Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
قسه‌ی نه‌سته‌ق له‌سه‌ر وه‌زنی فسته‌ق

قسه‌ی نه‌سته‌ق له‌سه‌ر وه‌زنی فسته‌ق

Closed
by June 21, 2009 گشتی

 

سه‌نعاته‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ره‌زیل بووه‌ خێری هیچی نه‌ماوه‌ ، ماوه‌یه‌ك باوی ئه‌و قسه‌ نه‌سته‌قه‌ی بوو ، هه‌ر پێیه‌كت خوار دانابوایه‌ پێیان ده‌وتی ده‌ست له‌ كار بكێشه‌وه‌ ،  كه‌چی یه‌ك نه‌فه‌ریش به‌ ده‌نگ ئه‌و داواكاریانه‌وه‌ نه‌هاتن ، نه‌ك هه‌ر كه‌س ده‌ستی له‌كار نه‌كێشایه‌وه‌ ، به‌ڵكو هیتریش ده‌ست به‌كاربوون ، ئه‌و داواكارییه‌ هێنده‌ دووباره‌و چه‌ند باره‌ كرایه‌وه‌ بووه‌  فسته‌ق ،  ئێستا پیاو پێی شه‌رمه‌ داوا له‌ هیچ به‌رپرسێك بكات ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌رنا هه‌ر لێره‌وه‌ داوام له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ به‌ڕێزانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن په‌رله‌مان شه‌ڕعییه‌تی نه‌ماوه‌ ده‌كرد كه‌ مووچه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ ناشه‌رعییه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانیان وه‌رنه‌گرن و ده‌ست و پێیان له‌ په‌رله‌مان بكێشنه‌وه‌ ، به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م كه‌سیان ئه‌و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت  ناماقولی وابكات و واز له‌فسته‌ق خواردن بێنێت ، یه‌كێ‌ له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ فێری قسه‌ی نه‌سته‌قی  نێو رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان بووه‌ ، له‌ سه‌ری قه‌سری سه‌ر گرده‌كه‌ی ده‌روازه‌ی كۆیه‌ كه‌ گوومانم له‌ شه‌ڕعییه‌تی قه‌سره‌كه‌ی هه‌یه‌ ، دووربینێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتوه‌ و به‌رده‌وام ده‌ڕوانێته‌ گردو ته‌پۆلكه‌كانی ده‌وروپشتی گرده‌كه‌ی و به‌ دوای شه‌ڕعییه‌ت و ناشه‌ڕعییه‌تدا ده‌گه‌ڕێ‌ ، به‌ڵام ژێر پێی خۆی و دامێنی گرده‌كه‌ی خۆی نابینێ‌ ، ئه‌م شه‌ڕعییه‌ته‌ هێنده‌ سووك و چرووك كرا پیاو پێی عه‌یبه‌ چیتر باسی بكات ، ئه‌گه‌رنا هه‌ر لێره‌وه‌ به‌و برا ئازیزه‌ تێكۆشه‌ره‌م ده‌گوت كه‌ له‌وه‌ته‌ی وه‌بیرم دێ‌ ئه‌و هه‌میشه‌ لالوت و سه‌رگه‌ردانه‌ ، باوه‌ڕناكه‌م له‌وه‌ته‌ی دوای راپه‌ڕین به‌ردێكی له‌سه‌ر به‌ردی دانابێت و خێرێكی بۆ كه‌س هه‌بووبێت ، ئه‌و فه‌رمایشتانه‌ی جه‌نابتان له‌ كامه‌ كانگای شه‌ڕعییه‌ته‌وه‌ هه‌ڵقولاوه‌ كه‌ ده‌ڵێن كاك نه‌وشیروان هه‌ر پلانێكی هه‌بێت ئێمه‌ پشتگیری ده‌كه‌ین ، جا قوربان ئه‌گه‌ر به‌م قسه‌ نه‌سته‌قه‌تان بێت ، ئیمه‌و ئه‌وانتان له‌ چی ، جیاوازییه‌كه‌تان چی ، به‌م حیساب و كتابه‌ی بێت ئێمه‌ زۆر جیاوازترو ریفۆرمتر و ماقوولتر له‌ ئێوه‌ بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و تێده‌ڕوانین ، چونكه‌ جه‌نابتان باش و خراپ هه‌ر پشتگیری ده‌كه‌ن و به‌ به‌ژن وباڵای یاره‌كه‌تان هه‌ڵده‌ڵێن ، چانییه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌ردوو رووه‌كه‌ ده‌بینین ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئێوه‌ كه‌ ته‌نیا هه‌ر روویه‌ك ده‌بینن و پشتگیریش هه‌ر له‌و رووه‌ ده‌كه‌ن ، جیاوازی ئێمه‌و ئێوه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئێمه‌ دان به‌كه‌م و كوڕییه‌كاندا ده‌نین و باسیشیان ده‌كه‌ین ، پشتگیری له‌ كاری باش و ره‌خنه‌ش له‌ كاری خراپ ده‌گرین ، جیاواز له‌ ئێوه‌ كه‌ پشتگیری هه‌موو پلانێكی گرده‌كه‌ ده‌كه‌ن ، جا با پلانه‌كه‌ پیلانیش بێت.

 

Previous
Next