Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ده‌روێشه‌ موهه‌ریجه‌کانی پارت و حزبه‌کان

ده‌روێشه‌ موهه‌ریجه‌کانی پارت و حزبه‌کان

Closed
by May 28, 2009 گشتی

ده‌روێشه‌ موهه‌ریجه‌کانی پارت و حزبه‌کان
حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش
سوید

 

ئه‌قڵیه‌تی سه‌رانی حزب و پارته‌کانی کورد، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، هه‌ڵگری ئه‌قڵیه‌تێکی کۆنه‌خوازی ده‌ره‌به‌گانه‌ی پڕ توند و تیژی و له‌ناوبردنی دژه‌کانی و پێشێلکردنی مافی جه‌ماوه‌ری کورد بووه‌، هیچ درێغی له‌وه‌دا نه‌کردووه‌ که‌ به‌دوژمنایه‌تی نانه‌وه‌و سوتاندنی ماڵ و حاڵی خه‌ڵک و کوشتنی دژه‌ سیاسییه‌کانی خۆی به‌به‌رد و بلۆک و نینۆک و ددان ده‌رهێنان و دارکاری کردن و به‌شووڵ لێدان و لنگه‌و قووچ هه‌ڵواسین و دار تێبڕین و ده‌یان جۆر ئه‌شکه‌نجه‌ی تری جه‌سته‌ییی و ده‌روونی بمێنێته‌وه و جه‌ماوه‌ری کورد هه‌رده‌م چاوترسێن بکات. سه‌یریش نییه‌ که‌توانیان پاش 18ساڵ له‌حوکم کردنی هه‌رێمی کوردستان، جه‌ماوه‌رێکی بێ ئیراده‌و بێده‌سه‌ڵات درووست بکه‌ن، که‌لای ئه‌و تاڵه‌بانی و مالکی و بارزانی هه‌ر یه‌که‌و فه‌رقیان نییه‌؟! ‌له‌مڕۆدا دوو حزبه‌ده‌سه‌ڵات داره‌که‌ نازانن چۆن ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ کورده‌ ئه‌کتیڤ بکه‌نه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی رای زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌بێ چه‌ندوچوون گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی که‌ باشتره‌ عێراق وه‌ک جاران ببێته‌وه‌ به‌مه‌رکه‌زی و دارایی و هه‌موو بواره‌کانی تریش له‌مه‌رکه‌زه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ بکرێت، دیاره‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌بۆگه‌نی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ نییه‌، باشه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌بوو هه‌میشه‌ له‌ حکومه‌تی به‌عس یاخی بووه‌ هه‌ر ئه‌و نه‌بوو قوربانی دا و راپه‌ڕینی کردو ئه‌م حزبانه‌شی کرد به‌ که‌ڵه‌گا به‌سه‌ر خۆیه‌وه‌، که‌بوونه‌ مایه‌ی کوژرانی چه‌ندین هه‌زار کوردی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان هه‌ر له‌چه‌کدار و هه‌وه‌دارانی‌ پێ.کا.کا-ه‌و تا دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی ئێران و،،هتد. ئه‌وه‌ی به‌دوژمنانی کورد نه‌کرا، کورد خۆی بۆ ئه‌وانی کرد، ئاخر له‌دنیادا بووه‌ حزبێک به‌تانک و سوپای دوژمنه‌که‌ی شارێکی خۆی داگیر بکات و میلیشیای هێزێکی چه‌کدار به‌م چه‌شنه‌ وه‌ده‌ر بنێ و ئێستاش خۆی ده‌سه‌ڵات بێت، دیاره‌ حاڵی لایه‌نه‌که‌ی تریش له‌م باشتر نییه‌، ئه‌ویش له‌پێناو مانه‌وه‌یه‌دا سوپای پاسداری هێنایه‌ سه‌ر ئه‌وی تر و حزبه‌ بچکۆله‌کانی تریش ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌یانه‌دا و به‌ده‌ست هێنانی پاره‌دا، کام لا زیاتری پێ دابێتن، داکۆکیان له‌و ده‌کردو ده‌بوونه‌ جاشی، ئیتر بۆ گله‌یه‌یی له‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرێت که‌خوا خوایه‌تی زوو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حزبانه‌ ته‌واو بێت، ئه‌و حزبانه‌ی که‌ ئه‌ندامه باڵاکانی به‌پێڵاوی لاستیک گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان( هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ شانازییه‌) به‌ڵام شووره‌ییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌چ سیحرێک به‌چه‌ند ساڵێک هه‌ر یه‌که‌یان بوونه‌ قاروون و  ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌یاڵی، که‌سه‌رۆکی هیچ مافیایه‌ک و نه‌فرۆشیاری تلیاک و حه‌شیشه‌و نه‌ بازرگانانای جه‌سته‌ی ئافره‌تان ئه‌وه‌نده‌یان ده‌ست ده‌که‌وێت، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مانه‌ به‌چی ئاوا بوونه‌ خاوه‌نی خانوو و سه‌یاره‌و ڤێلاو ئاپارتمان و ئوتێل و رێستورانت و هتد..ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هه‌موو بانده‌ له‌شفرۆشییه‌ی که‌هه‌ڵیده‌سووڕێنن، ئیتر چی له‌وه‌ زیاتر هه‌یه‌ به‌فه‌رمانی حزبێک و بۆ سوودو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌ک هه‌ر ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر زه‌وی هاوڵاتیانی کوردا به‌ڵکو شاخه‌کانی کوردستانیش بفرۆشێت، تازه‌ترین کاریشیان فرۆشتنی زنجیره‌ چیای "گۆیژه‌-سلێمانی"یه‌،  باشه‌ هه‌رگیز له‌دنیادا بووه‌ ده‌سه‌ڵات شاخ و ده‌ریاو گردو دارستانی وڵاته‌که‌ی بفرۆشێت، خوا گه‌وره‌شه‌ بۆ فرۆشتنی به‌نداوی دوکان و ده‌ربه‌ندیخان و هتد؟!.. ئیتر هه‌ر ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌نگیان پێ نه‌دا؟ یان ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌ که‌هیچ هاوڵاتییه‌کی کوردستان به‌بێ واسته‌ و واسته‌کاری له‌دام و ده‌زگاو دائیره‌کانی هه‌رێمدا کاری ناڕوات، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵکو هاوڵاتی له‌ دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تدا به‌چه‌شنێک ره‌زیل ده‌کرێت و سووکایه‌تی پێ ده‌کرێت، که‌ ده‌بێت بۆ ته‌واو کردنی موعامه‌له‌یه‌کی ئاسان، چه‌ندین رۆژ چاوه‌ڕێ بکات و ده‌ست له‌کار و کاسبی هه‌ڵگرێت، که‌چی خاوه‌ن واسته‌که‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێ بنێته‌ ناو هیچ ده‌زگایه‌که‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆنێک هه‌موو ئیشی ماشییه‌، باشه‌ ئه‌م حکومه‌تی هه‌رێمه‌ی هه‌ردوو حزبه‌که،‌ خۆ ئه‌م هه‌موو سیخوڕو جاسوس و ده‌روێش و پیاوانه‌یان هه‌یه‌، با بۆ ماوه‌یه‌ک چه‌ند دانه‌یه‌ک له‌مانه‌ بنێرن بۆ موراقابه‌ی ئیش و کاری دائیره‌و دام و ده‌زگا جوانه‌کانیان، که‌پڕن له‌فه‌رمانبه‌ری بێکارو نه‌خوێنه‌وار و گه‌مژه‌ی، دوای ڕاپه‌ڕین ته‌عین کراوی که‌زۆربه‌یان که‌س و کاری مه‌سئوله‌کانن و به‌یانیان پاش سه‌عاتێک چاخواردنه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ئه‌شکه‌نجه‌دانی هاوڵاتیانی موراجیع و نازکردن به‌سه‌ریداو گێچه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ بۆ دوا خستنی کاره‌کانیان، دائیره‌ی تاپۆو و ره‌گه‌زنامه‌و جه‌وه‌زات نمونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ن، که‌پڕ کراوه‌ له‌سه‌دان فه‌رمانبه‌ری بێکار و بێ هونه‌ر و بگره‌ بێ ئه‌ده‌بیش. با هه‌ردوو  بنه‌ماڵه‌ پێش ئه‌وه‌ی داوا له‌خه‌ڵکی کوردستان  بکه‌ن هه‌ڵیان بژێرن، ئه‌م دائیره‌ ناشرینانه‌ی خۆیان چاک بکه‌نه‌وه‌و گه‌نده‌ڵی تیا نه‌هێڵن و که‌س و کاره‌ به‌واسته‌ته‌عین کراوه‌کانی خۆیان بنێرنه‌وه‌‌ ماڵه‌وه‌و له‌جێیان ئه‌و گه‌نجه‌ بێکارانه‌ ته‌عین بکه‌ن که‌ ئینتیمایان بۆ حزبه‌کانیان نییه‌ و بگره‌ نه‌فره‌تیشیان لێ ده‌که‌ن؟!
