Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
كه‌ركوك…تاقكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان…..یاسین ئاشوور

كه‌ركوك…تاقكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان…..یاسین ئاشوور

Closed
by June 7, 2009 گشتی

كه‌ركوك…
تاقكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان
یاسین ئاشوور

 

یه‌كێك له‌تێرمه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانی سیاسی بریتیه‌ له‌چاره‌سه‌ری سیاسی. ئه‌وه‌ش زۆر به‌ساده‌ی برتییه‌ له‌دۆزینه‌وه‌ی خاڵه‌ هاوبه‌شانی نێوان دوو هێزی ناكۆك یان زیاتر له‌سه‌ر پرسێكی دیاریكراو.
 بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ریش ئه‌و دوو هێزه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ ناكۆكانه‌ تاڕاده‌یه‌كی گه‌وره‌ پێویسته‌ ئاماده‌ییان هه‌بێت بۆ سازشكردن له‌سه‌ر چه‌ند مافێكی خۆیان، به‌ واتا یه‌كی دیكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری سیاسی پێویسته‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان ده‌ست له‌هه‌ندێك مافی ره‌وای خۆیان هه‌ڵبگرن تابتوانن بگه‌نه‌ خاڵێك هاوبه‌ش كه‌ هه‌ر دوو لا یان هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆكبن له‌سه‌ری، چونكه‌ سروشتی چاره‌سه‌ری سیاسی واده‌خوازێت دوور كه‌ویته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كان لای تۆیه‌، هیچ هێزێكی سیاسی نییه‌ بتوانێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ته‌واوی حه‌قیقه‌ته‌كانی لایه‌، ئه‌و هێزه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌خوازێت سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ره‌كان به‌و رێگه‌یه‌دا به‌لكێشباكات كه‌دونیا بینی خۆی ده‌خوازێت سه‌رئه‌نجام هێزی تۆتالیتاری‌و دیكتاتۆری لێدروست ده‌بێت، نمونه‌ی حزبی به‌عس له‌عێراقدا ئاسانكاریه‌كانی باشه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌و هاوكێشه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌میشه‌ حه‌قیه‌ت له‌نێوان هێزه‌كاندا دابه‌ش ده‌بێت، وه‌ك چۆن ناكرێت داكۆكی له‌وه‌ بكرێت كه‌هێزێك به‌ته‌نیا ناتوانێت ته‌واوی حه‌قیقه‌ته‌كان له‌هه‌ناوی خۆیدا گلبداته‌وه‌ ئاوه‌هاش ناكرێت نكۆڵی له‌وه‌ بكرێت هێزێك نییه‌ خاوه‌ن به‌شێك له‌حه‌قیقه‌ت نه‌بێت.
له‌و سه‌ره‌تایی گه‌ر دروست بێت دێیینه‌ ناو كێشه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌. زۆربه‌ی پسپۆڕان‌و شاره‌زایانی بواری  سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كێشه‌ی كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌كێشه‌ ئه‌سته‌م‌و قورسه‌كانی عێراق. ئه‌وه‌ گه‌وره‌بونه‌ش له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ناكۆكی یان كێشه‌ی نێوان دوو هێز نییه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك زۆر هێزی جیاواز، به‌پله‌ی جیا جیا به‌شدارن له‌سه‌خت كردنی كێشه‌ی كوركوكدا. له‌وه‌ش قوڵتر ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی ناو ئه‌و كێشه‌یه‌ پێداگریه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ته‌واوی حه‌قیقه‌ته‌كانیان لایه‌‌و به‌رامبه‌ریش به‌ته‌واوی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ مێژوویه‌وه‌ كه‌ پاڵپشتی ده‌كات ، ره‌تی ده‌كاته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هیچ هێزێك له‌و هێزه‌ به‌شداربووانه‌ی ناو كێشه‌كه‌ ئاماده‌یی تێدا نییه‌ بۆ سازشكردن بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌. بۆ نمونه‌ لایه‌نی توركمانی ئه‌و شاره‌ به‌موڵكی ته‌واوی خۆی ئه‌زانێت‌و هه‌ر نه‌رمی نواندنێكش له‌به‌رامبه‌ر هه‌نگاو نان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌سه‌رێكی دوور له‌خاڵه‌ ستراتیژیه‌كانی ئه‌و به‌نه‌نگی تێده‌گات‌و به‌شه‌رمێكی هه‌تا هه‌تای له‌قه‌ڵه‌می ئه‌دات. ئه‌و قه‌سه‌یه‌ش بۆ ته‌واوی هێزه‌كانی دیكه‌ راسته‌.
هۆكارێكی دیكه‌ی هه‌ڵكشانی كێشه‌ی كه‌ركوكه‌، ئاماده‌گی ئه‌و بێمتمانه‌ گه‌وره‌ییه‌ی نێوان لایه‌نه‌كانه‌. ئه‌و بێمتمانه‌یه‌ش وای لێیان كردووه‌ هه‌نگاوی جدی نه‌نرێت به‌ئارسته‌ی رازی كردنی هه‌موو لایه‌ك. هه‌موو ئه‌و هه‌ولانه‌ی تائێستا  دراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك تاراده‌یه‌ك هه‌ر قه‌سه‌‌و پروپاگه‌نده‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌.
ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی به‌رده‌م چاره‌سه‌ر نه‌بوونی كێشه‌ی كه‌ركوك جگه‌ له‌وانه‌ی باسكرا، په‌یوه‌ندێكی راسته‌وخۆشی به‌نه‌بونی ولاتێكی خاوه‌ن شوناسه‌وه‌ هه‌یه‌. عێراق جگه‌ له‌وه‌ی ولاتی فره‌ ره‌گه‌ز‌و فه‌ره‌ ئاین‌و فره‌ مه‌زهه‌به‌ ، ولاتێكیشه‌ تائێستا نه‌بۆته‌ خاوه‌ن سیسیتمێكی حوكڕانی وه‌ها بتوانێت جیاوازیه‌كانی ناوخۆی پێكه‌وه‌ بگونجێنێت، به‌ڵكو رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هۆكاری سه‌ركی بوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌ تایفی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینیی‌و ره‌گه‌زیه‌كانی تاراده‌ی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ قوڵبه‌كه‌نه‌وه‌. حكومه‌تی ئێستای عێراق جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوی خۆی نییه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردن‌و ئیداره‌كردنی عێراقدا، پشت ئه‌ستوریش نییه‌ به‌ستارتیژیه‌كی سیاسی دوور له‌ حه‌ساسیه‌تی مه‌زهه‌بی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و ره‌گه‌زیی. بۆیه‌ له‌پاڵ بوونی بیركردنه‌وه‌یه‌كی له‌م جۆره‌‌و حكومه‌ت‌و  ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و جۆه‌ردا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی وه‌ك كێشه‌ی كه‌ركوك به‌گران ده‌وه‌ستێت‌و ناتوانرێت به‌ئاسانی چاره‌سه‌ربكرێت. چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی كه‌ركوك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌روه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناخه‌وه‌‌و له‌نزێكه‌وه‌ بێ هیچ په‌رده‌و ده‌مامكێك له‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ تێبگه‌ین‌و دروستی‌و پابه‌ندبوونیان به‌ژیانی دیموكراسی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و شارستانیانه‌ ده‌ربكه‌وێت.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.