ڕۆشنبیران، دیموكراسی، توندڕه‌ویی
ڕۆشنبیران، دیموكراسی، توندڕه‌ویی
ـ دیالۆگێك له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عابد جابری ـ
سازدانی: هاشم قاسم
وه‌رگێڕانی: بڕوا عه‌لادین
ڕۆژانه پاشهكشیهكی ته‌واو ئاشكرای رۆڵی كو‌لتور و فیكر له‌ژیانی عه‌ره‌بدا
ده‌بینین، به‌ڕای تۆ هۆكاری ئه‌مه چییه، ئه‌ی چۆن ئه‌م دیارده‌یه ڕاڤهدهكهیت؟
جابری: راسته، ده‌كرێت بڵێین جۆره پاشه‌كشێیه‌كی كولتوریی له‌وڵاته عه‌ره‌بیه‌كاندا ده‌بینرێت. وردتر قسه‌بكه‌ین، وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به‌و شێوه‌یه پێشنه‌كه‌وتن كه پێویست بوو پێشبكه‌ون، ئه‌وه بۆ حه‌فتا ساڵیش ده‌چێت هه‌ر وایه. گومانی تێدا نیه كه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی گشتی هه‌موو عه‌ره‌به‌وه هه‌یه. له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كو‌لتور به‌شێكه له‌گشت، هه‌ر بۆیه له‌كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كانیشدا ئه‌و پاشهكشێییهی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و خه‌ونه نیشتمانی و ناسیۆنالیستییهكان ڕویاندا، وه‌ك چۆن له‌سه‌ر ئاستی گه‌شه‌كردنیش ـ به‌تایبه‌تی جه‌نگی ساڵی 1967 ـ لهبوار و كایه‌كانی كولتوریشدا ڕه‌نگیدایه‌وه و ئاسه‌واره‌كانی به‌جێما. ئه‌مه به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه گه‌شه‌كردنی كو‌لتور زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ئازادی دیموكراسییه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئازادی نه‌بوو، سه‌خته بۆ بیریارێك به‌ئازادی گوزارشت له‌هه‌ست و بیروڕای خۆی بكات. پێواری ئازادیش له‌م بواره‌دا دیارده‌یه‌كه جگه له‌مه‌غریب، هه‌موو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی گرتۆته‌وه. له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا تائێستایش كو‌لتور له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دایه، هه‌ر ده‌وڵه‌ته له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری یان كۆمه‌ڵێك ده‌زگای دیكه‌وه ئاڕاسته و سانسۆردهكات، به‌ڵام جگه له‌مه‌غریب، چونكه هیچ كات وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری مه‌غریب ئه‌م ئه‌ركه سانسۆرگهرییهی نه‌بووه. ئه‌ڵبه‌ته هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌وه‌ته‌ی مه‌غریب هه‌یه، كولتورهكهی كولتوری ئۆپۆزسیۆنه، واته كایه‌یه‌كه له‌كایه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی حكومه‌ته. ئه‌و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییه كولتورییهش خۆی پێویستی به‌زیاد لهقوربانیهكه، له‌پێش هه‌موویشیانه‌وه قوربانیدان به‌سود و قازانجه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار. له‌وانه‌شه هه‌ر ئه‌مه هۆكاری ئه‌و گه‌شه‌كردنه بێت كه زۆر براده‌رانی مه‌شریق هه‌ستیپێده‌كه‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و پاشه‌كشێیه‌ی كه پێشتر ئاماژه‌مان پێدا.
