دیموکراتیزه‌کردن له باشوری کوردستاندا…
دیموکراتیزه‌کردن له باشوری کوردستاندا: ئیفلیجکردن و له‌باربردنی هه‌نگاوه به‌راییه‌کان
شاخه‌وان شۆڕش
مای 2009هه‌روه‌کو دیموکراتیزه‌کردنی فه‌رمانره‌وایی سیسته‌می رامیاری ستات، به قۆناغی گواستنه‌وه تێده‌په‌رێت و له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێ ئه‌م دامه‌زراو و میکانیزمی دیموکراسیانه که بۆ سیسته‌می دیموکراسی پێویستن رێکبخرێن و دابرێژرێن، بۆئه‌وه‌ی بتواندرێ گۆرانه‌که ئه‌نجام بدرێت. چونکه ئه‌مه گۆڕانه له به‌ها، میکانیزم، دامه‌زراو و ده‌زگا نادیموکراسیه‌کان بۆ به‌ها، میکانیزم، دامه‌زراو و ده‌زگا دیموکراسیه‌کان، به‌مجۆره گۆڕان له به‌رێوه‌به‌ریی نادیموکراسی بۆ به‌رێوه‌به‌ریی دیموکراسیی، له کانوندانانی نادیموکراسی بۆ کانوندانانی دیموکراسی، له دادوه‌ری ناسه‌ربه‌خۆ بۆ دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ، گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتی پارت یا خێزانی دیکتاتۆر یا نادیموکراسی که ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردن، کانوندانان و دادوه‌ریان پێشتر له ژێر چنگی خۆیاندا قۆرخکردبوو، بۆ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایه‌نه‌ی پارت یا خێزان، له شوێنیان‌دا دامه‌زراندی ده‌سه‌ڵاتێک که ره‌نگ له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندی گشت بداته‌وه.
ئه‌مه‌ش به په‌سندکردن و پیاده‌کردنی به‌ها دیموکراسیه‌کان، رێکخستنی دامه‌زراوه‌کان، به بوونی ئازادی پارت و رێکخراوه رامیاریه‌کان، ئازادی که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵگه و یه‌کسانی رامیاری، پێشبڕکێ و به‌شداری ئازاد و کراوه له هه‌لبژاردندا، دارشتنی ستره‌کتوری داموده‌زگاکان، هه‌روه‌ها به داڕشتنی ده‌ستور که بنچینه‌له‌سه‌ر به‌ها دیموکراسیه‌کان و مرۆڤدۆسته‌کان بگرێت. که ئه‌م به‌ها و میکانیزمانه ئاماده‌کران، هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ ده‌سه‌لاته‌کان له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه له که‌شێکی ئازاد و کراوه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن. به‌مجۆره هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌رێوه‌بردن، کانوندانان و دادوه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م ده‌سه‌لاتانه له ده‌ستێوه‌ردانی پارت و ئایدۆلۆژیای داسهپێنهردا، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان هه‌ندێ یا کۆمه‌ڵێ پارتی رامیاری له چوارچێوه‌ی پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردندا، بوونی په‌رله‌مانتاریزم و پیاده‌کردنی پره‌نسیپی زۆرینه، بوونی ئۆپۆزسیۆنی ئازاد، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و گشت له لایه‌ن پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و پارته‌کانی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه. به‌مجۆره مسۆگه‌رکردنی ئازادی و یه‌کسانی رامیاری هاوڵاتیان، دادوه‌ری و دڵنایی داد له کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌رزڕاگرتنی مافه‌کانی مرۆڤ، مافه کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، سڤیل و رامیاریه‌کانی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی گشتی کۆمه‌ڵگه و سه‌روه‌ریی ستات. ئه‌وه ئه‌گه‌ر باس له گۆران بۆ سیسته‌می دیموکراسی به شێوه‌یه‌کی نمونه‌یی بکه‌ین.ئه‌گه‌ر سه‌یری باشوری کوردستان بکه‌ین، ده‌توانین کشانه‌وه و ده‌رچوونی یه‌کجاری هێز و داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ئێراقی له دوای ده‌ستێوه‌ردانی نێونه‌ته‌وه‌یی له کوردستان له به‌هاری ساڵی 1991 دا که به‌نه‌مانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته داگیرکاره له باشوری کوردستاندا ته‌واو بوو، وه‌کو سه‌ره‌تای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه له‌لایه‌ک وه نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر له باشوری کوردستاندا له لایه‌کیتر سه‌یر بکه‌ین. ئه‌وسا نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر دوو جۆر گۆڕانی ده‌گرته خۆی، یه‌که‌م ڕزگاری نه‌ته‌وه و نیشتیمان له‌ژێر چنگی داگیرکه‌ر و بێگانه، به‌مجۆره گۆران له ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی تووندره‌و و داگیرکه‌ری عه‌ره‌بی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی خۆماڵی کوردی. دووه‌م گۆران له سیسته‌م و به‌ڕێوه‌بردنی رامیاری عه‌ره‌بی بۆ سیسته‌مێکی دیکه‌ی ڕامیاری و به‌رێوه‌بردنی کوردی.
