Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
کۆمیدیای چینو ڕوناکبیرییلای(ڕوناکبیر)! مه‌ریوان وریا قانع

کۆمیدیای چینو ڕوناکبیرییلای(ڕوناکبیر)! مه‌ریوان وریا قانع

Closed
by May 26, 2009 گشتی

 

Kazmkader72@yahoo.com

ئه‌م نوسینه‌ ڕاڤه‌ی چاوپێکه‌وتنێکی فریوکارانه‌و وه‌همزه‌ده‌ی"مه‌ریوان وریا قانع"ه‌که‌ ‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کاندا به‌رچاوم که‌وت و خوێندمه‌وه‌.بێگومان ئه‌و ڕیکلامه‌ی مه‌ریوان بۆ بازاڕی پیسی سه‌رمایه‌و بۆ شێواندن و لێخنکردنی حه‌قیقه‌تی چینایه‌تی و نکوڵیکردن له‌ پێگه‌ی چینی کرێکار وه‌ک هێزی به‌رهه‌مهێنه‌رو مانه‌وه‌و جوانکردنی ژیان،نه‌ یه‌که‌م و نه‌ دواهه‌مین ته‌قه‌لاو داهێنانی مه‌ریوان"یش ده‌بێت.سه‌رمایه‌داری هه‌روه‌ک چۆن زیندان و پۆلیس و سوپاو ده‌یان تۆرو ده‌زگه‌ی زه‌به‌لاحی هه‌یه‌و سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی کردۆته‌ زیندان و دۆزه‌خێکی گه‌وره‌،له‌ولاشه‌وه‌ به‌ سه‌دان کارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنی ئه‌ده‌ب و هونه‌رو"ڕۆشنفکری"ساخته‌و چاوقاییم و قه‌ڵه‌می ژه‌نگن و چڵکنی دروست کردووه‌و ده‌ست له‌ سه‌رچاویان داده‌نێن و له‌ دنیایه‌کی ته‌واو شه‌وه‌زه‌نگدا،به‌ پێی خواسته‌کانی بازار حه‌قیقه‌ته‌کان ئاوه‌ژوو ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ر به‌هایه‌ک بێت ڕۆخساری ناشیرینی سیسته‌می بازاڕ ماکیاژ بکه‌ن.هه‌موو مێژووی سیسته‌مه‌کانی چینایه‌تی هه‌ر ئه‌و کاره‌یان کردووه‌ که‌ مه‌ریوان له‌ نزیکی کۆتاییه‌کانیدا کنه‌ی تێدا ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئاییه‌نه‌کان دیارده‌ی هه‌ژاری و نا‌به‌رابه‌ی چینایه‌تیان بۆ هێزێکی سه‌رومرۆڤ_خودا ده‌گه‌ڕانده‌وه‌و پێشتر خودا له‌ له‌وحه‌کانی خورافاتدا بڕیاری له‌ سه‌رداوه‌و قابیلی هیچ ئاڵ و گۆڕێک نییه‌،ئه‌وا سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌ شێوازیترو له‌ سه‌رده‌مێکیتردا له‌ که‌ناڵی زه‌به‌لاحی جۆر به‌جۆره‌وه‌،له‌ ڕیگه‌ی فکرو ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی ساخته‌وه‌،ئه‌فسانه‌ی کۆتایی مێژوو ڕاده‌گه‌یه‌نن و خه‌ون و خولیای به‌رابه‌ری خوازی و کۆمۆنیزم به‌ خه‌یاڵ و ته‌مبه‌ڵخانه‌ نێو ده‌نێن،به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو هێزی کاره‌ش که‌ له‌ تلیاکی گێژکردنی هه‌ژاران و چینی کرێکاردا پاماڵده‌که‌ن،ده‌توانێت به‌شێکی زۆری ئازارو تاعونه‌کانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆی پێچاره‌سه‌ر بکه‌ن.به‌ڵام بێگومان،بازاڕو زبڵخانه‌ی موڵکایه‌تی له‌ سه‌ر ئه‌و تلیاکه‌ ده‌ژین و مانه‌وه‌شیان له‌ په‌خشکردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی و ڕشتنی ئه‌و ژه‌هرانه‌دایه‌.
