له هه‌ڵبژاردند ، ده‌نگ له بڕی متمانه……نوری حه‌مه ئه‌مین
هه‌ڵبه‌ته شتێکی سه‌یر نییه له دونیادا کاتێک واده‌ی هه‌ڵبژاردن دێته پێشه‌وه ڕێگه به هه‌موو ئه‌و پارت وهێز و که‌س و جیاوازییانه بدرێت که‌وا مۆڵه‌تی یاسایی خۆ کاندید کردنیان به ده‌ست هێناوه ، به‌شداری بکه‌ن له خۆ کاندیده‌یت کردندا ، دواتر به شێوه‌ی شه‌رعی بانگه‌شه بۆ هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و گوتار و بیر و باوه‌ڕی جیاوازی خۆیان له ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنیان و پلان و داهاتووی کارکردنیان بخه‌نه ڕوو ، ئه‌مه به مه‌رجێک هیچ ناوه‌ندێکی حکومی و ناحکومی* لایه‌ندار نه‌که‌ن بۆ خزمه‌تی بانگه‌شه‌کانیان له پێناو ده‌نگ هێناندا . ئێمه ده‌زانین یه‌کێک له هه‌ره سه‌ره‌کی ترین سیمای دیمۆکراتی هه‌ر میله‌تێک به‌نده به‌و پێودانگانه‌وه که ڕاده‌ی ئازادی هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگا ده‌پێوێت له به‌رامبه‌ر پراکسیسی ئازادی هه‌ڵبژاردندا . ئازادی هه‌ڵبژاردنیش یه‌کێکه له‌و ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییانه‌ی که ڕه‌هه‌ندێکی تا ڕاده‌یه‌ک مێژووی هه‌یه و هه‌روه‌ها ڕیشکێکی قوڵی کۆمه‌ڵگا دیمۆکراته‌کان و فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی (ئیگسیستیالیست)ی پێکده‌هێنێت ، به تایبه‌ت لای فیلۆسۆفێکی وه‌ک (سارته‌ر) ئه‌م دۆخه هێنده بایه‌خ په‌یدا ده‌کات ، تا ئه‌و ئاسته‌ی که‌وا بوونی مرۆڤ خۆی به‌ند ده‌کات ، له سه‌ر ڕاده‌ی ئازادی هه‌ڵبژاردنه‌کانی و ده‌ڵێت : ” من هه‌ڵده‌بژێرم ، که‌وا بوو من هه‌م ” . به‌م شێوه‌یه سارته‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات ، که‌وا بونیاده‌کانی بونی مرۆڤ خۆی وه‌ستاون له سه‌ر پنتی هه‌ڵبژاردنی له ده‌روو به‌ری خۆیدا ، یان ڕوون تر بوونی مرۆڤ خۆی لێره‌وه یه‌کسان ده‌کات به بوونی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خوودی و به شێوه‌یه‌کی ئازاد و ئیراده‌گه‌ری هه‌ڵیانده‌بژێرێت . له لایه‌کی تر ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی گشتی و بابه‌تی بنواڕین له دیارده‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ک دیارده‌یه‌کی سیاسی، مه‌سه‌له‌که خۆی مرۆڤ خۆیه‌تی ، که تاکێک یان کۆمه‌ڵێک به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خۆیان ئاماده ده‌که‌ن به کۆمه‌ڵێک موژده‌ی نوێوو پرۆژه‌ی نوێ، بۆ به‌شداری کردن له چالاکییه‌کی سیاسی و ئاکتیڤ کردنی کایه‌یه‌ک له به‌رپرسیارێتی له نێو چوار چێوه‌ی وه‌زیفه‌یه‌کی دیاری کراودا، دیاره ئه‌مه‌ش بۆ جێ گۆڕکێ و ڕێ گرتن له هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌وا سستی دروست ده‌کات له‌و نێوه‌نده‌دا. ئێمه ده‌زانین مه‌رج نییه هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک ئه‌نجامێکی پۆزه‌تڤی هه‌بێت، چونکه زۆر جار ڕوویداوه ئه‌وه‌ی هه‌ڵمانبژاردووه، کوتومت سنانی شوتی بووه‌و ئه‌مه‌ش بۆ جارێکی تر و له خولێکی تری هه‌ڵبژاردندا خستمانییه‌ته به‌رده‌م دیفاکتۆی گۆڕانه‌وه، که هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردنیش ئه‌و ده‌رفه‌ته بووه که‌وا زه‌مینه ببه‌خشێت به نوێ بوونه‌وه‌و هێنانی ووزه‌ی نوێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌ی ئه‌و کێشانه‌ی که تاکه‌کانی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێیه‌وه گیرۆده‌ن. چونکه هه‌ڵبژاردن خۆی له خۆیدا به‌خشینی ئه‌و زه‌مینه نوێیه‌یه بۆ ده‌نگ و روخساری نوێ ، تا بتوانن له سه‌ر ئاستی ئه‌زمونی نوێ خۆیان تاقی بکه‌نه‌وه بۆ چاکسازی زیاتر له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا که ده‌که‌ونه نێو چوارچێوه‌ی کاری هه‌ڵبژێراودا. ڕه‌نگه باشترین نمونه‌یه‌ک که به شێوه‌یه‌کی زیندو تا ئێستا کار ده‌کات هه‌ندێک له ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا بێت که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن به‌ڵێنی جۆراو جۆر به دوای خۆیدا ده‌هێنێت و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵانه‌ش که حکومه‌ت له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریدا پیایدا تێپه‌ڕی کردووه، چۆن ده‌بێته لایه‌نی گفتوگۆی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی میدیاکان به بێ چاوپۆشی وخستنه پشت په‌رده‌وه، ئه‌مه‌ش له باشترین حاڵه‌تدا بڕێکی باش ووشیاری لای جه‌ماوه‌ر جێ دێڵێت. هه‌ر بۆ نموونه ووڵاتانێکی وه‌ک به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، سوید، هۆڵه‌نداو هتدا.. له چه‌ند ساڵی ڕابوردودا به هۆی پێویستی به‌رهه‌م هێنانی زیاتر ، پێویستیان به هێز‌ی کاری زیاتر بوو ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و هێزه‌ش که به‌س بێت بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه به ته‌نها له سه‌ر ئاستی هێز‌ی کاری ناوخۆ مسۆگه‌ر نه‌ده‌کرا ، بۆیه به ئاشکرا ده‌رگاکانیان ئاواڵا بوو له به‌رده‌م په‌نابه‌راندا، که دوا‌جار ئه‌مه‌ش بوویه هۆی په‌نگخواردنه‌وه‌یه‌کی ترسناک له په‌ناهه‌نده‌یی* که‌وا ئه‌و کاردانه‌وانه‌ی لێ په‌یدا بوو، وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له دژی هێز‌ی ده‌سه‌ڵات به‌کار ببرێت ، بۆیه هه‌ر زوو هه‌ندێک لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و هێزو تاکی سه‌ربه‌خۆ که توانیان به گووتاری ( نا بۆ په‌ناهه‌نده‌کان ) کلک ڕاست بکه‌نه‌وه‌و سه‌رنجی زۆرێک له خه‌ڵکی به‌لای خۆیاندا ڕاکێشن . لێره‌دا گه‌ر زیاتر بوه‌ستین له سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه ده‌بینین ووڵاتێکی وه‌ک به‌ریتانیا له دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه خه‌ڵکێکی زۆر ڕوویان تێکردوه ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که مه‌ترسی لای چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی ئه‌و کاته درووست کرد له ترس له گۆڕینی ڕووی دیمۆگرافی ئه‌و ووڵاته، ئه‌م دۆخه له‌و ده‌مه‌یدا که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک (چێرچڵ)ی هه‌ژاند که‌وا به شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بکاته‌وه له دژی و به مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م بدات دژ به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش له‌و ده‌مه‌یدا ( چێرچڵ )ی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر کرده‌وه، ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت بیر و ڕای ئه‌وسیاسه‌تمه‌داره به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێت که‌وا ئه‌نگێزه‌یه‌کی ڕاسیستانه له پشتیه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا دوای نیو سه‌ده بۆچونه‌کانی ئه‌و دووباره بره‌وی خۆی په‌یدا کردووه‌و له زۆربه‌ی ئه‌و لۆکه‌یشننانه‌ی له سه‌ر ڕێ وشه‌قامه‌کاندا بۆ ڕیکلام ته‌رخان کراون وێنه‌ی ( چێرچڵ )ی پێوه‌یه ، که به مانشێتێکی قه‌باره گه‌وره ئه‌م ووته‌یه‌ی له ته‌نیشته‌وه نوسراوه (له سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌ومان بکشێنه‌وه‌و نه‌خێر بۆ کۆچی بێ سنوری کۆچبه‌ران). هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له کاتێکدا بوو که ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ئه‌و ووڵاته له خۆ ئاماده‌کردندا بوون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئۆروپا ، له هه‌موویان سوور تر پارتی پارێزه‌رانی ئه‌و ووڵاته‌و سه‌ربه‌خۆکان بوو که له هیچ شتێک نه‌ده‌پرینگانه‌وه له‌و که‌موو کوورتییانه‌ی که له درێژایی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی کاری ئه‌و ووڵاته هاتبووه پێشێ ، ئه‌م نمونه‌و چه‌ندانی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ش که دێینه سه‌ری وایکرد گه‌وره ترین شکست ڕووبه‌ڕووی پارتی کاری ئه‌و ووڵاته بکاته‌وه.
