ئه‌لفبێی لاتینی و زمانی ستاندارد….به‌شی دووه‌م
پ3. دواى بڕيارى ئه‌تاتورک له‌مه‌ڕ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌لفبێی عه‌ره‌بى، به‌درخانييه‌کان هه‌رچه‌نده چه‌وساوه و ئاواره‌ى ده‌ستى بوون، به‌ڵام هه‌ر دواى ئه‌م بڕياره ئه‌لفبێی لاتينييان به‌کار هێنا، ئێوه ئه‌مڕۆ چۆن ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌درخانييه‌کان ده‌خوێننه‌وه؟
شاکه‌لی: جه‌لاده‌ت به‌درخان، له ساڵی 1932دا، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی بڵاو کرده‌وه و به قسه‌ی خۆی، ئه‌و له ساڵی 1919ه‌وه، ده‌ستی به ڕێکخستنی ئه‌و ئه‌لفبێیه کردبوو. له پێشگوتنی کتێبێک‌دا، که له ساڵی 1932دا، له شام نووسیویه‌تی، جه‌لاده‌ت به‌درخان، باسی ئه‌وه ده‌کات، که ساڵی 1919، له خه‌رپووت و دیاربه‌کر و چیای مه‌له‌تیێ و له نێو عه‌شیره‌تی (ڕه‌شوان یا ڕه‌وان)دا، کاتێک که له‌گه‌ڵ "مێجه‌ر نۆئێل" ناوێکی ئینگلیزدا ده‌بێت، که سۆرانی ده‌زانێت و هه‌وڵده‌دات فێری کرمانجی بێت، کاتێک که مه‌ته‌ڵ و ستران و چیرۆکان کۆده‌که‌نه‌وه و ده‌نووسن و به‌راورد ده‌که‌ن، نۆئێل به‌رانبه‌ر به تیپی عه‌ره‌بی، تیپی لاتینی ده‌نووسێت و ده‌ستنووس و خه‌تی خۆی به هاسانی ده‌خوێنێته‌وه. ڕه‌فیق حیلمی، له به‌رگی یه‌که‌می "یادداشت"ه‌که‌یدا، له باره‌ی "مێجه‌ر نۆئێل"ه‌وه، باسی ئه‌وه ده‌کات، که: نۆئێل، یه‌کێک بووه له ئه‌فسه‌ره ئینگلیزه شاره‌زاکانی هه‌رێمی کوردستان و ڕاوێژکاری شێخ مه‌حموود و یه‌که‌م نوێنه‌ری ئینگلیز بووه له کوردستان. زمانانی فارسی و فرانسه‌یی زۆر باش زانیوه و له ئێران‌دا زۆر ماوه‌ته‌وه. له ڕێی سیاسه‌ته‌وه خزمه‌تی بریتانیای کردووه. ڕۆژی 1-11-1918، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، به خه‌ڵکی سلێمانی، که "عوله‌ما، ئه‌شراف، سادات و توججار"ی تێدا به‌شدار بوون، به ناوی نوێنه‌ری بریتانیاوه قسه‌ی کردووه و به‌و خه‌ڵکه‌ی ڕاگه‌یاندووه، که شێخ مه‌حموود، له لایه‌ن حاکمی گشتیی عیراقه‌وه به حوکمداری کوردستان، ناسراوه. نۆئێل و له پشت ئه‌ویشه‌وه "ویلسن"ی حاکمی گشتیی عیراق، ده‌یانه‌ویست له ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حموود که‌ڵک وه‌رگرن و له هه‌رێمی کوردستاندا، بێ هێزێکی سه‌ربازی، ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز جێگیر بێت و به هۆی شێخ مه‌حمووده‌وه، سیاسه‌تی حوکوومه‌تی بریتانیا، به‌ڕێوه ببه‌ن. نۆئێل، ناوی (حاکمی سیاسی) لێ نرا. حیلمی ده‌ڵێت "زه‌مان به دڵی (نۆئێل) بچوایه به‌ڕێوه شکم له‌وه‌دا نیه که بناغه‌ی (کوردستانی گه‌وره)ی دائه‌مه‌زراند، نۆئێل، شوباتی 1919 چووه‌ته تورکیا و له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌کانی سیاسی کوردیشه‌وه، میر جه‌لاده‌ت به‌درخان و دوو کوردی تریش گه‌یشتوونه‌ته لای و له‌گه‌ڵ "نۆئێل"دا یه‌کیان گرتووه و به ناو کورده‌کانی خه‌رپووت و دیاربه‌کردا سووڕاونه‌ته‌وه و بۆ کورد و کوردستان گفتوگۆیان کردووه".
