Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
بەورى  بەیان …. عەلى پێنجوێنى

بەورى بەیان …. عەلى پێنجوێنى

Closed
by February 12, 2008 ئەدەب

   شەڕى خوێناوى بەرە بەیان و تاریکى :

دەستم لە شەڕێکا پێکراو دواین فیشەکى تریفەى بەر کەوت
بۆیە لەسەرى پەنجەکانمەوە
دڵۆپ دڵۆپ مانگ دەچۆڕێ
شەڕم بینیوە، بەڵام بە وێنەى ئەم شەڕە، خوێناوى نەبوە
بەرە بەیان دەستى پڕ بوە ، لە ئەستێرەى خوێناوى و
 بەسەر برژانگى وەنەوشەوە، ئاو دەبات
بۆ تەڕکردنى دەمى قومریەکان
ئەم تونێلە قوڵە بۆ کوێ لێدەدات ….تاریکى…؟
وردە زیخى ئەم هەمو نورە، بەسە بۆ ئەوەى
چیتر تاریکى، پێویستى بە ڕوناکى بەرە بەیان نەبێت
ئەوەى لە شەودا  دەکوژرێت
دڵۆپە ئیشراقەکانى ڕوناکیە
ئەوەى گیان ئەدا، لە بەرە بەیانا
 ئەو تاریکیە بە هەیبەتەیە، کە خەوى لێکەوتوە
لە دڵى گوڵە مینادا
ئەم شەڕە خوێناویە، بەورێکى مۆلەق کردوە
پێیەکى وا لە بەیاناو پێیەکى وا لە ناو شەوا
بۆیە، لە پشت بەردێکەوە هەڵکورماوە و دەگرى
بەڵام چۆن گریانێک….؟!
لە چاوێکیەوە
قەترە قەترە، بەرە بەیان هەڵئەڕێژێ و
لە چاوەکەى تریشیەوە
تاریکى خوڕ خوڕ دێتە خوارێ
دەبێ سینەى ڕوتى شەو
کەى دوگمەى کراسەکەى بترازێنێ؟
تــــا گریانى بەورێک تیایا سکونەت بکا
دەڵێى خوا کاتى قاتى کردوە ،
تا بەورێک تیایا بگرى…..
دەبێ زەریا، کەى قۆپچەى کراسەکەى دابخا؟
تا چیتر گۆى مەمکى
بە تیشکى هەتاو نەڕوشێ
هەرگیز بەور خەیاڵى ئاو، ناشەمزێنێ
بەور لە ناو خەونى زەریادا، دەخەوێت و نایەڵێت
ئاو داچڵەکێت و خەبەرى بێتەوە
هەر بۆیە تەنیا، لە بەرە بەیانێکى دەستنوێژ نەشکاو، بەتاریکیدا دەردەکەوێ
چونکە تەنیا لەو دەمەدا
ئاو خەوى لێکەوتوە

            گفتوگۆى بەورى بەیان و جەلادێکى گرینۆک  : 

دەبێت بێم و وەک فریادڕەسێک بتڕفێنم
تا چیتر لەوە زیاتر
لە ناو گریانا فەنا نەبیت
دەبێت بێم و بتڕفێنم
تا چیتر لەوە زیاتر
خوێن بەسەر خەنجەرەکەتەوە سەما نەکات و گۆرانى نەچڕێت
تەماشاکە……
 چەند خەنجەرت ڕۆکرد، بە دڵە نامورادەکانا
ئەوەندە، بە دزیەوە بۆ نامورادى خۆت گریایت
چەند گوڵى لاڕێت، لە کاتى ئاو خواردنەوەدا
بە پەنجەى شایەتومان خنکاند
ئەوەندە تاڵى سپیت لەخۆتا  هەڵکەند
تا پیرێتیت، لە خەڵک بشاریتەوە
دەبێت بێم و بتڕفێنم، تا چیتر
لەم قیامەتى گەرمایەدا، هەڵنەقرچێیت
سەرى هەرچى درەخت هەیە پەڕاندت
سێبەرى تەنیا درەختێکت نەهێشتەوە، تا هیچ نەبێت
تێر تێر لە ژێریا بگریت
دێم و دەتبەم، تەنیا ترین پیاوى دنیا
دەتڕفێنم و تۆش
خەنجەرەکەت لە دڵى دەمە شێرێکا بنێژە
چونکە هەرفریاى خۆت دەکەوم نەک خەنجەرەکەت
ئەو هەمو شەوەت سەر بڕى
ئەو هەمو ئەستێرەیەت بەبریندارى لە بنى کانیەکانا جێهێشت و
وەنەوزێکت نەدا، زاڵم
تازە دەتەوێت بە دیار ژماردنى ئەستێرەکانەوە چاو لێک بنێیت و بخەویت؟
ئەى جەلادى گرینۆک

                         وەڵامى جەلاد: 

