که زیانه گه‌وره‌کانمان لێوه کردووه، پاشان خستنه گه‌ڕی ئایدیا و بیری نوێ بۆ ڕاستکردنه‌وه و چاره‌سه‌ر و قه‌ره‌بووکردنه‌وه.
هه‌ڵسوراوان له چه‌سپاندنی گۆڕاندا پێویسته گه‌نجانی ئاکتڤ و ئه‌کادیمی و شاره‌زای ئه‌و نێوه‌نده بن که ئیشی تێدا ده‌که‌ن. ده‌بێت به حه‌وسه‌ڵه‌یه‌کی له‌خۆ بوردووانهو ماندوونه‌ناسانه، ووزه و توانایی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ بنیاتنانی ئه‌و پڕۆژه و پلانانه‌ی که پێویسته جێبه‌جێ بکرێن هه‌تا گۆڕانی ڕاسته‌قینه درووست بکه‌ن.
له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیاندا گۆڕان بووه به پێویستییه‌کی به‌رجه‌سته، بۆیه ده‌بێت به سیستمێکی نوێ و پرۆفشناڵ پڕۆژه‌ی تۆکمه و بنیاتنه‌ر دابڕێژرێت بۆ هه‌ر یه‌که له بواره‌کان. خه‌ڵکانی ته‌کنۆکرات و پرۆفی ئه‌رکه‌کانیان پێبسپێردرێت و چاودێری و پشتگیری ته‌واویان بکرێت.
دیسان : گۆڕان ده‌بێت گه‌نج ئه‌نجامی بدات. ئه‌م بینایه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بناغه‌ی جاران بێت، جارێکی تریش ده‌روخێته‌وه! پێویسته عه‌قڵه نوێیه‌کان به پلان و به‌رنامه‌ی نوێ، بیروبۆچونه کۆنه‌کان له‌بیری نه‌وه‌ی نوێ ببه‌نه‌وه.