جه‌لاده‌ت به‌درخان، که باسی "نۆئێل" ده‌کات ده‌ڵێت:"ب بلێکرنه‌که بیانی، لێ بێ دژواری ده‌ست نڤیسا خۆ دخواند، لێ به‌لێ ئه‌ز، هه‌یا کو من (وو) ژ (ۆ) و (ی) ژ (ێ) ده‌رخستن دکه‌تم هه‌زار دژواری"، ئه‌وجا ده‌ڵێ:"د جهدا قه‌رارا خو دا و ژ خورا ب حه‌رفێن لاتینی ئه‌لفابێ یه‌ک لێک ئانی" و پاشان باسی ئه‌وه ده‌کات، که سوودی له ئه‌لفبێی یۆنانی و ڕووسی و لاتینی و فرانسه‌یی وه‌رگرتووه، بۆ چێ‌کردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ کوردی و کاتێک تورکان ئه‌لفبێی لاتینی خۆیان بڵاوکرده‌وه ئیدی ئه‌میش"ژ بونا هێمانکرنا خوه‌ندنا نڤیسارێن مه ژ کوردمانجێن ترکیرا، مه ده‌نگێن هن حه‌رفان ب هه‌ڤ گوهارتن ئو هه‌رچه‌ند هه‌بو مه ئه‌و چه‌ند ژ ئه‌لفابێ یا خوه خست نێزیکی ئه‌لفابێ یا ترکان کر". به‌درخان، باسی ئه‌وه‌یش ده‌کات، که پرسی به، زۆر خوێنده‌وار و زانا و نووسه‌ری کورد و بیانی کردووه، بۆ نووسینی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی و گوایه سێزده ساڵ هه‌وڵی بۆ داوه. به بڕوای من، جه‌لاده‌ت به‌درخان، بۆ دانانی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، پرسی به هیچ زمانزانێکی کورد نه‌کردووه، به‌ڵکه بڕیارێکی نابه‌رپرسانه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی، خوینده‌وارێکی هزر و فه‌رهه‌نگ ئه‌وروپایێندراو بووه و به ته‌نێ بۆ خۆی و بێ بیرکردنه‌وه له ئه‌نجامه‌کانی، داویه‌تی. به‌درخان، هه‌روه‌ک پرسی به کوردیزانی دیکه‌ی کورد نه‌کردووه، بۆ خۆیشی زاراوه‌ه کوردییه‌کانی دیکه‌ی نه‌زانیوه و ته‌نێ له ڕوانگه‌ی زاراوه‌ی کرمانجیی باکووره‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی له‌به‌رچاو گرتووه.
مێژووی گه‌شه‌کردن و گۆڕانکاریی ئه‌لفبێی کوردی، پێشانمان ده‌دات، که تا ساڵی 1930یه‌کان، تاکه ئه‌لفبێیه‌ک، کورد پێی نووسیوه، ئه‌لفبێی کوردی"تیپی عه‌ره‌بی" بووه و هه‌موو کوردیش له هه‌موو ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا و هه‌ر زاراوه‌یه‌کی بووبێت، پێی نووسیوه. گۆڕانی ڕێژیمی تورکیا، له خیلافه‌ته‌وه بۆ کۆماریی و هاتنی موسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک، بۆ فه‌رمانڕه‌وایی تورکیا و گۆڕینی ڕێنووس و ئه‌لفبێی زمانی تورکی، له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ لاتینی، که‌سانی وه‌ک "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ کوردیش ئه‌لفبێی خۆی بکاته لاتینی. ئه‌ڵبه‌ته جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی باسی ئه‌وه ده‌کات. به‌درخان، له ساڵی 1932دا و پاش ئه‌وه‌ی، که له تورکیا ئه‌لفبێ کرایه لاتینی، ئه‌لفبێیه‌که‌ی خۆی بڵاوکرده‌وه و بۆ نێزیکخستنه‌وه‌یشی له ئه‌لفبێی تورکی لاتینی، هێندێک ده‌نگی کوردی وه‌ک ده‌نگه تورکییه‌کان لێکرد. دوای بڵاوکردنه‌وه‌یشی ئیدی به‌ره‌به‌ره، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان، جێی خۆی گرت و بوو به بنگه‌ی نووسینی کوردی به تیپی لاتینی و تا ئێستاش ڕۆژ له دوای ڕۆژ له‌بره‌ودایه.
بانگاشه‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان و ئه‌وانی وه‌ک وی بیر ده‌که‌نه‌وه و هه‌ندێک له خوێندووانی کورد له‌مه‌ڕ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی، بۆ ئه‌لفبێی لاتینی، له خراپی و ناپه‌سه‌ندیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و باشی و جوانی و تۆکمه‌یی ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه نییه، به‌ڵکه له چاولێکه‌ری و مۆده‌یه‌کی باوی لاساییکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی ئه‌وروپاییه‌وه‌یه و هیچی دی.
