Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
به‌ته‌مام كچێك بنووسمه‌وه‌

به‌ته‌مام كچێك بنووسمه‌وه‌

Closed
by May 28, 2009 ئەدەب

به‌ته‌مام كچێك بنووسمه‌وه‌
هه‌ڵگورد

halgurd@journalist.com

به‌ته‌مام كچێك بنووسمه‌وه‌،
كچێك، لێوانلێو له‌ بۆنی خاك
ئه‌و كاته‌ی كزه‌ بایه‌كی فێنكی
ده‌مه‌و عه‌سران هه‌ڵده‌كات،
پاش تاوه‌ بارانێكی پایزیی،
بۆنی دووریی ئه‌وم بۆ دێنێ،
كچێك ده‌نووسمه‌وه‌
له‌ قووڵایی غوربه‌تیش
قاقای پێكه‌نینه‌ خۆشه‌كانی چك ناكه‌ن،
وشه‌ ئاوریشمییه‌كانی
تژین له‌ سه‌مای مه‌ستانه‌ی ده‌می به‌یانی،
توڕه‌یییه‌كانیشی هه‌ر جوانن
پڕاوپڕن له‌ میهره‌بانی

كچێك ده‌كه‌م به‌ وشه‌
له‌ په‌ڕه‌ی گوڵ ئاڵتره‌
له‌ سه‌وزایی جه‌سته‌ی نێرگز
كه‌مێك كاڵتره‌
زۆر له‌ شه‌ونمی سه‌ر ترۆپكی خونچه‌
ناسكتره‌
گه‌لێك له‌ ئاونگ پاكتره‌،

كچێك له‌ سه‌روه‌ختی ڕه‌ش داگه‌ڕانی گه‌ردوون و
له‌ سه‌رده‌می زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕانی مرۆڤ و
كه‌ڵه‌كه‌بوونی خه‌مه‌ بێ شومار و ناكۆتاكان
ئه‌و هه‌ر عه‌شقی لێ ده‌چۆڕێ و
هه‌ر ئه‌وینی لێ ده‌بارێ

كچێك ده‌نووسمه‌وه‌
له‌ ده‌می سه‌مادا،
به‌ده‌م ناڵه‌ی ژه‌نینی كه‌مانچه‌یه‌كی بریندار
گۆرانی ده‌ڵێت،
ئه‌و كیژێكه‌
كت و مت له‌ ڕه‌نگی باران
چون تریفه‌ی نێو یه‌كه‌م نیگای یاران

من به‌ وشه‌
تابلۆی كچێك ده‌كێشم
گۆزه‌یه‌ك عه‌شق و
توره‌كه‌یه‌ك خه‌م و
جانتایه‌كی تژی له‌ خه‌ونی هه‌ڵگرتووه‌،
هه‌ر ڕێ ده‌كا و
نازانێ ده‌بێ له‌ ده‌رگای كام دڵ بدات،
باری په‌ڕپوت و ته‌نیایی خۆی
له‌ ماڵی دڵی كام پیاو بخات