مه‌ریوان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی(له‌ گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵه‌خاکاندا که‌چی هه‌ژاری ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ زیادبوونه‌دایه‌ و هۆکاره‌کانی ئه‌م هه‌ژارییه‌ چییه‌؟ئێژێت:
"دەبێت لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە ھەژاری دیاردەیەکی سیاسییە نەک سروشتی. ھەژاری شتێک نییە لەناو جیناتەکانی ئینسان و خڕۆکە سورەکانییەوە بێت… ئەمەش مانای ئەوەی بەرپرسیاری ھەرە سەرەکی لە ھەژاریی لەھەرشوێنێکی دونیادا سیاسەتە." هێڵی جه‌خت هی منه‌.
گومانی تێدا نییه‌ هه‌ژاریی دیارده‌یه‌که‌ له‌ نێو سیاسه‌تدا،هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر ئه‌و سیاسه‌تبازییه‌ چینایه‌تییه‌ی که‌ مه‌ریوان فریوه‌که‌ی په‌خشده‌کاته‌وه‌. به‌ڵام له‌وه‌ش دروستتر هه‌ژاریی دیارده‌یه‌کی چینایه‌تییه‌ نه‌ک به‌ ته‌نها سیاسه‌تێکی ڕووت،که‌ مه‌ریوان ده‌ست به‌ چاوێوه‌ ده‌گرێت و بۆ یه‌کجاریش حه‌قیقه‌تی"چین"و ئه‌و هه‌ژارییه‌ی که‌ ڕه‌گه‌کانی قووڵ به‌نێو سیسته‌می چینایه‌تیدا ڕۆچووه‌،به‌ زاردا نایه‌ت.له‌ دنیادا زۆرن ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی وه‌ک مه‌ریوان و ده‌کرێت له‌ویش زیاتر باوه‌شیان به‌ سیسته‌می چینایه‌تیدا کردبێت،به‌ڵام نایانه‌وێت هه‌ندێک دیارده‌و واقعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی وه‌ک"چین"و کارێکار یان چینی کرێکار حاشا لێبکه‌ن.به‌ڵام مه‌ریوان له‌و جۆره‌یان نییه‌،به‌ڵکو له‌و(ڕوناکبیرانه‌یه‌!)شه‌ووڕۆژ ده‌خه‌نه‌ سه‌ریه‌ک تاکو تێوری خورافی داتاشن و تارمایی و گومان بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌بوونی به‌رجه‌سته‌ی چینی کرێکار.مرۆڤ کاتێک ئه‌و تێکسته‌ی مه‌ریوان ده‌خوێنێته‌وه‌،بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ چ ناکۆکی وگرێیه‌کی سایکۆلۆژی به‌ حه‌قی چینی کرێکارو تارمایی به‌رابه‌ریخوازی له‌ سه‌ریدایه‌.ئه‌و له‌و بابه‌ته‌ چه‌واشه‌کارییه‌دا نمونه‌ی چه‌ندین "چینی"داتاشراوو وه‌همی ده‌هێنێته‌وه‌،به‌ڵام بۆ یه‌کجاریش ‌ناڵێت چینی کرێکار.باسی چینی خوێنده‌‌وارو چینی بازرگان و چینی کارمه‌ندو چینی ناوه‌ندو چینی کرێکاره‌ خاوه‌ن به‌هره‌کان و!…تاد ده‌کات،به‌ڵام له‌ ئاستی چینێکی واقیعی به‌رجه‌سته‌و ئه‌زمونکراو_چینی کرێکار_زمانی به‌گۆ نه‌هات.گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ هه‌موو ئه‌و چینه‌ وه‌همییانه‌ی ئه‌و ڕیزی کردوون له‌ سیاسه‌تی زانستی و_هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌ک له فێرگه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌ ساخته‌و چه‌واشکارییه‌کان_ فکرو واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تیدا،نه‌ خه‌سڵه‌تی "چین"یان هه‌یه‌و نه‌ شوناسی"چین"یان به‌ باڵادا بڕاوه‌،به‌ڵکو  به‌ پێی پێگه‌و چه‌ندێتی و چۆنێتی کۆمه‌ڵایه‌تییان به‌ توێژو نوخبه‌ ناسێنراون،به‌ڵام مه‌ریوان"هوشیارانه‌"گه‌مه‌یه‌کی ناشیرین ده‌کات،گه‌مه‌ی حاشاکردن له‌ چینی کرێکارو کاڵکردنه‌وه‌و پارچه‌ پارچه‌کردنیان به‌ سه‌ر ده‌رزه‌نێک چینی خه‌یاڵیدا که‌ له‌ فه‌نتازیای خۆیدا خوڵقاندوونی.لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ به‌ بیر بهێنمه‌وه‌ کا کاتی خۆی چۆن ڕژێمی به‌عس حاشای له‌ چینی کرێکار ده‌کردو نێوی فه‌رمانبه‌ری به‌ باڵادا بڕیبوون!
ئێسا با له‌م گوزارشته‌ کۆمیدییه‌ وردبینه‌وه‌:((ھەژاری شتێک نییە لەناو جیناتەکانی ئینسان و خڕۆکە سورەکانییەوە بێت))نا…له‌ نێو خڕۆکه‌ ڕه‌شه‌کاندایه‌…!ئه‌م وه‌ڵامه‌ هیچیتر نییه‌ بێجگه‌ی هه‌ژاریی مه‌عریفه‌ی زانستی و ڕاکردن و زیگزاگکردنێکی کۆمیدی له‌ وه‌ڵامێکی جه‌وهه‌ری.سه‌یره‌ لێت برسن:له‌گه‌ڵ زۆربوون و به‌رز بونه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كاندا كه‌چی هه‌ژاری رۆژ دوای رۆژ له‌زیاد بوندایه‌ به‌رای تۆ هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌ژارییه‌ چییه‌؟له‌ جیاتی لانی که‌می وه‌ڵام و به‌راوردکردنێکی شییاو،نمونه‌ی جینات و خرۆکه‌ سورو سپییه‌کان بهێنیته‌وه‌ که‌ به‌ هیچ پێوه‌رێک شییاوی به‌راوردکردن به‌ یه‌ک نین.به‌ڵام مه‌ریوان بۆچی تووشی ئه‌م هه‌ژارییه‌ له‌ واڵامدانه‌وه‌ ده‌بێت!چوونکه‌ وه‌ڵامێک که‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌یخوازێت ئه‌و گرێی ده‌روونی له‌ گه‌ڵیدا هه‌یه‌،ئامه‌ده‌یه‌ وه‌ڵامێکی کۆمیتراژیدی بداته‌وه‌ به‌ خاتری ئه‌وه‌ی زه‌ینی خوێنه‌ر به‌ لایه‌کی تاریکدا ببات.ئه‌گه‌ر هه‌ژاریی دیارده‌یه‌کی‌ تاڵی نێو سیسته‌می چینایه‌تی سه‌رمایه‌داری بێت،ئه‌وا مه‌ریوان سه‌دان به‌ڵگه‌ی وه‌همی دێنێته‌وه‌ تاکو هه‌ژاریی به‌ سیسته‌می چینایه‌تی نه‌به‌ستێته‌وه‌.ئه‌و ئێژێت هه‌ژاریی دیارده‌یه‌کی سیاسییه‌،به‌ڵام ناڵێت کام سیاسه‌ت؟سیاسه‌تێک که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای جیاوازی و مۆنۆپۆڵکردنی ئابووری له‌ سه‌ر ده‌ستی چینێکی مشه‌خۆری سه‌رمایه‌داران ئاراسته‌ ده‌کرێت،بۆ مه‌ریوان  جێی خستنه‌ ژێر پرسیار نییه‌.ئه‌و ده‌زانێت هێنانه‌گۆڕی بابه‌تی"چین"و چینی کرێکارو چینی سه‌رمایه‌داران،ڕایده‌کێشێته‌ پای بڤه‌ی ناکۆکی و ململانێی واقیعی و به‌رجه‌سته‌ی کرێکارو سه‌رکایه‌داران، تارمایی"ترسناکی"کۆمۆنیزم و سیسته‌می چینایه‌تی.هۆکاری ئه‌و ڕووکه‌شگه‌ری و زیگزاگ و هه‌ژارییه‌ فکرییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بازدان به‌ سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌دا.
