Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
خوێندنەوەیەكی تازەگەرانە بۆ ئیسلام

خوێندنەوەیەكی تازەگەرانە بۆ ئیسلام

Closed
by February 12, 2008 گشتی

ن/ ئیبراهیم غەرابیە….
 و/ هێمن مەحمود….


 ئایا لەكاتی خوێندنەوە بەپێی دەرهاوێشتەكانی تازەگەری و پێشكەوتن و مەنهەجە عیلمیەكان تێڕوانیمان بۆ ئیسلام و دەقەكان و كەلەپوری ئیسلامی دەگۆڕێت؟.
 (محمد حەمزە) لەكتێبەكەی خۆیدا (ئیسلامیە تازەكەرەوەكان) كە بەم دواییە دەرچوە نمونەی ئەو تێڕوانینە گۆڕاوە دەخاتە روو كە پێی وایە دەرئەنجامی كارلێكردنی نێوان ئیسلام و فەلسەفەكان و دەسكەوتە زانستی و مەنهەجیەكانە كە شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەدەستیان هێناوە، یان بریتی یە لە خیتابێكی ئیسلامی لەو كەشوهەوا تازەگەریەی لەئەمڕۆدا هەیە.
 تازەگەری فیكری و فەلسەفی لە سەدەی نۆزدەیەمدا سەریهەڵدا و لەسەدەی بیست دا كامڵ بوو، هەروەها بارودۆخێكی فەلسەفی و وجودی و مێژووی تازە وەها هاتە كایەوە كە مەعریفەی تەئەمولی بۆ مەعریفەی تەقەنی گۆڕی و پشتی بە عەقڵ بەست بەمانا ماتماتیكیكەی.
 سەرئەنجامی ئەو گۆِانكارییەش جیاوازی تەفسیركردنی دیاردە ئاینیەكانی لێكەوتەوە كە بەجۆرێك لەگەڵ ژیانی هاوچەرخدا كارلێك بكات چ لەرووی بڕوا وچ لەرووی پراكتیكیەوە.
 كۆمەڵگا عەرەبیەكان هەر لە ساڵانی بیستەوە روخانی سیستەمە كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییە تەقلیدییەكانی بەخۆیەوە بینی، دەتوانین ئەوە بڵێین كە تازەگەری بە پێدراوە سیاسی و ئابورییە تازەكانەوە دەبینرا، بۆنمونە دەركەوتنی دەوڵەتە نیشتمانیەكان بە سنورە جوگرافیا جێگیرەكانیەوە، و باڵادەستی یاسا مرۆڤ كردەكان ، وبڵاوبونەوە هۆكاری پەیوەندییەكان لەنێوان مرۆڤەكاندا بە وەسائیلە رەمزەییەكان، هەروەها بڵاوبونەوەی ئەو بەهایانەی كە رووە فەردانیەت دەرۆشتن لەبری ئەوەی رووە كۆمەڵ بڕۆن.
 ئەمە جگە لەگەشەسەندنی خیتابی چاكسازی تازەگەری رووەو سیاقی چاكسازی هاوپەیوەند بە ئەویتری  رۆژئاواییەوە.
 رۆژئاوا لەتێڕوانینی تازەگەرەكاندا تەنها یەك رۆژئاوانیە، بەڵكو رۆژئاوایەكی فرەییە وپێویستیشە هەروا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هەربۆیە ئەوان نكۆڵی لە فەزڵی دیراساتە رۆژهەڵاتیەكان ناكەن لەكردنەوەی دەرگا بەرووی بەكارهێنانی وەسیلەی مەنهەجیانەی تازە.
 لەوانەیە نەتوانین زۆرینەی موسڵمان بە (ئیسلامیە تازەكەرەوەكان) ناوببەین، وە لەوانەشە ئەو چەمكە لەگەڵ عەقیدەی زۆرینەدا تەوافق و ئینسجامی نەبێت، بەڵام رەنگدانەوەی بارودۆخێكی نیگەرانیشە لەلای ئەو توێژە كۆمەڵایەتیانەی كە دڵنیاییان لەدەستداوە، و چیدی بە و شێواز و چارەسەرە دیندارییە تەقلیدییە رازی نین كە زانا ئاینیەكان پێش كەشی دەكەن.
 كۆمەڵێكی دیاریكراو لە هەموو ئاینێك لەسەر ئەوە راهاتون كە چەندین بنەما دیاریبكەن بۆ پرۆسەی خوێندنەوە و سنوردابنێن بۆ ئەوانەی كە ئەهلی خوێندنەوەن، بەڵام پرۆژەی تەئویلی تازە بەسەر چەندین گروپی جیاوازی خوێنەردا دەكرێتەوە، وەك نوسینەكانی محمد تالیبی، و عەبدولمەجید شەرقی، و محمد شەرفی، نەسر حامید زەید، محمد ئەراگۆن، و عەلی شەریعەتی و ئەوانی دیكەش.
 ئەوان مەنهەجە تازەكان جێبەجێدەكەن و پشت بە وەسیلەی خوێندنەوەی هەمەجۆر دەبەستن كە لە كێڵگە جیاوازەكانی مەعریفەیە وەك ئەنسرۆپۆلۆژیا و بەشەكانی، و زانستەكانی زمان بە قوتابخانەكانیەوە، یان لانی كەم داوای كرانەوە دەكەن بەرووی دەستكەوتە زانستە مرۆڤایەتیەكان و تازەكردنەوەی وەسائیلەكانی خوێندنەوە.
 ئەو هەڵوێستە رەخنەگرانەی كە ئیسلامیە تازەكەرەوەكان دەیخەنە روو بۆ دەق لەسەر موراجەعەی چەمكی دەقی ئیسلامی یە،دواتریش لەسەر فراوانكردنی سنوری دەق تا ئەوەی بگاتە سنوری ئەو دەقە رەسمیە بەپەراوێزكراوانەی كە فەقیه و زانا رەسمیەكان پەراوێزیان خستوە.
 ئیسلامیە تازەكەرەوەكان لە ئاستێكی تەئویلیدا سەیری پەیوەندی دەقی ئاینی بە خوێنەرەكانیەوە دەكەن، چونكە بەبڕوای ئەو رەوتە تازەگەرە ئایەتەكانی قورئان لەسیاقی مێژووی و دەقی خۆی دەردەهێنرێن یان بەشێكی ئەو ئایاتە بەكاردەهێنرێت.
 هەربۆیە بەبڕوای ئەم رەوتە زۆرێك لەو حوكمانەی لە تێگەیشتن و ژیانی موسڵماناندا ئامادەیی هەیە دەربارەی سروشتی دەق و وەزیفەی لە ژیانی موسڵماناندا هیچ نیە جگە لە حكومگەلێكی مێژوییانە كە قابیلی موراجەعە و لێپرسینەوە و رەخنە لێگرتنیەتی، بەتایبەتی خوێندنەوە تەقلیدییەكان بۆ دەقە پیرۆزەكان.
 خوێندنەوەی تازەگەرانە بۆ دەق لەم پرسیارە جەوهەرییەدا خۆی دەبینێتەوە، ئایا ئەوە مرۆڤە كە مانا وەبەرهەم دەهێنێت یان لەلایەن خوداوە مانای كتێبە پیرۆزەكان دەستنیشانكراوە، و مرۆڤیش هیچی لەسەر نیە جگەلەوەی هیدایەت بەنوری خودا بكات تاوەكو دەستی لە مانای كۆتایی گیردەبێت؟.
 سەرچاوە/ سایتی ئیلاف
 
HEMNM1979@YAHOO.COM
 
 

Previous
Next