ڕه‌قبوونه‌وه‌ی چاویلکه‌یه‌ک
پێشکه‌شه به هاوڕێ و دۆستی ههمهیشهییم ڕزگار ئه‌مین
" ئه‌و تفه‌نگی پێ بوو، من نه‌موێرا هیچی پێ بڵێم . پێی گووتم ڕووت به‌ره‌وه . منیش بۆی ڕووت بوومه‌وه،"
ئه‌مه قسه‌ی ئه‌و منداڵه بوو که له‌ناو تاریکی شه‌ودا بۆی گێڕامه‌وه .
هاوڕێکه‌م ده‌ستی هه‌ڵبڕی و ئاماژه‌ی بۆ دوکانی شه‌ربه‌ت فرۆشه‌که کرد و گووتی " مناڵه‌که مه‌به‌ستی ئه‌و پێچه‌یه . ڕوداوه‌که له‌و شوێنه‌دا ڕوویداوه، گۆشه‌یه‌ک که به‌ڕۆژیش ڕوناکی لێی نادات نه‌ک به شه‌و . "
من سه‌رسوڕماو و بێده‌نگ له هاوڕێ باریکه‌له قژ درێژ و ڕیشنه‌که‌م ورد ده‌بوومه‌وه، که هه‌میشه گروپێک له مناڵانی نیوه‌شه‌و له دوایه‌وه ده‌ڕویشتن . زمانم گۆی نه‌ده‌کرد، سه‌رم شۆرکرده‌وه ناو سنگم و به هێواشی بۆی گریام . بۆ مناڵێک گریام، که به‌هه‌موو ژیانم نه‌مدی بوو . هه‌رچی هه‌وڵم دا دیمه‌نی ئه‌و مناڵه بهێنمه پێش چاوی خۆم، بۆم نه‌کرا . گه‌لێ سه‌خت بوو پێشبینی مناڵێکی وا بکه‌م که له‌ناو کاره‌ساتێکی وادا ژیا بێت . سه‌رم هه‌ڵبڕی و جارێکی تر ته‌ماشای شه‌ربه‌ت خانه‌که‌م کرد . کۆمه‌ڵه خه‌ڵکانێک به‌وپه‌ڕی کهیفسازییهوه له‌وێدا شه‌ربه‌تیان ده‌خوارده‌وه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که له نزیکیانه‌وه چی ڕوویداوه . بڕوا ئه‌که‌م گه‌ر چیرۆکی ئه‌و منداڵه بزانن، هه‌موویان په‌رداخی شه‌ربه‌ته‌کانیان فڕێ بده‌ن و قوڵپ قوڵپ بڕشێنه‌وه . کێ بیر له‌و دیمه‌نه ترسناکه ده‌کاته‌وه که له‌و نیوه شه‌وه‌دا و له‌ناو ڕه‌شه‌بادا به‌سه‌ر منداڵێکی هه‌شت نۆ ساڵاندا هاتووه . منداڵێک که له دواجاردا به له‌شی خوێناوییه‌وه له ژورێکی سارد‌و سڕی نه‌خۆشخانه‌یه‌کدا، له‌ناو پۆلێک له مناڵانی هاوڕێیا، که هه‌موویان به چاو و دڵی پڕ له گریانه‌وه باوه‌شیان پیا کرد بوو، گیانی ده‌رچووه .
ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆی گێڕامه‌وه، زۆری ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی من تێی بگه‌م . له ژێر لێوه‌وه گوتم ئای خودایه ئه‌وه‌من چی ده‌بیستم . که‌مێک بێده‌نگ بووم و پاشان به شه‌رمێکه‌وه گووتم " تۆ بڵێی ئه‌وه ڕاست بێ " .
" به‌ڵام بیرت نه‌چێت ئه‌وانه مناڵن، مناڵان درۆ ناکه‌ن " هاوڕێکه‌م که‌مێک سه‌ری دانه‌واند و به که‌سه‌رێکه‌وه گووتی " له‌و شه‌وه‌دا مناڵه‌که دومه‌ڵێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌وانی پۆلیسه‌که بینیوه، نازانم بۆچی منداڵه‌که هه‌ستی به‌وه کردوه که دومه‌ڵه‌که تا بێت گه‌وره ده‌بێت "هاوڕێکه‌م جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند و ڕۆی . به‌رله‌وه‌ی بڕوا بزه‌یه‌کی پڕ له‌گرفتاری که‌وته سه‌ر لێوه ووشک هه‌ڵاتوه‌کانی . به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ بداته‌وه له دوره‌وه گوتی با ئه‌مشه‌و بتبینم . پێم گووت له کوێ .
