بڵێی لای میدیای حوکوومه‌تی هه‌رێم له پڵنگه‌کانی تامیل که‌متر بین
وڵاتی ئێران به گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌ت به ڕۆژانێکی سه‌خت و چاره‌نووس سازدا تێده‌په‌ڕێ و تا دێ ڕه‌وشه‌که ناسک‌تر و ئاڵۆزتر ده‌بێت.
دوابه‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رۆکایه‌تی ڕژێمی ئیسلامی به ڕۆژی 22 ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1388 ی هه‌تاوی ، 12 جۆلای 2009 ی زایینی و به‌شداری به‌رفره‌ی جه‌ماوه‌ر له به‌رده‌م سنووقه‌کانی ده‌نگدان بۆ ڕزگاربوونی قۆناخ به قۆناخ له ژێر حوکم و ده‌سته‌ڵاتی دیکتاتۆریه‌تی ئاخوندی دا و ئه‌و گزیکاری و ته‌ڕده‌ستییه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه دا ئه‌نجامی گرت و به جارێ ده‌نگی خه‌ڵک خێرا چه‌ن کاتژمێرێک پاش هه‌ڵبژاردنه‌که به‌شی زۆری ڕژایه نێو سنووقی ئه‌حمه‌دی نژاده‌وه و له سه‌ر خواستی ڕێوی زه‌مان ، دیسانه‌وه بۆ ماوه‌ی چوارساڵی دی بڕیاره "ئه‌حمه‌دی نژاد" به‌سه‌ر گه‌لانی ئێران‌دا بسه‌پێنرێ، سه‌رپاک ئێران هه‌ژانێکی تێکه‌وت و هه‌مووان یه‌کده‌نگ ڕژانه سه‌رشه‌قامان تا ده‌نگی کپ کراو و وه‌زاڵه‌هاتوو و سته‌ملێکراویی ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ی خۆ به گوێی گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی جیهان بگه‌یینن.ئه‌وه‌ی داخۆ ڕوانگه و بۆچوونی که‌سانی وه‌ک "میر حسێن موسه‌وی "و "مێهدی که‌ڕوبی" ،دوو به‌ربژاری دی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رۆکایه‌تی ڕژێمی ئیسلامی تا چه‌نده له که‌سانی میناک "خامه‌نه‌یی" و ئه‌حمه‌دی نژاده‌وه جیاواز بێت و داکۆکی له مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستانی بنده‌ستدا بکه‌ن،پێم وایه بۆ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئاساییان بۆ دۆخی ئێرانی ئێستا هه‌بێت ،ڕه‌وشه‌که پێمان ده‌ڵێ هه‌ر دووک لا یه‌کن و به یه‌ک ڕێباز و ئاراسته‌دا ده‌چن.
ئه‌ی ئه‌م هه‌موو دڵخۆشی و شاگه‌شکه‌بوونه‌ی ئێمه‌ی کورد له چییه و بۆچ ئه‌وه‌نده هیوادار ده‌بین به داهاتوویه‌کی ڕوون؟!
منێک له نزیکه‌وه ئاگاداری پرسه‌که‌م و تاڕاده‌یه‌ک ئاشنا به سیمای دزێوی ڕژێمی ئیسلامیم ، وا بۆ پرسه‌که ناچم و به دید و بۆچوونێکی دیکه‌وه ده‌ڕوانمه ئه‌و پرسه.ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌سته‌ڵاتی ئه‌مڕۆی ئێران له‌ده‌س گه‌وره ئاخوند "خامه‌نه‌یی" دایه و وا بۆ نزیکه‌ی 20 ساڵی خشت ئه‌چێ ،ئه‌وه که حوکمی ئه‌م وڵاته پان و به‌رینه ده‌کات و به گه‌ز و پێوانه‌ی خۆی سه‌روه‌ت و سامانی به فیڕۆ ده‌دا و
له خودا بگه‌ڕێته‌وه ، که‌سی دی به خودان دانانێ و پرس و ڕاوێژ به که‌س ناکات و وه‌رگری قسه‌ی که‌سیش نابێت.
