ئه‌لفبێی لاتینی و زمانی ستاندارد…به‌شی یه‌که‌م
ئه‌لفبێی لاتینی و زمانی ستاندارد
دیدارێک له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی)دا
ئه‌نجامدانی: ڕه‌وشت موحه‌ممه‌د
به‌شی یه‌که‌م……….
پ1. بوونى گرفتى جۆراوجۆر له ڕێنووسی کوردي‌دا، دروسنه‌بوونى رێنووسى ستاندارد و فراواننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنى زمانى کورديى وه‌کو پێويست، تاچه‌ند په‌يوه‌ندى به سروشتى پيته‌که‌ى خۆيه‌وه هه‌يه؟
شاکه‌لی: ڕێنووس، وه‌ک مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ده‌ڵێت: "ده‌فری نووسین و خوێندن و ڕۆشنبیرییه و هه‌ر ته‌قه‌ڵێکی هه‌ڵوه‌شێته‌وه که‌لێن ده‌دا بۆ فره‌وان بوونی مه‌ودای له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا و نه‌گونجانی نووسه‌ران. میلله‌تێک هێندی کورد پێویستی به یه‌کیه‌تی هه‌بێت ناشێ خوێنده‌واره‌کانی له هه‌وه‌ڵ هه‌نگاوی خامه‌گیرییانه‌وه، که ڕێنووسه، له‌یه‌کدی بترازێن. ئێمه که له‌سه‌ر چۆنیه‌تی نووسینی(که‌ره‌باب)ی به‌ری سۆران و (ئه‌فه‌نگی) به‌ری بابان پێک نه‌یه‌ین چۆن له ئاست شته ژیوه‌ریه گرنگه‌کان تێک ده‌گه‌ین". ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ڕێنووسی کوردی، ئه‌م رێنووسه بێت، که ئێمه به‌کاری ده‌به‌ین و باس له گرفته جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م ڕێنووسه بکه‌ین، پێموایه گرفتی هێنده مه‌زن و له‌به‌رچاو له‌م ڕێنووسه‌دا نییه. ڕه‌نگه هه‌ندێک ورده گرفتی وه‌ک: لکاندنی پێشگر و پاشگر به ناو و کرداره‌وه یا نووسینی (و) یا (وو) بۆ هه‌ندێک وشه یا نه‌بوونی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب پێی ده‌ڵێت"الکسرةالمختلسة"، که له تیپی لاتینیدا کراوه به"i" و له ڕێنووسی کوردیی‌شدا به "ی" ده‌نووسرێت یا نووسینی ده‌نگی "وێ"، که له زمانی سوێدیدا به"Ö" ده‌نووسرێت و کوردیش به"و+ ێ" ده‌ینووسێت، ڕه‌نگه ئه‌مانه بڕێک ورده گرفت بن، له ڕێنووسی کوردی‌دا، که شتگه‌لێکی هاسان و که‌من و چاره‌سه‌رکردنیان، به جڤینی چه‌ند زمانه‌وانێک و چه‌ند پسپۆرێکی بارهێنان و خوێندن و ڕاگۆڕینه‌وه و پێکهاتنیان له سه‌ری دێته دی.
مامۆستایه‌کی ئێرانناسی(ئێرانیستیک)"Iranian Studies"، به نێوی "کارینا جه‌هانیCarina Jahani"، له زانستگه‌ی "ئوپسالا" له سوێد، که ئێستا پرۆفێسسۆره، سه‌رده‌مێکیش مامۆستا‌م بوو، ده‌یگوت:"کورده‌کان زۆر زیره‌کانه، گیروگرفتی ئه‌لفبێیان چاره‌سه‌ر کردووه و خۆیان له گرێ و سه‌ختیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی ڕزگار کردووه و دوورخستووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌لفبێی کوردی له‌گه‌ڵ فارسییشدا به‌راورد بکرێت، ئه‌وا کوردییه‌که زێتر پێشکه‌وتووه".