له‌دوره‌وه و له‌ناو ئه‌و پیاوه بچوکانه‌دا که به تامه‌زرۆییه‌وه چوارده‌وریان گرتبوو، ئاوڕێکی لێم دایه‌وه و گوتی " لای مناڵانی نیوه شه‌و، هه‌ر کاتێک ویستت بۆ من بگه‌ڕێی، له نزیک منداڵانی نیوه شه‌وه‌وه ئه‌مدۆزیته‌وه " منداڵانی نیوه‌شه‌و . نه شه‌قامێک، نهپارکێک، نه گۆشه‌یه‌کی ئه‌م وڵاته شک نابه‌م ناوی مناڵانی نیوه‌شه‌و بێت، هه‌موو کون و قوژبنی ئه‌م شاره‌م هێنایه‌وه پێش چاوی خۆم و بیرم له‌وه کرده‌وه، کوێ له مناڵانی نیوه‌شه‌و ده‌چێت.منداڵانی نیوه‌شه‌و له کوێیه ؟ ئه‌مه ئه‌و نیگه‌رانییه بوو له‌ناو منا خوڵقا .
پۆلیسێک له‌و نزیکانه ڕاوه‌ستابوو، چوومه لایه‌وه و گووتم :
"تۆ ده‌زانیت مناڵانی نیوه شه‌و ده‌که‌وێته‌وه کوێوه ؟"
هاوڕێکه‌م دوورکه‌وته‌وه و له‌ناو ئاپۆره‌ی شه‌قامه‌که‌دا ونبوو، به‌ڵام من بیرم له‌و دومه‌ڵه ده‌کرده‌وه که له‌سه‌ر ناوچه‌وانی پیاوێک تا دێت گه‌وره و گه‌وره‌تر ده‌بێت . ده‌ڕۆیشتم و ده‌مڕوانیه ڕوخساری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که به‌لامدا تێده‌په‌ڕین . له خۆم ده‌پرسی به دوای چیا ده‌گه‌ڕێیت . هه‌ر خۆم به خۆمم ده‌گوت به‌دوای دومهڵێکدا ده‌گه‌ڕێم . دومه‌ڵێک له‌سه‌ر ناوچه‌وانی پیاوێک هه‌ڵتۆقیوه . دومه‌ڵێک تا بێت گه‌وره ده‌بێ و ده‌ته‌نێته‌وه .
له ڕوخساری هه‌موو پیاوه‌کانم ڕوانی، خۆم کرد به‌ناو هه‌موو کوچه و قه‌یسه‌ری و دوکانه‌کاندا . هه‌رچیه‌ک زیبکهیهکیشی پێوه بووبێت، گومانم لێیده‌کرد . بیرم بۆ ئه‌وه چوو ئه‌گه‌ر دومه‌ڵێک توانای گه‌وره بوون وههراش بوونی هه‌بوبێت، ئه‌وا ده‌شێت بچوک بێته‌وه و ببێته زیبکهیهکیش .
هه‌موو شه‌وێک هاوڕێکه‌م، په‌لی شێخ مه‌حموود ده‌گرێت و به‌ناو شاردا ده‌سوڕێنه‌وه، به‌ده‌م جگه‌ره کێشان و گۆرانی گوتن و هه‌ندێ جاریش فیکه کێشانه‌وه، سه‌ر به هه‌موو شوێنه‌کاندا ده‌که‌ن، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی که مناڵانی نیوه‌شه‌و تیا ڕۆژ ده‌که‌نه‌وه . گوزه‌ر و قه‌یسه‌ری و ژێر پرد و کۆڵانه تاریک و نوته‌که‌کان به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و قسه له‌گه‌ڵ هه‌موو منداڵه‌کانا ده‌که‌ن، تا دڵنیا بن له‌وه‌ی که هه‌ر هه‌موویان ئاسوده‌ن، شێویان خواردوه، هه‌ر یه‌که‌یان پارچه کارتۆن و گونیه‌ی خۆیان پێیه بۆ نوستن . شێخ ڕوی کرده مناڵێک و که‌مێک به توڕه‌ییه‌وه به‌ڵام باوکانه گووتی :
" شه‌له، ئه‌مڕۆ بینیمیت، جگه‌ره‌ت ده‌کێشا "
منداڵه‌که که که‌مێک به لای چه‌پیدا ده‌شه‌لی، له‌و کاته‌دا خه‌ریکی خۆش کردنی شوێن خه‌وه‌که‌ی بوو گووتی :
" کاک شێخ، به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م ئیتر جگه‌ره ناکێشم "
" بڕوام به به‌ڵێنه‌کانت نیه، ئه‌و جاره‌ش چاوم لێتبوو پاره‌ت له ژنه سک پڕه‌که وه‌رگرت، ئاگادارم کردی که سواڵ نه‌که‌یت، هه‌زار سوێندت بۆ خواردم و که‌چی سوێنده‌که‌ت ته‌نیا شه‌وێکی بڕ نه‌کرد "
" کاک شێخ، سوێند به به‌رده‌قاره‌مان، وا بزانم له‌وێدا دیل کرایت و هه‌ر له‌وێشه‌وه ئینگلیزه‌کان به برینداری بردیانیت، جگه‌ره ناکێشم "
" ئه‌وه دوا به‌ڵێن بێت ؟ "
منداڵه‌که که له‌و کاته‌دا، له‌سه‌ر پارچه کارتۆنێک لێی ڕاکشاو به په‌لکی سنه‌وبه‌ر خۆی داپۆشی، گووتی :
" دوا به‌ڵێن، بڕۆره‌وه ناو چوار چێوه‌که‌ی خۆت و بێخه‌م به، شه‌و دره‌نگه بڕۆ بنوو "
من هێشتا بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه تۆ بڵێی شوێنێک هه‌بێت ناوی منداڵانی نیوه‌شه‌و بێت . من زیاتر خه‌یاڵم بۆ ناوی تابلۆیه‌ک، یان پارچه هۆنراوه‌یه‌ک ده‌چوو، نه‌ک شوێنێکی هه‌قیقی و به‌رجه‌سته، شوێنێک که زۆر نزیک‌و له‌ناو جه‌رگه‌ی شاره‌که‌ی خۆمدا بێ .