"له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ست ده‌كرێ‌ چینێك به‌راده‌یه‌كی باش ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن چینێكی تریش رۆژبه‌رۆژ هه‌ژار ده‌بن ئه‌وه‌ی جێگای قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چینی ناوه‌ند نه‌ماوه‌ ئایا نه‌بونی چینی ناوه‌ند مه‌ترسیه‌كانی چین"؟
له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌دا مه‌ریوان به‌م جۆره‌ ده‌دوێت:(پێموایە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نوخبەیەکی بچووک بەڕادەیەکی ترسناک دەوڵەمەند دەبێت و بڕێکی گەورەی کۆمەڵگاش ڕووی لە ھەژارکەوتنێکی ترسناکە. واتە ئەوەی کە بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر و خێرا دەوڵەمەند ئەبێت چین نییە، بەڵکو نوخبەیە، نوخبەیەکی ھێجگار بچووکیش، ئەوەش کە ھەژار دەکەوێت دیسان چین نییە، بەڵکو زیاد لە چین و گروھێکی کۆمەڵایەتییە).مه‌ریوان بڕیاری داوه‌ حاشا له‌"چین"بکاو له‌ به‌رامبه‌ریشدا چینگه‌لێک قووتبکاته‌وه‌ که‌ مه‌گه‌ر ته‌نها له‌ فه‌رهه‌نگی وه‌همی خۆیدا جێگه‌یان بکاته‌وه‌و هه‌ر خۆیشی په‌ی به‌ نهێنییه‌کانیان به‌رێت!ئه‌وه‌ش که‌ دواجار خوێنه‌ر چ به‌هایه‌ک بۆ بۆچوونه‌کانی داده‌نێت چ خه‌مێکی نییه‌.ده‌بێت بێژم چینی سه‌رمایه‌دارانی کوردستان به‌خت یاوه‌ریانه‌،که‌وا سه‌رباری ڕزیوبوونیان، (ڕوناکبیرانی)! په‌رده‌ی ڕه‌شی چاوبه‌سته‌گی ده‌دوورن و خه‌سڵه‌ت و به‌ها ناشیرینه‌ چینایه‌تییه‌کانیان داده‌پۆشن! مه‌ریوان ده‌یه‌وێت بێژێت:ده‌وڵه‌مه‌ندان_سه‌رمایه‌داران_چین نین،به‌ڵکو نوخبه‌ن "نوخبه‌یه‌کی بچووکیش"،بۆچی؟چوونکه‌ ئه‌و نوخبه‌یه‌ که‌مایه‌تییه‌کی چه‌ند سه‌دکه‌سی یان چه‌ند هه‌زار که‌سێکن.گومانی تێدا نییه‌ که‌ سه‌رمایه‌داران له‌ باری چه‌ندییه‌وه‌،که‌مایه‌تییه‌کی بچووکی نێو کۆمه‌لگه‌ی هاوچه‌رخن،هه‌ر ئه‌و که‌مایه‌تییه‌شه‌ مۆنۆپۆڵی ته‌واوی کایه‌کانی ئابوری و فه‌رهه‌نگی و کولتورو سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و هونه‌رو ته‌واوی بواره‌کانیتریان کردووه‌،ئه‌مه‌ نه‌ک له‌ کوردستان به‌ ڵکو له‌ ته‌واوی سه‌ر گۆی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌و له‌ هۆلاندیش هه‌ر