تێنەگەیشتنی بزووتنەوەی دۆڕان لە گۆڕان
تێنەگەیشتنی بزووتنەوەی دۆڕان لە گۆڕان
سامان سەعید
پێشەکی: مەبەست لە بزووتنەوەی دۆڕان ئەو لایەنانەیە کە مێژووی هەلسورانیان لە کوردستان سیناریۆی دوبارە کردنەوەی هەلە و تاقیکردنەوە شکستخواردووەکانە، بەرئەنجامی کارو هەلسورانیان، تەریک کەوتنەوە و بچوک بوونەوە بووە.
ئەمڕۆ هەلبژاردنەکانی کوردستان سەرجەم کۆمەڵگای خستۆتە کەشێکی سیاسی گەرم و گوڕەوە ، دیارە هەرکەسێکی بەرچاو ڕۆشن دەزانێت کە لەسەرو بەندی هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوە ڕوونە کە داهاتووی دەسەلاتدارەتی لە کوردستان ، پاوانخوازی سیاسی و دەسەلاتی هەردوو حیزبەکە ئالوگۆری بەسەردا دیت ، دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە ئەو دوو حیزبە لە دوای هەلبژاردن بەشی شیریان لە دەسەلات بەرناکەویت، چونکە کاریکی ئاسان نیە هەیمەنەی زیاد لە نیو سەدەی پاوانخوازی حیزبیان ، هەروەها ١٨ ساڵی حوکمرانیان بەم هەلبژاردنە ئاڵوگۆری گەورەی بەسەردا بیت. بەلام ئەوەی گرنگە سەرەتای دەورەیەکی نوێ لە ململانی سیاسی دەست پێ دەکات کە بەشێکی زۆری خەڵک بەشداری تێدا دەکات و بەشێکی بەرچاوی ئەو خەلکەش وەلاء و ملکەچیان بۆ ئەو دوو حیزبە فڕێ دەدەن و دەنگ بە هێزی تر و بزووتنەوەی تر دەدەن، لێرەوەیە کە بەشداری کردن لەم هەلبژاردنەدا پێداویست وئەرکێکی ئەم دەورەیەی هەر بزوتنەوە و هیزێکی کۆمەلایەتیە کە باشکردن ژیانی خەلک و داهاتوی دەسەلاتدارەتی سیاسی کوردستانی بۆ گرنگە.بەشداری کردن یەکسان نیە بەوەی خۆشخەیاڵی ئەوە بیت دەنگێکی زۆر بەدەست دەهینێت و رکەبەرێکی گەورەی ناو پرۆسەی هەلبژارندن دەبێت لەبەرامبەر لیستی هاوبەشی یەکیتی و پارتی. بەڵکو لەو روەوە بەشداری کردن گرنگە کە بەشدار دەبیت لە پاڵنان بە قۆناغیک و هینانەپێشەوەی قۆناغێکی نوێ . قۆناغێکی نوێ کە فرسەتی زیاتر بۆ بەشداری سیاسیانەی خەڵک و هێزەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەستەبەر دەکات، ئەگەر جارێکی تریش پارتی و یەکیتی بیبەنەوە، هیزێکی چاودیری سیاسی و کۆمەلایەتی گەورە دێتە مەیدان کە بۆ ئەو دوو حیزبە ئاسان نەبێت مۆنۆپۆلی دەسەڵاتیان وەک ئێستا بیت، بەناچاری لەژێر فشاری ڕۆژانەی ئەو هێزە چاودێرەدا نەتوانرێت یاری بە چارەنوسی خەڵکی کوردستان بکرێت، نەتوانرێت یاسای دژ بەخەڵکی و دژ بە دیموکراتی بە فیکەی حیزب لە پەرلەمانەوە بەچاوی خەواڵوەوە بە ئاسانی دەربکریت.
لەم هەلومەرجە گەرم و گوڕە بۆ سیاسەت و گەیاندنی بەرنامەو سیاسەتەکانت بە جەماوەری کوردستان زیاد لە هەر کەسێکی ناواقعی و نابینای سیاسی بزووتنەوەی دۆڕان کەوتونەتە دژایەتی ئەم هەلبژاردنە و بەتایبەت دژایەتی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان و کەسایەتیە دیارەکانی.
بیانوی ئەم لایەنانە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن لەوەدا خۆی دەبینیتەوە کە گوایە هەلبژاردن هیچ پەیوەندیەکی بە ژیانی خەڵکەوە نیە و سیناریۆیە ، ئەمە قسەیەکی تەواو بێ مانایە لە واقعی ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەریت. خەڵک دەمێکە ناڕەزایەیان هەیە و لە فرسەتێک دەگەڕێن دەسەڵاتی ڕەها و پاوانخوازی یەکێتی و پارتی و بەسەر ژیان و چارەنوسیان کەم بکەنەوە، ئەم هەڵبژاردنە فرسەتێکی باشە بۆ خەڵک بەجیا لە ڕووبەڕوو بوونەی خوێناوی و لولەی تفەنگ، مومارەسەی کارێکی تر بکەن و سنوریک بۆ ئەو دوو حیزبە دابنین، دەنگ بە حیزب و کەسی تر بدەن نوێنەرایەتیان بکات، واتە فرسەتی هاتنە دەرەوەی ئۆپۆزسیونی جدی لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هەر ئەمەشە هەل ومەرجی ئەم هەڵبژاردنەی گەرم و گوڕ کردوە. ئەگەر ئەو لایەنانە ئەوە نابینن باشترە تەماشای بەلەقاژەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بکەن بۆ تیکدانی ڕیزی حیزبەکانی ترو تەخشان و پەخشان کردنی پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان بەسەر خەڵکیدا، و وەعدو بەڵێنی گەورە بە خەلکی.