" به یارمه‌تیت، تۆ گوتت له کوێ بتدۆزمه‌وه ؟ "
" پێم گوتی لای مناڵانی نیوه‌شه‌و، به‌ڵام له بیرت بێ به ده‌ستێ جلی ساده‌وه وه‌ره .. مناڵه‌کان حه‌زیان به ئه‌ته‌کێت نییه "
ئه‌و بێباکانه له پێشی پیاوه پچکۆلهکانهوه به هێمنی ده‌ڕویشت و له ناو ئاپۆڕه‌ی منداڵه‌کاندا ته‌نیا نیوه‌ی له‌شی به ده‌ره‌وه بوو، له لاکهلهکهیهوه به‌ره‌و سه‌ره‌وه . قژه ماش و برنجییه‌که‌ی له پشته‌وه به‌سه‌ر شانه‌کانیا شۆرببوونه‌وه خوارێ .
به دوایدا ڕام کرد و چووم له پێشی وێستام، ئه‌و پێکه‌نی، ئای خودایه چ پێکه‌نینێکی میهره‌بان پێکه‌نی، چ فێنکاییه‌ک له‌و ڕوخساره هه‌ڵبزرکاوه‌وه خۆی ده‌هاویشته ناو هه‌ناومه‌وه . بڕوا ناکه‌م که‌سێکی تر هه‌بێت له‌م دونیایه‌دا، بتوانێت وه‌ک ئه‌و پێبکه‌نێت . من له‌وه دڵنیام که جوانترین پێکه‌نین، پێکه‌نینی هاوڕێکه‌مه.
ئه‌و هاوڕێیه‌م، که دۆستی هه‌میشه‌یی مناڵانی نیوه شه‌وه و مناڵه‌کان هه‌موو خۆشیان ده‌وێت . " بمبوره، من ئیستا کاتم نییه، له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانم ده‌چین بۆ سینه‌ما، شه‌و ده‌تبینم . به‌ڵێنم به‌مان داوه که ئه‌مڕۆ گاندیان پێ بناسێنم "
ڕیشه، که یه‌کێک بوو له منداڵه‌کانی نیوه شه‌و، به ده‌نگێکی غه‌مگینه‌وه گووتی :
" نه‌ده‌بوو، گاندی بکوژن، ئه‌و کابرا مه‌زنه که شێوه‌ی چۆله‌که‌یه‌ک ڕووت بوو، نه‌ده‌بوو بکوژرێت . ئاخر ئه‌و بۆ کوژرا ؟. من که‌سێکم پێ شک نایه‌ت له‌م گه‌ردونه‌دا هێنده‌ی گاندی ساف و ڕون بوبێت " ئارام، هاوڕێ هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ریشه، که هه‌ردوکیان ده‌نکه کوله‌که‌یان ده‌فرۆشت و ئاره‌زوویان بوو ببنه ئه‌کته‌ری سینه‌ما گووتی :
" که گاندی که‌وته سه‌ر زه‌وییه‌که و شه‌ڵاڵی خوێن بوو، من گریام "
" ئارام گیان، به چاوه‌کانی تۆ، باشتر بوو کوشتیان . ئه‌و پیاوه نه‌کوژرایه ده‌بوو به گاڵته‌جار . مناڵه وردکه ده‌که‌وتنه شوێنی "
ئارام، چاویلکه‌که‌ی داکه‌ندو چاوه‌کانی هه‌ڵگڵۆفی، ویستی شتێک بڵێ و بێده‌نگ بوو؛ بۆ هه‌تایی بێده‌نگ بوو . من تا ئیستاش که ئارام ده‌هێنمه‌وه پێش چاوی خۆم، له‌دوای ئه‌و چه‌ند دێره‌وه ئیتر هیچ شتێکی ترم لێ نه‌بیست . پێم وابوو ئیتر بڕیاری دابێ که له ژیانیا قسه نه‌کات .
من زۆر به وردی گوێم بۆ ئارام و ریشه، راگرتبوو که ده‌رباره‌ی گاندی ده‌دوان . له پڕ ده‌نگێکی تیژ ڕایچلهکانم، ده‌نگێک وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت کونێک بکاته گۆی ئه‌م زه‌مینه‌وه و بۆ هه‌تایی وه‌ک برینێک له‌ناو دڵیا بمێنێته‌وه .
" من له خه‌ونمدا ئه‌و مناڵه بووم که چاویلکه‌که‌ی عومه‌ر موختاری هه‌ڵگرته‌وه "ئه‌و چاویلکه‌یه‌کی بهناسکیهوه به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی گوڵه‌باخێکی به‌ده‌سته‌وه گرتبێ .