ـ كه‌واته تۆ گه‌شه‌كردنی كو‌لتور ده‌به‌ستیته‌وه به‌ئازادی و سهربهخۆییهكهیهوه؟
جابری: من لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌زمونێك ده‌كه‌م، مه‌به‌ستم دیاریكردنی واقیعێكی ده‌ستنیشانكراوه. ئه‌گه‌ر گه‌شه‌كردنێكی كولتوری له‌مه‌غریبدا ببینرێت، ئه‌وه ئه‌نجامی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كولتورهكهیه، مه‌به‌ستم سه‌ربه‌خۆیی ڕۆشنبیران و پشتبهستنیانه به‌توانا تاكهكهسییهكانیان و وازهێنانیان لهفریوی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌وه‌مان له‌یادبچێت كه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش باج و سزای خۆی هه‌یه. ئاشكرایه ئه‌و پاشه‌كشێ و دواكه‌وتنه كولتورییهی له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌یبینین، كاریگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نه رۆشنگهرییهكهی كو‌لتور هه‌یه. ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاستی ئه‌و ئازادییه‌ی كه ڕۆشنبیر خۆی به‌رگری لێده‌كات، نه‌وه‌ك پێیبدرێت. چونكه سه‌ربه‌خۆیی شتێك نییه پێت بدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ڕه‌نجی خۆت بیسهنیت و بیپارێزێت. به‌ڵام ئه‌و پاشهكشێیهش خۆی قه‌ده‌رێك نییه و له‌ئاسمانه‌وه هاتبێت، باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌مه مه‌غریبه. پێویسته ئێمه‌ی ڕۆشنبیران هه‌موو شتێك نه‌خه‌ینه پاڵ ده‌وڵه‌ت، چونكه ئه‌وه خۆمانین به‌رپرسیارین له‌پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی خۆمان. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیر پشتی به‌خۆی و ئایدیاكانی به‌ست و شانازی بهبیروباوهڕهكانییهوه كرد و له‌ژێر زه‌بر و كاریگه‌ری هیچ فشارێكدا لێیان په‌شیمان نه‌بۆوه ـ ته‌نانه‌ت گه‌ر فشاری بژێوییهكهیشی بێت ـ ئه‌و كات نرخ و به‌های خۆی هه‌یه و پله‌وپایه‌ی له‌به‌رچاو ده‌گیرێت. ئێمه له‌مه‌غریب ده‌ڵێین: "ناتوانین له‌یه‌ك كاتدا هه‌م پله‌وپایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و هه‌م شه‌ره‌فی ئۆپۆزسیۆنبوونیش قبووڵبكه‌ین"، به‌تایبه‌تی لهكهشوههوا و بارودۆخێكی نادیموكراسییدا.
ـ ئه‌مێستا له‌سه‌ر ئاستی فیكری سیاسی عه‌ره‌بی، فیكری ناسیۆنالیستی و سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی ڕوو له‌نه‌مان ده‌كه‌ن. به‌ڕای تۆش وایه؟
جابری: فیكری ناسیۆنالیستی وه‌ك فیكری ماركسیزم و فیكری رۆشنگه‌ریی فه‌ره‌نسی و فیكری ئیسلامی سیاسی ده‌چێته خانه‌ی كاتیگۆری ئایدیۆلۆژیاوه، واته ئه‌م چه‌شنه فیكرانه گوزارشت له‌كۆمه‌ڵێك خواست و ئاره‌زوو ده‌كه‌ن كه تایبه‌ته به بارودۆخێكی دیاریكراو.. ئه‌مانه خه‌ونی دامه‌زراندنی یۆتۆپیاو شاری چاكه‌و فهزیڵهتن "وه‌ك مۆدێله‌كه‌ی فارابی". به‌مانایه‌كی دی، مادامه‌كی پابه‌نده به‌و مه‌رجه‌وه كه به‌رهه‌میده‌هێنێت، به‌چاره‌سه‌ركردن و نه‌مانی كێشه‌ی ئه‌و مه‌رجانه، ئه‌ویش چاره‌سه‌رده‌بێت و نامێنێت. هۆی خۆسه‌لماندن و خۆسه‌پاندنی فیكری ناسیۆنالیستی ـ له‌په‌نجاكان و شه‌سته‌كاندا ـ به‌سه‌ر به‌شێكی به‌رفراوانی كایه و گۆڕه‌پانی كولتوری و سیاسی عه‌ره‌بیدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه بابه‌تییه ناوه‌كی و ده‌ره‌كییانه‌ی یارمه‌تیده‌ری بوون. به‌ڵام هه‌قیقه‌تێكی زانستیش هه‌یه كه نابێت له‌یادی بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌ته‌نها هه‌لومه‌رج و بارودۆخی یارمه‌تیده‌ر بۆ پێگه‌یشتن و كامڵبوونی