یەکێک لە کیشەکانی تری ئەو لایەنانە ، نیگەرانیە لەوەی ئەمڕۆ خەڵکی تر نوێنەرایەتی ناڕەزایەتی جەماوەر دەکەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن،بەمەش خەیاڵ پڵاوی ئەوەی ئەوان کە گوایە نوێنەرایەتی ناڕەزایەتیەکان دەکەن بە هەوادا دەچیت و ئەم هەڵبژاردنە ئەوڕۆژە دەبێت کە ناپەیوەندی ئەوان بە خەڵک و کێشەکانی کۆمەڵگاوە نیشان دەدات. نیگەرانی ئەوان لە نەوشیروان مستەفا کە ئەمڕۆ بۆتە ڕابەری ئەم دەورەیەی بزووتنەوە و باسی گۆڕان لە کوردستان بە بیانووی ئەوەی نەوشیروان کەسی دەسەڵاتدار بووە ، هەتا بڵێی نا سیاسی یە، چونکە ڕاستە ناڕەزایەتی خەڵک دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی گەیشتۆتە ئاستی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن ، بەڵام هەمیشە و لە هەموو تاقیکردنەوە کانی مرۆڤایەتی هاتنە دەرەوەی بزووتنەوەی جەماوەری و ئۆپۆزسیۆن بەبێ ڕابەریەکی موعتەبەر ودیاری جەماوەری نەبووە ، لە حاڵ و وەزعێکی وەک کوردستان کە دەسەڵاتدارەتی حیزبی ومیلیشیایە فرسەتی سەر دەرهینانی هەر کەسایەتیەک دەکەوێتە بە رەحمەتی لولەی تفەنگی ملیشیاوە ، کەسێکی جەماوەری و خاوەنی بنکەی جەماوەری دەتوانێت وەک ڕابەر نوینەرایەتی جەماوەر بکات لە ئاستی سەراسەری کوردستاندا و خەتەری دەست بردنی پارتی و یەکیتی بۆ تیرۆر وڕفاندن و کوشتنی خۆی و پاشەکشە بە بزووتنەوە کە کەم بکاتەوە ، نەوشیروان کەسێکی بە توانا و دیاری کۆمەڵگای کوردستانە کە هەموو کەس حسابی جدی بۆ دەکات. ئەو دەڵیت من ڕابەری ئەم بزووتنەوەیە دەکەم؛ دەمەویت کۆمەلگای کوردستان بەرەو کۆمەلگایەکی دامەزراوەیی بەرم کە دەسەلاتی حیزب و حکومەت لەیەکتری جیا بکەمەوە ، سنوریک بۆ دزینی ماڵ وسامانی خەڵکی کوردستان دابنێم، بەمەش خەڵکێکی زۆری لە دەور کۆبۆتەوە و دەری خستوە کە هێزێکی نوێ یە لە کوردستان و ئۆپۆزسیۆنێکی بەتوانا و دیاردەبێت، هەر لە ئێستاوە پارتی و یەکێتی کەوتونەتە ژێر فشارەوە. کە دیارە ئەگەر کەسێکی وەک نەوشیروان لە ڕابەری ئەم بزوونەوەی گۆڕانەدا نەبوایە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە هیچ حسابێکی جدیان بۆ نەدەکردوو، نەک بۆ ئەوان بەڵکو بۆ هەموو ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و حیزبەکانی تریش.
بووونی نەوشیروان وەک سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان جورئەت و فرسەتی بە خەڵک وبزووتنەوەی تریش داوە سەر دەربهێنن و تەلیسم و هەیبەتی گەورەی دەسەڵاتدارەتی پاوانخوازی پارتی و یەکێتی سەرکردەکانیان بخەنە ژێر پرسیارەوە و تیکیبشکینن . ئەمە مێژووی واقعی ئەم قۆناغەی کوردستانە ، دەبێت بەڕەسمی بیناسین و قبوڵی بکەین ، قبوڵ کردن بەمانای تائید کردنی نەوشیروان نیە وەک شەخسیک ، بەڵکو بەروە پیرچونی ئەو گۆڕانەیە کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی کوردستان دروست دەبێت و دەسەڵاتی موتڵەقی پارتی ویەکیتی درزی تێدەکەوێت و پرسیاری جدی کۆمەلایەتی لەسەر دروست دەبێت وبەمەش لە خەڵکیکی ئاسایی کۆمەڵگاوە تا بزووتنەوە و حیزب و رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی لە قازانجەکەی بەهرەمەند دەبێت.