" تا ئه‌و کاته‌ی بتوانم، چاویلکه‌که هه‌ڵده‌گرم و ده‌یپارێزم، ناهێڵم به‌رده‌ستی که‌س بکه‌وێت "من چوومه لایه‌وه و گووتم " ئه‌وه چییه به ده‌سته‌وه؟ "" چاویلکه‌که‌ی عومه‌ر موختاره "من بێده‌نگ بووم، نه‌مزانی له به‌رانبه‌ر ئه‌و مناڵه لاواز و که‌م جورمهدا، که سه‌رتاپای گیانی زه‌رد بوو چی بڵێم . ئه‌و زۆر دڵنیابوو له‌وه‌ی ده‌یڵێت . سیمایه‌کی زه‌رد، دوو چاوی زه‌رد، دوو گوێچکه و دوو ده‌ستی
زه‌رد . من که له‌ناو ئه‌و تاریکییه‌ی شه‌ودا له‌و مناڵه‌م ده‌ڕوانی، هه‌ستم به زه‌ردی ده‌کرد . ڕوانینێکی زه‌رد تا ده‌هات گیان و دڵ و هه‌ناومی زه‌رد ده‌کرد . قیژه‌یه‌کی زه‌رد له شوێنێکه‌وه هه‌ڵی کرد و بۆ تاوێک هه‌ستم کرد به‌ناو هه‌موو له‌شما دێت و ده‌ڕوات . ئه‌و قیژه‌یه به ناو هه‌موو شاردا سوڕایه‌وه . قیژه‌یه‌ک ڕه‌نگه بۆ ساتێ هه‌موو گوێمان لێی بوو بێت، ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌وانه‌ش که له‌و شه‌وه پایزییه‌دا له‌ناو گه‌رمه‌ی خه‌ودا بوون، قیژه‌یه‌ک دڵنیا بووم له‌وه‌ی که هه‌موو ئه‌وانه‌ی مردبووشن گوێیان لێی بووه . بۆیه به‌لامه‌وه سه‌یر
نابێت، که خودا له‌و دنیاش پرسیاری ئه‌و قیژه‌یه له هه‌موو مهردومهکان بکات . قیژه‌یه‌کی زه‌رد، که له شوێنێکی ئه‌م شاره‌وه هه‌ڵی کرد و ڕووا . ڕووا و هه‌تا دونیا دونیایه سه‌وز ده‌بێت و به سه‌وزی ده‌مێنێته‌وه .
ئه‌و نه‌یده‌زانی له چ شارێک و له چ ساڵ و ڕۆژگارێکدا ده‌ژی . به‌ڵام هه‌موو ساڵ و مانگ و هه‌فته و ڕۆژه‌کان، لای ئه‌و مناڵه جگه‌ره فرۆشه، ئه‌و کاته بوو که عومه‌ر موختار، ملی به په‌تی سێداره‌که‌وه، شۆرببۆوه و چاویلکه‌که‌ی له ده‌ست که‌وتبوه خوارێ .
" تۆ ده‌زانی عومه‌ر موختار له کوێیه ؟ "
" نا . به‌ڵام بۆچیته ؟ "
" ده‌مه‌وێت بیبینم، قسه‌ی له‌گه‌ڵا بکه‌م، ده‌ستی تێوه به‌م . ده‌مه‌وێت پێی بڵێم که من چاویلکهکهیم بۆ هه‌ڵگرتوه و هه‌ر کاتێک داوای بکاته‌وه بۆی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه "هاوڕێکه‌م هاته لامه‌وه و به چرپه‌وه پێی گووتم : " دڵێ ته‌نگ نه‌که‌یت "مناڵه زه‌رده‌که گووتی : " ئه‌و به‌یانییه که به ئاگا هاتم، چاویلکهکهیم له‌سه‌ر جێگاکه‌ی خۆم دۆزییه‌وه، له خه‌وما من ئه‌و مناڵه بووم که چاویلکه‌که‌ی عومه‌ر موختاری هه‌ڵگرته‌وه. پاره‌ی هه‌فته‌یه‌کی جگه‌ره فرۆشتنم کۆکرده‌وه و چووم بۆ لای چاویلکه سازێک و داوام لێکرد نایابترین کیفی چاویلکه له
پێشانگاکه‌یدا کامه‌یه، من باشترین کیفی چاویلکه‌م ده‌وێت . من باشترین کیفی چاویلکه‌م کڕی بۆ نایابترین چاویلکه‌ی دونیا "مناڵه زه‌رده‌که، کیفێکی چاویلکه‌ی له گیرفانی ده‌رهێنا و نیشانی دام . ئه‌مجا زۆر به خه‌مخۆرییه‌وه، کیفه‌که‌ی کرده‌وه و چاویلکه‌که‌ی له دهستهسڕێکهوه ئاڵاند و خستیه‌وه ناو کیفه‌که‌ی . من هه‌موو ڕۆژێک ده‌چوومه نزیک شه‌ربه‌ت خانه‌که و له شوێنه‌که‌م ده‌ڕوانی . له زه‌وییه‌که ورد ده‌بوومه‌وه و ده‌مویست ئاسه‌واری شتێک ببینمه‌وه تا بگه‌مه ئه‌و یه‌قینه‌ی که مناڵه‌که ڕاستی کردوه . ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌ک له پڕ شتێک له نزیک شه‌ربه‌ت خانه‌که‌وه سه‌رنجی ڕاکێشام و به خێرایی بۆی نوشتامه‌وه .