وایه‌. ئه‌وه‌ که‌ ڕه‌وایه‌تی و شوناسی چینایه‌تی به‌و(نوخبه‌یه‌) ده‌دات،فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م چینه‌و ئه‌و قڵشت و دابه‌شبوونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی نا‌دادپه‌روه‌رییه‌یه‌‌ که‌ له‌ نێو ئه‌م دوو چینه‌دا هه‌یه‌،قسه‌ له‌ سه‌ر خستنه‌ ژیر پرسیاری ئه‌و نادادپه‌روه‌ری قڵشته‌ ترسناکه‌یه‌ که‌ پێویست ناکات خۆمان ماندوو بکه‌ین تاکو بیبینین،نه‌ک داهێنانی وه‌هم و چه‌واشه‌کاری و چواندنی هه‌ژاریی به‌ خڕۆکه‌ سوروسپییه‌کان.حه‌قانیه‌تی ئه‌و نوخبه‌یه‌_سه‌رمایه‌داران له‌ چه‌ندێتیدا نییه‌،به‌ڵکو له‌ چۆنێتی و  ته‌واوی ئه‌و ناکۆکی و به‌ها ناشیرین و جیاخوازییه‌دایه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی دابه‌ش کردووه‌ بۆ دوو چین و دوو به‌هاو دنیابینی ناکۆک و دژبه‌یه‌ک.به‌ڵام مه‌ریوان ده‌یه‌وێت بێژێت میلێونێرو میلیاردێره‌کانی کوردستان نوخبه‌ن نه‌ک چینی سه‌رمایه‌داران،چوونکه‌ چینی سه‌رمایه‌داران خاوه‌نی به‌هاو مۆراڵی مرۆیین،له‌و دیو په‌رده‌یه‌کی چڵکنه‌وه‌ پێمان ئێژێت:به‌ هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن،بۆگه‌نبوونی ئه‌و نوخبه‌یه‌ له‌ شکۆو مۆرالی سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌ دوورن!
مه‌ریوان به‌و دیوه‌که‌شدا هه‌مان گه‌مه‌و نمایشی به‌دو چه‌واشه‌کاری ده‌کات.وه‌ک چۆن بێپه‌روا به‌ڵام بێڕه‌گ و ڕیشه‌،ته‌قه‌لای لێڵکردن و داپۆشینی حه‌قیقه‌تی پیسی بازاڕی چینایه‌تی ده‌دات،به‌ هه‌مان پرۆژه‌و که‌ره‌سته‌ی فریوکارییه‌وه‌،خه‌ریکی ته‌خشان و په‌خشان و تاڵانکردنی ئاپۆره‌ی به‌شمه‌ینه‌تانه‌  به‌ سه‌ر چه‌ندین گروپ و چینی خوازراودا.ئه‌و که‌ له‌ لایه‌ک دان به‌ چینی کریکردا نانێت،له‌ لایه‌کیتریشه‌وه‌ هه‌ر له‌ نیو ئه‌م چینه‌دا، دۆزه‌ دۆزه‌ ده‌کات و چینی خورافی لێداده‌تاشێت،نمونه‌ی(چینی کرێکارانی خوێنده‌وارو چینی کرێکاره‌خاوه‌نبه‌هره‌کان)…و زۆر شتی سه‌یری تریش.                                           
 (بەکورتی وەکچۆن ھەژاری دیاردەیەکی سیاسییە، بەگژاچونەوەی ھەژاریش دیسانەوە دیاردەیەکی سیاسییه‌. شتێک سیاسەت دروستیکردبێت ھەر بە سیاسەتیش چاکدەکرێتەوه)‌مه‌ریوان وا ئێژێت!