دیاره تایبه‌تمه‌ندی باشوری کوردستان و سه‌یرکردنی وه‌کو به‌شێک له ئێراق له لایه‌ن پارته رامیاریه‌کانه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارته سه‌ره‌کیه‌کانی باشوری کوردستان سه‌ربه‌خۆخواز نه‌بوون و به‌دیهێنانی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی ئامانجی ئه‌وان نه‌بوو، په‌یام و ئامانجیان ئه‌وه نه‌بوو وه‌کو نه‌ته‌وه و ستاتی سه‌ربه‌خۆ هه‌لسوکه‌وت له‌گه‌ل گۆرانکاریهکهدا بکه‌ن. ئه‌مانه و هۆکاری دیکه کاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر ره‌وتی رامیاری دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی نواند. دیاره ئه‌مه رێگرنه‌بوو له دروستکردنی بهرێوهبهریهکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ناوچه‌یی، به‌جۆرێک ده‌سه‌ڵات ره‌نگ له پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بداته‌وه، ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌ریه‌کی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بێت، به‌مجۆره ده‌سه‌ڵات وه‌کو نوێنه‌ری خه‌ڵک به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی باشوری کوردستان له‌به‌رچاوبگرێت. به‌ڵام ئه‌مه نه‌هاته‌دی به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات و به‌رێوه‌به‌ریی پارت له جیاتی ده‌سه‌ڵات و به‌رێوه‌به‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی کوردی دروستکرا، وڵات به‌سه‌ر دوو پارتی رامیاری له‌سه‌ر بنچینه‌ی وابه‌سته‌یی پارت و به‌رژه‌وه‌ندی پارت له نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان (ی.ن.ک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) دابه‌شکرا. به‌مجۆره به‌رژوه‌ندی سه‌رۆک و پارت لای ئه‌م دوو پارته له به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی به‌گرنگتر داندرا. بۆیه دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ری عه‌ره‌بی، پارته کوردیه‌کان نه‌یانتوانی بهرێوهبهریهکی نیشتیمانی کوردی گونجاو دروست بکه‌ن.
لێره‌دا لاوازی و نزمی ئاستی هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی ئێلیته رامیاره دهسهلاتدراهکان خۆی ده‌خاته‌روو، هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی نه‌گه‌یشتبووه ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێ له ڕۆڵی مێژوویی بگات و له‌م گۆڕانه ناوچه‌یی و جیهانیه سه‌باره‌ت به مافی گه‌لانی ژێرده‌سته بگات و بزانێ پێداویستیه‌کانی چین، له‌لایه‌کیتر هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی نه‌گه‌یشتبووه ئه‌م ئاسته‌ی سنوری به‌رژه‌وه‌ندی پارت و خێل ببه‌زێنێت و له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه دانوستان نه‌کات. هوشیارییه نه‌ته‌وه‌ییه‌که ئه‌و توانایه‌ی نه‌بوو به‌سه‌ر ئاره‌زووه تایبه‌تی و نانهتهوهییهکاندا زاڵ بێت، به‌مجۆره له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و نیشتیمان کێشه تایبه‌ت و ناوخۆییه‌کانیان به‌لاوه بنرێت و مل بۆ چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه بدرێت.له باری گۆڕانی سیسته‌م بۆ سیسته‌می دیموکراسی، که بێگومان گۆڕان له سیسته‌می یهکپارت و دیکتاتۆر بۆ سیسته‌مێکی دیکه‌ی فره‌پارت و دیموکراسی ده‌خواست، ئه‌وسا ده‌کرا هه‌نگاوی یه‌که‌می پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له کوردستان به پلان و سیسته‌ماتیکیانه ده‌ست پێ بکات. ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن یا تێگه‌یشتنێکی ته‌واو بۆ دیموکراتیزه‌کردن هه‌بوایه، به‌رنامه‌ی دانراو بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌می دیموکراسی له ده‌ستپێکه‌وه هه‌بوایه و ئه‌مه مه‌به‌ستی بنچینه‌یی هێزه کوردیه‌کان بوایه. وه‌کو دواتر ده‌رکه‌وت پارته رامیاره کوردیه‌کان له‌م لایه‌نه‌وه له ئاستی ئه‌م ئه‌رکه‌دا نه‌بوون.