ئه‌م ڕێنووسه کوردییه‌ی، که ئێستا له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، زمانی کوردیی پێ ده‌نووسرێت و ته‌واوی گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و هزری کوردی چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی پێ نووسراوه‌ته‌وه، گه‌لێک بیراز کراوه و گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌گه‌ر نووسین به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینه‌وه، هاتبێته کوردستان، ئه‌وا ئه‌وده‌مه نووسین به زمانی کوردی نه‌بووه و هه‌رچیش نووسرابێت، هه‌ر به عه‌ره‌بی یا فارسی نووسراوه، چونکه ئه‌وانه زمانی ده‌سه‌ڵاتداران و فه‌رمانڕه‌وایانی کوردستان بوون. کورد ئه‌و ده‌میش وه‌ک ئێستا بۆ خۆی خاوه‌نی خۆی نه‌بووه، به‌ڵام ئیدی له ده‌سپێکی به کوردی نووسینه‌وه، که نێزیکه‌ی شه‌ش حه‌فت سه‌ده‌یه‌که، کورد توانیویه‌تی ئه‌لفبێ عه‌ره‌بی- فارسییه‌که به‌ره‌به‌ره هه‌موار بکات و له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیه‌تی زمانی کوردی‌دا بگونجێنێت.
ئه‌لفبێ و زمان دوو شتی جیاوازن. ئه‌لفبێ نیشانه و هێمایه‌که بۆ ئه‌و فۆنێم و ده‌نگانه‌ی، که له زماندا دێنه ده‌راندن. ئه‌و نیشانه و هێمایانه‌ش، که نێوی ئه‌لفبێیان لێ ده‌نرێن، مرۆڤ بۆ خۆی دروستیان ده‌کات و دایانده‌نێت و له سه‌ریان پێکدێت و ڕێکده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر زمان تایبه‌ت بێت به گه‌لێک یا کۆمه‌ڵه مرۆڤێک، که پێی ده‌په‌یڤن و له‌یه‌کتر تێده‌گه‌ن و مۆرک و موڵک و ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌لفبێ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نییه. هه‌موو ئه‌لفبێیه‌ک، به بڕێک ده‌سکاری و گونجاندن، له‌گه‌ڵ هه‌ر زمانێکدا، ده‌توانێت ده‌ربڕی ئه‌و زمانه و هه‌موو جۆره زمانێک بێت و هه‌موو جۆره ده‌نگێک بده‌رێنێت و مرۆڤیش هه‌ر کاتێک ویستی و به پێویستی زانی، ده‌توانێت بۆ هه‌ر ده‌نگێک، هێمایه‌ک چێ بکات.
ئه‌و ڕێنووسه‌ی ئه‌وڕۆ کورد به‌کاری ده‌بات، بۆ خۆی ستاندارده و جێی خۆی گرتووه، چونکه چه‌ند سه‌ده‌یه‌که ته‌واوی هزر و فه‌رهه‌نگی کوردی پێ نووسراوه‌ته‌وه و نێزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌کیشه ئه‌لفبێی زمانی خوێندن و نووسینی میلیۆنان خوێندکار و زمانی سیاسه‌ت و کارگێڕیشه. ئه‌گه‌ر بڕۆکه‌یه‌ک ناته‌واویشی هه‌بێت، به قیچێک ده‌ستکاری زۆر که‌مه‌وه هیچ ده‌ردێکی نامێنێت.
