تارماییه‌كانی ماركس
تارماییه‌كانی ماركس
د. فالح عه‌بدولجه‌بار
و: محه‌مه‌دی مشیر
ئه‌مڕۆ تارمایی ماركس به‌ده‌وری جیهانی پیشه‌سازی دا ده‌خولێته‌وه،ئه‌و سه‌راپای ژیانی هۆشیارانه‌ی خۆی بۆ تێگه‌یشتن و ره‌خنه‌گرتن و داڕماندنی ئه‌م جیهانه ته‌رخانكرد، له‌وانه‌شه ئێستا به گاڵته‌جارییه‌وه یا به دڵخۆشییه‌وه( بڕوانێته ئه‌و جیهانه پیشه‌سازییه‌ی له سه‌خترین قه‌یرانی گه‌ردوونیدا ده‌گه‌وزێ. هه‌مان شێوه تارمایی (ئاده‌م سمیس) یش به‌ده‌وری هه‌مان جیهاندا ده‌خولێته‌وه كه سه‌راپای كاره‌كانی ژیانی بۆ هه‌وڵی تێگه‌یشتن له‌و جیهانه پیشه‌سازییه و سه‌قامگیركردن و مه‌زنكردنی ته‌رخانكرد و ده‌بینێ كه بازاڕی له‌ده‌ستده‌رچوو چۆن سزای جه‌ماوه‌ری سپاردهكاران (مودعین) به‌هه‌مان شێوه‌ی پیاوانی كار ده‌دات و چۆنیش به‌هره‌داران و سهوداكاران وه‌كو یه‌ك سزا ده‌دات.
وێڕای كینه‌م له وشه‌ی ( قه‌یران) له‌به‌ر زۆری رووتبوونه‌وه‌ی، وشه‌یه‌كی چێتر بۆ وه‌سفكردنی دۆخه‌كه نابینمه‌وه، به‌ڵام به واتایه‌كی سنووردار كێشه‌یه‌كی سه‌خت له ئارادایه كه هێشتا رێگه‌چاره‌كانی گه‌ڵاڵه نه‌بوون. سێبه‌ره‌كانی ماركس و ئاده‌م سمیس – یش له ئاسمانی مشتومڕدا ده‌خولێنه‌وه.
خه‌یاڵه‌كانی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان (ماركس) وا ده‌ڕوانێته ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه له‌وه‌تای ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه،به‌شێوه‌یه‌كی یه‌ك به‌دوای یه‌كی بێًپچڕانهوه، سه‌ریانهه‌ڵدا }یه‌كه‌مجار له ئاسیا( ئه‌نده‌نوسیا، مالیزیا، كۆریا و..تاد- جگه له تایوان)، دووه‌مجار له روسیا و سێیه‌مجار له ئه‌مریكای لاتین دا { كه دڕنده‌یی بازاڕ ده‌سه‌لمێنن و ئاكاری زاڵیش له‌هه‌موویاندا – له‌وه‌ته‌ی سه‌رهه‌ڵدانیانه‌وه – هه‌روه‌ك هی ئه‌و قه‌یرانه‌یه كه له‌م نزیكانه‌دا له بازاڕه‌كانی پاره له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا سه‌ریهه‌ڵدا، له بازاڕه‌كانی پشك، بازاڕه‌كانی ئاڵووێری پاره‌و شتی تر،له كۆمپانیاكانی بارمته‌ی عه‌قاری و بانكه‌كان سه‌ریهه‌ڵدا… واته قه‌یرانه‌كه له‌وێدا سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه كه به ئابووری راسته‌قینه (به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕ) ناسراوه، به‌ڵكو له‌وێدا روویداوه كه پێی ده‌گوترێ ئابووری وه‌همی و بایه‌خ ده‌داته گواستنه‌وه‌ی به‌هاكان (به‌ها كاغه‌زی و هێماكان) له نێوان موڵكداره جیاجیاكاندا بێئه‌وه‌ی هی تازه‌ی لێبه‌رهه‌م بێت.