پێشتر گوتم چۆن مه‌ریوان دیارده‌ی هه‌ژاریی ته‌نها به‌ سیاسه‌تی رووت ده‌به‌ستێته‌وه‌ و به‌ مه‌قه‌ستی فریو ملی"چین" ده‌قرتێنیت،به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ژاریی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ گرێ ده‌دات و دواجاریش له‌ نێو سیاسه‌تدا بۆ چاره‌سه‌ری ده‌گه‌ڕێت،ئه‌وه‌ش که‌ کامه‌ سیاسه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیتر ئه‌و وێرانکردن و هه‌ژارییه‌ نه‌ک(چاكده‌کاته‌وه‌)به‌ڵکو له‌ ڕیشه‌وه‌ ده‌ردێنێت،لای مه‌ریوان نادیاره‌و ده‌یداته‌ ده‌ست قه‌ده‌رو پیاوچاکان! (به‌ختیار عه‌لی)یش ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی(مه‌ریوان)ه‌وه‌،له‌ چاوپێکه‌وتنێکی شیعرگازدا له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ده‌ڵێت:(من هه‌میشه‌ پێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرتووه‌ كه‌ ئه‌و كاولبوونه‌ی سیاسه‌ت  دروستیده‌كات، دواتر سیاسه‌ت به‌ ته‌نیا بۆی چاك ناكرێت)لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌ نییه‌ دوو بۆچونی جیاوازو دژ به‌یه‌کی دوو(هاوڕێ)سه‌باره‌ت دیارده‌یه‌ک نیشان بده‌م،هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ شتێکی ئاساییه‌.به‌ڵام ئه‌و مه‌غزاو ئاماژه‌و تارماییانه‌ی که‌ له‌ نێو ئه‌و دوو گوزارشته‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه‌،جێی گرنگیدانه‌!چوونکه‌ مه‌ریوان ده‌ڵێت ئه‌و هه‌ژارییه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان و له‌ دنیادا هه‌یه‌،وه‌ک چۆن سیاسه‌ت دروستی کردووه‌ ده‌بێت به‌ سیاسه‌تیش چاکبکرێت.ئه‌و ئه‌گه‌رچی هه‌ژاریی به‌ سیسته‌می ڕه‌شی چینایه‌تییه‌وه‌ نابه‌ستێت،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و دیوی په‌رده‌کانه‌وه‌ داوا له‌ سه‌رمایه‌داره‌(به‌رپرسه‌کان)ده‌کات،هه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ هه‌ژاریی دروست کردووه‌و به‌ بێ هه‌ژارکردنی ملێونان له‌ به‌شه‌ره‌کان ناتوانێت درێژه‌ به‌ ژیانی ناشیرینی بدات، چاره‌سه‌ری هه‌ژاریی بدۆزیته‌وه‌!ده‌بێت نێوی چی له‌مه‌ بنێین بێجگه‌ی کۆمیدیای (ڕوناکبیریی!) ئاماژه‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی)یش ئه‌مه‌یه‌:سه‌رمایه‌داران ئاگه‌داربن،ئه‌و‌ کاولبوونه‌ی ئیوه‌ دروستتان کردووه‌ ته‌نها به‌ خۆتان چاره‌سه‌ر ناکرێت،بۆیه‌ ده‌بێت ئاوڕ له‌ئێمه‌ی(ڕوناکبیران)بده‌نه‌وه‌و له‌ چاره‌ سه‌رکردن و شته‌کانیتریشدا پرسمان پێبکه‌ن و به‌شداربین!

 

کازم قادر
24.05.2009

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.