له لایه‌کی تره‌وه گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له چییه‌تی به‌ڵێن و چۆنیه‌تی جێ به‌جێ کردن، لێره‌شدا ده‌توانین ئه‌و نموونه زیندووه وه‌ربگرین که‌وا لای (ده‌یڤد کامیرۆن)ی سه‌رۆک پارتی پارێزه‌رانی به‌ریتانیا بینرا، ئه‌وه بوو له سه‌رو به‌ندی هاتنه پێشه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی جیهان به‌ریتانیا یه‌کێک بوو له‌و ووڵاتانه‌ی که هه‌ر زوو که‌وته ژێر کاریگه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌و چه‌ندان بانکیان ئیفلاسی کرد ، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی له نێو هۆڵی په‌رله‌مان و میدیاکاندا بکه‌نه قاو له حیزبه‌که‌ی ( گۆلدن براون ) و ناوبراو تاوانبار کرا به هۆکاری که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی و نه‌بوونی پرۆفیشناڵی به‌ڕێوه‌بردنی حکومه‌ت . به‌ڵام له‌مه گرنگ تر ئه‌وه بوو کاتێک زانرا ئه‌م قه‌یرانه قه‌یرانێکی به‌ر بڵاوه‌و زۆر ووڵاتانی دوونیای گرتووه‌ته‌وه ، ئه‌وه بوو له به‌ر چاوی هه‌موو گه‌لی به‌ریتانیا ( ده‌یڤد کامیرۆن ) داوای لێبووردن کرد‌و قه‌یرانه‌که‌ی به‌وه وه‌سف کرد که قه‌یرانێکی گشتگیره، دیاره سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرت که کامیرۆن نه‌ک له به‌ر چاوی کاڵی براون ، به‌ڵکو له به‌ر قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی قه‌یرانه‌که‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆی، بۆیه هه‌ر زوو هه‌ستی به‌وه کرد که‌وا سوور بوونی له سه‌ر ئه‌و جۆره ڕه‌خنا‌نه له حکومه‌ت دوای ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو واده‌کات به شێوه‌یه‌کی حه‌تمی بیخه‌نه به‌رده‌م هه‌ڵوێستی گۆڕان له‌و بواره‌دا، ئه‌مه‌ش له جۆرێک به‌ڵێن ده‌چوو که ده‌بوو باجی گه‌وره‌ی بدات، به‌م شێوه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌رخست گه‌ر هه‌ر شتێک توانای گۆڕانمان نه‌بێت تیایدا به‌ڵێن ناده‌ین . ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه که کامیرۆن له 100% ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌یدات ده‌کرێت بێنه دی ، به‌ڵکو له ناوه‌ڕۆکدا بڕێک هه‌ست کردن به په‌رپرسیرێتی تیادایه .
