Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئیسلام و هۆڵەندا….. سەڵاح حەسەن پاڵەوان

ئیسلام و هۆڵەندا….. سەڵاح حەسەن پاڵەوان

Closed
by February 12, 2008 گشتی

ماوەیەکە توندوتیژی ململانێ ی نێوان باڵی ئیسلامی و هەندێ لە لایەنە سیاسیەکانی نێو دنیای سیاسەتی دیموکراتی هۆڵەندا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز ، بە تایبەت پاش روودانی کۆمەڵێ گۆڕانکاری لە بارودۆخی ئیسلامی سیاسی لە هۆڵەندا لە لایەک و سەرهەڵدانی باڵی تووندرەوی نێو سیاسەتی هۆڵەندی ، ئەم مللانێیە لە راستیدا لەم چەند رۆژانەی دوایەدا پەرەی سەند ، لەو کاتەوەی  کە مقۆمقۆی دروستکردنی نوێترین فیلم لە ئارادایە لە لایەن (( خیرەت فیڵدەرزی )) سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندا، ئەم پارتە ساڵی 2006 بە رەسمی دامەزرا پاش ئەوەی خیرەت فیڵدەرس بەرەسمی لە پارتی گەل جیابوەو، ئەم کابرایە ئەم پارتەی دامەزران بە مەبەستی زیاتر دژایەتیکردنی هاتووەکان و بیانیەکانی نێو وڵاتی هۆڵەنداو دروستکردنی هۆڵەندایەکی پاقژ و دوور لە نیوهاتووەکانی دەرەوە، هەروەها لە بەرنامەکەی پارتەکەشی ئەوە هەیە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ تەوژمی هاتووەکان بۆ وڵاتی دایک بوەستێنرێ و بە رەسمی یارمەتیی ماددی رێکخراوە ئاینیەکانی ئیسلام نەدرێ .یەکێک لە دیارترین ستراتیژیەکانی ئەم پارتە ئەوەیە کە هەوڵ دەدا بۆ پێکهێنانی  هوڵەندایەکی پاکو تەمیز خاڵی لە ئیسلام و بگرە لە هەموو جۆرە هاوڵاتیەکی غەیر هۆڵەندی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دژایەتیکردنی ئەم پارتە لەگەڵ ئیسلامدا دژایەتیکردنێکی ئاشکرایە، دوا هەوڵی ئەم کابرایە دروستکردنی فیلمێکە لەسەر قورئان.رەنگە ئەم فیلمەش لە سەرتایی ئەم مانگەدا بخرێتە سەر شاشەکان.