هه‌رچی فراواننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی زمانی کوردییه وه‌ک پێویست، ئه‌وه‌یان باسێکی تره. به بڕوای من فره‌وانبوون و پێشکه‌وتن یا فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی، هیچ زمانێکی ئه‌م جیهانه، پێوه‌ندیان به ڕێنووس و تیپ و ئه‌لفبێی زمانه‌که‌وه نییه، به‌ڵکه فاکته‌ری دیکه له‌و بواره‌دا ڕۆڵ ده‌بینن. ئه‌گه‌ر له ڕووی جیهانییه‌وه بنۆڕینه فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی زمانی کوردی، ئه‌وا ده‌بێ گرنگیی کورد بۆ خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ڕۆڵی کورد له پرۆسه و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهاندا، له‌به‌رچاو بگرین. ئایا کورد خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی ئابووری و سیاسی به‌هێز و کاریگه‌ره و چ گرنگییه‌کی ئابووری یا سیاسی له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه؟ ئایا کورد گه‌نجینه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه یا چ داهێنانێکی فه‌رهه‌نگی خستووه‌ته سه‌ر فه‌رهه‌نگیی جیهانی و مرۆڤایه‌تی؟ پێموایه هه‌موومان وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه‌مان به هاسانی پێ ده‌درێنه‌وه و گرنگیی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی کوردیش ده‌زانین! که‌وابوو ئه‌و باسه چ پێوه‌ندێکی به تیپ و ڕێنووسه‌وه نییه. هه‌رچی فره‌واننه‌بوون و پێشنه‌که‌وتنی ڕێنووس و زمانی کوردییه له نێو کورددا و نه‌بوونی ئه‌م ڕێنووس و زمانه، به زمانی هه‌موو کورد ئه‌وه گه‌لیک هۆی هه‌ن: ژێرده‌سته‌یی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پا‌رچه‌پارچه‌یی و دابه‌شبوونی خاکه‌که‌ی و خۆی، به سه‌ر چوار پێنج ده‌وڵه‌تدا، نه‌بوونی ده‌سگا و سیستمێکی خوێندن و بارهێنانی سه‌رتاسه‌ری، نه‌بوونی ده‌سگای میدیای سه‌رتاسه‌ری و زۆریی شێوه‌زار و بنزار و دابڕانی کورد له یه‌کدی، کاڵفامی و سستی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و چێ‌کردنی تیپی لاتینی بۆ زمانی کوردی و… هه‌موو ئه‌مانه کارێکی وایان کردووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که زمانی کوردی به ڕاده‌ی پێویست و به گوێره‌ی سه‌رده‌م، پێشکه‌وتن و فره‌وانبوون به خۆیه‌وه نه‌بینێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و سه‌رباری ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی زمانی کوردی تێدا بووه، گرفت و ئاسته‌نگی هێنده گه‌وره‌ی نه‌هاتووه‌ته پێش و گۆڕانی زۆری به سه‌ردا هاتووه و گه‌لێک چووه‌ته پێش و ئێستا تاڕاده‌یه‌ک هه‌موو شتێکی پێ ده‌نووسرێت و له هه‌موو بوارێک‌دا به‌کار ده‌برێت.پ2. به‌ڕاى تۆ باسوخواسکردن له‌سه‌ر گۆڕينى ئه‌لفبێی عه‌ره‌بى کاريگه‌رى سيستمى جيهانگيرى نييه بۆ سه‌ر وڵاتانى بچووک و بێهێز ؟
شاکه‌لی: باسوخواسی گۆڕینی ئه‌لفبێ، له نێو هیج گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکێکی دیکه‌دا نییه و پێموایه ته‌نێ کورده و ئه‌ویش "خه‌ڵکانێکی سافیلکه و بار به سه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگی کوردییه‌وه"، که کێچ که‌وتووه‌ته کۆڵ‌یان و به ده‌ستی خۆیان خه‌ریکن ئه‌وه‌یشی هه‌یه، ده‌یدۆڕێنن و ماڵی خۆیان وێران ده‌که‌ن. ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی ئه‌مڕۆ کورد پێی ده‌نووسێت و خه‌ڵک نێوی عه‌ره‌بی و فارسی لێ ده‌نێت، به‌ڵێ له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌بییه و ئه‌ویش له ئارامییه‌وه هاتووه و کورد له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلامدا له عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه، ئه‌مڕۆ کوردییه و هیچی دیکه نییه. تۆ بنوڕه ئه‌و زمانانه‌ی، که به ئه‌لفبێی لاتینی ده‌نووسن، ئینگلیزی، فرانسی، ئه‌ڵمانی، ئیسپانیۆلی، سوێدی و… ته‌نانه‌ت تورکییش، هیچ یه‌کێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌و زمانانه به‌کار ده‌به‌ن، ئه‌لفبێیه‌کانی خۆیان به نێوی زمانێکی دیکه‌وه نێو نابه‌ن. هه‌رکه‌سه‌و ئه‌لفبێیه‌که به هی خۆی ده‌زانێت، فرانسی به ئه‌لفبێی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی فرانسی، ئینگلیز به ئه‌لفبێی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی ئینگلیزی و تورکیش، ته‌نانه‌ت تورک، به ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی ده‌ڵێ: ئه‌لفبێی تورکی، که له ڕاستیشدا له کاتی دامه‌زراندن و سه‌پاندنیدا له لایه‌ن "ئه‌تاتورک’ه‌وه، هه‌ر به نێوی ئه‌لفبێی"که‌مالی"یه‌وه، بڵاوکرایه‌وه.