به‌ڵام ئاشکرایه‌ ده‌روێشی حزبه‌کان هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ نابینن، یان ده‌یبینن کاریان واده‌گه‌ڕێت که‌نه‌یبینن و هه‌ر به‌شان و باهووی حزبه‌کانیاندا هه‌ڵبده‌ن، به‌داخیشه‌وه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌م ده‌روێشانه‌ به‌ناو رۆشنبیرانی کوردن.. بوونه‌ته‌ ده‌روێشی حیزبه‌کانیانن و ناتوانن کاره‌ خراپ و دزێوه‌کانی حیزبه‌کانیان ببینن و وافێرکراون به‌رده‌وام به‌ کۆرس هه‌ر سرودی ستایش و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ بخوێنن. بۆ جارێکیش نه‌مانبینی له‌ پێناوی خه‌ڵک و دیموکراتی و دادپه‌روه‌ریدا نایه‌ک له‌ ده‌میانه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌و نارازیبوونێک بدرکێنن و باس له‌و هه‌موو دزی و تاڵان و بردن و نانبڕین و نا دادپه‌روه‌رییه‌ بکه‌ن چونکه‌ ده‌زانن دیموکراتی و دادپه‌روه‌ری ئاغاکانیان هێنده‌ کرچ و کاڵه‌ به‌رگه‌ی نایه‌ ناگرن و دۆو دۆشاو تێکه‌ڵده‌که‌ن و نان بڕاوو ماڵ وێران ده‌بن و له‌وانه‌یشه‌ باجی نایه‌ک کوشتن یان تێهه‌ڵدان و گۆشه‌ی زیندابێت، ئه‌م شێوه‌ په‌روه‌رده‌کردنه‌ وایکردووه‌ ده‌روێشه‌کانی حیزب به‌هه‌مان هه‌سته‌وه‌ که‌سانی ترببینن و واتێگه‌یشتوون که‌سانێک که‌ قسه‌ده‌که‌ن  و مه‌یلێکیان هه‌یه‌ بۆ گۆڕان و لیستی گۆڕان ئه‌مه‌یش به‌ ده‌روێشی بۆ لیستی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌زانن ئیتر ئاوا په‌روه‌رده‌کراون که‌ بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ که‌سانێک له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو په‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت ئاماده‌بن قسه‌بکه‌ن له‌ پێناوی گۆڕان و دادپه‌روه‌ری و په‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا، ده‌روێشه‌کانی حیزب ئێمه‌ به‌ ده‌روێشی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌زانن و کوێرانه‌ هات و هه‌رای ئه‌وه‌یانه‌ که‌ ئه‌م هه‌موو نووسین و نارازیبوون و قسه‌کردنه‌ له‌ پێناوی نه‌وشیروان مسته‌فادایه‌، بۆیه‌ لێره‌دا به‌ ده‌روێشه‌کانی حیزب ده‌ڵێم تکایه‌ چاوه‌کانتان بکه‌نه‌وه‌و هه‌وڵده‌ن که‌مێک ئه‌و یه‌ک ڕه‌نگیو یه‌ک ده‌نگییه‌ بشکێنن که‌ خه‌ریکه‌ کوێرتان ده‌کات هه‌وڵده‌ن بزانن بۆچی ئێستا پارتی و یه‌کێتییه‌ک که‌ بن به‌ردو داری کوردستان نه‌ما کوری خه‌ڵکی لێ به‌کوشت نه‌ده‌ن بزانن بۆ رۆژگارێک شه‌ڕی مه‌سڵه‌حه‌تی گیرفانه‌کانیان کردبووه‌ شه‌ری بیروباوه‌ڕو شه‌ڕی ئازادی تاک و دیموکراتی و مه‌ده‌نییه‌ت  له‌گه‌ڵ حیزبی بنه‌ماڵه‌دا تکایه‌ ده‌روێشه‌کانی حیزب ئێستا بۆ هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوانی پارتی یه‌کێتی دا نییه‌و به‌ کولفه‌یه‌کونێک پارتی یه‌کێتییه‌و یه‌کێتی پارتییه‌ ئه‌ی کوا جیاوازی بیروباوه‌ڕ کام لا حیزبی ئازادی و بیروباوه‌رو دیموکراتی و مه‌ده‌نییه‌تبوو ئه‌ی؟ کام لا حیزبی بنه‌ماڵه‌و پاوه‌نخوازیبوو بۆ چاوتان ناکه‌نه‌وه‌و ناپرسن بۆ ئێستا یه‌کێتی پارتییه‌و پارتی یه‌کێتییه‌ ئایه‌ ئه‌م تێکه‌ڵاوبوون و یه‌ک ده‌نگییه‌ په‌رژه‌وه‌ندی کورد فه‌رزی کردووه‌ یان په‌رژه‌وه‌ندی گیرفانی ئاغاکان ئه‌ی کوا بۆ رۆژگارێک بوو تا گیرفانه‌کان یه‌کنه‌خرابوون پاڕانه‌وه‌و دادوبێدادی دایکی شه‌هدان و که‌سوکاری ئه‌نفاله‌کان و مامۆستایانی ئاینی و نووسه‌ران و چی و چی نه‌مان داوای ئه‌وه‌یان لێنه‌که‌ن که‌ بۆ خاتری کوردوکوردستان و خوێنی شه‌هیده‌کان واز له‌ شه‌ر بێنن و باوه‌ش به‌ یه‌کدابکه‌ن به‌ڵام ئه‌و ڕۆژگاره‌ به‌ به‌ هانه‌ی جیاوازی بیروباوه‌ڕ شه‌ڕی یه‌کتریان ده‌کردو کوری خه‌ڵکیان به‌کوشت ده‌دا، که‌چی که‌ گیرفانه‌کان بوون به‌یه‌ک رێکه‌وتنی ستراتیژی هاته‌ ئاراوه‌و به‌ زه‌ره‌بینیش ناتوانرێت  پارتی و یه‌کێتی له‌یه‌کتر جیابکرێنه‌وه‌و هه‌موو ریکلامکردنی جیاوازی بیرورا بوون به‌ بڵقی سه‌رئاو. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم هیوادارم ده‌روێشه‌کانی حیزب ئه‌م‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی من بۆ رۆژگاری شه‌ڕی ناوخۆ وا لێکنه‌ده‌نه‌وه‌ که‌ من تاسه‌ی ئه‌و رۆژگاره‌بکه‌موو حه‌ز به‌ شه‌ڕو ماڵوێرانی بکه‌م و رێککه‌وتنی پارتی و یه‌کێتیم بێناخۆشبێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رێکه‌وتنه‌ وه‌ک ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ ئاڵۆزه‌و به‌ناو ستراتیژییه‌ به‌ڵام له‌ ستراتیژی هه‌رودوو بنه‌ماڵه‌ زیاتر هیچی تر به‌دیناکه‌ین، مه‌رج نییه‌ ئینسان باسی هه‌رچییه‌کی کرد تاسه‌ی ئه‌وشته‌بکات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆ بێجگه‌ له‌ وێرانکردنو وه‌ستاندنی ژیانی هه‌موومان زۆر هاوڕێی و ئازیزی لێشاردینه‌وه‌و بوو به‌ مایه‌ی سه‌دان کاره‌سات و ماڵوێرانکردن، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی من بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌روێشه‌ مه‌سته‌کانی پارتی و یه‌کێتی بڵێم : عه‌جه‌ب له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا هه‌ر مه‌ستتن و له‌ ستایش و خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکی دا ده‌ستێکی باڵاتان هه‌یه‌و هه‌ر رۆژه‌و ئاوازێک ئه‌ژه‌ننو له‌ کۆرسێکی خه‌واڵو زیاتر هیچیتر نین و له‌ کاتێکدا که‌ حیزب ئه‌م وڵاته‌ی کردبووه‌ دۆزه‌خ و وه‌ک گه‌ڵای دار ته‌رمی گه‌نجه‌کان ده‌هاتنه‌وه‌ بۆ شاره‌کان ئێوه‌ هه‌ر مه‌ستبوون و به‌ دڵی ئاغاکانی حیزب ئاگری شه‌رتان خۆشده‌کردوو به‌سه‌دان شێوه‌ ره‌وایتان ده‌دا به‌شه‌ڕی ناوخۆو سووکایه‌تی دونیاتان به‌یه‌کتری کردوو ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌تان داڕزاندو له‌ سێ شاردا دوو حکومه‌ت و هه‌زاران ناکۆکیو برین و داختان خسته‌ دڵی ئه‌م وڵاته‌وه‌، دواتر که‌ ده‌ورانه‌که‌ گۆڕاو ئیتر تێگه‌یشتن هیچ لایه‌کتان ناتوانن به‌شه‌ڕ یه‌کتری ته‌واوبکه‌ن پێتان به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو کوژراوو برین و گۆمه‌ خوێنه‌ی شه‌ردا ناو له‌ پێناو نزیک بوونه‌وه‌ی گیرفانه‌کاندا باوه‌شتان به‌یه‌کدا کردوو وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌باتان دیبێ و نه‌باران و نه‌گوڵکاڵترتان به‌یه‌کتری نه‌وتبێت و هه‌وموو کوژراوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ بوونه‌ قوربانی ئاره‌زۆکانی ئێوه‌و له‌ دوای خۆیان دونیایه‌ک کچ و ژن و دایکی قوربه‌سه‌ری کورد ڕه‌شپۆش بوون هه‌زاران منداڵ بێ باوک و بێ لانه‌ که‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و  سه‌رگه‌ردان بوون ئێوه‌یش له‌ که‌یف و به‌زم و ره‌زمی شادی و خۆشیدا مه‌ستی مه‌ستبوون و له‌ ستایش زیاتر هیچتان نه‌وت  که‌مێک غیره‌تتان نه‌دایه‌ به‌رخۆتان و به‌ ئاغاکانتان بڵێن شه‌رو تێکدانی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگاو کوشتن و برین و دزینی داهاتی خه‌ڵک و هێناوه‌وه‌ی سوپای دوژمن بۆ له‌ پێناو چیدا ئه‌م هه‌موو تاوانانه‌تان ئه‌نجامدا؟ ئه‌م وڵاته‌تان کرده‌ دۆزه‌خ هیچتان نه‌وت ئێستایش له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌ ته‌واوی خه‌ڵک له‌م دووبنه‌ماڵه‌یه‌ بێزاربووه‌و ئومێدی گۆڕان و داد په‌روه‌ری و یه‌کسانی خه‌ونی هه‌موو تاکێکی ئه‌م وڵاته‌یه‌ به‌ڵێ له‌ ئێستایشدا وه‌ک ڕابردوو ده‌ستانکردووه‌و به‌ ستایشکردنی ئاغاکانتان و دژایه‌تی کردنی نه‌وشیروان مسته‌فاو لیستی گۆران به‌بێ ئه‌وه‌ که‌مێک هه‌ستی به‌رپرسیارێتی و دڵسۆزیتان هه‌بێت بۆ ئه‌م گۆمه‌ڵگایه‌ ده‌تانه‌وێت ئه‌م دۆخه‌ گه‌نده‌ڵ و چه‌قبه‌ستووه‌ هه‌روا بمێنێته‌وه‌و ئێوه‌یش هه‌ر تێر نه‌خۆن له‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خه‌ڵک برسیکردن هه‌ر جاره‌و کۆمه‌ڵێک لێدوانی به‌تاڵ و بێبنه‌ما ده‌ده‌ن و ده‌تانه‌وه‌ێت به‌م لێدوانانه‌  ته‌واوی هه‌وڵی نه‌وشیروان مسته‌فاو لیستی گۆڕان بچووککه‌نه‌وه‌  بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان وده‌سته‌ڵاتێکی باشترو دوور له‌گه‌نده‌ڵی و پاوه‌نخوازی بنه‌ماڵه‌یی و دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆو ئازادیه‌کی وه‌ک یه‌ک دڵنیابه‌بن به‌و لێدوانانه‌ی که‌ ده‌ڵێن هه‌موو هه‌وڵی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ گه‌یشتنه‌ به‌ لووتکه‌ی ده‌سته‌ڵات نه‌ک خه‌می گۆڕان و دادپه‌روه‌ری هه‌ر تاکێکی ئه‌م گۆمه‌ڵگایه‌ که‌ گوێی له‌م قسه‌ عه‌نتیکانه‌ ده‌بێت پێکه‌نینی به‌ عه‌قڵتان دێت ئاخر ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و