چۆن دێیت و چۆن دەمڕفێنى ئازاد بە
کە من ئازاد بوم لەوەى
چۆن خەزێنەى کەونم تاڵان کرد، لە جوانى
کە من ئازاد بوم لەوەى
دەمى هەمو کانیەکانى مەرگم تەقاندەوە
کە من ئازاد بوم لەوەى
خەنجەرم فێر کرد، بۆ هەتا هەتایە نەنوێت و
هەرگیز وەنەوزێکیش نەدات
ئیدى تۆ بۆ ئازاد نەبیت….؟
بەڵام ئەى بەور، کە هاتى تەنیا تکایەکم هەیە
ئەو پێیە چڕنوکاویەتم لێگیر بکە، کەوا لە ناو تاریکیدا
چونکە زیڕەى مەرگ ئەکەم، لە ڕوناکیا بتبینم

                    گفتوگۆى باخەوانى نور و بەورى بەیان :

چەند جوانە شکۆى ئەم نورەت خودایە
بەسەر سەوزى ئەم خەیارەوە
ــ بــــــا ــ بە خەتێکى خوار و خێچ ئێوارەى دەنوسیەوە
منیش دەمویست دوا دڵۆپى ئەم شەرابى کۆنە ساڵە
بەرمەوە سەر نوتفەى ئەوەڵین دەنکە ترێ
من کە نەتوانم ئاوا نازى شەراب بکێشم
چۆن دەتوانم…؟
ببمە باخەوانى باخى نور
من دەستم لە ناو سورایى گێلاسا بەجێدەهێڵم
تۆ چڕنوکت لە ناو خوێنا لێون دەبێت
من دەتوانم هەرچى تاریکایى ناو ڕۆحم هەیە
بە نورى کۆخێکى قڵیشاو ڕوناک بکەمەوە
تۆ دەتوانى دەریا بخەیتە سەر تل و
دەمولێوى وشکهەڵاتوى بەرە بەیانى پێتەڕ کەیت
دڵم لەبەینى دو پەلک نەعنادا، لە شیرینترین خەودایە
تۆ دەتوانى باخێک خەو لێبخەیت، بەسەر دڵى ئاگرەوە
دێیت و دەڵێى: ـ
من دەتوانم کێوى جوانى منداڵ کون بکەم و
لەگەڵیا بنوم هەتا …مەرگ
بەڵام وەک تۆ ناتوانم ببمە باخەوانى نور
دەمەوآ دەستآ لە پەنجەت وەربدەم
کەچى پەلکێ ڕێحانە و پەنجەتم لێتێک دەچێت
دەمەوێ بۆنى هەناسەت بکەم
کەچى دەکەوم بەسەر، میشە میشى توتڕکێکى قەراخ ڕێدا
دەمەوێ بە قوڵترین ڕوانین مەحفت بکەمەوە
کەچى سەرنجى چوالەیەکى تەڕ
دەمکاتە خۆڵ و غوبار
عومرێکە وام لە هەوڵا
زەفەر بە خەیاڵى ناو نوێژێکت ببەم
کەچى دو دڵۆپ ئاوى سەر بەردە نوێژەکەت
هەلا هەلام دەکات و دەبمە قەقنەس
ئەرآ بەڕاست….؟
تۆ نورى ئەى باخەوان یــــان باخەوانى نورى؟

               بەورى بەیان و خوداناس، ئاوا ئەدوان : 

بەم نامورادیەمەوە
چى بکەم لەباخەکانى عەدەن
ئەم هەمو جۆگەى شیر و شەربەتو شەرابە
تینوێتیم ناشکێنن و سوکنایى نادەن، بە دڵم
لە ناو میوە سورئاڵەکانى بەهەشتا
چۆن بتوانم ئارام بگرم؟
ئەم بەهەشتەى پێتداوم چی لێبکەم؟
کە دەبینم کەسێک دەبێت بۆ هەتا هەتایە
لە ناو دۆزەخا بسوتێ
سەفا بەخش نیە…………هـیـــــچ
بە عیشقەوە شەوم دەخواردەوە و بینم پێوە دەنا
بینم پێوە دەناو دەمم لێبەر نەئەدا
 تا سپێدە شکۆفەى دەکرد، لە نێو جامەکەى دەستما
کەچى بەد مەستەکانى شەو، دەڕشانەوە
بەسەر ئەو گەڵایانەدا، کە عیشوەیان دەبەخشیەوە و
منەتیشیان بەسەر کەسا نەدەکرد
سەفا بەخش نیە…………ئـــاخر
بەو هەمو نازەوە
نازنازم لە دەستما ئەڕواند و چرۆى نەدەکرد
کە بەیانى سەرنجم ئەدا
گۆچانەکەى باوکم چرۆى دەکردو باقە باقە گوڵى دەگرت
من و تۆ، لەسەر خوانێک بەیەکدەگەین
ڕەنگە خوانى ئەمڕۆ نەبێت
من و تۆ، دەستڕێژى ئەسەفێک دەمانکاتە بێژنگ
کەسبەینآ دەزانرآ، چ حەقیقەتێکى تاڵە…..
من نوێژم لە ناو دڵى بەرددا، دەشاردەوە
خودام لە ناو تنۆکە ئاودا، جێدەهێشت
تا ئاگاى لە ماسیەکان بێت بێدەنگى نەیان خنکێنێت
ماڵم بەسەر نینۆکى تۆوە دروست دەکرد بۆ شەوگەردەکان
کەچى تۆ لە بەفر بێدەنگ تر بوى ئەى بەورى بەیان
سەختە جڵەو کردنى ڕەشەبا، کە لە ناو نورا هەڵدەکات
 کەچى پێت دەوتم : ـ
لێى گەڕێ…… با هەڵبکات 
لێى گەڕێ من دەزانم دێت و لە ناو ڕۆحى منا ساکن دەبێت
ئەگەر تۆ دەستى میهرەبانى خودا بیت
ئەوا من دەستەکەى تریم، کە توڕەییە
ئەگەر تۆ دیوێکى ترى تەنیایى ڕۆحى خودا بیت
ئەوا من تەنیاترین ڕۆحى خودام
بۆیە هەتا ڕۆژى قیامەت
چنگ گیر بکەم لە چاوانت و ناو دڵت هەڵبکۆڵم
جگە لە خۆم لە ناو تۆدا
دەستم بەر هیچى تر ناکەوێت……خوداناس
من و تۆ دوا  دیدارمان
شەڕى بەشکردنى تەنیاییە، لە شوێنێکا
ئەو شوێنە نە تاریکاییە و نەڕوناکایى