دانانی ئه‌لفبێی لاتینی و بڵاوکردنه‌وه‌ی له لایه‌ن "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ه‌وه، نه‌ک هه‌ر خزمه‌تی به پرسی نێزیکخستنه‌وه‌ی زاراوه کوردییه‌کان له‌یه‌کدی و یه‌کگرتنی زمانی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد نه‌کردووه، وه‌ک بۆ خۆی باسی ده‌کرد "د هه‌رتشتی دا یه‌کیتی..دیه‌کیتی یا زمێن دا گاڤا پێشین یه‌کیتی یا عه‌زمانه"، به‌ڵکه گه‌وره‌ترین زیانیشی به کورد و زمانه‌که‌ی به‌خشی و تاوانێکه له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد ئه‌نجام درا.. ئینگلیزه‌کان و فرانسه‌ییه‌کان و په‌یمانی لۆزان، چه‌ند ڕۆڵێکی خراپیان له دابه‌شکردنی کوردستاندا بینیوه، "جه‌لاده‌ت به‌درخان"یش، کارێکی هێنده خراپی کردووه و ڕۆڵێکی هێنده خراپی، له له‌توپه‌تکردنی زمانی کوردی و کورددا بینیوه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌یشی، ئه‌وڕۆکه شوێنپێ و ڕێگه‌ی ئه‌ویان گرتووه‌ته‌به‌ر، له خزمه‌ت به لێک‌دابڕان و په‌رتکردنی کورد و خزمه‌ت به نه‌یارانی زێتر، چ ڕۆڵێکی دیکه نابینن.
سازکردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، له لایه‌ن "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ه‌وه، وه‌نه‌بێ پێویستییه‌کی مێژوویی بێت و کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، تیپی لاتینی به‌کار نه‌بردبێت په‌کی که‌وتبێت، به‌ڵکه به کاریگه‌ریی"مێجه‌ر نۆئێل" ی ئینگلیز و له‌ژێر کارتێکردن و هاندانی ئه‌ودا و به کاریگه‌ریی "ڕۆژێ لیسکۆ" و "تۆما بوا" و "پیێر ڕۆندۆ"، جه‌لاده‌ت به‌درخان، هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ تیپی کوردی بگۆڕێ بۆ لاتینی، چونکه "نۆئێل" وه‌ک نوێنه‌رێکی ئینگلیزی کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییه‌ک، دروستکردنی ڕاڕایی و دوودڵی لای جه‌لاده‌ت به‌درخان و سه‌لماندنی په‌سه‌ندی و باشیی ئه‌لفبێی لاتینی لای وی، بۆ تێکدانی یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و دابڕینی فه‌رهه‌نگی کوردی له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، به ئه‌رکێکی خۆی زانیوه و هه‌وڵی بۆ داوه.
جه‌لاده‌ت به‌درخان، هه‌ر به بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی و به ده‌رکردنی گۆڤاری "هاوار"، به کۆمه‌کی کۆڵۆنیالیستانی فرانسی له شام و له ژماره بیستوچواره‌مییه‌وه به تیپی لاتینی ، ئیدی ده‌ستی دایه پرۆژه‌یه‌ک، که له خزمه‌تی کۆڵۆنیالیستان و دژ به یه‌کیه‌تیی کورد بوو. ئه‌و کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییانه، سه‌رلێشێواندن و دواخستنی، نه‌ک ته‌نێ کورد، به‌ڵکه ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، مه‌به‌ستیانه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک و له هه‌موو بوارێکیشدا کاری بۆ ده‌که‌ن. زمانیش یه‌کێکه له‌و بواره هه‌ره‌گرنگانه، ده‌نا بیانووی جوێکردنه‌وه‌ی "وو" له "ۆ" و "ی" له "ێ"، مه‌سه‌له‌یه‌کی هێنده گرنگ و دژوار نییه و نه‌بووه، مرۆڤ بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ده‌بێ ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی خۆی به بڕیارێکی یه‌ک که‌سیی و ده‌سبه‌جێ بگۆڕێت، وه‌ک جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی باسی ده‌کات. جه‌لاده‌ت به‌درخان، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی زمانی کوردی بێت، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جیانه‌کراوه، و بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی و زانیاری له زاراوه‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردی‌دا هه‌بێت، و بێ بیرکردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، و بێ له‌به‌رچاوگرتنی دواڕۆژی کوردستان، ئه‌و بڕیاره کوشنده‌یه‌ی له‌مه‌ڕ گۆڕینی ئه‌لفبێ داوه و به‌وه‌یش هه‌ڵه‌یه‌کی هێنده مه‌زنی کردووه، که چاککردن و پینه‌کردنی یه‌کجار سه‌خت و دژواره.