بڕیارمداوه‌
دڵۆپه‌ ورده‌كانی ئه‌سرینی شه‌وێكی شۆخێك
له‌ وشه‌یه‌كا ڕۆبنێم
هه‌موو ته‌نیاییشی له‌ ڕسته‌یه‌كی ساده‌
ساده‌ وه‌ك ده‌مه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ بوونمان،
ساده‌ وه‌ك ڕسته‌ ساده‌كانی ئه‌و،
ده‌بێ بۆ خه‌مه‌كانیشی خه‌می ڕۆنانی وشه‌یه‌ك بخۆم
كه‌ تا ئێستا له‌ فه‌رهه‌نگان نه‌نووسرابێ
له‌ هیچ زمانێك په‌ی پێ نه‌برابێ
ئاخر فه‌رهه‌نگه‌كان كوا هه‌ست به‌ خه‌می شۆخێك ده‌كه‌ن
له‌ زێدی خۆی ڕاونرابێ؟
كوا وشه‌ی وایان تێدایه‌ ئه‌وینی لێ بچۆڕێ
بۆ وه‌سفی یارم بشێ و باڵ نه‌كرابێ؟!
ده‌بێ وشه‌یه‌ك ڕۆبنێم هێند شیرین بێ
لێوانلێو بێ له‌ خۆشه‌ویستی و
تا هه‌نووكه‌ كه‌س لێی هه‌ڵنه‌هێنجابێ
روخساری وشه‌ بشێ بۆ خه‌ڵاتی یار و
تا ئێستا له‌ هیچ شاخێكی به‌رزی عه‌شقه‌وه‌ هه‌ڵنه‌دێرابێ،
چون دڵنیا نیم وشه‌ی فه‌رهه‌نگان ده‌كارن
دڵۆپه‌ ناسكه‌كانی ئه‌سرینی ئه‌و بگرنه‌ خۆ،
یان ئه‌وانیش وه‌ك من له‌ ده‌می نووسینا
ده‌سووتێن و گڕ ده‌سێنن وه‌كوو پشكۆ؟!

دڵنیام دواجار
به‌ر له‌ نووسینه‌وه‌ی
كۆڤانه‌كانی ئه‌وینی ناكامی خۆم و جوانێك،
به‌ر له‌ جێكردنه‌وه‌ی ژانه‌كانم له‌ ڕسته‌یه‌كی شه‌كه‌ت و
نووسینه‌وه‌ی زامه‌كانم له‌ وشه‌یه‌كی بریندار و
كێشانی دوایین تابلۆی شیعرم
سه‌رده‌نێمه‌وه‌
دواجار
پاش نووسینه‌وه‌ی هه‌ندێك دێر له‌ شیعری غه‌ریبی و
هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ ته‌نیایی و
هه‌ندێك بێ ئۆقره‌یی و
هه‌ڵفڕینی هه‌ندێكی تر و
دوای نووسینه‌وه‌ی یه‌ك دوو دێر له‌ شۆخێك و
نیشتنه‌وه‌ی خه‌یاڵی ماندووم
سه‌رده‌نێمه‌وه‌،
سه‌رده‌نێمه‌وه‌ و
تێنووسی عه‌شقم
وه‌ك خاڵیترین گه‌ردی وجود
ده‌بردرێته‌ موزێی غه‌ریبان و له‌سه‌ری ده‌نووسن:
"ئه‌م ده‌فته‌ره‌
هی شاعیرێكی كه‌سنه‌ناسه‌،
ده‌بووایه‌ ته‌نیا كه‌سێكی ئاشنا به‌و بیكاته‌وه‌،
هه‌ر ئه‌ویش ده‌یتوانی بخوێنێته‌وه‌،
به‌ڵام كه‌سێكی ناشنا كردیه‌وه‌،
له‌و ده‌مه‌ ڕا
هه‌موو وشه‌كانی بوون به‌ هه‌ڵم و
په‌یڤه‌كانیشی به‌ خۆڵه‌مێش،
ئیدی ته‌لیسمی عه‌شقی ئه‌و پیاوه‌
بۆ هه‌تاهه‌تایێ له‌ بووندا سڕایه‌وه‌ و
سه‌رنگوم بوو،
ته‌نیا ڕسته‌یه‌ك تێیدا مابێته‌وه‌
ئه‌م په‌یڤه‌یه‌(پێت به‌ پیتی ئه‌م یوانه‌ و یاده‌وه‌رییه‌كانی ناوی
 پێشكه‌شن به‌ ئه‌سرینه‌ ورده‌كانی شۆخێك…)"

*ته‌واوی وشه‌كانی ئه‌م شیعره‌ پێشكه‌شه‌ به‌(عائیشه‌)، ئه‌و هاوڕێیه‌ی له‌ ته‌نیاترین كاتی ژینم هاته‌ ناو دڵم و وای لێ كردم هیوام به‌ مان بمێنێ.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.