به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌وسا هه‌لسوکه‌ت و هه‌نگاوه‌کانی له‌چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنی ئۆتۆنۆمیخوازانه (مافی فیدرالی و ئۆتۆنۆمی ناوچه‌یی) ده‌خولایه‌وه و له ئاستی داخوازیه‌کانی دروستکردنی سه‌روه‌ری و که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه ڕێگرنه‌بوو له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی ناوچه‌یی دیموکراسیانه‌دا. وه‌کو به‌رێوه‌به‌رییه‌کی ناوخۆیی، بۆ بره‌ودان به به‌ها دیموکراسیه‌کان و چه‌سپاندنی سیسته‌می دیموکراسی، ده‌کرا له‌م چوارچێوه بێسهروهریهدا هه‌نگاوی دیموکراتیزه‌کردن گونجاوانه ده‌ستی پێبکرێت.
به‌ڵام وه‌کو ده‌رکه‌وت پرۆسه‌ی هه‌نگاونان بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌می دیموکراسی خاوه‌نێکی دیار و خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو، به‌ره‌ی کوردستانی که ئه‌وسا هه‌شت پارتی رامیاری له‌خۆ ده‌گرت، پلاتفۆرمێکی روونی بۆ گه‌یشتن به سیسته‌می دیموکراسی و دامه‌زراندی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کی دیموکراسیانه له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بوو. تێنه‌گه‌یشتن و نائاماده‌یی بۆ چه‌مکی دیموکراسی و هه‌نگاوه‌کان بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراسی به‌روونی دیاربوون. بێگومان ئه‌وسا ناپێگهییوی و نائاماده‌یی پارته ناسراوه‌کان (ی.ن.ک و پ.د.ک به تایبه‌تی) بۆ ئه‌م هه‌نگاوه کاریگه‌ری خۆی نواند. له‌جیاتی هه‌وڵی دروستکرنی فۆرومێکی له‌باری ئازاد بۆ هه‌نگاوه دیموکراسیه‌کانی داهاتوو، له‌جیاتی هه‌نگاونان بۆ دروستکردنی میکانیزم و دامه‌زراوه دیموکراسیه‌کان، له‌جیاتی ده‌ستپێکردنی بره‌وپێدان، جێبه‌جێکردن و جێگیرکردنی به‌ها و تێگه‌یشتنه دیموکراسیه‌کان، له‌جیاتی گونجاندن و په‌روه‌رده‌کردنی مهنتال و هزری رامیاری ئێلیته رامیاره‌کان به هزر و به‌های دیموکراسیانه، له‌جیاتی سازکردنی هه‌لبژاردنی کاتی و نوسینی ده‌ستورێکی دیموکراسیانه له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی دیاریکراو بۆ گه‌یشتن به سیسته‌می دیموکراسی، له‌جیاتی ئه‌م هه‌نگاوانه خولیای بیر و هزری خۆپه‌رستانه‌ی رابه‌ری و سه‌رۆکایه‌تی له چوارچێوه‌ی پارتپه‌رستی و خێلهکیزم زیاتر مۆبیلیزهکران و به‌هێزکران. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و پاوان‌کردنی گوند، ناوچه، شار، گه‌ره‌ک و شه‌قام، بنکه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، هه‌روه‌ها کۆکردنه‌وه‌ی مه‌لا، شێخ و ئاغا و سه‌رۆک هۆز له‌ده‌وری خۆیان هتد. به به‌رفراوانی ده‌ستیپێکرد. پارته گه‌وره کۆنه‌کان ده‌ستیانکرد به به‌هێزکردنی بنکه‌کانی خۆیان و کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له دوری خۆیان به‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه، به‌مجۆره پارته‌کانی وه‌کو ی.ن.ک و پ.د.ک بۆ قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات به هه‌ر رێگه‌یه‌ک، خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن بوون و خۆیان ئاماده کرد.هه‌موو پارته‌کان دوانیان له‌سه‌ر ئازادی و دیموکراسی بوو، به‌ڵام له‌لایه‌ک تێنه‌گه‌یشتن، ناروونی و نائاماده‌یی له گوتن و ههلوێستهکاندا ده‌خوێندرایه‌وه، له‌لایه‌کی دیکه هه‌موویان به‌کرده‌وه به‌چڕی خه‌ریکی خۆبه‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی میلیتسیانهیان له هه‌موو ئاسته‌کاندا بوون. له گوتن و وته‌ی سه‌رکرده‌ی پارته‌کاندا وشه‌ی رهنگاوی و رازاوه سه‌باره‌ت به ئازادی، دیموکراسی، هه‌لبژاردن و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل زۆر ده‌گوتران، به‌ڵام به‌کرده‌وه ئه‌م چه‌مکانه جێبه‌جێ نه‌ده‌کران و رۆژه‌فی پشتی شانۆکان له راستیدا شتێکی‌تر بوون.
