ته‌قه‌كردن له ئازادی…….هێمن مه‌حمود
ته‌قه‌كردن له ئازادی
(ئێران وه‌ك نمونه)هێمن مه‌حمود- ده‌ربه‌ندیخان
HEMNM1979@YAHOO.COM
به‌بڕوای من ئه‌و خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌ی گه‌لانی ئێران پاش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی چه‌ند رۆژی رابوردوو هه‌ر به‌ته‌نها ناره‌زاییه‌تی نیه له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، ناره‌زایه‌تی نیه له ده‌رنه‌چونی موسه‌وی و ده‌رچونی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد.به‌ڵكو هێزێكی گه‌وره‌یه‌یه كه له‌ناوه‌وه‌ڕا ئه‌و خرۆشان و خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییانه ئاراسته ده‌كات، هێزێك كه ئیدی كاتی نمایشی خۆیه‌تی و سه‌رده‌می نه‌ش و نماكردنێتی، ئه‌و هێزه‌ش هێزی ئازادییه.
پاش شۆڕشی ساڵی 1979 گه‌لانی ئێران و هاتنه سه‌ركاری سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیه ، ئازادی تاك و گروپه‌كان له‌و وڵاته‌دا پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان كرد و له‌وه‌ش زیاتر سه‌ركوتكردنێكی سیسته‌ماتیكی له‌دژ ئه‌نجامدرا، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌سه‌دان كه‌س له‌سێداره‌دران و هه‌زارانیش له‌كونجی به‌ندیخانه‌كاندا توندكران و به‌زۆریش ئافره‌تان له‌چكیان كرایه سه‌ر.
له كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌بونی داهاتێكی گه‌وره‌ی نه‌وت و ئابورییه‌كی پته‌وو كه‌رتێكی كشتوكاڵی فراوان كه‌چی هێشتا رێژه‌یه‌كی تۆقێنه‌ر هه‌ژاری هه‌یه‌و خه‌ڵكانێكی زۆر بێ ماڵ و حاڵن و گه‌نده‌ڵییه‌كی جه‌سته‌ی حكومه‌تی شه‌قار شه‌قار كردووه.
خۆپیشاندانه‌كانی رۆژانی رابوردوی تاران و شاره‌گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ئێران هه‌ربه‌ته‌نها له‌خۆشه‌ویستی موسه‌وی نیه، هه‌ربه‌ته‌نها له‌دژی ته‌زویركردنی ده‌نگه‌كان و ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان نیه، به‌ڵكو شه‌ڕی گه‌لانێكه بۆ ئازادی، ئازادییه‌ك كه‌چیتر هیچ بیانوییه‌ك نه‌ماوه بۆ سه‌ركوتكردنی.
گه‌وره‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه له ئاساتێكدایه هه‌ندێك چاودێری سیاسی به سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ساڵی 1979 ی ده‌شوبهێنن.
راستیه‌كی گه‌وره له‌م ده‌ربڕینه‌دا هه‌یه ره‌نگه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای ئێران به‌حوكمی كۆمه‌ڵێك هۆكاری مه‌زهه‌بی و سه‌ربازی و سیاسی له رژێمی شا به‌هێزتر و خۆڕاگرترتبێت، به‌ڵام دواجار ئه‌مه سه‌ره‌تایه، هه‌موو رێگایه‌كی دو‌ریش به‌هه‌نگاوێك ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرا بده‌ین له‌چۆنێتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پۆلیس و هێزه‌كانی دیكه‌ی ئاسایش له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانی ناڕه‌زادا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و رژێمه چه‌نده له‌ئازادی ده‌ترسێت.به‌پێی سه‌رچاوه رۆژنامه‌وانییه‌كان (تا نوسینی ئه‌م وتاره) 8 له خۆپیشانده‌ران كوژراون و ده‌یانی دیكه‌ش برینداربون.
ئه‌م ته‌قه‌كردنه‌ی پۆلیس و ئیتلاعات له ئازادی له‌هه‌موو دونیادا ئیدانه‌كرا و داوای ئه‌وه له ئێران كرا چیدی به‌و جۆره وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران نه‌داوه‌ته‌وه.
له‌وڵاته سه‌ركوتكه‌ره‌كاندا هه‌میشه فیشه‌ك وه‌ڵامی ناره‌زاییه‌كان ده‌داته‌وه، هه‌میشه كوشتن ده‌بێته چاره‌نوسی ره‌خنه‌گران و ناڕازیبوان، چه‌ك دوا وه‌ڵامی حكومه‌تێكه كه دوژمنی ئازادییه، دوا وه‌ڵامی حكومه‌تێكه ترسی له ئازادییه.موسه‌وی و نه‌ژاد هه‌ردوكیان ده‌رچوی یه‌ك خوێندنگا و یه‌ك سیسته‌می مه‌زهه‌بین.با موسه‌وی دورشمی بریقه‌دار و روخسارێكی جوانتری هه‌بێت، با بانگه‌شه‌ی چاكسازی و ریفۆرمخوازیش بكات،به‌ڵام دواجار قوتابی ویلایه‌تی فه‌قیهن.
ناره‌زایی گه‌لانی ئێران ناڕازیبونه له‌دۆخی خۆیان ، نارازیبونه له‌دۆخێك ساڵانێكی درێژه به‌هیوان بگۆڕێت، نارازیبونه له نه‌بونی ئازادییه‌ك كه سه‌ره‌تایترین مافی ئینسانه، هه‌ربۆیه ئه‌وان موسه‌وی به وه‌سیله‌یه‌ك ده‌زانن تا له‌رێگایه‌وه به سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌یان بڵێن ئیدی چیتر به‌سه، ته‌قه‌كردن له ئازادی، به‌سه كوشتنی ئازادی.
(له ژماره‌ی رۆژی 21/6/2009ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی دا بڵاوبوه‌ته‌وه)