له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌دا گه‌لانی ئێران ئه‌وه‌نده‌یان زوڵم و سته‌م لێ چووه ،گێڕانه‌وه‌ی زۆری ده‌وێ و دیرۆک هیچ شتێ ناشارێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌مجاره پرسه‌که جیاوازه و هاواره‌که له نێو خودی سه‌رانی ڕژێمه‌وه به‌رگوێ ده‌که‌وێ و ئه‌وانن ده‌نگی خۆ به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌مه مژده‌یه‌کی خۆش بۆ گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندایه که به دڵێکی کراوه‌وه به‌ره‌پیری ئه‌و پرسه بچێ و خه‌نی بێت به‌و پرسه و هه‌وڵی یه‌ک یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵی خۆ بدات و هه‌مووان تێکۆشن له سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێزێکه‌وه دووی مافه ڕه‌واکانی گه‌ل بکه‌ون.
دیکتاتۆریه‌تی ئاخوندی وا بنج و بناوانی داکوتاوه جارێ بۆ بارودۆخی هه‌ونووکه ، له‌به‌ین بردن و له‌بن هێنانی زه‌حمه‌ته مه‌گین ئه‌وه‌ی له ناوخودی ئه‌و ڕژێمه گه‌نده‌ڵه‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز بێته‌وه و شه‌ڕی ده‌سته‌ڵات ، ئیراده‌ی گه‌ل وشیار بکاته‌وه که به‌خته‌وه‌رانه ئه‌وه‌ش ئێستا هاتۆته دی و ئه‌و هه‌ژانه‌ی من ده‌یبینم پێم وانییه هه‌ر وا سووک و سانا بوه‌ستێ.
ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی ئێران پێمان ده‌ڵێ ئه‌م شه‌ڕه تازه ده‌س پێبووه و زه‌حمه‌ته بکوژێته‌وه.گه‌ریش ئێستا کپ بکرێ تازه جه‌ماوه‌ر ئه‌و زاته‌ی به خۆ داوه دژ به دیکتاتۆرییه‌ت ڕاپه‌ڕێ.ده‌نگ و هاواری ئه‌م شه‌و و ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر و دروشمی "نه‌مان بۆ دیکتاتۆر"،"درۆ قه‌ده‌غه‌یه" و به ده‌یان دروشمی دی هه‌مووان حاڵی ئه‌و میلله‌ته وه‌سف ده‌کات له‌ده‌س ڕژێم
وه‌ته‌نگ هاتووه و ئه‌مڕۆکه ده‌وێرێ له‌سه‌ر کووچه و کۆڵان و شه‌قام و سه‌ربانان ،ده‌نگی خۆ به‌رز بکاته‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش گه‌وره ئاخوند خامه‌نه‌یی جگه له ده‌سته‌ڵاتی خودایی خۆ قایل به هیچ ده‌سته‌ڵاتێکی دی نابێت و پێملی حوکمی که‌سی دی نابێت.
ئه‌و که‌سێکی ده‌وێ گوێ له مستی خۆی بێت و بۆ ڕاگرتنی ڕژێمی وه‌لایه‌تی فه‌قێ هه‌موو توانای بخاته گه‌ڕ.
ده‌بینێ هه‌ر له نێو خودی سه‌رانی ڕژێمیش ئیدی وه‌ک جاران ئه‌و گوێڕایه‌ڵییه نابینرێ بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌موو فرت و فێڵ و ڕێویگه‌ری و ته‌ڕده‌ستییه‌ک و بۆ ئه‌وه‌ی تاکه بڕیارده‌ر هه‌ر بۆ خۆ بێت ، به به‌رچاو ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌وه حاشا له ده‌نگی دزراوی به ملوێنان که‌س ده‌کات و دان به‌و که‌سه‌یدا ده‌نێ به‌چکه پشیله‌ی خۆیه‌تی.