دیارده‌یه‌ك به‌س نیه بۆ دروستبوونی دیارده‌كه، ئه‌گه‌ر لهواقیعهكهیشدا زه‌مینه‌ی بۆ نهڕهخسێنرابێت. كه‌واته دوو فاكته‌ر هه‌ن بۆ كشانه‌وه و نه‌مانی فیكری ناسیۆنالیستی: یه‌كێكیان ناوه‌كییه و ئه‌وی دیكه‌یان ده‌ره‌كی. فاكته‌ره دهرهكییهكهیان له‌و گه‌مارۆدانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیدا ده‌بینینه‌وه كه له‌كۆتایی شه‌سته‌كاندا لایه‌ن هه‌موو جیهانه هه‌ستان به‌ئه‌نجامدانی، ئه‌مه جگه له‌و په‌لامار و هێرشه دڕندانه‌یه‌ی ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ سه‌ر وڵاتانی جیهانی سێ و سه‌ركردایه‌تییه ئازادیخوازهكانیان. ئه‌م فاكته‌ره ده‌ره‌كییه یارمه‌تیده‌ری فاكتهرهكهی ناوه‌وه بوو بۆئه‌وه‌ی فیكری ناسیۆنالیستی لهدایكنهبێت. فاكته‌ره ناوه‌كییه‌كه تۆوی فیكری ناسیۆنالیستی و سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی بوو، به‌ڵام كاتێكی زۆری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی و كۆنبوو، هه‌روه‌ها ماته‌ریاڵه‌كانی به‌كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌ده‌هاتن ده‌سكه‌وتی نوێ به‌رهه‌مبهێنن و به‌رده‌وامبن.
ـ مه‌به‌ست چییه و چۆن؟
جابری: نمونه‌یه‌كت بۆ ده‌هێنمه‌وه. له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی چله‌كان، چه‌مكی "یه‌كێتی عه‌ره‌ب" ته‌نها له‌سوریای گه‌وره و عێراق و تاڕاده‌یه‌كیش میسردا گیریخواردبوو. بۆ نمونه نه مه‌غریبی عه‌ره‌بی و نه كه‌نداو و نه سودان و یه‌مه‌ن ئه‌م دروشمه‌یان بهرزنهكردبۆوه. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاشكرایه، زۆر لهكهنارهكان له‌خه‌یاڵ و هۆشیارییه مێـژووییهكهی سه‌نته‌ردا ئاماده‌گییان نه‌بوو. پاشتر له‌دوای رزگاربوون له‌فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عوسمانییه‌وه یه‌كێتی عه‌ره‌بی یه‌كیگرته‌وه. هۆكه‌ی له‌به‌رئه‌وه بوو كه یان ئه‌و كه‌نارانه له‌سایه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عوسمانی‌دا نه‌بوون، یان هێزێكی تایبه‌ت به‌خۆیان نه‌بوو، واته زیاتر لهپاشكۆیهتییهوه نزیكبوون. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و تیۆهره ناسیۆنالیستییه‌ی پێی وابوو بنچینه و بنه‌مای یه‌كێتی و یه‌كبوون بریتییه له‌یه‌كێتی سوریای گه‌وره و تاڕاده‌یه‌كیش عێراق، وه‌ك "یه‌كێتی ده‌وڵه‌ت" یان "یه‌كێتی پێكهوهلكێنهر" له‌چه‌مكی یه‌كێتی تێگه‌یشتووه. له‌وانه‌یه ئه‌م یه‌كێتییه شتێكی شیاو بێت بۆ سوریای گه‌وره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسۆكانی ئه‌م یهكێتییهمان به‌ره‌و ده‌ره‌وه فراوانكرد، ئه‌وا یه‌كێتی پێكهوهلكێنهر ده‌بێته خه‌ونێك كه له‌واقیعدا ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی دێته به‌رهه‌م. بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌كان هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و زیندوكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی كه ئێستا پێیده‌ڵێین ده‌وڵه‌تی هه‌رێمایه‌تی، نه‌وه‌ك ده‌وڵه‌تی یه‌كێتی. به‌كورتی، فیكری ناسیۆنالیستی جۆرێك ره‌فتاری ده‌نواند كه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی واقیعییانه‌ی روداوه‌كاندا تهبانهدههاتنهوه. ئه‌گه‌رچی لهسهرهتایشدا قبوڵدهكرا، به‌ڵام به‌رده‌وامبوونی له‌په‌نجاكان و شه‌سته‌كاندا ته‌نانه‌ت باسكردن له‌یه‌كێتی فیدراڵییش به‌كوفر دژی یه‌كێتی عه‌ره‌ب و ره‌فتارێكی نامێـژوویی له‌قه‌ڵه‌مده‌درا.