هیچ فارسێک له جیهاندا نابینییه‌وه به ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆی بێژی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی، له کاتێکدا زمانی فارسی نه‌ک هه‌ر ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌ڵگه 60-70%ی وشه‌کانیشی عه‌ره‌بین. ده‌ڵێن کچه فارسێک له خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا له پۆلێک پێکه‌وه ده‌بن. خوێندکاره‌کان هه‌ریه‌که‌و خه‌ڵکی وڵاتێک ده‌بن و چه‌ندین جۆره زمانی جیاواز قسان ده‌که‌ن. مامۆستاکه‌یان، که سوێدی ده‌بێت داوایان لێ ده‌کات هه‌رکه‌س به زمانی خۆی، به‌رانبه‌ر وشه‌ی "تاک – Tack"ی سوێدی، که به واتای "سپاس"ی کوردی دێت، وشه‌که به زمانه‌که‌ی خۆی بڵێت. یه‌کێک ده‌ڵێ:"شوکره‌ن" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"سپاسیبا" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"سوپاس" و یه‌کێک ده‌ڵێ:"گراسیاس" و کچه فارسه‌که‌یش ده‌ڵێ:"مێرسی" و کچێکی فرانسییش، که له ته‌نیشت کچه فارسه‌که‌وه داده‌نیشێت ده‌ڵێ:"مێرسی"، کچه فارسه‌که‌یش به سه‌رسووڕمانه یه‌کسه‌ر ده‌ڵێ:"شما هم میگن میرسی! واته: ئێوه‌یش ده‌ڵێن مێرسی!". کچه فرانسییه‌که‌یش به پێکه‌نینێکه‌وه ده‌ڵێ:"به‌ڵێ ئێمه‌یش ده‌ڵێین مێرسی". مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه فارس ئه‌و "مێرسی"یه فرانسییه به هی خۆی ده‌زانێت!.
ئێمه ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی خواست و باسوخواسی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) بۆ لاتینی له کن کورد بده‌ینه‌وه ده‌بینین، ئه‌و داخوازی و هه‌وڵانه، پتر له خه‌ڵکانی ناکورد و بیانییه‌وه بوونه و ئه‌وان ویستوویانه ئه‌لفبێی کوردی بگۆڕن، دیاره به کاریگه‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بیانییان و شانبه‌شانی ئه‌وانه، له نێو کوردیش‌دا، وه‌ها داخوازی و ته‌قه‌لایه‌ک هاتووه‌ته ئاراوه.
له ساڵی 1905 دا "مۆرگان"، داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی، کردووه.
له سه‌رده‌می یه‌که‌م جه‌نگی جیهانی و له ساڵی 1913دا، له لایه‌ن "مێجه‌ر سۆن"ه‌وه، هه‌وڵی دانانی ئه‌لفبێیه‌کی لاتینی دراوه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌لفبێیه بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه.
له ساڵی 1930دا، زانای ئه‌رمه‌نی"ئیسحاق مۆرگۆڵۆڤ" و "عه‌ره‌بی شه‌مۆ"، ئه‌لفبێیه‌کی لاتینییان داناوه و له نێو کورده‌کانی سۆڤێیتدا، تا ساڵی 1938 به‌کار براوه. بۆ نموونه ڕۆژنامه‌ی "ڕێیاته‌زه"، که به کوردی ده‌رده‌چێت، له ژماره‌ی یه‌که‌مییه‌وه، له ساڵی1930-1938، به لاتینی ده‌رچووه. له ساڵی 1938-1955،"ڕێیاته‌زه"، ده‌رنه‌چووه و له 1955یشه‌وه تا ئێستا، به تیپی کریلیک ده‌رده‌چێت.