لێره‌وه ده‌توانین هه‌موو ئه‌و ئاماژه‌و تێبینی یانه‌ی له سه‌ره‌وه باس کران بکه‌ینه ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چونه ژووره‌وه له باسێکی تر که هه‌ڵبژاردنه له هه‌رێمی کوردستاندا، ئه‌و دیاردانه‌ی ئه‌مڕۆ له مه‌یدانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بینرێت سه‌ره‌تایه‌کی ئومێد به‌خش نییه بۆ هه‌ر به‌رئه‌نجامێک که دوا‌جار پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارن و ئه‌گه‌ره‌کانی هه‌ر ڕوداوێک ده‌یدات به ده‌سته‌وه ، من هه‌میشه باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک دوا‌جار که‌سێک به هۆیه‌وه ڕوبه‌ڕوی سوکایه‌تی ببێته‌وه هه‌ڵبژاردنێک ده‌بێت که به ته‌واوی له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه گوزه‌ر ده‌کا و له هه‌رچی مانا و شه‌رعییه‌تێک هه‌یه خۆی به‌تاڵ ده‌کاته‌وه ، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین تا ئێستاش له کوردستاندا ئه‌و ڕایه باوه که هیچ هه‌ڵبژاردنێک له دونیادا بێ پێکادان ناچێته سه‌ر ، به‌ڵام ئه‌مه ڕایه‌کی بێ ئه‌ندازه چه‌وته و ماف به‌خشینه به هه‌موو ئه‌و پێشێل کارییانه‌ی که به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردو له هه‌ندێک شوێنی ئه‌و هه‌رێمه ڕویانداوه .
من نازانم حیکمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن له کوێدا ده‌رده‌که‌وێت له کاتێکدا هه‌ندێک هێز که‌ڵه‌گایانه بیر بکه‌نه‌وه‌و به ئاشکرا وا پیشان بده‌ن که‌وا هه‌زمی هیچ ده‌نگێک و هیچ هێزێکی نوێ ناکه‌ن ؟! من نازانم به چی دڵ خۆشکه‌ین له کاتێکدا موماره‌سه‌ی هه‌ر هێزێکی نوێ ، یه‌کسان بێت له گه‌ڵ موماره‌سه‌ی ترسێکی نوێ ، یاخود ئه‌و هێزانه‌ش که ئه‌مڕۆ وه‌ک هێز‌ی نوێ هاتونه‌ته نێو ئه‌م مه‌یدانه سکیان پڕه له‌و کۆنه به‌رپرسانه‌ی که هه‌ژده ساڵه تازه ده‌رک به گۆڕان ده‌که‌ن، به‌م پێیه ئه‌و گوزارشته هه‌ڵده‌گرێت گه‌ر گۆڕان پاش سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا یه‌که‌م پرۆژه‌ی هه‌نگاوی خانه‌نشین کردنی ئه‌و کۆنه به‌رپرسانه نه‌بێت ناکرێت چاوه‌روانی گۆڕانی لێ بکرێت و ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت جگه له هێز‌ی پێشوو له ژێر ناوێکی تردا هیچی تر به‌رهه‌م ناهێنێت. هه‌ر چه‌نده تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌نگه ڕاست بێت ، که‌وا قڵیش بوونی هه‌ر هێزێک بۆ دووفاق له بنچینه‌دا به‌نده له سه‌ر ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک رووی دۆگما‌و هه‌ڵقۆپزینی ده‌نگی ناڕازی که سه‌رئه‌نجام هێزێکی تر پێک دێنێت ، به‌ڵام ئاسته‌مه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به به‌رۆکی خوێنه‌وه له به‌ره‌کانی جه‌نگ گه‌ڕاونه‌ته‌وه یان له نێو ته‌می گه‌نده‌ڵییه‌وه پێچیان کردووه‌ته‌وه ئێستا بێن و دووباره له ئه‌زمونێکی تردا فه‌رمانڕه‌وایی بکه‌ن ، چونکه ئه‌وانه ده‌بوو هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه مه‌دالیای جه‌وامێرییان پێ ببه‌خشرایه‌و خانه‌نشین بکرایه‌ن ، له گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و قاره‌مانانه‌ی ئه‌وسا، چونکه به شێوه‌یه‌کی سایکۆلۆژی ئه‌وه‌ی له جه‌نگ گه‌ڕایه‌وه ناتوانێت خاوه‌نی ده‌رونێکی ساغ و ته‌ندروست بێت، که‌سێکیش له‌وپه‌ڕی شێوازی کارکردن دا گه‌ر خاوه‌نی ده‌رونێکی ساغ نه‌بێت ناشتوانێت کاری ساغ ئه‌نجام بدات، بۆیه له باشترین بڕیاردا له به‌رپرسیارێتی سه‌ربازی به‌ولاوه ناشێت هیچی تریان پێ ببه‌خشرێت. ئێمه گه‌ر بنواڕین له دوای هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویان داوه که‌مجار ئه‌وه‌مان به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌وا به لاسایی هێز‌ی پێشویانه‌وه نه‌مردبن، چونکه ئه‌وه درێژه‌ی کێشاوه هه‌تا نه‌وه‌یه‌کی تازه سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌یان خوڵقاندووه .