 ناوەڕۆکی فیلمەکە تا ئەم کاتەش نازانرێ چیەو چی لەخۆی هەڵگرتووە تەنیا ئەوە نەبێت فیلمەکە دەیەوێ ئەوە نیشان بدات کە قورئان کتێبێکە پڕە لە تووندوتیژی و کتێبێکی فاشیزمانەیە، هەروەها پێدەچێت  فیلمەکە مەبەستی ئەوە بێت کە چەند بەشێک لەقورئاندا دەرهێنێ و لەو رێگایەوە ئەوە نیشان بدات کە قورئان چەندە پڕ لە تووندوتیژیە.
بەهەر حاڵ ئەوەی کە ئێستا روو دەدا ململانێیەکە سەرەتاکەی بۆ یانزەی سیپتەمبەر دەگەڕێتەوە ، بێگومان پاش سەرهەڵدانی ناکۆکی گەورەی نێوان ئیسلام و ئەمریکاو دەرکەوتنی ئەلقاعیدە وەک هێزێکی ئەڵتەرناتیف بۆ دوژمنایەتیکردنی ئەمریکا، ئەم کێشەیە نەک تەنیا ئەمریکا بەڵکو بە گشتی هەموو جیهانی گرتەوە، هەر لە ئەمریکاوە تا دەگاتە ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقا. هۆڵِەنداش وەکو یەکێک لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە یەکڕاست و بەبێ گەڕانەوە بۆ میللەت هێزو پشتیوانی خۆی بۆ ئەفغانستان و ئێراق نارد. دیارە ئەمەش بۆ خۆی کاردانەوەی هەبوو بەسەر لایەنە ئیسلامیەکانی نێو هۆڵەندا بە تایبەت باڵی توندرەوی ئیسلامی . هەروەها پەیدابوونی گروپی سەر بە ئەلقاعیدەش لەنێو هۆڵەندا بە تایبەت گروپەکانی وەک هۆڤدستاد گروپ ( واتە گروپی پایەتەخت )) کە ئەمانە کەم تا زۆر لە نزیکەوە دژایەتی خۆیان بەرامبەر بە هەموو ئەو کەسانە نیشان دەدا کە دژ بە ئیسلام و قورئان بون، هەروەها بەچاوێکی رەخنەگرانە تەماشای ئیسلامیان دەکرد،  یەکێک لەو کەسانەی کە لە نێو ئەمم گروپەدا کاری دەکرد محەمەد بەیوری ناسراو بە محەمەد بێ بوو ، ئەم کابرایە یەکەمین تاوانێک کە ئەنجامیدا کووشتی نووسەرو دەرهێنەری سینەمایی تیۆ ڤان خۆخ بوو. لە 2 تشرینی دووەمی 2004 کاتژمێر 9ی  سەرلەبەیانی لە نێو شاری ئەمستەردام بە دەمانچە ئەو کابرایەی کووشت ، بێگومان کوشتنی ڤان خۆخ ، هۆکەی بە پلەی یەکەم بۆ دەرهێنانی کورتە فیلمێک دەگەڕێتەوە بە ناونیشانی(( سەبمیشن ))، کە لەگەڵ ئەندامی پەرلەمانی بەسۆماڵی ئەسڵ(( هیرسی عەلی )) دەریکردبوو، ئەم کورتە فیلمە هەوڵ دەدا رووناکی بخاتە سەر هەندێ لەلایەنی چەوسانەوەو مامەڵەکردنی خراپە لەگەڵ ئافرەتدا، لەو فیلمەدا جەستەی ئافرەتێ نیشان دەدرێ کەلەسەر جەستەی چەند ئایەتێکی قورئان نووسراوە.
بەهەرحاڵ پاش کووشتنی تیۆ ڤان خۆخ ، زیاتر رووی ئیسلام لەنێو کۆمەڵگای هۆڵەندیدا بوو بە روویەکی ناشیرین و بە شێوەیکی زۆر نەگەتیڤانە تەماشای ئیسلام  بە هەموو شێوەکانیەوە دەکرا ، تووندڕەو ناتووندرەو بگرە زۆرجار کەسانی تەنیا بە ناو ئیسلام دەکەوتنە بەرهێڕشی  تووندڕەو هۆڵەندیەکان، ئەوەبوو چەندین قوتابخانەو مزگەوت و شوێنی تایبەت بە کۆمەڵگای ئیسلامی کەوتنە بەر هێڕش و سووتاندن.  ئەمەش بۆ خۆی زەمینەیەکی بۆ لایەنی دووەمی تووندڕەو کە لایەنی هۆڵەندی بوو  دروست کرد تا ئەم فرسەتە بقۆزنەوەو زیاتر مەرامە رەگەزپەرستیەکانیان جێبەجێ بکەن. دیارە پەیدابوونی پارتەکانی وەک پارتەکەی خیرەت وڵدەرس و هەندێ باڵی دیکەی نێو پارتەکانی دی رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی دژایەتیکردنی غەیرە هۆڵەندی بگاتە ئەوپەڕی.