له ساڵی 1931دا" ئێدمۆنز"یش، هه‌وڵی ئه‌و گۆڕینه‌ی داوه.
"پیێر ڕۆندۆ"، ئه‌فسه‌ری فرانسی له شام، پێش ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان"، یه‌که‌م ئه‌لفبێی کوردی به تیپی لاتینی بڵاوکردو‌وه‌ته‌وه.
"تۆما بوا"یش، هه‌وڵی ئه‌و گۆڕینه‌ی داوه.
ساڵی 1933"مینۆرسکی"یش هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی داوه.
ته‌واوی ئه‌وانه بێجگه له "عه‌ره‌بی شه‌مۆ"، هه‌موو که‌سانێکی ناکورد بوونه.
له نێو کورد خۆیشیدا:
له ساڵی 1931دا و دوای گۆڕینی ئه‌لفبێی تورکی له لایه‌ن "مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک"ه‌وه، ده‌سته‌ی "خۆیبوون" له دیمه‌شق، بڕیاری به‌کاهێنانی ئه‌لفبێی لاتینیان له‌بری ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی بۆ زمانی کوردی دا.
"جه‌لاده‌ت به‌درخان"، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی، له ساڵی 1932دا، بڵاو کرده‌وه و گۆڤاری"هاوار"ی له ژماره‌ی 24ه‌میه‌وه ئیدی به تیپی لاتینی ده‌رکرد.
"عه‌بدوڵڵا جه‌وده‌ت"، له گۆڤاری"ڕۆژی کورد"دا، داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی کردووه.
"عه‌بدوڕه‌ززاق به‌درخان" داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ ڕووسی کردووه.
ساڵی 1925،"موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی" و "میرزا موحه‌ممه‌د باشقه"، کتێبچه‌یه‌ک به لاتینی بۆ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی ئاماده ده‌که‌ن.
ساڵی 1933،"ته‌وفیق وه‌هبی"، کتێبی "خوێنده‌واری باو"ی بڵاوکرده‌وه، که پتر تیپی ئینگلیزی به‌کار بردبوو.
ساڵی 1956، "جه‌مال نه‌به‌ز"، کتێبی "نووسینی کوردی به لاتینی" ده‌رکردووه و ده‌نگی "ڵ" و "ڕ"ی بۆ ئه‌لفبێکه‌ی به‌درخان زیاد کردووه و پاشانیش ده‌نگی"وێ Ö "ی خستووه‌ته سه‌ر و به‌و گۆڕانانه تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌درخانی کاراتر کردووه. لێ ئه‌وانه‌ی، تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن بۆ نووسینی کوردی، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی "جه‌مال نه‌به‌ز"یان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه.
ساڵی 1972،"گیوی موکریانی" کتێبی "ئه‌لف و بێی کوردی وێنه‌دار به تیپی لاتینی"ی دانا.
"سادیق به‌هائوددین"یش یه‌کێک بوو له‌و ده‌نگانه‌ی داخوازی لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی ده‌کرد.
"عه‌زیز ئاکره‌یی"یش له‌گه‌ڵ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی‌دا بوو بۆ لاتینی و له‌و بواره‌دا نووسیویه‌تی.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌و بیانییانه بکه‌ین، که ئه‌و خواسته‌یان خستووه‌ته به‌رباس و کۆششیان بۆ وه‌ها کارێک کردووه، ده‌بینین زۆرینه‌یان دوو جۆره مرۆڤ بوون، بڕێکیان خه‌ڵکی سه‌ر به کڵێسه و ئایینی مه‌سیحی بوون و بڕه‌که‌ی دیکه‌یشیان ئه‌فسه‌ر و ده‌ستوپێوه‌ندی له‌شکر و وڵاتانی کۆڵۆنیالیستی بریتانیا و فرانسه بوون. من هۆ و مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و باس و داخوازییه‌ی بیانییان ده‌گێڕمه‌وه بۆ:
دابڕینی کورد و نامۆکردنی له‌و شوێنگه جوگرافیایه‌ی تێیدایه، نه‌ک به‌وه‌ی کورد بکه‌نه قه‌واره‌یه‌کی سیاسی و خاوه‌نی خۆی، به‌ڵکه ته‌نێ بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه و دوورخستنه‌وه و جوێکردنه‌وه‌یان له گه‌لانی ده‌وروبه‌ریان و چێ‌کردنی کێشه له نێوان کورد و ئه‌و گه‌لانه‌دا.