پ.د.ک و ی.ن.ک به تایبه‌تی هه‌ریه‌که‌یان به جیا خۆیان به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک پێناسه ده‌کرد، سه‌رۆکه‌کانیان خۆیان وه‌کو سه‌رۆکی خه‌ڵک پێناسه ده‌کرد، هه‌ریه‌که به‌جیا خۆیان پێ ڕابه‌ر و سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد بوو. ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو لایان له به‌ره‌ی کوردستانی‌دا تا راده‌یه‌کی دیار له سه‌رکردایه‌تیکردنی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا رۆلیان هه‌بوو، به‌لام له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌وه هه‌ر یه‌که‌ی خۆی پێ رزگارکه‌ری راسته‌قینه‌ی گه‌ل بوو. بۆ نمونه به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی 1992 جارێکیان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پ.د.ک گه‌لێ له پێشمه‌رگه و کادیره‌کانی سه‌ر به پارته‌کانی دیکه که له ناوچه‌ی سه‌ربه‌ند و سه‌ری ره‌ش بوون بانگ کرد، له دانیشتنه‌که‌دا داوای گرنگی پاراستنی ناوچه‌که‌ی ده‌کرد، چونکه ئه‌و پێیوابوو ئه‌و سه‌رۆکی کورده و سه‌رکردایه‌تی کورد له وێییه، هه‌روه‌کو به پێشمه‌رگه و کادیره‌کانی گوتبوو "ده‌بێ پارێزگاری ئه‌م ناوچه‌یه بکه‌ن چونکه سه‌کردایه‌تی کورد لێره‌یه". واته ئه‌و به‌ر له هه‌ڵبژاردن خۆی پێ سه‌رۆک بوو و باناگشهی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد.
هه‌روه‌کو سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو پارت به‌تایبه‌تی و پارته‌کانی دیکه له‌گه‌ڵ هاتنیان بۆ ناو شاره‌کان، چه‌ند ناوچه و شوێنیان بۆ خۆیان پاوان کرد و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا دژایه‌تی کۆن و نوێ ورده ورده له ناو هه‌ردوو پارتدا به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر گه‌شه‌یان پێدرا و له بازنه‌یه‌کی مه‌ترسیداردا له هه‌ناوی بیری پاوانخوازی هه‌ردوولادا ده‌خوڵانه‌وه. هه‌نگاوه‌کان بۆ سیسته‌می کراوه‌ی فره‌پارت نه‌بوو، به‌ڵکو رێگه بۆ سیسته‌می یه‌ک پارت و داخراوی خۆش ده‌کرا، ئه‌گه‌رچی هێنانه‌دی ئه‌وه به هۆی تایبه‌تمه‌ندی باشوری کوردستان و پارچه‌بوونه رامیاریهکهی زۆر سه‌خت بوو.
هه‌رچۆنی بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بروا له نێوان پارته گه‌وره‌کاندا به‌یه‌کتر نه‌بوو، به‌ڵام بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات مل بۆ هه‌لبژاردن درا، پارته ناسراوه‌کان هه‌ر یه‌که‌یان بروایان به بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌هێز بوو، له هه‌مانکاتدا هه‌موو بیر و هزره پاوانخوایهکان به زیندوویی هه‌بوون. پارته‌کانی ناو به‌ره‌ی کوردستانی له‌سه‌ر هه‌لبژاردن رێککه‌وتن، هه‌ر یه‌که‌ی که‌وته خۆئاماده‌کردن به رێگه‌ی جیاواز که له گه‌لێ باردا جێگه‌ی ڕه‌خنه‌بوون.