ئاده‌م سمیس له‌و باوه‌ڕه‌دابوو كه بازاڕ دادپه‌روه‌ره و یاسا و رێساكانی په‌یوه‌ندییان به كه‌سایه‌تییه‌كانی ناوییه‌وه نییه، ئیدی دابه‌شكردنی كار له‌لای ئه‌ودا هه‌نگاوێكه بۆ پێشكه‌وتن ( بۆ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنان) و بازاڕیش پاداشتی به‌رهه‌مهێنه سه‌نگینه‌كان ده‌داته‌وه و خراپه‌كانیش سزا ده‌دات.ئه‌و پاداشت و سزایه نا كه‌سێتییه له‌لای ئاده‌م سمیس دا په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌رخۆی وه‌ك دوژمنێكی ده‌وڵه‌تی ده‌ست تێهاوێژ و پاسه‌وانێكی ئازادی تاك، له تیۆره لیبڕاڵهكهیدا رێگه ده‌دات كه ده‌وڵه‌ت كارگه‌لێكی ئابووری ئه‌نجام بدات، واته هه‌ندێ ئیشی گشتی ئه‌نجام بدات.
ماركس له‌و بازاڕه‌ی سمیس دا كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی یاسایی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌ستنیشانكرد. ئه‌و له‌وباوه‌ڕه‌دا بوو كه ئه‌مه‌ی سمیس سه‌رپێچیكردنی یاسای ئاڵۆگۆڕكردنی شته یهكسانهكانه له گه‌ڵ ( كاڵای كاردا) و هه‌ژاری و زۆری بێكاران به‌رهه‌مده‌هێنێ، دواتریش له گۆڕه‌پانی ئابووریدا زێده‌به‌رهه‌م (ئابووری راسته‌قینه) و دابڕانی فرۆشراوه‌كان له كڕاوه‌كان(بازاڕه‌كانی پاره) له ئارادایه. چاره‌سازان بۆ چاره‌سه‌ری زێده‌به‌رهه‌م په‌نایان برده به‌ر تێكدانی بهرههمهێنراوهكان یان دابه‌زاندنی ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌كاتی بێبازاڕی و بنبه‌ستدا ، به‌ڵام بازاڕه‌كانی پاره له بێبازاڕییه گه‌وره‌كه‌ی ساڵی 1929 دا، دوابه‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و به‌ر له سه‌ركه‌وتنی نازیزم ،گه‌وره‌ترین زیانیان پێگه‌یشت.له هه‌ر دوو حاڵه‌تیشدا چاره‌سه‌ركردنه‌كه به‌وه بوو كه ده‌وڵه‌تی نالیبڕاڵ له (روسیا – ئه‌ڵمانیا) به شێوه‌یه‌كی چڕ دهستبهاوێژێته نێو كاروباره ئابوورییه‌كان و له ده‌وڵه‌تی لیبڕاڵیشدا (له ئه‌مریكا – رێككه‌وتنه تازه‌كه‌ی سه‌رۆك رۆزفلت) دهستتێهاوێشتنهكه چی وای له‌وی نالیبڕاڵدا كه‌متر نه‌بوو. تیۆری بازاڕی دابه‌شكرا و له نێوان به‌هه‌شتی هاوسه‌نگییه‌كانی سمیس و دۆزه‌خی ناههوسهنگییهكانی ماركس له‌سه‌ده‌ی بیستدا هه‌موو هۆكارێكی بۆ ئهزموندارهكان ره‌خساند تا به دوو رێڕه‌وی دژڕهودا بڕۆن: یه‌كه‌میان ، دهوڵهتێگی فره ئۆتۆریته‌خواز كه ئابووری ده‌ستگرتنه‌وه (اقتصاد الشحه) رێكده‌خات، واته بازاڕێك رێكده‌خات بێبازاڕ، وه‌ك ده‌وڵه‌تی سۆسیالیزمی له‌به‌رگی ستالینی دا،دووه‌میان ده‌وڵه‌تی لیبڕاڵ كه متمانهدهكاته سه‌ر زه‌مینه‌ی بازاڕی ئازاد، بازاڕی كراوه.
له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی بیستی كورتخایه‌ندا(1917- 1991)، هه‌ردوو سیسته‌م كاریان لێككرد. له‌و میانه‌دا ده‌وڵه‌تی چاكسازی سۆسیالیستی له لایه‌كدا هاته ئاراوه و ده‌وڵه‌تی به‌خته‌وه‌ریش له لایه‌كی دیكه‌دا. ده‌شیا ئه‌م كارلێككردنهی هه‌ردوو سیسته‌م به‌سه‌ر یه‌كتردا به‌رده‌وامبێت ئه‌گه‌ر باڵی یه‌كه‌م نه‌ڕووخابا له‌و كاته‌یدا كه ره‌وتی لیبڕاڵیزمی نوێ ( تاتشه‌ر و رێگان) نهشونمایكرد تا جڵه‌وی كودێتا بگرێته ده‌ست به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی به‌خته‌وه‌ریدا كه ببووه نموونه‌یێكی خۆرئاوایی گشتگیر و گوتاری كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له تێچووه‌كانی به‌رهه‌مهێنان وه‌ك:(كرێیه‌كان، بیمه‌و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كرێكاران و باجه‌كان) ببووه گوتارێكی باوی ئه‌و كات.
