نه‌زه‌ند به‌گیخانی
ئۆباما: "هه‌ڵبژاردن به ته‌نیا نابێته هۆی دروستکردنی دیموکراسیه‌تی راسته‌قینه"
نه‌زه‌ند به‌گیخانی – زانکۆی بریستڵ
سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کان باراک ئۆباما له قاهیره، رۆژی پێنجشه‌ممه، 4 ی حوزه‌یران، له وتارێکدا به‌ناونیشانی "سه‌ره‌تایه‌كی نوێ" داوای چاککردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و جیهانی ئیسلامی کرد.
له پاڵ ئاماژه‌کردنی بۆ سوربوون له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مافی فه‌له‌ستینیه‌کان له هه‌بوونی ده‌وڵه‌تدا و دووباره‌کردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی خۆی که هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ هه‌تا هه‌تایه له عێراق و ئه‌فغانستان نامێننه‌وه، ئۆباما به کورتی باسی مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی و رێزگرتن له جیاوازیی ئایینی و مافی مرۆڤ/ئافره‌تی کرد.
گوتاره‌که‌ی ئۆباما جیاوازه له گوتاره باوه‌کانی رۆژئاوا له‌مه‌ڕ ئایینی ئیسلام و جیهانی موسڵماناندا. ئۆباما گوتاری "کۆلۆنیالی" ره‌د ده‌کاته‌وه و باس له ئازادیی میلله‌تان ده‌کات له هه‌ڵبژاردنی شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی به گوێره‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵک نه‌ک به فه‌رزکردن له سه‌ره‌وه له لایه‌ن هێز و میلله‌تێکی تره‌وه. به‌ڵام کاتێ باس له ئیراده‌ی میلله‌تان له چۆنیه‌تی فه‌رمانڕه‌وایدا ده‌کا، ئۆباما جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه "که هه‌موو میلله‌تێک حه‌زی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنی شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی و باوه‌ڕهه‌بوون به حوکمی یاسا و بێلایه‌نیی دادوه‌ری و هه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و به‌تاڵان نه‌بردنی سامانی خه‌ڵک و ئازادی له هه‌لبژاردنی شێوازی ژیاندا. ئه‌مانه ئایدیای ئه‌مریکی نین و مافی مرۆڤن، بۆیه ئێمه له هه‌موو شوێنێک پشتگیریان لێده‌که‌ین".
له کۆتایی گوتاره‌که‌یدا، ئۆباما باس له مافی ئافره‌ت ده‌کات؛ وه‌کو به‌شێک له باوه‌ڕی خۆی به ئازادی له هه‌ڵبژاردنی شێوازی ژیان، ئۆباما به‌رگری له مافی ئه‌و ئافره‌تانه ده‌کات که "حیجاب" ده‌پۆشن و ده‌ڵێ "من له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ی رۆژئاوا نیم که گوایه ئه‌و ژنانه‌ی خۆیان داده‌پۆشن، که‌متر مافی یه‌كسانیان هه‌یه". ئه‌م رایه‌ی ئۆباما بۆ که‌سانی سێکیولهر و داکۆکیکار له مافی ئافره‌ت تا رادده‌یه‌ک مایه‌ی نائومێدیه. ئه‌و نائومێدیه زه‌قتر ده‌رده‌که‌وێ کاتێ ئۆباما باس له شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات به گوێره‌ی "ترادیسیۆنی میلله‌تان خۆیان". پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، تا چه‌ند ئه‌م رایه‌ی ئۆباما پاڵپشتی ئه‌و ره‌وته رۆژئاواییه ده‌کات که به گوێره‌ی نسبیه‌تی کولتوری له مه‌سه‌له‌ی ئازادی و مافی مرۆڤ ده‌ڕوانن و ماف دابه‌ش ده‌که‌ن به گوێره‌ی ئایین و کولتور. ئۆباما لێره‌دا جۆرێک له غموز پیشان ده‌دات و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که به په‌روه‌رده‌ی باش و خوێنده‌واری، ئافره‌ت زامنی یه‌کسانی ده‌کات نه‌ک به سهردانهپۆشین. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ رای هه‌ندێ له فێمینیستان له رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات یه‌کده‌گرێته‌وه که ده‌ڵێن حیجاب په‌یوه‌ندی به داپۆشینی له‌شه‌وه نیه، به‌ڵکو گوزاره‌یه له ناڕه‌زایی دژی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌وه و به‌شێکه له خۆپاراستن.