له‌سه‌ر زه‌وییه‌که په‌ڵه‌یه‌کم بینی . هه‌موو ڕۆژێک ده‌چومه هه‌مان شوێن و له‌و پهڵهیهم ده‌ڕوانی . ڕۆژ به ڕۆژ په‌ڵه‌که به‌رز ده‌بۆوه و وه‌ک زیبکهیهکی لێده‌هات . پێم وابوو، من خه‌ڵه‌فاوم و خه‌ریکه مێشکم له ده‌ست ده‌ده‌م . یاوه‌خود ئه‌وه ده‌نکه نۆکێکه و له‌وێدا ڕواوه، به خۆم ده‌گووت ئاخر ده‌نکه نۆکێک چۆن له‌وێدا و له‌ژێر پێی ئه‌و حه‌شاماته‌دا، ده‌ڕوێ ؟ بۆ نابێت چڵه نۆكێک له‌وێدا سنگی ئه‌و چیمه‌نتۆیه‌ی شه‌ق کرد بێ و بیه‌وێت موجیزه‌یه‌ک نیشانی هه‌موو دونیا بدات . ئاخر بۆ نابێت ؟ زیبکه‌که تا ده‌هات گه‌وره ده‌بوو، تا وای
لێهات بووه دومه‌ڵێک . من چووم بۆ لای هاوڕێکه‌م و باسی ئه‌و دومهڵهم بۆ کرد که له‌نزیک شه‌ربه‌ت خانه‌که‌وه تا دێت گه‌وره ده‌بێت . پێم گووت مناڵه‌که ڕاست ده‌کات که سه‌رنجی دومه‌ڵێکی داوه . به‌ڵام دومه‌ڵه‌که له‌سه‌ر ناوچه‌وانی پۆلیسه‌که نه‌بووه به‌ڵکو له‌سه‌ر ناوچه‌وانی شه‌قامه‌که ڕواوه .
پێم گووتی له دوای نیوه شه‌وه‌وه، له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م شاره‌وه بێیته ده‌رێ، من ده‌دۆزیته‌وه . مناڵانی نیوه شه‌و له‌ده‌م ده‌رگای ماڵی خۆتانه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ئه‌و شوێنه‌ی ڕۆژ ده‌بێته‌وه . مناڵانی نیوه شهوهیچ ناونیشانێکیان نییه، به‌ڵام له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه‌وه نامه‌یه‌کیان بۆ بنوسیت پێیان ده‌گات .
له هه‌ر کوێیه‌که‌وه بانگیان بکه‌یت، وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه .
مناڵانی نیوه‌شه‌و ماڵیان نییه، به‌ڵام هه‌موو بسته خاکێکی ئه‌م دونیایه ماڵی ئه‌وانه . له‌ناو هه‌ر شه‌قام و کوچه و کۆڵان و شارێکا بۆیان بگه‌ڕێیت، ده‌یانبینیت . مناڵانی نیوه‌شه‌و به هه‌موو ماناکانی دونیا، به هه‌موو وشه‌کانی ناو زمان، زیندوون . ئه‌وان زه‌مه‌ن و کات و شوێنیان بۆ نییه، چونکه هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه هه‌موو شوێن و کاته‌کان هی ئه‌وانه. ئه‌وان له ئیستادا ده‌ژین و مردوشن، له هه‌مان کاتا مردون و زیندوشن.
ئه‌وان له‌ناو جه‌نگ و کوشتاره‌کانه‌وه هاتونه‌ته ده‌رێ . بۆنی خوێن و باروت و گولله‌یان گرتوه . بۆنی هه‌ڵوژه و ترێ و سێویان لێ دێت، بۆنی ژیان، بۆنی عه‌شق و خۆشه‌ویستیان لێ دێت . بۆنی پێکه‌نین، بۆنی تریقانه‌وه و سۆزیان لێ دێت .
تۆ ده‌ته‌وێت بیت به چیرۆک نوس و نازانیت مناڵانی نیوه‌شه‌و ده‌که‌ونه کوێوه، تۆ ئه‌مشه‌و وه‌ره مناڵه‌کان فێرت ده‌که‌ن چۆن چیرۆک ده‌نوسیت، له کوێوه چیرۆک ده‌ست پێده‌کات و تا ئه‌و شوێنه نا که چیرۆکه‌که بڵاو ده‌کرێته‌وه، چونکه ئه‌وان ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کان ناخوێننه‌وه . تا ئه‌و شوێنه‌ی که دوایین خاڵ له پشتی ڕسته‌کانه‌وه دائه‌نێی . ئه‌وان فێری ئه‌وه‌ت ناکه‌ن چۆن نوکته و فاریزه به‌کار ده‌هێنیت، ئه‌وان فێری ئه‌وه‌ت ده‌که‌ن وه‌فا مانای چی، دڵسۆزی تا کوێ بڕ ده‌کات، ڕه‌شه‌با له کوێوه دێت و بۆ کوێ ده‌چێت . ئه‌وان باسی نوستن له‌سه‌ر پارچه کارتۆنهکانت بۆ ده‌که‌ن . ڕاکشان له ژێر په‌لی سنه‌وبه‌ر و گونیه زبره‌کان . ئه‌وان ئه‌زمونێکیان هه‌یه، زۆر جیاواز له ئه‌زمونه‌کانی من و تۆ . ئه‌وان مناڵانی سروشتن . له‌ناو سروشتا له دایک بوون و له‌ناو سروشتیشا ده‌مرن .