ئه‌مڕۆكه‌ش، ئه‌و لیبڕاڵیزمه نوێیه‌ی كه شایی بۆ (( كۆتایی مێژوو)) گێڕا خۆی به ناچاری ده‌بینێته‌وه تا به‌دوای سه‌ره‌تاكانی مێژووی نیولیبڕاڵیزمدا بگه‌ڕێ و بپرسێ: ئایا قه‌یرانه‌كه له بازاڕه‌كانی پاره‌دایه، واته له ئابووریی وههمیدایه یان له ئابووریی راسته‌قینه‌دا؟،ئایا سنووری ئه‌و ئازادییه‌ی له‌م كه‌رته‌دا ده‌شێ هه‌بێ چه‌نده كه رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی له وه‌به‌رهێنانه راستهقینهكاندا ده‌گێڕێ و رۆڵێكی گرنگتریش له سه‌ودای پشكه‌كان و دراوه‌كان و عه‌قارات و قه‌رزه ناپهسندهكان(القروض غير الحميدة) ده‌بینێ؟
وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ دڵخۆشی لیبڕاڵیستهكان به رووخانی بلۆكی سۆسیالیستی و حزبه شیوعییه‌كان، چه‌په‌كان تاراده‌یه‌كی زۆر به‌و قه‌یرانه‌ی لیبڕالیزم دڵخۆشن. به‌شێك له‌و دڵخۆشییه ده‌گاته ئاستێك وابیربكه‌نه‌وه كه گه‌ڕانه‌وه‌ی بزاڤه‌كانی چینی كرێكار یان داته‌پینی ژیاریی سه‌رمایه‌داری ئه‌گه‌ری هه‌یه، بێئه‌وه‌ی بیر له‌و راستییه بكه‌نه‌وه كه چینی كرێكار له خۆرئاوا به‌رته‌سك بۆته‌وه و له خۆرهه‌ڵاتیشدا گه‌شه‌ی نه‌كردووه و ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا زه‌ره‌رمه‌ندبوون سه‌ر به چینه تازه‌كانی ناوه‌ندن و ملیۆنها سپاردهكار و خاوه‌ن خانووه‌كان ( له رێگه‌ی بارمته‌ی عه‌قارییه‌وه- الرهن العقاری) و باجده‌ره‌كان به‌گشتی ( له‌وانه‌ی كه ده‌بینن پاره‌و موڵكه‌كانیان بۆ رزگاركردنی نه‌هه‌نگه‌كانی سه‌وداكاری(مضاربة) به فێڕۆ ده‌چێت)، به‌ڵكو خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئابووریی راسته‌قینه و زۆرانێك له سیاسهتمهدرانیش له‌و قه‌یرانه زه‌ره‌رمه‌ند بوون.بۆیه پانتایی ناڕه‌زایه‌تی نیمچه گشتییه، به‌ڵكو كه‌م وێنه‌یه. ره‌نگه ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی كه‌مێك به‌رزه‌فتكاری و رێكخه‌ری جڵه‌وگیر ببێته مایه‌ی سستكردنی (( شۆڕشی نیولیبڕاڵ)).ببڕای ببڕ نیوڵیبڕاڵهكان چیدی ناتوانن به‌هه‌مان سه‌رگه‌رمی و گوڕی جاران لافی دادپه‌روه‌ری بازاڕ لێبده‌ن، چونكه هه‌ندێ رووداوی مكۆم نیشانی ده‌ده‌ن كه بازاڕه‌كانی پاره ده‌توانن سه‌راپای سیسته‌می تێكچڕژاوی ئابووریی جیهانی بشڵه‌ژێنن : قه‌یرانی بازاڕه‌كانی پاره مه‌یلی قه‌رزكردن لاواز ده‌كا و ئه‌مه‌شیان مه‌یلی به‌كاربردن كهمتردهكا و هه‌ردووكیشیان ده‌بنه هۆی كرژبوونهوهی ئابووری راسته‌قینه(كه ره‌نگه بگاته رادده‌ی بێبازاڕی)، ئه‌مه‌شیان به‌شبه‌حاڵی خۆی بازاڕه‌كانی پاره لاوازدهكا. له‌م بازنه به‌تاڵه‌دا، كه به بازنه‌یه‌كی دۆزه‌خی ده‌چێ، گوشاری به‌رژه‌وه‌نده پێچه‌وانه‌كان كه هانده‌ری مه‌ترسین له‌و داته‌پینه، له گه‌ڵ فشاری رهوشتهكی كۆمه‌ڵگه و گوشاری سیاسی (ده‌وڵه‌ت) ده‌بنه پاڵنه‌ری هه‌نگاو نان به‌ره‌و سه‌پاندنی پتری به‌رزه‌فتكاری و چاودێری. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ش ئامرازگه‌لی سیاسی نوێ له ئارادان: یه‌كێتی ئه‌وروپا، كۆمه‌ڵی هه‌شت ده‌وڵه‌ته‌كه.ئه‌و دامه‌زراوه چاودێركارانهی وه‌كو( سندوقی نه‌خت، بانكی نێوده‌وڵه‌تی و رێككه‌وتننامه‌ی بریتون وودز) دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م دامه‌زران، رووخان یان په‌راوێزخران، كه‌چی بیرمه‌ندانی ئابووری هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه ساڵ له دوای ساڵ پێویستی بۆ دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی هاوجێ نه‌شونما ده‌كا و ره‌نگه دامركاندنه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاسیایی ده‌یان ملیاری گه‌ره‌ك بێت، هه‌ر وه‌ك چۆن كوژاندنه‌وه‌ی قه‌یرانی روسیا نزیكه‌ی په‌نجا ملیاری تێده‌چێ، تێچووی دامركاندنه‌وه‌ی قه‌یرانی ئه‌مریكای لاتینیش له‌م دووه‌یان كه‌متر نییه. پێشتر دامركاندنهوهكه ئاسان بوو، چونكه سه‌نته‌ره بڕیارده‌ره‌كانی ئابووری جیهانی ساغڵه‌م بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆكه گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ر، زلترین ئابووری نه‌خۆشه. كه‌واته ده‌بێ شێوه‌كه چۆن بێ ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر سه‌رله‌نوێ هاوته‌ریبی قه‌یرانی سه‌نته‌ر نه‌خۆش بكه‌ون؟ تای ته‌رازوو زیادتر به‌و لایه‌دایه كه خه‌یاڵه‌كانی ماركس و خه‌یاڵه‌كانی سمیس هه‌وڵه‌كانیان یه‌كبخه‌ن له پێناو جڵه‌وكردنی زێتری سه‌رمایه تا به‌ر به غه‌ریزه له دهستدهرچووهكانی وه‌ده‌ستهێنانی قازانج بگرێ و بازاڕیش ملكه‌چی جۆرێك له به‌رزه‌فتكاری و به‌رنامه‌ڕێژی بكه‌ن، واته بیكه‌نه قه‌واره‌یه‌كی پتر كۆمه‌ڵگه‌یی و كه‌متریش تاكه‌كه‌سی. لیبڕاڵستهكانیش جارێكی دی دوایین دێڕه‌كانی ((سامانی ئوممه‌ته‌كان)) ده‌خوێننه‌وه تا فه‌توایه‌كی تیۆری تێدا بدۆزنه‌وه كه رێگه بدات ده‌وڵه‌تی لیبڕاڵ زێتر و به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رم ، لیبڕاڵییه‌تی بازاڕه‌كانی سه‌ركوت بكات، كه ئه‌مه‌ش سوودبه‌خشه. ره‌نگه قه‌یرانه‌كه به‌خێرایی چاره‌سه‌ر بكرێ یا ماوه‌یه‌كی درێژتر بخایه‌نێ، به‌ڵام راڤه‌كارییه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه بۆچوونی ههمهجۆر و پێچه‌وانه دێننه ئاراوه و هه‌مان پرسیاره دێرینه‌كه زیندوو ده‌كه‌نه‌وه: تاك یا كۆمه‌ڵ، ئازادی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كه‌میان یاخود به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌كانی دووه‌میان؟
ئه‌وه‌ی جێگیره ئاسته‌نگه‌كه ده‌مێنێته‌وه.
سه‌رچاوه: الحیاه – 12/10/2008