هه‌لبژاردن کرا، خه‌ڵک له ئازادی ده‌نگدان شاره‌زاییه‌کی نه‌بوو، روونکردنه‌وه له‌م بوارانه بۆ خه‌ڵک نه‌بوو، زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵک نه‌یده‌زانی مافه‌کانی چییه، به‌رنامه‌ی خزمه‌تگوزاری پارته‌کان چییه، مه‌به‌ستی پارته‌کان له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات چییه، براوه‌ی هه‌لبژاردن و ده‌سه‌ڵات ده‌بێ چی بکات، سیسته‌م و به‌رێوه‌بردنی داهاتوو چۆن ده‌بێ و بۆ؟ ئه‌وانه و ده‌یان پرسیاری‌تر بێ وه‌ڵام بوون وخه‌ڵک لێیان بێ‌ئاگا بوون. ده‌زگایه‌کی بێلایه‌ن نه‌بوو به‌م ئه‌رکه هه‌لسێ، پارته‌کانیش به هزر و بیرکردنه‌وه‌ی شاخ هه‌لسوکه‌وتیان ده‌کرد و له گه‌لێ له‌م پێداویستیانه نه‌ده‌گه‌یشتن یا به‌گرنگیان نه‌ده‌زانی. دروشمه‌کانی به‌رزکردنه‌وه‌ی سه‌رۆک و پارت، پێهه‌ڵدان به رابردوو و پاڵه‌وانیه‌تی پارت له گۆره‌پانی خه‌باتدا، دروشمی رامیاری دیکه که زیاتر رواڵه‌تی بوون و بۆ پێداویستیه‌کانی گۆرانه‌که گرنگ نه‌بوون ههرمێنیان هه‌بوو.
به‌شێکی گونجاوی خه‌ڵک له ژێر جۆریک له گوشاری پارت بوون، به‌رتیل و چاوسوورکردنه‌وه هه‌بوون، فرتوفێل و ساخته هه‌بوون و کران. بۆنمونه له شوێنی واهه‌بوو ژماره‌ی ده‌نگه‌کان له ژماره‌ی دانیشتوانی خه‌ڵکه‌که زیاتر بوون که بۆ یه‌کێ له پارته سه‌ره‌کیه‌کان تۆمارکرابوون. ئه‌نجامی هه‌لبژاردن به جۆرێک که‌وته‌وه که دوو پارت پ.د.ک و ی.ن.ک (که له لایه‌ن خه‌ڵک و پارته‌کانی دیکه‌وه به ساخته‌کاری تۆمه‌تبار ده‌کران) زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگه‌کانیان برده‌وه، به‌پێی هه‌واڵه‌کانی ئه‌وسا پ.د.ک به‌رێژه‌ی دوو-سێ له‌سه‌دا ده‌نگی له ی.ن.ک زیاتر هێنا.له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکوریه‌کان ئه‌گه‌ر په‌سندی ئه‌نجامه‌که بکرایه ده‌کرا ئه‌مه به ده‌ستپێکی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراسی وه‌کو هه‌نگاوی یه‌که‌م سودی لێوه‌رگیرێت، به‌مپێیه له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌ندێ پارت ده‌سه‌ڵات پێک بهێنن و هه‌ندێک بچنه خانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن. به‌لام هه‌روه‌کو ده‌رکه‌وت هه‌ردوو پارت خۆیان بۆ هه‌نگاوی دیموکراسیانه و دروستکردنی گیانی ته‌بایی و ئاشتیخوازانه ئاماده نه‌کردبوو، له‌به‌ر بوونی رق له‌یه‌کتر و نه‌بوونی متمانه و بروا به‌یه‌کتر، به‌هۆی به‌هێزی مه‌نتالی به‌رزه‌فری، تاکپه‌رستی و پارتپه‌رستی، پاوانخوازی و پشووته‌نگی نه‌یانتوانی له‌سه‌ر جۆرێکی ده‌سه‌ڵات و به‌رێوه‌به‌ریی دیموکراسیانه ڕێککه‌ون. له‌ژێر گوشاری ئانوساتی شه‌ری ناوخۆ و سه‌نگه‌ر لێکگرتن، په‌نایان برده‌به‌ر رێککه‌وتنی رامیاریی و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنچینه‌ی نیوه به نیوه. هه‌ردوو سه‌رۆکی هه‌ردوو پارت له‌سه‌ر سه‌رۆکبوونی خۆیان سوور بوون، له‌سه‌ر ئه‌وه دانوستانیان نه‌بوو، ئاماده نه‌بوون سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌رێوه‌بردن و کانوندانان بکه‌ن، که خۆیان له نێوان خۆیاندا رامیاریانه دابه‌شیان کردن.