تۆ بزانه مانه‌وه له سه‌ر ده‌ور بۆ گه‌ڕه ئاخوندێکی وه‌ک خامه‌نه‌یی چه‌نده شیرینه که ئاماده‌یه به سه‌دان و هه‌زاران که‌س قوربانی بکرێن به‌ڵام ئه‌و له سه‌ر ته‌خته‌که‌ی بمێنێته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی 29 ی جۆزه‌ردان ئه‌م ئاخونده ده‌روون ژه‌نگنه له وتاره‌کانی نوێژی هه‌ینی دا مۆرکی ئه‌رێی نا به سه‌ر ناحه‌قی به‌حه‌قکراوی گوله پاسدار ئه‌حمه‌دی نژاددا و به به‌رچاو جیهانه‌وه سووکایه‌تی به خه‌ڵک کرد و به توندترین شێوه‌ش وه‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی دان و له کۆتایی ئه‌و نه‌مایشه فریوده‌رانه‌دا ده‌ستی کرد به گریان و ئه‌مه ئه‌و که‌سه‌یه هێمای ملهوڕی و خوێنمژبوونه که وا ئه‌شکی تیمساح هه‌ڵده‌وه‌رێنێ و له ئیمامی زه‌مانی داوای کۆمه‌ک و یارمه‌تی ده‌کات و به ئه‌قڵ و ئاوه‌زی جه‌ماوه‌ریش ڕاده‌بویرێ.
ئا ئه‌مه‌یه نموونه‌ی هه‌ره ڕوونی دێمۆکراسی ئاخوندی!!
ڕاستی ئه‌وه‌یه دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌سه‌ر ڕژێمی پاشایه‌تی دا،ڕژێمی ئاخوندی که‌ش و هه‌وایه‌کی پۆلیسی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندووه که ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک ده‌نگی ناڕازی بێت به بێ به‌زه‌ییانه‌ترین شێوه سه‌رکوتی کردووه و ئیزنی ده‌رکه‌وتنی به که‌س نه داوه.
به‌ڵام ڕابوونی ئه‌مجاره‌ی جه‌ماوه‌ر زۆر جیاوازه و خه‌ڵک ئیدی له ده‌س تاریکستانی ڕژێمی ئاخوندی وه‌زاڵه هاتووه و ده‌یه‌وێ بۆ خۆ چاره‌نووسی خۆ دیاری بکات.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داخه‌که‌م گوشاره‌که‌ی سه‌ر خه‌ڵک ئه‌وه‌نده هه‌ژێنه‌ره حازره بچێته ژێر نسێی هه‌ر که‌سێک و په‌نا بۆ هه‌ر که‌س ببات تا له‌م هه‌موو ڕه‌نج و مه‌ینه‌تییه ڕزگاری بێت.
خه‌ڵک ده‌یه‌وێ له هه‌وای پاک و ئازاد هه‌ڵمژێ و بتوانێ سه‌ربه‌ست و ئازاد و به بێ ترس قسه‌ی خۆی بکات.
پێم وایه له جیهانی ئه‌مڕۆدا ئه‌مه که‌مترین مافی خه‌ڵکه، ده‌وڵه‌تان ده‌بێ ڕه‌چاوی بکه‌ن.ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گوێی بۆ قسه‌کانی خامه‌نه‌یی له وتاره‌کانی نوێژی هه‌ینیی تاران‌دا شل کردبێت چاک ده‌زانێ دیکتاتۆریه‌ت سیمای ڕاستینه‌ی خۆی ده‌رخست و به هه‌مووانی سه‌لماند بۆ مانه‌وه ، ئاماده‌یه گه‌لی خۆ به پیس ترین شێوه سه‌رکوت بکات و هه‌ر ئه‌مڕۆ فه‌رمانه‌که‌شی ده‌رکرد.
ئا ئه‌مه‌یه حوکوومه‌تی گه‌لسالاری دینی ڕژێمی ئاخوندی !!
له‌وه‌یدا ڕژێمی ئاخوندی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر کاره‌وه ئیزنی به هیچ ده‌نگێکی نه‌یار و ئه‌وده‌ر له بازنه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خۆی نه‌داوه ، هیچ جێگه‌ی شک و ڕاڕایی نییه به‌ڵام ئه‌مڕۆ به فه‌رمی و به به‌رچاو ته‌واوی گه‌لانی ئێرانه‌وه ده‌س پێبوونی خولێکی تازه له دیکتاتۆریه‌تی ڕاگه‌یاند و وتیشی گه‌ر من له گه‌ڵ ده‌نگێکدا نه‌بم ئه‌وا ئه‌و ده‌نگه بۆی نییه ده‌سته‌ڵاتی ئێرانی ببێت با له کۆڵه‌که‌کانی ڕژێمیش بێت.
