
بۆنی دارگوێزێک له هه‌ناسه‌مدایه
بۆنی دارگوێزێک له هه‌ناسه‌مدایه
هه‌ندرێن
***
له بووڵێڵێکی راڕادا،
خه‌ون ده‌بینێ.
شوونپێی کێوه‌کانه:
یاده‌وه‌ریی تراویلکه‌یی تۆ.
***
ئێواره‌یه‌کی نیلۆفه‌ڕیی و
ده‌ریاچه‌یه‌کی وه‌نه‌وزگرتوو،
وه‌ک ئه‌و کۆتره‌ی
که کێوێک بێده‌نگ ئاشقتبوو،
وه‌ره به‌فری ئه‌و ئاسمانه فه‌رامۆشنشینه
له‌سه‌ر لاجهنگهکانمدا بسڕه‌وه:
ئه‌ی دڵه مۆره‌که‌ی یاده‌وه‌ریی!
***
ئاسۆ وه‌ک چاوه‌کانی تۆ
سۆزێکی نارنجی پۆشیوه،
تۆ به که‌زیه ته‌ڕ و گوڵدارهکانتهوه،
له هیکڕا به‌ناو بیرهاتنهوهمدا
تێده‌په‌ڕی و
دارگوێزه‌که‌ی باره‌گای "دۆڵی کافێ"ش،
به ده‌م خه‌نده‌کانته‌وه
هێشووه گوێزكی که‌سک و گه‌ڵا زه‌رده‌کانی
به‌سه‌ر دڵی تاراوگه‌دا هه‌ڵده‌وه‌رێ.
ها ئه‌وا: پاییزێکی گه‌رم به‌ناو بێماڵیم وه‌رده‌بێ.
***
من له ته‌نیایی جماوت ده‌ڕوانم
ئه‌ستێره‌کان له‌ناو ته‌ونی جالجالۆکهییدا
جریوه‌کان ده‌هۆننه‌وه.
تۆش به‌ره‌و ئێواره‌یه‌ک
له‌ناو چرپه‌کانی یاده‌وه‌رییدا،
پهرێشانییهکانت له‌سه‌ر رووی ته‌متومان
ده‌نووسیته‌وه.
له خوناوی دڵ زیاتر؛
به ده‌ر له ئه‌شکی وشه،
هیچی تری نییر ببیبهخشێ:
زمانی ئه‌و منه سه‌هه‌نده‌یه.
***
زه‌رده‌په‌ڕ هه‌میشه له دره‌خته سه‌وزه‌که‌ی ئه‌ودیوی په‌نجه‌ره‌وه
شوونپێیهکانی
له ژووره خهوزڕاوهکهمدا ده‌چێنێ.
منیش رۆژانه؛ به ده‌م شکۆفه‌کردنی کازیوه‌وه،
گوێ له وڕێنه‌ی ئه‌و چۆله‌که‌یه ده‌گرم،
که تا نیوه‌شه‌وان گۆرانی ده‌چڕێ و
ناشتوانێ دڵی چۆله‌که‌یه‌کی ره‌به‌ن نه‌رم بکا.
به‌ره‌به‌یانیان،
وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر لووتکه‌کانی "باواجی"دا
له ده‌شتاییه شهپۆڵگرتووهکانی"رۆژئاوای کۆیێ" بڕوانم،
ئه‌و گوڵناره ئه‌به‌دییانه ده‌چنمه‌وه
که له باغه‌کانی یادهوهرییی؛ له راڕه‌وی ماڵه‌که‌مدا ده‌ڕسکێن.
شه‌و به سێبه‌ری ئه‌ستێره‌کانییه‌وه په‌لده‌هاوێژێ و
ده‌ریاچه شهختهگرتووهکانی "ستۆکهۆلم"یش
به خنکاوییهوه سۆراغی ماسییه ورده‌کانیان ده‌که‌ن.
ژیان وه‌ک که‌شتییه‌کی وێڵ، به به‌رچاوی که‌ناره کهنفتهکانهوه راده‌بوورێ.
ده‌نگێک له گه‌رووی یاده‌وه‌رییه‌وه، وه‌ک لمێکی خوێناوی،
بانگتدهکا؛ ده‌تدوێنێ.
دره‌خته‌کان ده‌بنه چیا و لێتدهئاڵێن.
هه‌روه‌ک به بناری "چیای پێرس"ه‌وه ریبکهین،
له پشووی سه‌ر کانییه‌کدا،
هێور هێور… دانه دانه،
به ده‌م چاولێکنانی کازیوه‌وه:
هه‌نجیره سۆره‌کان ده‌چنمه‌وه.
***
له شه‌وێکی دره‌نگی پاییزدا-
تۆ هه‌میشه له سپێده‌ی پاییزان ده‌چیت-،
چاوه‌کانت له مندا رۆدهچوون؛
برژانگه‌کانت وه‌ک گیای سه‌ر کانییه‌که و
مه‌مکه‌کانیشت،
وه‌ک په‌لکی دارگوێزێک،
روومه‌ته‌کانمی ده‌لاوانده‌وه.
ئێستا ته‌وژمێک له بۆنی تۆ،
له په‌نجه‌ره‌وه به ژووره‌که‌مدا وه‌رده‌بێ؛
دڵم گه‌مارۆ ده‌دا.
نێوان من و تۆ؛ تاروگه و دڵی تۆ،
پاییزێکی عه‌ده‌مییه و کهشتییهوانێکی ئاشق
به گۆرانییه‌کانی بڕوایه‌ک به مه‌وداکانی ده‌به‌خشێ.
ماڵه‌که‌م ههنارڕێژ ده‌که‌م و
کهزییهکانیشت به‌سه‌ر تابلۆکانه‌وه شۆڕده‌که‌مه‌وه.
ئه‌و ده‌مه‌ی مانگ وه‌ک گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ک
له گه‌رده‌نی لووتکه‌ی شاخه‌که‌ی سه‌ر بهرهگاکهمان ده‌ئاڵێ،
وه‌ک تراویلکه‌یه‌ک له ئه‌ڤین،
به‌ره‌و "کانییه‌کی به‌ر مانگه‌شه‌و" شهپۆڵدهدهم:
له نێوان مهمکهکانتدا نقووم ده‌بم.
2009.3
ستۆکهۆلم