تۆ ئه‌گه‌ر بنۆڕیته چۆنیه‌تی گۆڕینی ئه‌لفبێی تورکی(عوسمانی – عه‌ره‌بی) بۆ تیپی لاتیننی یا تورکی " که‌مالی"، که بۆ خۆیان وایان نێو نابوو، ئه‌وه‌ت بۆ ئاشکرا ده‌بێت، که به بڕیارێکی سه‌رپێی و ده‌سبه‌چێی وه‌ک ئه‌وه‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان، جێبه‌جێ نه‌کراوه، به‌ڵکه به پرۆسێسێکی دوورودرێژ و ورد و هه‌مه‌لایه‌نه و به‌کاوه‌خۆ و تۆکمه‌دا تێپه‌ڕیوه: تورکه‌کان، که له نێوان ساڵانی 1923-1928دا، کارێکی وایان کرد، که هه‌ر نووسینێک له‌باره‌ی زمانه‌وه نووسرابا زۆرتر له ڕێنووس و ئه‌لفبێ ده‌دوا. ئیدی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه و نووسین له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له گرنگه ئاماده ده‌کرا تا له مارتی ساڵی 1926دا له باکۆ کۆنگره‌ی تورکناسی به‌سترا. له‌و کۆنگره‌یه‌دا مه‌سه‌له‌ی په‌سه‌ندکردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانه تورکییه‌کان وه‌کو یه‌کێ له مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌ته‌کان خرایه پێش چاو. له‌و کۆنگره‌یه‌دا بڕێ تورکناسی به ناووبانگ له مه‌سه‌له‌که‌یان کۆڵییه‌وه و ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و ئه‌لفبێی لاتینییان به باڵای یه‌کتر گرت و له‌گه‌ڵ یه‌کیان به‌راوردکردن و گرنگی ئه‌لفبێی لاتینییان به‌وردی ڕوونکرده‌وه و له‌به‌رچاوگرت. پاش کۆششێکی زۆر و پاش به‌راوردکردنێکی وردی هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که و ده‌مه‌ته‌قه‌یه‌کی زۆر له سه‌ریان، هێشتا دوابڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له سه‌ر نه‌درا و ته‌نێ ئه‌وه‌یه، که ئه‌لفبێی لاتینی په‌سه‌ند کرا. پاش ئه‌و په‌سه‌ندکردنه به دوو ساڵان و له 9 ی ئابی ساڵی 1928دا، پاش ئه‌وه‌ی، که که‌مال ئه‌تاتورک گوتارێکی خوێنده‌وه و گوتی:"زمانه شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مان ئیتر له‌مه‌وپاش به تیپی نوێباوی تورکی خۆی ده‌نوێنێ. پێویسته خۆمان له پیت و پێوار و نیشانه‌به‌نی و نائاشنایانه‌ی که چه‌ندین چه‌رخه بیر و هۆشیان له چوارچێوه‌یه‌کی ئاسندا شاردووینه‌وه ڕزگارکه‌ین". ئه‌تاتورک به گۆڕینی ئه‌لفبێ و کردنی به لاتینی، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه بوو، که بیر و هۆشی تورکان، له‌و چوارچێوه ئاسنینه، که تیپی عه‌ره‌بی و ئایینی ئیسلامه، ڕزگار بکات! له یه‌کی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1928دا، ئه‌نجومه‌نی میلله‌ت ئه‌لفبێی لاتینی په‌سه‌ند کرد و چه‌ندین کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ش، وه‌ک "کۆڕی زمان" و "کۆمه‌ڵی وردکردنه‌وه‌ی زمانی تورکی" دانران بۆ لێکۆڵینه‌وه و کارکردن، له سه‌ر هه‌موو لایه‌نێکی زمانی تورکی. ئیدی له پاش ئه‌وه‌وه له بنی هه‌مانه‌که‌یان دا، و خۆیان گوته‌نی، خۆیان ڕزگار کرد. وه‌لێ ئه‌و خۆڕزگارکردنه هه‌رگیز سروشتی نه‌بوو و به خواست و ئاره‌زووی خه‌ڵک و به هۆی گۆڕانکاری نێو کۆمه‌ڵگه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکه کارێکی ناسروشتی و ده‌ستکرد و زۆره‌ملێ بوو به‌سه‌ر گه‌لانی تورکیادا سه‌پێنرا و له‌پێویستیی ژیانی فه‌رهه‌نگی و له‌ناخی گه‌ل و پێویستییه‌کانیه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابوو. هه‌ربۆیه‌ش ئیدی پاش ئه‌وه‌ش دوای جوێکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، فێرگه و خوێندگه ئاینییه‌کان داخران و فێرگه و خوێندنه‌وه‌ی نوێباو کرانه‌وه. به‌وه‌شدا ده‌رده‌که‌وێت، که بۆ دژایه‌تی ئایینی ئیسلام، ئه‌تاتورک، ده‌بوو مه‌سه‌له‌که له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵته‌کێنێت، ئه‌ویش به گۆڕینی ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌که و کردنی به ئه‌لفبێی لاتینی، که له ڕاستیدا ئه‌لفبێیه‌کی لاتینی نه‌بوو، به‌ڵکه تورکی بوو و تایبه‌ت بۆ زمانی تورکی دانرابوو، هه‌ربۆیه‌ش به نێوی "ئه‌لفبێی که‌مالی"یه‌وه واته: که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه نێو نرابوو.