ـ ئه‌ی چ ده‌ره‌نجامێكی لێكهوتهوه؟
جابری: ئه‌وه بوو بینیمان ئه‌و دروشمی یه‌كێتییه‌ی ته‌نها له‌جێگه‌یه‌كدا گیریخواردبوو، پاشتر بوو به‌دروشمی هه‌موو نیشتمانی عه‌ره‌بی لهكهنداوهوه بۆ زه‌ریا. ئه‌مه‌ش خۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به‌شه به‌سه‌ر گشت‌دا، واته نه‌بوون و پێواری وته‌زاكانی جیاوازی و هه‌مه‌ڕه‌نگی فیكری ناسیۆنالیستی.
ـ له‌م ڕه‌وته‌دا چۆن ده‌ڕوانیته ده‌وڵه‌ت ـ قه‌واره‌كانی ئه‌مڕۆ؟
جابری: ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌كه ته‌واو جیاوازه. ئه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌چێت ده‌وڵه‌تی هه‌رێمایه‌تی عه‌ره‌بی بۆته هه‌قیقه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی و سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و ئابووری و سیاسی، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه زۆر له‌ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه هه‌رێمایه‌تییه‌كان خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتی جوگرافی و مێـژوویی خۆیان هه‌یه. چه‌مكه‌كانی وه‌ك یه‌كێتی پێكهوهلكێنهر و هه‌رێمی بنچینه و هاوشێوه‌ی ئه‌مانه‌ش، زۆر ناگونجێن و زیانبه‌خش و ناواقیعین. ئه‌مڕۆ ته‌نها ڕێگه‌ی شیاو بۆ یه‌كێتی، دیموكراسییه. مه‌به‌ستم بوونی دیموكراسییه له‌ناو هه‌موو ده‌وڵه‌تێكدا و له‌مامه‌ڵه‌ی نێوانیشیاندا.
ـ بێگومان ئه‌مڕۆ له‌جیهانی عه‌ره‌بیدا ئازادی دیموكراسی بوونی نییه، ئه‌ی به‌ڕای تۆ ئه‌م كێشه‌یه چۆن چاره‌سه‌رده‌كرێت؟
جابری: ئازادی شتێكه ده‌سه‌ندرێت نه‌وه‌ك بدرێت. مرژڤی عه‌ره‌بییش بۆئه‌وه‌ی ئازادبێت، ده‌بێت ئاماده‌بێت باجبدات. ئێمه له‌مه‌غریب په‌راوێزێكی زۆر له‌ئازادی میدیا و كتێب و گژڤار و ڕاگه‌یاندنمان هه‌یه، ئه‌مه‌ش خۆی هه‌روا به‌ئاسانی نه‌هاتووه، به‌ڵكو زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆوه بینیوه كه چل ساڵ به‌رده‌وامبووه، واته هه‌ر له‌سه‌رده‌می سه‌ربه‌خۆیی مه‌غریبه‌وه تاوه‌كو ئێستا. به‌درێـژایی ئه‌و چل ساڵه، میدیای ئۆپۆزسیۆن سه‌رقاڵی ئه‌وه بووه به‌رله‌هه‌ر لایه‌نێكی دیكه هه‌وڵ بۆ به‌ئازادی قسه‌كردن بدات، واته ئه‌م ئازادییه‌ی له‌ژێر چنگی ئه‌وانی دی ده‌رهێناوه، نه‌وه‌ك پێشكهشیكرابێت. خه‌باتیكردووه و قوربانیداوه و ته‌حه‌مولی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و زیندان و ده‌سگیركردن و دهستبهسهراگرتنێكی به‌رده‌وامی كردووه، هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكی سه‌ره‌كی ژیانی رۆژنامه‌گه‌ری ئێمه بوون. بهسوربوونیش له‌سه‌ر ئه‌م خه‌بات و تێكۆشانه‌مان و قوربانیدانمان به‌زۆر پله‌وپایه‌ی مادی، هێدی هێدی بهرپرسیارهكانیشمان فێركردووه و ڕاهێناوه له‌سه‌ر قبوڵكردنی ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌خنه‌كانی، هه‌ربۆیه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌گۆچان لێمانبدهن، به نوسین و بڵاوكراوه وهڵامماندهدهنهوه.