هۆیه‌کی ئایینی- فه‌رهه‌گی: که مه‌به‌ستی مه‌سیحییاندنی گه‌لی کورد بووه و به‌وه‌ش دابڕینی بووه له ژینگه ئیسلامییه‌که‌ی و له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی – فارسی – ئیسلامی.
هه‌رچی کورد خۆیشی بووه، که هه‌وای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی که‌وتووه‌ته سه‌ر، دیاره ئه‌وده‌مه، به چاولێکه‌ری کرده‌که‌ی مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک بووه، که ئه‌وده‌می به‌شێکی زۆری کورد، به چاوی ڕێز و گۆڕان و شۆڕشه‌وه، له تورکیای که‌مالیستیان نۆڕیوه و کۆڵێک به ئه‌تاتورک و تورکیای نوێ و سیکولاریزمه گۆجه‌که‌یانه‌وه سه‌رسام بوون.
ساڵانی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان"یش، بیانووی زۆر هێنراونه‌وه بۆ ئه‌و گۆڕینه، که زۆریان ده‌خرێنه چوارچێوه‌ی، ناته‌واوی و کێماسی و نارێکوپێکی و…ئه‌لفبێی کوردییه‌وه.
داخوازیی ئه‌و کورده‌ی ئێستا بۆ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی، ده‌کرێ بخرێته چوارچێوه‌ی سه‌رسووڕمان و واقوڕمان به ڕۆژاوا و ڕۆژاواپه‌رستییه‌وه و به‌شێکه له‌و ده‌رده‌جیهانگه‌رییه‌ی، که هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و باس و داخوازییه کاریگه‌رییه‌کی جیهانگه‌ری بێت له سه‌ر کوردی بچووک و بێهێز، ئه‌ی وه‌ها کاریگه‌رییه‌ک بۆ نه‌که‌وتووه و ناکه‌وێته سه‌ر، من ناڵێم زمانانی عه‌ره‌بی، فارسی، ئوردوو، به‌نگالی و…چونکه ئه‌وانه زمانگه‌لێکی گه‌وره‌ن، به‌ڵکه زمانانی ئه‌مازیغی، تیگرینی، ئه‌مهاری، کلدانی، ئاشووری، سریانی، ئه‌رمه‌نی، ئازه‌ری(له ئێران)، جۆرجی و…؟ خۆ ئه‌وانه‌یش زمانگه‌لێکی بچووکن و هیچ له زمانی کوردییش به‌هێزتر نین! هیچ یه‌کێک له خاوه‌نی ئه‌و زمانانه ئاماده نین، ئه‌لفبێی زمانه‌کانیان بگۆڕن و بیکه‌ن به لاتینی، چونکه ده‌زانن، ئه‌وه له ماڵشێواندنی خۆیان زیاتر، شتێکی دیکه‌ی لێ شێن نابێت. با نموونه‌یه‌کت له‌و باره‌یه‌وه بۆ باس بکه‌م:
پاییزی 1985، له یه‌کێک له کتێبخانه‌کانی شاری ستۆکهۆڵمدا، گۆڤاری "حۆیۆدۆ"م به‌رچاوکه‌وت، که ئۆرگانی یه‌کیه‌تیی ئاشوورییانه له سوێد و به زمانانی عه‌ره‌بی، ئاشووری و سوێدی ده‌رده‌چێت. له‌وێدا و له به‌شه عه‌ره‌بییه‌که‌یدا و له گوتارێکدا سه‌باره‌ت به کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی ئاشوورییان له سوێد، که پێشتر گیرابوو، ئاوها نووسرابوو:"بابه‌تی دووه‌م، که کۆنگره گرنگییه‌کی تایبه‌تی پێ دا، لێدوان و ده‌مه‌ته‌قه بوو له‌مه‌ڕ ئه‌و بڕیار و ئاگادارییه‌ی، که ده‌سگای ده‌وڵه‌تیی کاروباری بیانییان له 1983دا ده‌ریکردبوو، به دانانی نێوی نوێ بۆ زمانی سریانی، که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردن پێڕۆی