خه‌می نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ گۆڕان و دادپه‌ریی و یه‌کسانی نه‌بێت و بۆ ده‌سته‌ڵات بێت خۆ پێشتر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌کێتی نیشتیمانی دا له‌ هه‌ره‌می ده‌سته‌ڵاتدابوو هه‌موو خوڵیاو خه‌ونێکی بۆخۆی هه‌بووایه‌ دوور له‌ خه‌می گۆڕان و ئازادی و دادی کۆمه‌ڵگا ده‌یتوانی وه‌ک ئاغاکانی ئێوه‌ هه‌رچی خه‌ون وخولیایه‌کی هه‌بێت بۆ خۆیی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی پێیبگات به‌ڵام  نه‌وشیروان مسته‌فا چونکه‌ خه‌ون و خولیای گۆڕانی ده‌سته‌ڵات و دادپه‌ریی و یه‌کسانی بۆ هه‌مووان ده‌وێت نه‌یتوانی له‌و پۆسته‌ باڵایه‌یدا درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی خۆی بدات تێگه‌یشت له‌و پۆسته‌دا ده‌ورو پشتی به‌ گه‌نده‌ڵ و دزو چی و چی گیراوه‌ هه‌ربۆیه‌ بڕیاری ئه‌وه‌یدا له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حه‌شاماته‌ گه‌نده‌ڵ و ده‌زه‌وه‌ هه‌وڵی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ لێدوانی ئه‌و ده‌روێشانه‌ هێنده‌ سه‌یره‌ ئاخر چۆن ده‌بێت که‌سێکی له‌ هه‌ره‌می ده‌سته‌ڵاتدا بێت و وازبێنێت و جارێکیتر له‌سفره‌وه‌ هه‌وڵی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سته‌ڵا  هه‌وڵی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ گۆرین و ژیانێکی باشتره‌ بۆ هه‌مووان ئه‌گه‌ر بۆ ده‌سته‌ڵات بێت زۆر دووره‌ نه‌وشیروان مسته‌فا پۆستێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ستکه‌وێت دڵنیام خۆیشی ئه‌مه‌ چاکده‌زانێت ،ده‌مه‌وێت نموونه‌یه‌کی تر باسکه‌م جه‌وهه‌ر نامیق که‌ پارتی بوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوو له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا که‌ نوقمی ئه‌وگه‌نده‌ڵی و دزییه‌ نه‌بێت و که‌رامه‌تی پارێزراوبێت وازیهێنا لێره‌دا ده‌پرسم ئه‌م پیاوه‌ ده‌زانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی که‌ جارێکیتر نه‌ک نابێته‌وه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان به‌ڵکو زۆر هه‌وڵیده‌وێت تا کورسییه‌ک به‌ده‌ست بێنێت، ئایا لێره‌دا ئه‌وه‌ نابینین که‌ ئه‌م هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ له‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ده‌ستدانی ده‌سته‌ڵاته‌ له‌ پێناوی گۆڕان و دادپه‌روه‌ریدا ‌نه‌ک گه‌یشتن به‌ ده‌سته‌ڵات، به‌ڵام ده‌روێشه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه‌ ناتوانن ئه‌م لاو لای خۆیان ببینن و به‌رده‌وامن له‌ دژایه‌تی کردن و ناشیرینکردنی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که‌ به‌راستی له‌ خه‌می ئه‌وه‌دان ئه‌م دۆخه‌ گه‌نده‌ڵ و گوماناوییه‌ بگۆرن وحکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردیش ببێته‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌مووان و ته‌نها به‌ میزاجی ده‌سته‌و تاقمێک ئیشنه‌کات و ته‌واوی خواست و داواکانی خه‌ڵکی کوردستان بخاته‌ سه‌ر ره‌فه‌ی بیرچوونه‌وه‌وه‌، دیاره‌ ئێمه‌یش دوور له‌ هه‌موو په‌رژه‌وه‌ندییه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌ر به‌و هه‌سته‌وه‌ داکۆکی له‌ نه‌وشیروان مسته‌فاو لیستی گۆڕان ده‌که‌ین ته‌نها به‌ ئومێدی گۆڕان و باشترکردنی  ژیانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاند ته‌نها ئه‌و ئومێدی گۆران و باشترکردنه‌یه‌ ئاوا شێتگیرانه‌ تکا له‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین که‌ به‌ویژدانه‌وه‌ بۆ بنیاتنانی حکومه‌تێکی باشتر ده‌نگ به‌ لیستی گۆڕان بده‌ن خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو سبه‌ی لیستی گۆڕان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی هێناو له‌ ئاستی داخوازی خه‌ڵکدا نه‌بێت و وه‌ک ئێستای ئه‌م دوو حیزبه‌ پشت له‌ خه‌ڵک بکات ئه‌وه‌ ئه‌وکات ئێمه‌ چۆن ئێستا ره‌خنه‌ له‌م ده‌سته‌ڵاتی دوو حیزبه‌ ده‌گرین سبه‌ی ئاماده‌ین به‌هه‌مان هه‌ناسه‌و بگره‌ تووره‌تریش ره‌خنه‌ له‌ لیستی گۆران و نه‌وشیروان مسته‌فا بگرین چونکه‌ داکۆکی ئێمه‌ ته‌نها له‌ پێناو گۆران و باشترکردنی حکومه‌ت و ژیانی خه‌ڵکه‌ نه‌ک وه‌ک ده‌روێشه‌کانی حیزب به‌ یه‌ک ئاواز هه‌ر فێری شتایش کردن بین و نه‌توانین هیچ خوارو خێچییه‌کی  ده‌سته‌ڵات نه‌بیننین و له‌به‌ر دڵی ئاغاکانی حیزب به‌ره‌ش بڵیین سپی و سه‌ڵاوات له‌گه‌وره‌یی و باشه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ بده‌ین، ئیمه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ره‌خنه‌ له‌م دوو حیزب و ده‌سته‌ڵاته‌ ده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ کوێرانه‌ کۆرسی نه‌وشیروان مسته‌فابین بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌وشیران مسته‌فا به‌ جدی له‌ پێناو په‌رژه‌وه‌ندی گشتی داو بۆ گۆران و باشترکردن تاقه‌ خه‌مخۆری  به‌ده‌نگی مه‌یدانه‌که‌یه‌و ئێمه‌یش خه‌ون و ئومێدمان به‌گۆران هه‌یه‌و که‌وتووینه‌ته‌ دوای خه‌ون و ئومێده‌کانی خۆمان نه‌ک که‌سێکیتر.به‌ڵام ده‌روێشه‌کانی حیزب به‌تاڵ کراونه‌ته‌وه‌ له‌ خه‌ون و ئومێد بۆیه‌ بڕوایان به‌گۆران و بنیاتنان نییه‌ و هه‌ر به‌کۆرس یه‌ک سرود ده‌ڵێنه‌وه‌ ئه‌ویش سرودێکی بێماناو هیچه‌ بۆ به‌رده‌وامی ده‌سته‌ڵاتی دووبنه‌ماڵه‌ دێوه‌زمه‌که‌ی کوردستان، که‌بێگومان رۆژێک دادێت، رۆژیان ته‌واو ببێت و ریسوا بکرێن و له‌سه‌ر تاوانه‌کانیشیان بدرێنه‌ دادگا.

 

ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ 477 ی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

 

 

Previous
Next