ئه‌مڕۆ ده‌ڵێم: ئه‌و خه‌بات و قوربانیدانه‌ی چل ساڵی خایاند، ده‌سكه‌وتێكی نیشتمانی زۆر گرنگی به‌رهه‌مهێنا، ئه‌ویش بریتییه له‌و په‌راوێزه گه‌وره‌یه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین كه هه‌موو له‌سایه‌یدا سه‌ربه‌ستانه گفتوگۆ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی ئه‌مڕۆیشه‌وه كه ئه‌وسا له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات خه‌ریكی ڕاوكردنی بیروڕای ئازاد بوو.ـ مه‌به‌ستته پێمان بڵێیت نمونه‌ی ئه‌زمونی مه‌غریب نمونه‌یه‌كی زۆر رۆشنگه‌رانه‌یه و پێویسته لاساییبكهینهوه؟
جابری: نا، من ته‌نها مه‌به‌ستم ئه‌زمونی مه‌غریب نیه بۆ خۆی و له‌خۆیدا، به‌س بۆ ئه‌وه باسیده‌كه‌م تا بڵێم ئه‌و نمونه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌غریب كه په‌راوێزێكی گه‌وره له‌ئازادی تێدا ده‌بینرێت، ئه‌نجامی چه‌ندین تێكۆشان و قوربانیدانه به هاوسه‌نگی و پاشه‌كشێ، ئینجا هاوسه‌نگی و پێشكه‌وتن.
ـ به‌ڕای تۆ، بۆچی پڕۆژه‌ی لیبراڵیزم له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا شكستیهێنا؟
جابری: ئه‌مه پرسیارێكه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قورسه، پێویستی به‌كاتێكی زۆره و قسه‌وباسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. بۆنمونه ده‌توانین باس له‌میسر بكه‌ین كه لهچلهكاندا كه‌مێك لیبراڵیزمی به‌خۆوه بینی، یان عێراق و سوریا و لوبنان. به‌ڵام ئه‌وه بوو هه‌موویان گه‌نده‌ڵبوون و له‌بارچوون. له‌وانه‌یه فاكته‌ری ده‌ره‌كی یه‌كه‌م هۆكاری ئه‌مه بێت، مه‌به‌ستم ده‌ستێوه‌ردانی كۆڵۆنیالی ئیمپریالی و جه‌نگی سارد. باشترین نمونه‌یش بۆ ئه‌مه، ئه‌زمونه‌كه‌ی "محه‌مه‌د عه‌لی" یه له‌میسر.
ـ ئه‌گه‌ر فه‌نده‌مێنتاڵیزم دیوێكی شكستی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی و تێك‌شكان و پاشه‌كشێی ئه‌زمونی مۆدێرنیزه‌كردن و گه‌شه‌كردن بێت، ئه‌وا بارودۆخێكیشه كه ڕێگه بۆ پارچه‌پارچه‌بوون و جه‌نگ خۆشده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌یبینین. ئه‌ی به‌ڕای تۆ وانیه؟
جابری: پێموایه ده‌بێت جیاكارییه‌ك بكه‌ین له‌نێوان هه‌ردوو فاكته‌ری به‌رهه‌مهێنه‌ری "فه‌نده‌مێنتاڵیزم" و "ئیسلامی سیاسی" دا.