ئه‌وان مناڵانی ناو ڕه‌شه‌با و به‌فر و بارانن . بڕوا ناکه‌م تۆ به خه‌ونیش بیرت له نوستن له ژێر باراندا کردبێته‌وه . ئه‌وان که ڕه‌شه‌با هه‌ڵده‌کات، له‌ناو ڕه‌شه‌بادا ده‌ژین و له‌گه‌ڵ ره‌شه‌بادا هه‌ناسه ده‌ده‌ن . که باران ده‌بارێ، له‌ناو بارانا ده‌ژین و له‌گه‌ڵ بارانا سه‌ما ده‌که‌ن . ئه‌وان که باسی قرچه قرچی گه‌رمات بۆ ده‌که‌ن، وه‌ک من و تۆ باسی ناکه‌ن . ئه‌وان باسی ئه‌وپه‌ڕی پێست سوتان و هه‌ڵقرچان و ڕشانه‌وه و سکچونت بۆ ده‌که‌ن . که له هه‌ڵله‌رزین و ڕه‌قبوونه‌وه ده‌دوێن، وه‌ک تۆ شاعیرانه نادوێن . به‌ڵکو زۆر به هه‌قیقی و دور له ڕیایی باس له ساته ئاساییه‌کانی ژیانی خۆیان ده‌که‌ن .
نیوه‌ی شه‌و بوو، ڕه‌شه‌با دونیای پڕ کردبوو، له پارچه لایلۆن و کوته کاغه‌ز و لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێبی دڕا‌و، به هه‌موو ریپۆرتاژ و لێکۆڵینه‌وه و وێنه‌کانیانه‌وه . ده‌یان وشه‌و پیت و ڕسته و وێنه‌ت به ئاسمانه‌وه ده‌بینی ده‌فڕین و ده‌چوونه ناو تاریکایی شه‌وه‌وه . وشه‌ی خۆشه‌ویستی و شه‌ڕ، وشه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزی، وه‌فا و بێ وه‌فایی، شۆرش و کوده‌تا و ئاش به‌تاڵ و هه‌ڵاتن و گه‌ڕانه‌وه . وێنه‌ی دونیات به ئاسمانه‌وه ده‌بینی، وێنه‌ی هه‌موو ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی که له دێر زه‌مانه‌وه تائیستا ژیاون و هه‌ناسه ده‌ده‌ن . وێنه‌ی
نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و قازی و دز و پیاوکوژه‌کان . ئاخر ڕاسته شه‌و بوو، به‌ڵام دونیا چۆڵ نه‌بوو .
هه‌موویان له‌وێ بوون . هه‌موو زیندوه‌کان و مردوه‌کان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له‌و شه‌وه‌دا نوستبووشن، له‌وێ بوون . هه‌موو له‌وێ بوون و ڕه‌شه‌باکه به ئاسمانه‌وه ده‌یهێنان و ده‌یبردن . به‌به‌رچاوی هه‌موو ئه‌وانه‌وه، پۆلیسه‌که پێی گووتم، ڕووتبه‌ره‌وه . ئیتر منیش ڕووت بومه‌وه . ئاخر من نه‌مئه‌توانی هیچ بڵێم .
مناڵه‌که باسی جله‌کانی خۆی بۆ هاوڕێکه‌م گێڕابۆوه . چۆن کاتێ که ئه‌و ڕوت بۆته‌وه، ڕه‌شه‌باکه جله‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتوه و بردویه‌تی . ڕه‌شه‌باکه زۆر به‌هێز بوو، هه‌موو جله‌کانمی هه‌ڵگرت . له‌پێشا کراسه‌که‌می برد . ویستم ده‌ست به شهڕواڵهکهمهوه بگرم و باکه نه‌یبا، به‌ڵام من فریای نه‌که‌وتم .شهڕواڵهکهشمی له‌گه‌ڵ خۆی برد . وتم قه‌یناکه به‌ڵکو فریای ده‌رپێ کورته‌که‌م بکه‌وم و ئه‌وم له کیس نه‌چێ به‌ڵام ئه‌وه‌شم بۆ نه‌کرا .
من هه‌موو جله‌کانم فه‌وتان و ڕه‌شه‌باکه به‌رزی کردنه‌وه بۆ ئاسمان، ویستم شوێنیان بکه‌وم و بیان گرمه‌وه .
