Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
مانای شانۆ.. شانۆی مانا

مانای شانۆ.. شانۆی مانا

Closed
by June 13, 2009 شانۆ

مانای شانۆ.. شانۆی مانا
نیهاد جامی

 

 

داڕشتنه‌وه‌.. نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌، دۆزینه‌وه‌ی جیهانبینێكی دیكه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و ده‌قانه‌ی مانای دیكه‌ی لێ‌ وه‌ده‌ست دێت، زۆر جار داڕشتنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌قئاوێزانه‌وه‌ توانای ئه‌وه‌ی نیه‌ نمایشێك به‌رهه‌م بێنێت كه‌ خاوه‌نی سیستمێكی ده‌لالی سه‌ربه‌خۆ بێت، هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شانۆكاران ناتوانن پارێزگاری له‌هێلی فكری نمایشه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو زیاتر له‌كۆكردنه‌وه‌ی ده‌یالۆگه‌وه‌ ویستوویانه‌ فۆڕمێك به‌ نمایشه‌كه‌ ببه‌خشن، كه‌ فۆڕمی چێژی ئه‌ده‌بیه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ده‌سپێكێك بۆ پچڕانی په‌یوه‌ندی نێوان نێره‌ر و نێردراو، نێره‌ر ده‌بێته‌ ملكه‌چی چه‌ند ووشه‌یه‌ك كه‌ له‌توانای ده‌ربڕینه‌ جه‌سته‌ییه‌كاندا نیه‌ مانا بۆ جوله‌ وده‌ربڕینه‌كانی بدۆزنه‌وه‌، نێردراویش به‌درێژایی نمایشه‌كه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی شانۆ ده‌بینێ‌، به‌ڵام ئه‌و سیستمه‌ نابینێ‌ كه‌ ڕێكخه‌ری ڕه‌گه‌زه‌كانه‌.
بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ پێویستی به‌ تواناو سه‌لیقه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی فراوان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاماژانه‌ی (ده‌قی یه‌كه‌م) له‌كاتی داڕشتنه‌وه‌ ده‌كوژێت، ئاماژه‌ی نوێی تیا به‌رهه‌م بێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی خۆمان به‌ ده‌قه‌كان وون نه‌كه‌ین، واته‌ له‌ ئاوێته‌ كردنی جیهانی ده‌قه‌كان  هێلێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ كاركردن، ئێمه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ دوو هه‌وڵ ده‌ده‌ین، یه‌كه‌میان شانۆگه‌ری (ده‌ریا) یه‌ له‌ ئاستی ده‌قه‌وه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێین، ئه‌ویتریش (كه‌لاوه‌ی نان) له‌سه‌ر ده‌قی نمایش ده‌وه‌ستین.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش له‌و نووسینه‌دا تیشك خستنه‌ سه‌ر جۆری ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر كووشتنی مانا له‌ (ده‌قی یه‌كه‌م) و خوڵقاندنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ی مانایه‌ له‌ناو (ده‌قی دووه‌م) بۆ ئه‌وه‌ش دوو شێوه‌مان بۆ كاركردن هه‌ڵبژاردووه‌، له‌شانۆگه‌ری (ده‌ریا) ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ئاستی ده‌قه‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین، هه‌رچی له‌شانۆگه‌ری (كه‌لاوه‌ی نان) ه‌، پڕۆسه‌ی ده‌قئاوێزان له‌ناو یه‌كه‌ی نمایشه‌ شانۆییه‌كه‌دا ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌كرێ‌ ئه‌م دوو هه‌وڵه‌ وه‌كو ڕووبه‌رێكی بنیاتنانه‌وه‌ی مانا بۆ ناو پڕۆسه‌ی نمایشی شانۆیی سه‌یر بكه‌ین.
(هادی ئه‌لمه‌هدی) ه‌ له‌ سێ‌ پانتایی جیاواز سرووتێكی شانۆیی ده‌خوڵقێنێ‌ وناوی ده‌نێ‌ (ده‌ریا)(1) ده‌ریا چه‌نده‌ ناوی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی شانۆگه‌ریه‌كه‌یه‌، ئه‌و كچه‌ لادێیه‌ی ده‌بێته‌ ئه‌كته‌رێكی ناوداری شانۆ، به‌وه‌ش ده‌مانهێنێته‌ نێو ده‌مامكی ساخته‌ی ڕه‌خنه‌گران، كه‌ چۆن ئاماده‌ن له‌پێناو مه‌به‌ستی خودی كه‌سانێك به‌رز بكه‌نه‌وه‌، به‌و كاره‌ش شوناسی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌دۆڕێنن، به‌وه‌ش هادی هێلێكی درامی ده‌ست نیشان ده‌كات وپه‌یوه‌ندیه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌و ده‌قانه‌ی پێشوو، كه‌ ده‌یانكات به‌ چاوگه‌ی بونیادی فكریی نمایش، ده‌ریا كه‌ ناوی كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ته‌ك شیعریی (ده‌ریا) ی گۆران ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواتر ده‌بێت به‌ جۆرێك په‌ڕینه‌وه‌ له‌كرده‌ی ناوه‌كی كاره‌كته‌ر، هه‌روه‌ها بۆ یاده‌وه‌ری ئه‌كته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو شانۆگه‌ریی (مارا-صاد) كه‌ ڕۆژێك ڕۆڵی (كۆردی) بینیووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ بوونی فه‌زایه‌كی چیخۆفی له‌ گۆرانی چایكا، بۆ ئێستای كرده‌ درامیه‌كه‌ش له‌ڕێگه‌ی ده‌قێكی عه‌بدولكه‌ریم برشیده‌وه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو فه‌زای ئه‌و ده‌قه‌وه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كانگیر بوونی كاره‌كته‌ره‌ له‌نێوان واقیع ونواندن "فه‌رهاد له‌كوێی.. بۆ وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه‌، به‌هار هاتوو په‌ڕه‌سێلكه‌و حاجیله‌كانی له‌كوێستانه‌ دووره‌كانی ئه‌م ووڵاته‌ به‌رینه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌.. تۆ نه‌هاتی.. پایز هات و گه‌ڵا وه‌ری.. قازو قوڵنگ به‌سه‌ر شارا له‌گه‌ڵ گۆرانیه‌كی غه‌ریبی به‌سۆزی كۆچ وكۆچبارا.. ڕێژنه‌ی باران لێی ئه‌دان وشه‌وقی گڵۆپ چاوی چاوه‌ڕوانی منی بۆ به‌رزایی هه‌ڵه‌خست و ده‌مگووت بڵێی فه‌رهاد له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆچه‌رییانه‌دا نه‌بێت.. نه‌هاتیت و نه‌كۆچت كرد.. فه‌رهاد له‌كوێی.. له‌كوێی" (2)
هه‌رچی شانۆگه‌ریی (كه‌لاوه‌ی نان) ی دلشاد حوسێنه‌ ئه‌زموونێكیتری ئه‌و جۆره‌ ده‌قئاوێزانه‌یه‌، بنیاتی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌سه‌ر چیرۆكی (گوڵی ڕه‌ش) ی شێرزاد حه‌سه‌ن درووست ده‌كرێت، بۆ ڕه‌هه‌نده‌ مرۆییه‌ تراژیدیه‌كه‌ی ڕووداویش چیرۆكی (خه‌مه‌كان) ی چیخۆف له‌سه‌ر یه‌ك هێل ڕووداوه‌كان به‌ره‌و ترۆپك ده‌به‌ن، حه‌مه‌ی ئاشه‌وان، مناڵه‌ هه‌ژارو عاشقه‌كه‌ی هێرۆ له‌ گوڵی ڕه‌ش، حه‌مه‌ی پرسیاركه‌ر له‌دایكی پرسیاری بوون ونه‌بوون، پرسیاری چینه‌كان كه‌ "دایكه‌ بۆ له‌حه‌وشه‌كه‌ی خۆمان گوڵ ناچێنیت؟ كوڕم ئێمه‌ به‌حاڵ جێگه‌ی سه‌رو قاچمان بۆته‌وه‌.. گوڵی چی وته‌ڕه‌ماشی چی؟ ئه‌ی بۆ ماڵی هێرۆ گوڵیان زۆره‌؟ كوڕی خۆم ئه‌وان خوا پێداون، ئاخر بۆچی؟" (3).
ئه‌و پرسیارانه‌ی حه‌مه‌ له‌ چنینێكی درامیه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ كۆستی مردنی مناڵه‌كه‌ی كاتێ‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كه‌دا وه‌ستاوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ چیخۆف دێنێته‌ نێو جیهانی شێرزاد حه‌سه‌ن، به‌ زمانێكی ساده‌ په‌یوه‌ندیی خۆی به‌ نێردراو ده‌ست نیشان ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ سرووتێكی چیخۆفی غه‌مگین به‌ نمایشه‌كه‌ ببه‌خشێت، به‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی كۆرسه‌وه‌ لاوانه‌وه‌یه‌ك كه‌ ژانی ناوه‌كی حه‌مه‌یه‌ "ده‌خه‌ڵكینه‌.. ده‌گوێ‌ بگرن، له‌بۆ ساتێ‌ خه‌مه‌كانمان له‌گوێ‌ بگرن"
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ده‌بوونه‌ یاریده‌ده‌ری سه‌ره‌كی حه‌مه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بونیاده‌ ناوه‌كیه‌كه‌ی وێنه‌ شانۆییه‌كه‌ بوو، كه‌ له‌ته‌كنیكێكی ساده‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كرا، به‌تایبه‌ت ده‌یویست له‌نێو دنیای چیخۆف و شێرزاد كۆمیدیایه‌كی خه‌مناك ببه‌خشێت، ئه‌وه‌ش ده‌رخستنی وێنه‌یه‌كی واقعی مه‌رگه‌ساتی كاره‌كته‌ره‌كه‌ بوو، له‌ڕووی  په‌یوه‌ندیی به‌ كاره‌كته‌ره‌ لاوه‌كیه‌كانی تێكسته‌كه‌ "خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك.. خۆپیشانده‌ران.. ڕه‌ش وڕووته‌كانی كۆمه‌ڵ" كه‌ دواجار له‌هێلێكی درامیدا ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ی ناو دوو كولتوری جیاوازی تێدا كۆده‌كرده‌وه‌.
ئاماژه‌كان:
1 شانۆگه‌ری (ده‌ریا) داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ق (هادی ئه‌لمه‌هدی) وه‌رگێڕانی (ره‌ئوف بێگه‌رد) ده‌رهێنانی (میدیا ڕه‌ئوف) له‌4/5/1990 له‌چواره‌مین فێستڤاڵی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی نمایشكراوه‌.
2 ده‌ستنووسی ده‌قی (ده‌ریا)
3 شانۆگه‌ریی (كه‌لاوه‌ی نان) ئاماده‌كردن وده‌رهێنانی دلشاد حوسێن، به‌شداری فێستڤاڵی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌ 1994 كرد و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ده‌رهێنانی وه‌رگرت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.