فاكته‌ری سه‌ره‌كی دروستبوونی فه‌نده‌مێنتاڵیزم بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری و فیكرییهكهیه، یان بابڵێین ئه‌وه ئهكتیڤیدهكات. به‌ڵام فاكته‌ری له‌دایكبوونی ئیسلامی سیاسی، بریتییه له‌توندڕه‌ویی ئایینیی. له‌هه‌موو ئایدیۆلۆژیاكانیشدا توندڕه‌ویی جێگه‌یه‌ك، شوێنێكی دیاریكراوی خۆی هه‌یه، كه ده‌كه‌وێته كه‌ناره‌وه، یان پاشكۆوه. به‌ڵام جیاوازییه‌كه ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاڵوگۆڕێك له‌شوێن و جێگه‌كاندا ڕوده‌دات، واته ئه‌و كاته‌ی توندڕه‌ویی ده‌بێته سه‌نتراڵ و میانڕه‌وی ده‌كه‌وێته كه‌ناره‌وه. ئه‌مه‌ش خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌حرومكردن و ناهاوسه‌نگی فرسه‌ت و چانسه‌كان. من پێشتریش وتومه، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌م سه‌رده‌می ماركسیزم بووایه، ئه‌وا زۆر له‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا توندڕه‌وی ئایینی یان ئهتنین، هه‌موو توندڕه‌وی ماركسی ده‌بوون. وابزانم هه‌موویشمان ئه‌مه‌مان له‌ڕابردوودا بینی.ـ با به‌دیاریكراوی قسه‌بكه‌ین. بۆچی ئه‌وانه "ئیسلامی" ین؟
جابری: ئه‌وتا تۆ خۆت جیاكاری ده‌كه‌یت له‌نێوان "موسوڵمان" ه‌كان و "ئیسلامی" یه‌كاندا و مه‌به‌ستت له‌ئیسلامییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌یه كه به‌ناوی ئیسلامه‌وه توندڕه‌ویی ده‌كه‌ن. كه‌واته پێویسته وه‌ك دیارده‌ی توندڕه‌وی بڕوانینه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. به‌ڕای من یه‌كێك له‌هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕه‌ویی ـ جا به‌ناوی ئیسلامه‌وه بێت یان نهژادێك یان تایفه‌یه‌ك یان ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌وه ـ پێوار و نه‌بوونی دیموكراسییه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و بارودۆخه سیاسی و ئابوورییه‌ی كه باسمانكرد. كاتێك دهستهوتاقمێك هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌سته‌وتاقمێكی دیكه ده‌دات، ئه‌وه كاردانه‌وه‌كه‌ی توندڕه‌وی ده‌بێت.
هه‌موومان ده‌زانین دیارده‌ی پراكتیزه‌كردنی توندڕه‌وی به‌ناوی ئیسلامه‌وه، زیاتر له‌و هه‌رێمانه‌دا ده‌بینرێت كه خاوه‌ن سیستمێكی تاكحیزبیین. له‌و سیستم و هه‌رێمانه‌دا زۆرینه خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه، هه‌ر بۆیه ئاساییه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئیسلامی بێت و بانگه‌شه‌ی ئیسلامی‌بوون بكات و هه‌موو په‌راوێزنشین و سه‌ركوتكراوه‌كان له‌چوارده‌وه‌ری كۆببنه‌وه وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ ئه‌و سیستمه تاكحیزبییه، پاش ده‌ركه‌وتنی ناكۆكییه نێوخۆییه‌كانی. ته‌ندروستترین چاره‌سه‌ركردن بۆ دیارده‌ی توندڕه‌ویی ئا لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت: كردنه‌وه‌ی بوار بۆ هه‌مووان، به‌ئیسلامی سیاسی خۆیشییه‌وه، تاوه‌كو هه‌موو به‌ئازادی خۆیان تێكه‌ڵ به‌ژیانی سیاسی گشتی ببن.———————————————————
سه‌رچاوه:
ده‌قی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه ساڵی 2002 له‌ماڵپه‌ڕی ( مجله اوان) دا بڵاوكرابۆوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌و ماڵپه‌ڕه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت نه‌ماوه "وه‌رگێڕ".