ئه‌گه‌ر بنواڕینه ئه‌زموونی خه‌ڵکێکی دیکه، هه‌رچه‌ند بڕێک له کوردستان و کورد و زمانی کوردییه‌وه دوورن، که تیپیان گۆڕیوه، بێگومان له‌وانیشه‌وه هه‌ندێک شتمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش گه‌لی "ڤیێتنام"ه. گۆڕینی ئه‌لفبێ له ڤیێتنام، به پرۆسێسێکی دوورودرێژدا تێپه‌ڕیوه. ماوه‌ی هه‌زار ساڵێک و تا ده‌وروبه‌ری ساڵانی 1800ه‌کان، هه‌موو نووسراوێک، ئیدی کتێب و هه‌موو شتێکی دیکه، به تیپی چینی ده‌نووسران. پێش دووسه‌د ساڵێک، که فرانسییه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی گه‌یشتنه ئه‌و ناوه، له‌گه‌ڵ خۆدا تیپی لاتینییان گه‌یانده ئه‌وێ و له شاره گه‌وره‌کانی ڤیێتنامدا، له‌گه‌ڵ پرۆپاگه‌نده‌ی عیسایه‌تیدا له نێو خه‌ڵکدا بڵاویان کرده‌وه و خه‌ڵکیش ورده‌ورده ده‌ستیان به به‌کارهێنانی کرد. ڤیێتنام تا ده‌وروبه‌ری 1820، کۆڵۆنی چین بووه و له‌وه‌ش به دواوه تا 1954 کۆڵۆنی فرانسه بووه. ئیدی به حوکمی ئه‌و بار و ڕه‌وشه، بێگومان نه‌ک به بڕیار، تیپی لاتینی ورده‌ورده جێی تیپی چینی گرتووه‌ته‌وه. تا ئێستاش کتێب و نووسینی ڤیێتنامی، به تیپی چینی ئه‌و سه‌رده‌مه، هه‌ر ماون و زۆر شت هه‌ن، که هه‌ر نه‌کراونه‌ته تیپی لاتینی. هه‌رچه‌نده له 1920ه‌وه له خوێندنگه‌کاندا، خوێندن و نووسین کرا به تیپی لاتینی، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌لفبێی چینی هه‌ر ماوه و خه‌ڵک هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که ده‌زانن.
خه‌ڵک، ته‌نانه‌ت ئه‌و تورکه‌یش، که جه‌لاده‌ت به‌درخان، لاسایی کرددونه‌وه و پێیان سه‌رمام بووه، ده‌بینین چه‌ند به‌ره‌به‌ره و هه‌نگاو به هه‌نگاو ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام داوه و هیچ که‌س هه‌روا له‌خۆڕا و بێ بیرکردنه‌وه، وه‌ها بڕیارێکی نه‌داوه. ڕه‌نگه لێره‌دا پرسیارێک وه‌بیردا بێت، که به‌ڵێ جه‌لاده‌ت به‌درخان ئه‌و بڕیاره سه‌رپێیه‌ی به لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی دا، به‌ڵام خۆ ئه‌و نه ده‌نگی به هه‌موو کورد ڕا ده‌گه‌یشت تا بیری لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی‌یان پێ ڕا بگه‌یه‌نێت و نه ده‌سه‌ڵاتداریش بوو تا به سه‌ر کورددا بیسه‌پێنێت و که‌واته ئیدی بۆ پێڕۆ کرا و جێی خۆی گرت و بوو به ڕاستییه‌ک؟
جه‌لاده‌ت به‌درخان، له سه‌رده‌مێکدا ئه‌و بیره‌ی بۆ هات و ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی هێنایه گۆڕێ، که سه‌رده‌می دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی و نێوان هه‌ردوو جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا کۆمه‌ڵه بیر و ئایدیۆلۆژیایه‌ک به زه‌قی هاتبوونه ئاراوه و بووبوونه بنه‌مای هزری ده‌سه‌ڵات و خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک لێیان و وه‌دووکه‌وتن و سه‌رسامبوونی خه‌ڵک پێیان. له‌و سه‌رده‌مه‌دا:
بیری سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم له 1917دا و له شۆڕشی ئوکتۆبه‌ردا له سۆڤیێت، بوو به ده‌سه‌ڵات و موژده‌به‌خشی "ئازادی و سه‌رفرازی" بۆ گه‌لانی جیهان.
بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بیری سه‌ربه‌خۆیی عه‌ره‌ب و ڕزگاربوونیان له کۆڵۆنیالیزم و چێ‌کردنی قه‌واره و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی، جێی خۆی گرت.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی، که ڕه‌زاشا نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرد و له 1925-1941 فه‌رمانڕه‌وای ئێران بوو، کۆمه‌ڵێک گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆژاوایاندنی هێنایه گۆڕێ.
ناسیۆنالیزمی تورکی(که‌مالیزم)، مه‌به‌ستم سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک خۆیه‌تی، که له 1923-1938 به‌رده‌وام بوو، چونکه که‌مالیزم ئێستاش ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتی تورکیایه، که تورکیای له هه‌موو پێوه‌ندێکی ئیسلامی – عه‌ره‌بی – ڕۆژهه‌ڵات، دوورخسته‌وه.
بیری سۆسیالیزمی نه‌ته‌وه‌یی(نازیزم)، که له 1933-1945 ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات بوو له ئه‌ڵمانیا و خه‌ریکبوو ببێته گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین ده‌سه‌ڵاتی جیهان.