به‌ڵام ئه‌و زۆر به توندی گرتبوومی و نه‌یده‌هێشت له شوێنی خۆم بجوڵێم . من له‌و نیوه‌شه‌وه سارده‌دا ڕوت‌و قوت بووم و خوێنم لێ ده‌چۆڕایه‌وه . به شه‌قامه‌کاندا ده‌هاتم و ده‌چوم و ده‌مقیژاند . ده‌گریام و له خۆم ده‌دا . دهڕوێشتم و خوێنم له‌به‌ر ده‌ڕۆی . دڵۆپ دڵۆپ خوێنم لێ ده‌تکایه‌وه . وه‌ک گورگێک دهملوراند و که‌سێک نه‌بوو به ده‌نگمه‌وه بێت . وه‌ک سه‌گ دهمحهپاند و ده‌وه‌ڕیم .
ئه‌و شه‌وه ده‌رگای ماڵه‌وه‌م ترازاند و به‌ره‌و دونیایه‌کی پایزی هه‌نگاوم نا . ویستم بڕۆم و مناڵانی نیوه‌شه‌و بدۆزمه‌وه . من پێم وابوو، هاوڕێکه‌م پیاوێکی خه‌یاڵیه‌و له‌خه‌یاڵ ده‌دوێت . به‌ڵام نا وانه‌بوو، ئه‌و پیاوێکی هه‌قیقی بوو . له‌ناو هه‌قیقه‌تا ده‌ژیا و هه‌ناسه‌ی ده‌دا . ئه‌وه من بووم هه‌ڵه بووم . که‌س نه‌بوو، من بووم .
پاوێکی نوستوو، بێ ئاگا له دونیا ده‌ژیام . ئه‌و دونیایه‌ی به ڕۆژ ده‌مبینی هه‌ر هه‌مان ئه‌و دونیایه نه‌بوو، که به‌شه‌و هه‌بوو . سه‌رم به‌ناو هه‌ر کوچه‌و کۆڵانێکا ده‌کرد، تارمایی منداڵانی نیوه‌شه‌وم ده‌بینی . قیژه‌و هاواری مناڵانی نیوه‌شه‌و . خه‌نده‌و پێکه‌نینیان، جوێن و نه‌فرینیان . تارمایی له‌دوای تارماییم بڕی تا گه‌یشتمه لای هاوڕێکه‌م . ئه‌و پیاوه‌ی له‌و نیوه‌شه‌وه‌دا له‌ناو ده‌ریای مناڵاندا مه‌له‌ی ده‌کرد و له نزیکیانه‌وه ده‌ژیا . پێکه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌کان ده‌گریان و قاقا پێده‌که‌نین . که له‌دوره‌وه منی بینی، ده‌ستی بۆ هه‌ڵبڕیم و ئاماژه‌ی بۆ کردم که لێیان نزیک ببمه‌وه . ئه‌و له‌ناو منداڵه‌کان هه‌ستاو من خۆم گه‌یانده لای . به پێکه‌نینه‌وه گوتی من ئیستا هه‌موو منداڵهکانمت پێ
ده‌ناسێنم . ڕوی کرده منداڵێکی ڕه‌شتاڵه‌ی باریک و گوتی ئه‌وه " ئارامه، شخارته فرۆش " ده‌ستی بۆ منداڵێکی تر ڕاکێشا که له‌سه‌ر زه‌وییه‌که ، له‌ناو باوه‌شێک گه‌ڵای دارا، خه‌وتبوو " ئه‌وه ڕیشه‌یه، له کۆڵانه‌کان هه‌ندێک جار نانه ورده و هه‌ندێک جاریش توێکڵه شووتی کۆ ده‌کاته‌وه، ئه‌مڕۆ گوێدرێژه‌که‌ی نه‌خۆش که‌وتوه، له‌داخا ئه‌مشه‌و زوو نوست " ئه‌و چاو شینه، شه‌ونمی به‌یانییه و پینه‌دۆزه، ئه‌و سه‌رخڕه هاژه‌ی زه‌ریایه و شروبی و لهحهته قوم ده‌فرۆشێ، ئه‌وانه‌ش هه‌موو ئه‌وانن، جگه‌ره‌فرۆش و گسگ فرۆش و پیاوه گه‌وره‌کانی نیوه شه‌و .