ئەم کێشەیەی کە ئەمڕۆ دەبینرێ لەمەڕ ئیسلام و تووندڕەوی لەراستیدا هەردوو تیمەکە تێیدا بەشدارن ، واتە هەردوو لایەنە تووندڕەوەکە تووندرەی ئیسلامی و تووندڕەوی هۆڵەندی هەردووکیان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵدەدەن ئەو پەیوەندیەی کە لە نێوان کۆمەڵگای هۆڵەندی لەلایەک و لەنێوان ئیسلامدایە تووندوتیژی بکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆ سیاسەتی ئایدیۆلۆژی جیهان سیاسەتێکە دژ بە تووندوتیژیە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە لەو سیاسەتە ئاشکرا نیە کە دژایەتی تووندوتیژیەکە چ لایەنێک دەگرێتەوە ، ئایا تەنیا ئیسلامیەکان یان تووندڕەوەکانی غەیرە ئیسلامیش، ئەوەی هەیە  ئەوەیە کە ئیسلامۆڤۆبی لای هۆڵەندیەکان لەو بازنەیەدا دەسوڕێتەوە کە هەڕەشەیەکی گەورە یە بۆ سەر ئازادی و دیموکراتی وڵاتەکەیان.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەو نووسین و لێکۆڵەوانەی کە ئەمڕۆ لە رۆژنامەو دەزگاکانی راگەیاندنی هۆڵەندیدا بڵاودەکرێنەوە، باس لەوە دەکەن کە باڵی تووندڕەوی ئیسلامی تاڕادەیەک ئێستا لەحاڵەتی متبووندایە ومەسەلەی هەڕەشەی ئیسلامی روو لە کزی دەکات، بەڵام دەسەڵاتداران لەوە دەترسن کە ئەم شێوە هەڵسوکەوت و تەسەڕوفاتە نامەسئوڵانەی هەندێ لە تووندڕەوانی نێو باڵی راستڕەوی هۆڵەندی، لە بابەتی خیرەت ڤیڵدەر ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تووندوتیژی و پەیدابوونی گرفت ، بەتایبەت لەسەر ئەو فیلمەی کە خەریکی دەرهێنانێتی.
لەروانگەی ڤیڵدەرس ئەو فیلمەو بۆچوونی لەمەڕ ئیسلام و دژایەتیکردنی قورئان شێوەیەکە لە مومارەسەی دیموکراسی و شێوەیەکە لە دەربڕینی راوبۆچوون لەژێر پەردەی دیموکراسیدا، بەڵام کۆمەڵگای ئیسلامی بە پێچەوانەوە زۆر بە هەستیارانە ئەڕوانێتە ئەم کارەو لەدەرەو ناوەوەی هۆڵەنداش شەپۆڵێک ناڕەزایی لە ئارادایە دەربارەی ئایندەی ئەو فیلمەو بڵاوبوونەوەی، زۆر کەس چاوەڕوانی تەقینەوەی سیاسی و تووندوتیژی دەکەن.
دەبێ ئەوەش بووترێ کە ((ئەیان هیرسی عەلی)) وەک کەسێکی هەڕەسەلێکراو لەلایەن تووندڕەوانی ئیسلامیەوە لەم مەسەلەیەدا لەگەڵ  ڤیڵدەرس کۆکە ، ئەم رێکبوونەی نێوانیان لەوەدا دەردەکەوێ کە هەردووکیان خاوەنی فیلمن لەسەر ئیسلام و قورئان ، تەنیا ئەوە نەبێ کە ئەمجارەیان شێوەی روانگەی ئەم جیاوازترە لەو . هیرسی عەلی پێی وایە ئەم کارەی ڤیڵدەرس شێوەیەکە لە مومارەسەی ئازادی و ئازادی دەربڕین ، بەڵام ئەوەی من تێی ناگەم ، بۆچی ڤیڵدەرس لەم کاتەدا ئەم مەسەلە هەستیارە دەوروژێنێ. هەرچەندە هەندێک دەڵێن ئەمە مۆدەی سەردەمەو پاش جەنگی ئەمریکا دژ بە تیرۆریزم و پاش سەرهەڵدانی تووندرەوی ئیسلامی زۆر لە سیاسیەکان و رۆژنامەنووسان ئەم مەسەلەیە وەک هەوڵێک بەکاری دێنن بۆ پێکانی دوو نیشانە، یەکەمیان رازیکردنی زلهێزی دنیاو دووەم پەیداکردنی زەمینەیەک بۆ ناوو هەڵبژاردن و وەک شێوەیەک لە پروپاگەندەی سیاسی.
بەهەرحاڵ هەر شێوە  تووندڕەویەک چەپ یان راست ، ئیسلام یان غەیرە ئیسلام لە ئەوروپادا زیانێکی گەورە بە رەوتی پەناهەندانی ئەم وڵاتانە دەگەیەنێ و دەشبێتە هۆی شێواندنی نێوان کلتوورەکان و رەنگە لێکدانی کلتووری زیاتر قوڵبێتەوەو گرفتی مەزنتر دروست بێ، هەروەها ئەم شێوە هەڵسوکەوتانە ئەگەر شێوەیەک بێت لە دیموکراسی دەکرێ لایەنی دووەمیش بە شێوازی دیموکراتیانە وەڵامی ئەولایەنەی دیکە بداتەوە، هەردوو شێوە تووندڕەوەکە خراپەو دەبێ گرفتەکانیان لە چوارچێوەی دایەلۆگ و گفتوگۆی ئازادانە چارەسەربکرێ.

Palawan 31@zonnet.nl

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.