ته‌واوی ئه‌وانه چ وه‌ک هزر و ئایدیۆلۆژیا و چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات و نموونه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و جڤاک و چ وه‌ک نه‌خشه و به‌رنامه‌ی کار، ئایدیۆلۆژیا و هێزگه‌لیک بوون، ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌تیش بێت، داوای گۆڕان و نوێژه‌نکردنه‌وه و بیرازی جڤاکیان ده‌کرد و ده‌یانه‌ویست کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت سه‌رله‌نوێ و به جۆرێکی جیاواز دابمه‌زرێننه‌وه و دژه ئایین بوون، هه‌ربۆیه‌ش گه‌شه‌یان کرد و به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتن و میلیۆنان خه‌ڵکیش وه‌دوویان که‌وتن. ئه‌و ئایدیۆلۆژیانه کاریگه‌رییه‌کی وایان کرده سه‌ر خه‌ڵکێک له نێو کوردیش‌دا و سرووشێکی وای پێ به‌خشین، که پێیانوابێت هه‌موو گۆڕانیک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تێکدانیش بێت، کارێکی خاسه و ده‌بێ لاسایی بکرێته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێ کردن، که په‌نا ببه‌نه به‌ر لاساییکردنه‌وه و گۆڕینی ئه‌وه‌ی ده‌توانرێ بگۆڕدرێ و دژایه‌تی ئایین، به‌و هیوایه‌ی ئه‌و کارانه کورد به‌ره‌و ڕزگاربوون و ئازادی ده‌به‌ن یا به‌و گۆڕینه کورد ده‌گاته ئاوات و ده‌چێته ڕیزی ئه‌وانه‌وه. جه‌لاده‌ت به‌درخان، که له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌و بڕیاره‌ی دا، ده‌یزانی ئه‌و بۆ خۆی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵام له‌وه دڵنیا بوو، که خه‌ڵکێکی زۆری کوردی مه‌ستی ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه و ئایدیۆلۆژیایانه، شوێنپێی ئه‌و هه‌ڵده‌گرن و وه‌دووی ده‌که‌ون. به بڕوای من، هه‌ر ئه‌و دید و بۆچوون و هزر و ئایدیۆلۆژیایانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، که نه ئه‌وده‌می و نه ئێستایش هیچیان بۆ کورد نه‌کردووه و ناکه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن ئێستاش خه‌ڵک له ده‌وری تیپی لاتینی خڕده‌که‌نه‌وه و ختووکه‌ی هه‌ستی خه‌ڵک ده‌ده‌ن. بیرکردنه‌وه‌ی به‌درخان و ئه‌وانه‌ی ئه‌وده‌م و ئێستایش، که داخوازی لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی ده‌که‌ن، هه‌ر یه‌ک بناخه و سه‌رچاوه‌یان هه‌یه و هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌شه، ئێستایش وا له خه‌ڵک ده‌کات پێڕۆی به‌درخان بن و په‌ره به‌و ڕێبازه‌ی ئه‌و بده‌ن.
جه‌لاده‌ت به‌درخان و کامڕان به‌درخانی برای زۆر له مێژ بووه له ژێر کاریگه‌ریی ڕۆژاوا و نێوه‌نده ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیارده‌ره‌کانیاندا بوونه و خواستی ئه‌وانیان جێبه‌جێ کردووه. کامڕان به‌درخان یه‌که‌م کوردێک بووه، که پێوه‌ندی به ئیسرائیل و زایۆنیزمه‌وه هه‌بووه و کاری بۆ کردوون و بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانیش هه‌ر له سه‌رده‌می میرنشینییه‌که‌یانه‌وه له‌و جۆره پێوه‌ندانه‌یان هه‌بووه. ئه‌و جۆره پێوه‌ندانه و تێکه‌ڵاوی ده‌سگا سیخوڕی و بڕیارده‌ره‌کانی ڕۆژاوا و ئیسرائیل، نه ئه‌وده‌م و نه ئێستایش، هیچ کاتێک به قازانج و سوودی کورد نه‌شکاوه‌ته‌وه، به‌ڵکه ئه‌وان له‌و پێوه‌ندانه‌دا سوودمه‌ند بوون و کوردیش دۆڕاو. گۆڕینی ئه‌و ئه‌لفبێیه‌یش هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌و دۆڕانه مه‌زنانه‌ی، که به سه‌ر کورددا هاتووه. من ئه‌و کاره‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان له تاوان زیاتر، ناتوانم.پ4. يه‌کێ له‌و گرفتانه‌ى له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بيدا باس ده‌کرا، ده‌وترا بۆ فێربوونى که‌سانى بێگانه زه‌حمه‌ته، باس له‌وه‌ش ده‌کرێت که به‌کارهێنانى تيپى لاتينى له زمانى (ديجيتاڵ و ته‌کنۆلۆژيا) نزيکمان ده‌خاته‌وه، ئه‌م ڕايه چه‌ند له ڕاستييه‌وه نزيکه؟