هێز‌ی نوێ، هه‌میشه به‌رئه‌نجامی ناڕه‌زایی و ده‌نگی نوێیه، ئاراسته‌ی کار کردنیان له سه‌ر ئه‌و مه‌رجانه به‌ندن که متمانه‌ی گه‌ل به ده‌ست بهێنن و گۆڕان له بنه‌ڕه‌تدا بکه‌ن، شتێکی سروشتییه له کاتێکدا هیچ هێزێک نییه بێ هه‌وڵدان به شێوه‌یه‌کی خێرا قۆناغی منداڵی ببڕێ و له پڕ هه‌راش ده‌رکه‌وێت، چونکه ڕاده‌ی هه‌موو هێزێک یه‌کسان نییه و له سه‌ر جیاوازی به‌نده، ئیتر ئه‌وه جه‌ماوه‌ره ئه‌و ووزه له بن نه‌هاتوو بێ باره‌ی که هه‌رده‌م ووزه به متمانه ده‌گۆڕنه‌وه، که هه‌رده‌م له به‌رده‌م مێژووی به فیڕۆدانی ووزه‌ی خۆی دایه، له به‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ک ئه‌وه ئاشکرابێت که‌وا هیچ هێزێک له دونیادا شایه‌نی ئه‌وه نییه که متمانه‌ی ڕه‌های پێ ببه‌خشرێت و بێ چاودێری جڵه‌وی هه‌موو خه‌ون و ئیراده‌یه‌کی بدرێته ده‌ست و لێیگه‌ڕێیت وه‌ک باوکێکی میهره‌بان چی ده‌کات بیکات، چونکه بیرمان نه‌چێت پێکهاته‌ی هه‌ر هێزێک له ناوه‌وه بریتییه له هێز‌ی بچوک بچوکی کۆنترۆڵ نه‌کراو که زۆرجاریش ئه‌و هێزه بچوک بچوکانه له به‌ر هه‌ڵه به کار هێنان ئاراسته‌ی تێکڕای هێزه‌کان ده‌شێوێنێت و دوا‌جار گه‌نده‌ڵی به دوای خۆیدا ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها کاتێک چاوی هه‌موو هێزێکیش که‌وا سه‌رنجی له به ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌ت بڕیوه به ئاشکرا خۆش باوه‌ڕی کۆمه‌ڵگا ده‌بینێت ، ئیتر ئه‌و زه‌روره‌ته هه‌ڵده‌گرێت مه‌رج نییه هه‌ر هێزێک به کۆمه‌ڵێک گوڕ و تینی نوێ و به‌ڵێنی نوێ و په‌یڕه‌وی ئایدۆلۆژیای نوێ وه هاته پێشێ ئیتر حه‌قیقه‌تی لایه‌و چاوی لێ بخه‌وێنرێت . هاوکێشه‌یه‌ک هه‌یه ده‌بێت هه‌موو تاکه که‌سێک په‌یڕه‌وی بکات و بیزانێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کاتێک هه‌ر هێزێک چاو ده‌بڕێت له به‌ڕێوه‌بردنمان ده‌بێت ئێمه‌ش چاو کلا نه‌که‌ین له چۆنییه‌تی ئاکاری ئه‌و به‌ڕێوه‌بردنه*ناحکومی به‌ومانایه‌ی که‌وا که‌ڵک وه‌ر نه‌گیرێت له دارایی که‌رتی تایبه‌ت و هتدا..
*دیاره په‌نگخواردنه‌وه‌ی په‌ناهه‌نده‌یی له زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکاشدا بویه هۆی ڕق هه‌ستانی هاوڵاتیان و بۆیه هه‌ر زوو زۆر که‌س و لایه‌ن ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه و به به‌ڵێنی سنووردار کردنی ئه‌م کێشه‌یه بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان مسۆگه‌ر کرد .