هەر کەس و بزوتنەوەیەکی رۆشنبین دەبێت بەشداری ئەم مێژووە بکات بە گەورەکردنەوەی ئەو کەلێنەی دەکەوێتە گیانی دەسەڵاتدارەتی ئێستای کوردستان قازانج بە خەڵکی کوردستان و ئازادی وکرانەوە بگەیەنێت .
نوسینی کۆمەڵک بابەتی تەشهیری لەسەر میژووی کەسە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن کەس و بزووتنەوەی ترەوە ، جوینەوەی ئەو باسانەی کە یەکیتی و پارتی بۆ شکاندنی ڕابەرانی لیستی گۆڕان بڵاوی دەکەنەوە، کارێک نیە خزمەت بە گرنگی ئەرکی ئەم دەورەیە بکات، ئەو نوسینانە دەرخەری راستیەک نیە شاراوە بێت هەم خۆیان بڵاویان کردۆتەوە هەم خەڵکیش خۆیان لە ناویدا ژیاون .
خستنە ڕووی ڕاستی هەمیشە کارێکی دروستە و مەسئولیەتیشە. بەڵام بریاردان لەسەر داهاتوی کەسێک یان بزووتنەوەیەک لەسەر بنەمای ڕابرودووی سیاسی ، هەلسەنگاندن ولێکدانەوەی کەسیکی عەوام و نەفامانەیە ، بۆ خەڵک و حیزبی سیاسی بڕیاردان لەسەر ئیستاو و بەرنامەی داهاتوو دەتوانیت سەنگی محەکی بڕیاردان بێت سەبارەت بە هەر کەسایەتیەک یان بزووتیەوەو حیزبێک ، ئەگەر مەترسی ئەوە هەیە لە بەڵینەکانیان پەشیمان ببنەوە، یان بەڵینەکانیان کورت بهینێت تەنها رێگایەک بە ئامادەکردنی جەماوەری خەڵک دەکریت بۆ ئەوەی چاودێری سیاسی(Political accountability) بن بەسەر حکومەتەوە لە ریگای نوینەرانیان لە ئەنجومەنی نوینەران و لەریگای ریکخراوە جەماوەری و کۆمەلایەتیەکانەوە.
کوردستان وەک هەر کۆمەڵگەیەکی ئەو ناوچەیە بەدەر نیە لە کەڵتوری تفەنگ ، هەرەشە، تیرۆرکردنی شەخسی و سیاسی نەیارەکەت، ئەوەی هەرکەسیک ئەو کارەی کردووە، بەرئەنجامی ئەو کەڵتورە خراپەیە، ئەگەر لایەنێک ئەوکارەی نەکردووە لە وەوە نەبووە کە لە ژێر باری فکری و کۆمەڵایەتی ئەو کەڵتورەوە خۆی ڕزگارکردووە. بەڵکو لەڕاستی دا لە بچوکی و بەهرەمەند نەبوونیان بووە لە دەرفەت و چەکداری گەورە.
ئەم هەڵبژاردنە فرسەتێکە کە کاری جدی بکریت کەمێک ئەو کەڵتورە خراپە لە کوردستان بکرێتە دەرەوە، و کۆمەڵگاو تاکەکانی بە کەڵتوری مۆدیرن و ئینسانی باربهینرێن. بەڕای من ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا کۆمەڵگای کوردستان تەنها یەک هەنگاویش لەم ڕاستایەدا بچێتە پێشەوە ئەوە شانازیەکی گەورەیە بۆ هەر کەس و هیزێک بەم گیانەوە بەشداری کردووە لەم پرۆسەکەیدا.
ئەو لایەنانەی بە نەفامیەک کە کردیان بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و بایکۆتی بکەن، فرسەتێکی گەورەیان لەکیس دا، دەکرا لە پاڵ ئەو هەموو قازانجەی کە بۆ خەڵک دەبیت ، هەر هیچ نەبێت قازانجیان لەوە بکردایە کە جارێکی تر بچنەوە ناو کۆمەڵگاو تیکەڵێکی جدی مل ملانێ سیاسیەکان بن لە بەرەی جەماوەری خەڵکدا. گەورە ترین مەهزەلەش کە چاوەریی ئەوانە دەکات بایکۆتی هەلبژاردن دەکەن، لێشاوی بەشداری خەڵکە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، تەریک مانەوەی ئەوانە لە کونجی ماڵەکانیان لە ڕۆژی هەڵبژاردن ، چونکە لە ڕاستیشدا بایکۆت کردنی هەڵبژاردن لە لایەن بزووتنەوە و کەسایەتی موعتەبەری جەماوەریەوە مانای کۆمەڵایەتی هەیە و خەلک بە قسەیان دەکات.
کۆمەڵگاو جەماوەر هەموو کات ئامادە نیە بۆ بەریوەبردنی کاری سیاسی گەورە و گۆڕان، هەموو کات گوێ ی کراوە نیە بۆ قبوڵ کردنی بەرنامەو شیعارە سیاسیەکان. عاقڵ ئەوەیە ئەو فرسەتانە لەدەست نەدات.