گه‌وره ئاخوند خامه‌نه‌یی به ڕاشکاوی وتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من و "هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی" له ساڵی 1336 ی هه‌تاوییه‌وه تا ئێستا یه‌ک ده‌ناسین ، لێ بیر و بۆچوون و ڕوانگه‌کانی ئه‌حمه‌دی نژاد له منه‌وه نزیک تره بۆیه من ئه‌حمه‌دی نژادم پێ باشتره.
ئا ئه‌مه‌یه نموونه‌ی باڵای دێمۆکراسی و ڕێزدانان بۆ ده‌نگی خه‌ڵک و هه‌روه‌ها پرسی هه‌ڵبژاردن.
که‌چی هه‌ر ئه‌م گه‌ڕه ئاخونده که دێته گۆ بۆ خاپاندنی جه‌ماوه‌ر ئه‌ڵێ من ته‌نیا خاوه‌نی ده‌نگێکم.خوێنه‌ر بۆ خۆ ده‌بێ چاک له‌و قسه دژ به‌یه‌که تێبگات.ئه‌مه‌ی سه‌ردێڕ و ناوونیشانی بابه‌ته‌که شتێکی دیکه‌یه و نووسینه‌که به ئاقارێكی تردا ده‌چێ تاڕاده‌یه‌ک ڕاسته و سه‌ره‌تا پێویست بوو هه‌ندێ ڕاستی تاڵی ئه‌م هه‌موو ساڵانه بۆ خوێنه‌ری کورد ڕوون کرابایه‌وه تا پاشان له مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی وتار یان بابه‌ته‌که نزیک بینه‌وه.
وا عومر و ته‌مه‌نی ڕه‌شی ڕژێمی ئیسلامی 30 ساڵ وه‌پشت سه‌ر ده‌نێ و سی ساڵی ڕه‌به‌قه کوردی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان له سه‌ره‌تایی ترین ماف و حه‌قی خۆ بێبه‌شه و ده‌نگیشی مه‌خابن ئه‌وه‌نده کزه به هیچ کوێ ناگات.
سی ساڵ گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌کردن و کوشتن و سه‌رکوتکردنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆ و تێرۆر و شه‌هیدکردنی ڕێبه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به به‌رچاو جیهانی پێشکه‌وتنخوازه‌وه ئێمه‌ی ئه‌مڕۆکه به‌م ده‌رده بردووه که ئێستا ئه‌وه‌نده دڵخۆشین به‌وه‌ی یه‌کێ با دوژمنی بابه‌کوشته‌شمان بێت ، هه‌رکه وتی دیفاع و داکۆکی له حه‌ق و مافتان ده‌که‌م ،پشتی بگرین و هیوادار بین به دروشم و به‌ڵێنه‌کانی .
ئه‌زموونی ئه‌م هه‌موو ساڵانه سه‌لماندی ئیراده‌ی گه‌ل هه‌موو شتێکه و سێڵاوێش ناتوانێ پێش به خرۆشانی ئه‌و زه‌ریا بگرێ. ئه‌مه واقیعێکی ڕوونی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ی کورده حیزب به‌داخه‌وه هه‌نووکه ده‌وری پێشڕه‌و نابینێ و له‌مێژه گه‌ل بۆ خۆی پێشه‌نگی کاروانی خه‌باته و به ده‌یان جاریش ئه‌وه‌ی له گه‌لێ ڕووداودا سه‌لماندووه.
حیزب و پارته‌کانی ئه‌مڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به سه‌د داخ و که‌سه‌ره‌وه پلان و به‌رنامه‌یان بۆ جه‌ماوه‌ر پێ نییه و ئه‌و وشیاری و وریاییه‌ی پێویسته به گه‌ل بدرێ ، لای ئه‌وان وێڕای ڕێز و حورمه‌تی فره‌وانم ، ده‌س ناکه‌وێ.
هێشتا له‌سه‌ر ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییه‌کان بۆ پشتیوانی له ئارمانجه‌کانی گه‌ل ، یه‌کده‌نگ و ته‌با نین.
هێشتا هه‌ر یه‌که‌و به‌رامبه‌ر پرس و ڕووداوێک ، هه‌ڵوێستێک ده‌گرێ.
یه‌ک ئیدانه‌ی ده‌کات،یه‌کی دی هه‌ر خۆی له قه‌ره نادات و سووکێ به په‌نایدا تێده‌په‌ڕێ .