جێگه‌ی بیرخستنه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر یه‌کێ یا دووان له پارته رامیارییه ناسراوه‌کانی دیکه بۆ نمونه یه‌کگرتن (حزبی سۆسیالست، پاسۆک و پارتی گه‌ل) یا حزبی شیوعی که وه‌کو هێزی کۆن و ناسراو سه‌یر ده‌کران، به‌شێکی گونجاوی ده‌نگه‌کانیان به‌ده‌ستهێنابا، ده‌کرا کاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوکێشه رامیاریه‌که بکه‌ن و ده‌کرا ره‌وته‌که به ئاراسته‌یه‌کی گونجاو بچووبایه و ئاکامه‌که‌ی پۆزه‌تیف بایه. به‌ڵام دوور له چاوه‌روانی و پێشبینیه‌کانی ئه‌م پارتانه و هه‌وادارانیان ئه‌مه رووی نه‌دا، ئه‌م پارتانه ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی رێژه‌ی سه‌دا حه‌فت به‌ده‌ست بێنن و بچنه ناو پارله‌مان. لێره‌دا سه‌پاندنی رێژه‌ی سه‌دا 7 (وه‌کو ئه‌وسا گوترا گوایه له لایه‌ن پارتی و مه‌سعود بارزانیه‌وه بوو، ئاماژه به ده‌ستی تورکیاش له‌مباره‌یه‌وه ده‌کرا) زیانه‌کانی بۆ باشوری کوردستان ده‌رکه‌وت و زیانی کوشنده‌ی گه‌یاند. ده‌رنه‌چوونی ئه‌م پارته ناسراوه رامیاریانه بووه‌هۆی نابووتبوونی ئه‌م پارتانه و ورده ورده نه‌مانی قورساییان له گۆره‌پانی خه‌بات له قۆناغی نوێ‌دا. پارتی یه‌کگرتن زۆری نه‌برد نه‌ما و په‌رته‌ی پێکرا. به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌م دۆرانه‌ی هه‌لبژاردن، ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ردوو پارت و لاوازی سه‌رکرده‌کانی یه‌کگرتن، بوونه‌هۆی داته‌پینی ئه‌م پارته و په‌رت و بڵاوبوونی به‌یه‌کجاری. له‌به‌رامبه‌ردا به‌هێزکردنی هه‌ردوو پارته رکابه‌ره‌که‌ی ی.ن.ک و پ.د.ک، به‌مشێوه‌یه روونتر پارچه‌بوونی باشوری کوردستان به‌سه‌ر دوو پارتی رامیاریی پاوانخوازی دژبه‌یه‌ک خۆی وێنه‌کرد، ئه‌م ئه‌نجامه‌ی به زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باشوری کوردستان شکایه‌وه و پارچه‌بوونی وڵات و دواتر شه‌ری ناوخۆی لێکه‌وته‌وه.
له‌م قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌دا فاکته‌ری به‌رزه‌فری سه‌رۆکه‌کان، مه‌نتالی خێله‌کی و پاوانخوازیی، پارتپه‌رستی و زاڵی به‌رژه‌وه‌ندی پارت به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه دژی ئاراسته گونجاوه‌کان بوون که بۆ ده‌ستپێكی دیموکراتیزه‌کردن و دامه‌زراندنی جۆره سیسته‌مێکی دیموکرسی له باشوری کوردستاندا پێویست بوون. به‌هێز بوونی ئه‌م فاکته‌ره نه‌رێنییه ته‌سکبین و نادیموکراسیانه پاشهکشهبوون به‌م تێگه‌یشتنه نیوه‌چڵ و لاوازه‌ی که ئه‌وسا بۆ داهاتوویه‌کی دیموکراسی له باشوری کوردستاندا هه‌بوو. ئه‌نجام ئه‌م فاکته‌ره نه‌رێنیانه بوونه‌هۆی به‌ستنی رێککه‌وتنی رامیاری له جیاتی چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه. ڕێککه‌وتنی پ.د.ک و ی.ن.ک له‌سه‌ر دابه‌شکردنی باشوری کوردستان و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنچینه‌ی ففتی ففتی ئیفلیجکردن و له‌باربردنی ئه‌م هه‌نگاوه لاوازه‌ی دیموکراسی بوو که له باشوری کوردستاندا ئه‌وسا به‌شێوه‌یێ له شێوه‌کان ده‌رکه‌وت.