به دڵنیاییه‌وه، له کۆمهڵگهیهكدا که ئافره‌ت ته‌نیا وه‌کو له‌ش/سێکس ببینرێ و چه‌شنی که‌لوپه‌ل ره‌فتاری له‌گه‌ڵ بکرێ، ئه‌وه داپۆشینی ژنان ده‌بێته به‌شێک له هۆکاری پاراستنیان له هه‌ڕه‌شه و هه‌راسانکاری و تهعهدداکردن. دیاره ئۆباما له ژێر ناوی رێزنان له تایبه‌تمه‌ندیی ئایینی ئیسلام و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی بۆ چاککردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و جیهانی موسڵمانان، پۆشینی حیجاب وه‌کو عاداتێک ده‌بینێ که خه‌لک ئازاده له په‌یڕه‌وکردنیدا. ئه‌و حیجاب وه‌کو په‌رده بۆ شاردنه‌وه‌ی له‌ش یا ژوورێکی گه‌ڕۆک بۆ دابڕانی ئافره‌ت له جیهانی ده‌ره‌وه نابینێ. گوتاره‌که‌ی ئۆباما لێره‌دا زۆر جیاوازه له گوتاره باوه‌کانی بوش؛ له گوتاری بوش‌دا دیموکراسی و گوستنهوهی بۆ "عێراق" و "ئه‌فغانستان" وه‌کو سێنته‌ری ئایدیۆلۆژیای ئه‌مریکی ده‌رده‌که‌وت. ئۆباما خۆی له‌و ئایدیۆلۆژیایه به‌دوور ده‌گرێت و ده‌ڵێ "ئه‌مریکا وا هه‌ست ناکا ئه‌و ده‌زانێ چی باشه بۆ هه‌موو که‌سێک".
من حه‌ز ده‌که‌م ئه‌م وته‌یه‌ی ئۆباما وه‌کو ئاماژه‌یه‌ک لێکبده‌مه‌وه بۆ داوه‌تکردن و هاندانی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتداران له رۆژهه‌لات بۆ خۆپه‌روه‌رده‌کردن و خۆرۆشنبیرکردن، بۆ دروستکردنی کولتوری دیموکراسی. به دڵنیاییه‌وه، دیموکراسی پێویستی به په‌روه‌رده‌کردن هه‌یه، وه‌کو پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی میلله‌تان نه‌ک گواستنه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه. نه‌هێشتنی پیشێلکاری و چه‌وسانه‌وه‌ی ژن و توندوتیژی و کوشتن به بیانووی شه‌ڕه‌ف و دابینکردنی ئازادی، پێویستی به ئیراده‌یه‌کی سیاسی گه‌وره و کاری جدی هه‌یه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هاوکات له‌گه‌ڵ سۆز و پشتگیرییه‌کی پته‌وی جه‌ماوه‌ر. واته ده‌بێ تاک به ده‌سه‌ڵاتدار و هاوڵاتیه‌وه کار له‌سه‌ر خۆی بکات بۆ گۆڕینی خۆی و تێگه‌ییشتنی بۆ ئازادی و ماف، بۆ گۆڕینی عه‌قلیه‌ت و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی سیاسی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ره‌زامه‌ندی نه‌ک به سه‌پاندن و زۆره‌ملێ، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌خشنده‌یی و هاوکاری و رێزنان له ئازادی و مافی یه‌کتر به ژن و پیاوه‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتدار به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت و دروستکردن و کارپێکردنی شه‌رعیانه‌ی سیسته‌می سیاسی له سه‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و حیزبه‌که‌ی دابنێ. چونکه، هه‌روه‌کو ئۆباما ده‌ڵێ "به بێ دابینکردنی ئه‌و که‌ره‌ستانه، هه‌ڵبژاردن به ته‌نیا نابێته هۆی دروستکردنی دیموکراسیه‌تێکی راسته‌قینه".
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی ئاوێنه، ژماره 176 ی 9/6/ 2009 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
***