هێشتا قه‌دری ئه‌و تریبۆن و مینبه‌ره ناگرن له‌به‌رده‌ستیاندایه و خۆ به به‌رنامه‌ی بێ ناوه‌رۆک و دروشم ئاساوه سه‌رقاڵ ده‌که‌ن.
تۆ چاوێک له تاقه که‌ناڵێکی وه‌ک BBC که و چاوێکیش له هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ئێمه بکه!!
ئه‌مانه هه‌موو ده‌ردی ئێمه‌ن ،کێ و که‌ی ده‌بێ گوێیان بۆ شل بکات ،نازانم!!
به‌ڵام ئه‌وجار دێمه‌وه سه‌ر مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌م و ناوونیشانی بابه‌ته‌که.
ئامار پێمان ده‌ڵێ نفووس و حه‌شیمه‌تی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پتر له 13 ملوێن که‌سه1.ئه‌وه‌ی کورد یه‌ک میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه و لێک دابڕاوه ،که‌سمان هیچ شکمان لێی نییه و هه‌موومان له‌سه‌ری کۆکین.به‌ڵام واقیعی جیهانی ئه‌مڕۆ و به تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین شتێکی دیکه‌یه و جارێ هێشتا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان له‌به‌رده‌م نییه کێشه‌ی خۆ یه‌ک لا بکه‌ینه‌وه،ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌کی تاڵه که‌سمان پێی خه‌نی نین.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه ئه‌وه‌نده به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی یه‌کدی که‌مته‌رخه‌م بین ئه‌ویش له حاڵێک دا به‌شێکی کوردستان ڕزگاره و خۆی حوکمی خۆ ده‌کات.
ڕه‌چاوی تێبینییه‌کانی سیاسی و بوونی دیپلۆماسییه‌ت بۆ ئه‌مڕۆی کورد گه‌لێ پێویسته .
کورد ئا ئێستا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه به‌شی زۆری له‌به‌ر بێ دیپلۆماسییه‌تی بووه.
بوونی وشیاری سیاسی لای سه‌ران و لێپرسراوانی باشووری کوردستان ،بۆ ئه‌مڕۆی کورد پێویستییه‌کی ئاشکرایه.
کورد له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی فاشی تورک و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه ده‌وره دراوه به‌ڵام ئه‌مه نابێ به ته‌واوه‌تی کار بکاته سه‌ر سه‌رانی حوکوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌وان ته‌نێ ده‌س به کڵاوی خۆوه بگرن نه‌کا با بیبات چوونکه کورد له هه‌ر کوێی جیهان بێت به هه‌ر ده‌سکه‌وتێکی، کورد له به‌شه‌کانی دی کوردستاندا پێی خه‌نی و شاد ده‌بێت.
زمانی مێدیا ئه‌مڕۆکه یه‌کێکه له هه‌ره‌کاراترین زمانه‌کان بۆیه به کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دێمۆکراسی دا‌ده‌نرێ.
من که سه‌یری ڕووداوه‌کانی جیهانی چوار ته‌نیشت ده‌که‌م ، ده‌بینم بۆ عه‌ره‌ب و فارس و تورک قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ویی لایان له هه‌موو شتێ گرینگتره.
گوێزتنه‌وه‌ی گه‌رماوگه‌رمی هه‌موو ڕووداوێکی فه‌له‌ستین له لایه‌ن مێدیای عه‌ره‌به‌وه نیشانه‌ی هه‌مان پرسه.
که‌چی به‌داخه‌وه لای ئێمه هێشتا هه‌ست به‌م ئه‌رکه گرینگه ناکرێ و خۆمان به پرسی لاوه‌کییه‌وه سه‌رقاڵ ده‌که‌ین.
دوژمن هه‌رچه‌نده به‌ده‌سته‌ڵاتیش بێت کاتێ ببینێ هاوهه‌ڵوێستی و یه‌کده‌نگی له به‌ینی کوردی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستانی له‌ت له‌تکراودا هه‌یه ، بێ سێ و دوو ترسی لێ ده‌نیشێ و حسێبمان بۆ ده‌کات.
بۆیه پێویسته ئه‌م هه‌له بقۆزینه‌وه و ده‌رفه‌ته‌که له‌مه زێتر له ده‌س نه‌ده‌ین.