                       بەورى بەیان و ژن ئاوا ئەدوان   :
 
هێشو هێشو ترێ لە مێوى شەو دەڕنیت
کە چاوانت هۆن هۆن شەرابى ئاڵى لێدا دەچۆڕێ
ئیدى بۆچى زەخیرە بۆ شەراب دەخەیت؟ دەریا ژن
جوانە ئەم زەمیلەیەیى لەپرچى خۆت چنیوتە 
خۆڵە مێشى ئەم نەردە، بە فوى تۆ ناگەشێتەوە
تازە ئیتر چاوەڕوانى من نەکەیت
کە لورەى پڕ نزاى من هەمیشە لە قوڕگتا بێت
زریکەى دەریا لوشى تۆ دایم لەڕۆحى مندا بێت
ئیدى چ پێویست دەکات
بێم و بتڕفێنم…… ئەى دەریا ژن
گریانى من هەر لە چاوانى تۆدا، دەوێرێ خۆى ئاشکرا بکات
چڕنوکى من هەر لەناو تەنیایى تۆدا دەتوانآ بە کەماڵى ئیسراحەت
نا ئومێدى لێپچۆڕێ
من بەورێکم نیوەم لەجنسى تۆیە و
نیوەکەى تریشم لە جنسى تەنیایی
ئاخر بەم هەمو تەنیاییەمانەوە چیبکەین…..چـــــــى؟
باش دەزانم ڕۆژێ دێ، ڕەنگە شەوێک بێت
تەنیایى هەردوکمان دەکوژێ ، ئەى دەریا ژن

                         دوا وەسوەسەى بەورى بەیان :

لاسایى کردنەوەى ئاوو
تەکاندنى توى تاریکى، بۆ سەر سنگى بەرە بەیان
سڕینى چاوى تەڕى ئەستێرەیەک
بە لەچکەى ئەو ژنەى خۆیم نەفڕاند
تەنیا دەسماڵەکەى سەریم هێنا، بۆ یادگارى
ڕزگارکردنى چەندین دڵۆپە باران
کە لە قوڕا غەرق دەبون و دەکەوتنە حاڵەتى خنکان
من کە شایەدى هەمو ئەمانەم و تۆ هەرگیز ناتوانى بیانبینى
ئیدى حەسودى بەچیت ببەم ئەى ئینسان؟
تۆ دەسوتێیت و هەرگیز ناشزانى
ئاگر چیە
دەخنکێیت و هەرگیز
لە فەلسەفەى تەڕایى تێناگەیت
مایە پوچیت لە جوانى و هەمانەى بەتاڵیت لە نور 
چیت هەیە حەسودی پێببەم….. دەپێم بڵێ؟
ڕەنگێک نەماوە لە دنیادا، لە ناو چاوما نەنوستبێ
تەنیا ڕەنگێک چیە، ناوێرێ توخنت بکەوێ
چونکە تۆ ڕاوچى ڕەنگى، ئەى ئینسان
ئەو هەمو هەنگە
لە ناو هەنگوینا خۆیان خنکاند و نەگەڕانەوە، تا ناو دەمت شیرین بکەن
کەچى هەر ژەهرى مارە، گوفتارت
ئیدى حەسودى بە چیت ببەم…..؟
ئەو هەمو فیشەکەتان نا، بە باڵى هەڵۆکانەوە
لە شیرینى خەودا
کەچى بەرگەى یەک فیشەکى حەقیقەت ناگرن
مەستن بە وەهمى پـــــڕ بـون لــە گـەورەیى
کــەچى جورئەتتان نیە
تۆزێ بــە دیــــڕر شـــەوەوە ڕا بمێنن، ئــــــــەى ئینسان
دەپێم بــــڵیـــَن حـــــــەسودى بـــە چیتان ببەم……………؟


   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.