شه‌ونمی به‌یانی گوتی، به ڕۆژ ئه‌م شاره هی ئێوه‌یه، به‌ڵام به شه‌وان شار ده‌که‌وێته ده‌ست ئێمه .من به‌یانیان خه‌ریکی پێڵاو دورینهوهم، بڕوا ناکه‌م پێڵاوێک هه‌بێ له‌م شاره‌دا من نهمدوریبێتهوه . من هه‌موو خه‌ڵکانی ئه‌م شاره ده‌ناسمه‌وه هه‌ر به پێڵاوهکانیانا ده‌یانناسمه‌وه .منداڵێک هاواری شێخ مه‌حمودی کرد و من له شوێنی خۆم، ئه‌بڵه‌ق وێستام . له‌ناو تاریکییه‌که‌وه منداڵێکی دی، که‌مێک قه‌ڵه‌و و چوارشانه، وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی ئه‌وه‌تام لێره ده‌زانم کاتی ئه‌وه هاتوه هه‌موو منداڵه‌کان به‌سه‌ر که‌ینه‌وه ، با بڕۆین . هاژه‌ی زه‌ریا ده‌ستی کرد به گیرفانیا و لایلۆنێکی پێچراوه‌ی له گیرفانی ده‌رهێنا و گووتی :
" مامه شێخ، ئه‌مه هه‌ندێک زلوبیای تیایه، بۆم بده‌ن به خه‌ونی به‌یانی، ئه‌مشه‌و له کۆڵانه‌که‌ی ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌ی مناڵان ده‌نوێت، ئه‌گه‌ر نوستبوو، به‌ئاگای مه‌هێننه‌وه له ژور سه‌ریه‌وه بۆی دانێن "
به‌ره‌به‌یانییه‌کی به‌فرانبار، دونیا وه‌ک پیره‌مێردێکی سپی لێهاتبوو، هه‌موو شوێنێکی شار به‌فری لێ باریبوو، ڕه‌شه‌باش کلوه به‌فره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێناو ده‌برد، ڕه‌شه‌با کلوه به‌فره‌کانی له شوێنێکه‌وه هه‌ڵده‌گرت و به‌ناو دره‌خت و سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی دوکان و چێشتخانه‌کاندا ده‌یهێنان و له شوێنێکی دی دایده‌نان .
دونیا به‌ستبووی . لقی دره‌خته‌کان چللورهیان گرتبوو . من له چایخانه‌یه‌ک، چای گه‌رمم ده‌خوارده‌وه و جگه‌ره‌م ده‌کێشا و ته‌ماشای دونیا‌م ده‌کرد، که له‌پشتی جامخانه‌ی چایخانه‌که‌وه سپی هه‌ڵگه‌ڕا بوو .
سپێتی دونیای تۆقاندبوو . له‌پڕێکا هاوڕێکه‌م به هه‌ڵه‌داوان هاته ژورێ و به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه بکات، په‌لی گرتم و بردمی .
من پیاڵه‌یه‌کی نیوه و جێگایه‌کی چۆڵم له دوای خۆمه‌وه به‌جێهێشت و شوێنی که‌وتم . نه ئه‌و قسه‌ی کرد و نه من . ئه‌و وه‌ک شێت به‌ناو خه‌ڵکه‌که‌دا ده‌ڕۆیشت و هه‌ڵم له ده‌میه‌وه به‌رز ده‌بۆوه . منیش له پشتیه‌وه هه‌نگاو هه‌نگاو شوێنی ده‌که‌وتم و هه‌وڵم ده‌دا قاچم له‌ناو به‌فره‌که‌دا نه‌خزێ و سه‌نگینی خۆم ڕاگرم . له ته‌نیشت دیواره به‌رز و بڵنده‌که‌ی مزگه‌وته‌که‌وه که زیاتر به به‌ندیخانه‌یه‌ک ده‌چوو تا مزگه‌وت، چووه خوارێ و به‌ناو عه‌ره‌بانه‌کاندا که خاوه‌نه‌کانیان خۆیان له لایلۆن هه‌ڵکێشا بوو خۆی گه‌یانده ده‌روازه‌ی گه‌راجێکی گه‌وره‌ی ماشێن . له‌وێوه شۆربۆوه خوارێ و به‌ناو ماشێنه‌کاندا پێچاو پێچ ده‌ڕۆی، تا له‌شوێنه‌که نزیکتر ده‌بووینه‌وه، خێراتر ده‌رویشت و له‌پڕێکا وێستا .
ئه‌و له نزیک دیوارێکه‌وه وێستا و من نه‌مزانی بۆ ده‌وێستێ . له نزیک تایه‌کانی ماشێنێکی سپییه‌وه گونییه‌کی زوقمگرتووی هه‌ڵدایه‌وه و من هه‌ردوو چاوی خۆم داپۆشی . خۆزگه بۆ هه‌تا هه‌تایه چاوه‌کانی خۆم داپۆشیبایه و هه‌رگیز جارێکی تر چاوه‌کانم ههڵنهبڕیایهتهوه.
منداڵه زه‌رده‌که له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پارچه کارتۆن، رهقبوبۆوه و کیفی چاویلکه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، چاوه‌کانی کرابوونه‌وه و ڕوخساری شین هه‌ڵگه‌ڕابوو . هه‌ستم کرد تا دواین سات نیگاکانی له‌سه‌ر چاویلکه‌که‌ی ناو مشتی بوبێت .
من نه‌گریام، نازانم بۆ نه‌متوانی له‌و ساته‌دا بگریم . ته‌نیا کیفی چاویلکه‌که‌م هه‌ڵگرته‌وه و به خێرایی کیفه‌که‌م کرده‌وه تا بزانم چاویلکه‌که‌ی تیایه . به‌ڵام چاویلکه‌که‌ی تیا نه‌مابوو . ته‌نیا کیفێکی به‌تاڵ و ته‌زیوو نه‌بێت هیچی که‌م نه بینی .
2008
تۆرنتۆ