هه‌ر به‌م ڕۆژانه بوونی که‌ناڵێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک BBC ترسێکی وای خستۆته دڵی کاربه‌ده‌ستانی ڕژێمی ئیسلامییه‌وه خێرا وه‌خۆ که‌وتوون و پێش به گوێزرانه‌وه‌ی بۆ ناو ماڵان ده‌گرن و ئاخوند خامه‌نه‌یی به ڕاشکاوی له نوێژی هه‌ینیی تاران‌دا ئه‌وه ده‌درکێنێ. من ناڵێم ئێمه‌ی کورد ده‌توانین به هه‌موومانه‌وه که‌ناڵێکی وه‌ک BBC ی به‌ریتانیامان هه‌بێت به‌ڵام خۆ جارێ خودی که‌ناڵ و وه‌خت و ستافه‌که‌مان له‌به‌رده‌سته،ئه‌ی بۆ ده‌بێ ئه‌م هه‌له زێڕینه له کیس بده‌ین!!
کورد تا نه‌بێته خاوه‌نی مێدیای پیشه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی و وشیار، زه‌حمه‌ته بتوانێ ده‌سته‌به‌ری قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی بکات.
20 ڕۆژ به‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ئێران و ڕووداوه‌کانی پاش به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا تێده‌په‌ڕێ و پرسه‌که جیهانی حه‌په‌ساند و ڕۆژ نییه که‌ناڵه‌کانی سه‌ته‌لایتی جیهان به‌رنامه ته‌رخان نه‌ده‌ن به‌م بابه‌ته.
به‌ڵام به‌سه‌د داخه‌وه مێدیای باشووری کوردستان ترسی وای لێ نیشتووه هێشتا پێی وایه کورد هه‌ر کورده‌که‌ی سه‌رده‌می قیاده موه‌قه‌ت و جه‌لالی یه و زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌بینی به‌رنامه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بکرێ. که‌چی له‌و لاوه ده‌یان به‌رنامه ده‌کرێ بۆ ڕووداو و بویه‌ره‌کانی ناوچه و ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له ناوچه‌ش.
ته‌رخاندانی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت و ئه‌ویش به شێوه‌ی گه‌رماوگه‌رم به کێشه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ریلانکا و پڵنگه‌کانی تامیل و به ده‌یان به‌رنامه‌ی دی له‌و جۆره بۆ خۆ نموونه‌ی زیندووی پرسه‌که‌ن.
من نامه‌وێ بڵێم مێدیای کوردی نابێ و پێویست ناکات ،ئاگاداری بویه‌ره‌کانی جیهان بێت؛به پێچه‌وانه‌وه زۆر به کارێکی پیشه‌یی و پسپۆڕیی داده‌نێم و پێگه‌یاندنی که‌سانی شاره‌زا و کارناس بۆ پرسه‌کانی هه‌موو وڵاتانی جیهان ،کارێکی زۆر به پلان و جێی ده‌سخۆشیشه به‌ڵام نه‌ک کورد ده‌سبه‌رداری ڕه‌نج و مه‌ینه‌ت و ئازاری میلله‌ته‌که‌ی خۆی بێت و به‌رامبه‌ر دۆزی گه‌له‌که‌ی که هه‌ر یه‌ک دۆزه ، خۆی لێ گێلی بدات .
ویژدانی بێداری گه‌ل به‌رامبه‌ر به‌و پرسه به ئاگایه و سبه‌ی وه‌ک خاڵێکی لاواز ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه.
ئه‌مه بۆ ئێستای کورد هه‌ژێنه‌ره و نیشانه‌ی ناوشیاریمانه.
به‌پلان کارکردن و هه‌وڵی ئامانجدار نه‌ک زیانی بۆمان نابێت بگره ده‌سته‌به‌ری ده‌سته‌ڵاتی زێتریشمان ده‌کات.
با له‌مه سڵ نه‌که‌ین و به وشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆزی گه‌له‌که‌مان بکه‌ین و ئه‌وه‌ش بزانین "ترس برای مه‌رگه".
1 جۆگرافیای کوردستان،د.عه‌بدوڵڵا غه‌فور،چاپی پێنجه‌م،2008،ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی،کوردستان،هه‌ولێر
تاران
29 ی جۆزه‌ردانی 2709 ی کوردی