شاکه‌لی: ئه‌وانه‌ی بانگاشه‌ی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی بۆ لاتینی ده‌که‌ن، باس له هه‌ندێک گیروگرفت و کێشه‌ی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی عه‌ره‌بی) ده‌که‌ن و بڕێک پاساو، بۆ لاتینییاندنی ئه‌لفبێی کوردی دێننه‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن له پاساو زیاتر هیچی دیکه نین. ئه‌وان ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی بیانی فێری کوردی ببێت، تیپی لاتینی ده‌رمانه و چاره‌سه‌ر و کاره‌که فره هاسان ده‌کاته‌وه. من هه‌رگیز ئه‌و قسه‌یه به ڕاست نازانم و بڕوام پێی نییه، چونکه ئه‌گه‌ر بیانییه‌ک بیه‌وێت زمانێک فێر بێت، ئه‌وا زۆر به هاسانی فێری ده‌بێت، سا ئیدی تیپه‌که‌ی هه‌رچی بێت. هه‌زاران بیانی، به تایبه‌ت ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی، هه‌ن، که عه‌ره‌بی، فارسی، عیبری، چینی، ڕووسی، سۆمالی، ئه‌مهاری، کۆریایی، ئوردوو، ئاشووری، ئه‌رمه‌نی، سانسکریت و… ده‌یان زمانی دیکه، که به تیپی لاتینیش نانووسرێن، زۆرچاک ده‌زانن و به هاسانییش فێری بوون. مه‌سه‌له‌ی فێربوونی زمانی کوردی له لایه‌ن بیانییه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گرنگیی کورد بۆ خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ڕۆڵی کورد له پرۆسه و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهاندا. کورد، که نه خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی ئابووری و سیاسی به‌هێز و کاریگه‌ره و نه گرنگییه‌کی ئابووری یا سیاسی له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه و نه گه‌نجینه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی ده‌وڵه‌مه‌ند و نه چ داهێنانێکی فه‌رهه‌نگیشی خستووه‌ته سه‌ر فه‌رهه‌نگیی جیهانی و مرۆڤایه‌تی و نه زمانه‌که‌ی زمانی وڵاتێکی سه‌به‌خۆ و ڕووگه‌ی گه‌شتیارانیشه، بۆیه بیانییان هێنده وه‌ته‌نگ فێربوونی زمانه‌که‌یه‌وه نین. که‌وابوو ئه‌و باسه چ پێوه‌ندێکی به تیپ و ڕێنووسه‌وه نییه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆمان بکه‌ین و بنۆڕینه هاوسێیه‌کانی کورد، عه‌ره‌ب و فارس، که کوردی عیراق و ئێران، به تیپێک ده‌نووسن، هه‌مان تیپی ئه‌وانه به تۆزێک ده‌ستکارییه‌وه، ئه‌وان تا چ ڕاده‌یه‌ک فێری کوردی بوون! من پێموایه هه‌رگیز هێنده‌ی ژماره‌ی قامکه‌کانی ده‌ست، عه‌ره‌ب و فارس نابینینه‌وه، زمانی کوردی به نووسین و خوێندنه‌وه بزانن. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌که‌ی دی و هاوسێیه‌که‌ی دیکه‌شمان، تورک، ئه‌وڕۆکه کوردی تورکیا ، تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن و تورکیش هه‌مان تیپ، چ تورکێک هه‌یه کوردی به نووسین و خوێندنه‌وه بزانێت!
لاموایه مه‌سه‌له‌که هه‌رگیز کاری به سه‌ر تیپه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌رژه‌وه‌ند و ڕۆڵی ئه‌و زمانه له جیهاندا، کاره‌که ساغ ده‌کاته‌وه. بێجگه له لایه‌نی ئابووری و سیاسی، ئایینیش ڕۆڵێکی مه‌زنی هه‌یه. خه‌ڵکێکی زۆر بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له ئیسلام، خۆ فێری عه‌ره‌بی ده‌که‌ن و قورئان ده‌خوێننه‌وه. بۆ تێگه‌یشتن له جووله‌که، چ وه‌ک ئایین و چ وه‌ک بیر و سایکۆلۆژی، خه‌ڵک خۆ فێری عیبری ده‌که‌ن. بۆ تێگه‌یشتن له "باگاڤه‌گیتا"ی کریشنا و ئایینی هیندۆیزم، خه‌ڵک خۆ فێری زمانی سانسکریت ده‌که‌ن و بۆ تێگه‌یشتن له ئایینه کۆنه‌کانی ئێرانیش، خه‌ڵک خۆ فێری ئا‌ڤێستا و په‌هله‌وی ده‌که‌ن، به‌ڵام کورد له‌و باره‌یه‌شه‌وه کڵۆڵه و خاوه‌نی ئه‌و جۆره شتانه نییه، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه بگوترێ، کوردیش نووسراوی ئایینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له‌فه‌ن "مسحه‌فی ڕه‌ش" و "جلوه" و "سه‌ره‌نجام"، لێ ئه‌و نووسراوانه نه‌ک هه‌ر بیانی، به‌ڵکه کورد بۆ خۆیشی نه‌یانیبینیوه و له نێو خه‌ڵکدا بڵاو نه‌بوونه‌وه. جاری وایش هه‌یه خه‌ڵکی له‌به‌ر سیاسه‌ت و بۆ چوونه‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستییه‌وه و بۆ کاری سیخوڕی، دیاره جاران، زمانی چینی و ڕووسی فێر ده‌بوون.