کردووه و ده‌یه‌وێت ئه‌لفبێی سریانی بگۆڕێ بۆ ئه‌لفبێی لاتینی و وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌میش کتێبی "توخوقورنیا"، که تایبه‌ته بۆ فێرکردنی منداڵان له چاپ درا. وه‌ک ئاشکرایشه، یه‌کیه‌تیی له کاتی خۆیدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆری دا، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه و وه‌لانانی ئه‌و هه‌وڵ و کۆششه، که ده‌کران بۆ لێدانی شوێنه‌واری ژیاری و زمانه پیرۆزه‌که‌مان. بۆ نموونه‌یش: پێوه‌ندکردن له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خێزانی منداڵاندا و ڕه‌فز و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که و گرتنی پارێزه‌رێک بۆ شکاتکردن، له ده‌سگای ده‌وڵه‌تی کاروباری بیانییان. کۆنگره هه‌ڵوێستی ڕاست و نه‌گۆڕی خۆی نوێ و دووپات ده‌کاته‌وه، به‌رانبه‌ر به هه‌ر که‌سێک، که ڕێگه به خۆی ده‌دات و ده‌یه‌وێت له پایه و ڕۆڵی زمان و که‌له‌پووره‌که‌مان له ژیاریی مرۆڤایه‌تیدا، که‌م بکاته‌وه و لێڵ و ته‌ماوی بکات و تێکبدات. ئێمه‌یش هاوار ده‌به‌ین بۆ ئه‌و برا و هاوڕێیانه‌ی، که ڕه‌نگه پێشکه‌وتنی ژیاریی ئه‌وروپا، که ئێمه‌یش ئینکاری ناکه‌ین، مه‌ستیان بکات، داوایان لێ ده‌که‌ین، له ڕووخاندنی گرنگترین پایه و بنگه‌ی شوێنه‌وارماندا به‌شداری نه‌که‌ن و منداڵه‌کانمان له‌و تیپانه‌ی، که شوێنه‌وار و بیری باوباپیرانی پێ نووسراونه‌ته‌وه – لێره‌شدا بوار که‌مه، له‌و ڕۆڵه مه‌زنه بدوێین، که ئه‌م تیپه و ئه‌م زمانه له ژیاریی مرۆڤدا بینیویانه- بێ به‌ری بکه‌ن. کۆنگره ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و بڕیاری ڕه‌تکردنه‌وه و ڕه‌فزی کاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردنی دا و له سه‌ر داوای قانوونیی خۆیشی به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌وه هه‌ڵوێستی، خه‌ڵکێکی ئاگا و به‌ته‌نگ زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆیانه‌وه هاتووه و ئێستایش له هه‌موو ده‌مێک زیاتر و توندتر، ئه‌و ئاشووری و سریان و کلدانانه باوه‌شیان به فه‌رهه‌نگ و زمان و ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆیاندا کردووه و هه‌رگیز به خه‌یاڵیش بیریان به‌لای گۆڕینی ئه‌لفبێدا ناچێت. ئه‌گه‌ر جیهانگه‌ری و مه‌ستبوون به ئه‌وروپاوه، کاریگه‌رییان له سه‌ر گه‌لان و وڵاتانی بێهێز و بچووک هه‌بووایه، ئه‌وا ده‌بوو ئه‌و سریان و کلدان و ئاشوورییانه، پێش هه‌ر خه‌ڵکێکی دیکه، ئه‌لفبێی خۆیان بکردبایه‌ته لاتینی، چونکه هه‌م بچووک و بێهێزن و هه‌میش وه‌ک ئایین عیسایین، که ئه‌وه بۆ خۆی پاساوێکه و ده‌بوو هانده‌رێک بووایه بۆیان، به‌ڵام نه‌ء، خه‌ڵکی ئاگا و هۆشیار، وه‌ها هه‌ڵه‌یه‌ک ناکه‌ن.