من پێموانییه، فێربوونی عه‌ره‌بی و عیبری و سانسکریت و چینی و فارسی و ئه‌رمه‌نی و تیگرینی، بۆ ئه‌وروپاییه‌ک، به‌و تیپانه‌ی که هه‌یانه، هه‌رگیز له فێربوونی کوردی به‌م تیپانه‌ی، که هه‌یه‌تی، هاسانتر بێت، وه‌لێ سێکوچکه‌ی "ئابووری، سیاسی، ئایین"، دیاره ده‌کرێت "فه‌رهه‌نگ"یشیان له هه‌ندێک باردا بخرێته سه‌ر، چونکه خه‌ڵکانیکی زۆر ته‌نیا بۆ شاره‌زابوون له فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌ب و فارس و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌فسانه و شیعر و چیرۆکی عه‌ره‌بی و شاکاره‌کانی حافز(حافظ) و سه‌عدی و عه‌تتار(عطار) و ڕوومی و فیردووسی و سه‌دان شاکاری دیکه، له بواره‌کانی هزر و فیلۆسۆفی و مێژوو و هه‌موو جۆره زانستێکدا، که به‌و تیپه عه‌ره‌بییانه نووسراون و ده‌نووسرێن، خۆ فێری ئه‌و زمانانه ده‌که‌ن، کاره‌که سه‌ختتر یا هاسانتر ده‌که‌ن.
زمانی دیجیتاڵ و ته‌کنۆلۆژیا، زمانی ئابووری و بازاڕ و پاره‌ن و ئه‌وانه‌ن بره‌و به زمان ده‌ده‌ن. تۆ بنۆڕه چین و ژاپۆن و ئیسرائیل و کۆریا و هیندوستان و زمانانی چینی و ژاپۆنی و عیبری و کۆریایی و هیندی، چ ڕێگرێک له‌به‌رده‌م ئه‌و زمانانه‌دا هه‌یه، که هیچیان ئه‌لفبێی لاتینی به‌کار نابه‌ن و ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، به‌ریان له پێشکه‌وتن و نزیکبوونه‌وه‌یان له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵ گرتبێت و بگرێت! ئه‌و وڵاتانه هه‌ر هه‌موویان ئه‌وڕۆ شانله‌شانی وڵاته هه‌ره پێشکه‌وتووه‌کانی خاوه‌ن ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵی جیهانی، وه‌ک ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا و فرانسه و ئه‌ڵمانیا ده‌ده‌ن و هه‌ندێک جاریش له پێشی ئه‌وانه‌وه‌ن. ئه‌وان و به تایبه‌ت چین و ژاپۆن و کۆریا، ته‌واوی بازا‌ڕه‌کانی جیهانیان به ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵی خۆیان داگیر کردووه. هیندوستان، له بواری کۆمپیووته‌ر و ته‌کنۆلۆژیای زانیاری"IT"دا، له دوای ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانه‌وه، پێشه‌نگه. جووله‌که، گرنگترین ده‌سگاکانی ئابووری و میدیا و زانستگه و زانستی جیهانییان به ده‌سته و خودانی مه‌زنترین گه‌نجینه‌ی ئاوه‌زن له جیهاندا. چین، وه‌ک هێزێکی ئابووری گه‌وره و به‌و ئه‌لفبێیه‌ی خۆیه‌وه که هه‌یه‌تی، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت، له داهاتوودا کۆنترۆڵی هه‌موو جیهان بکات.
مامۆستایه‌کی زمانی ئینگلیزی و خه‌ڵکی شاری له‌نده‌ن به نێوی"ئایۆنا گرانت – Iona Grant" ده‌یگوت، خه‌ڵکه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی"هۆڵڵاند پارک – Holland Park" و "نۆتینگ هیڵ گه‌یت Notting Hill Gate – " ، که دوو گه‌ڕه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندنشینی شاری له‌نده‌نن، ئێستا "له‌له"ی چینی و مامۆستای چینی بۆ منداڵه گچکه‌کانیان دابین ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانیان فێری زمانی چینی ببن، تا له داهاتوودا بۆیان ئاسان بێت و بتوانن له چین و له گه‌ڵ چینی‌دا کاری ئابووری و بازرگانی ئه‌نجام بده‌ن!
زمانی سۆمالی، که یه‌کێکه له زمانه سامییه‌کان، به تیپی لاتینی ده‌نووسرێت و ئه‌گه‌ر سانایی فێربوون و نێزیکبوونه‌وه له دیجیتاڵ و ته‌کنۆلۆژیا، به تیپی لاتینی بووایه، ئێستا ده‌بوو نیوه‌ی ئه‌وروپا زمانی سۆمالییان زانیبا و سۆمالیش ئێستا هێنده‌ی ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و فرانسه و ئینگلستان و…له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵه‌وه نێزیک بووایه. که‌واته نه هاسانی فێربوونی کوردی له لایه‌ن بیانییانه‌وه و نه نێزیکبوونه‌وه له ته‌کنۆلۆژیا و دیجیتاڵ، چ پێوه‌ندێکیان به ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه نییه و ئه‌وه ته‌نێ قسه‌یه‌کی بێ بنه‌ما و نازانستییه.