هه‌ندرێن : هه‌وڵی خۆکوشتن، په‌لکێشيکردووم!
هه‌ندرێن : هه‌وڵی خۆکوشتن، په‌لکێشيکردووم!
گفتوگۆی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود
به‌شی سێهه‌م/
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: ئه‌گه‌ر باش لێتان تێگه‌یشتبم، هه‌ندرێن له‌منداڵییه‌وه پێی وابووه مرۆڤ پشتی به‌ئاین و ئایدۆلۆژیه‌كان به‌ستووه تاژیان و، چاره‌نووسی دیاری بكا‌و به‌ڕێوه‌ببات كه‌دواجار ئه‌وه‌ش نه‌بۆته مایه‌ی دڵنیابوونی چۆنایه‌تی تر‌و به‌خته‌وه‌رتر بوونى، كه‌وابوو ده‌بێ چ ئاڕاسته‌یه‌ك وه‌ربگرێ؟…
هه‌ندرێن: راستییه‌که‌ی مه‌به‌ستی من نه ئه‌وه‌یه و نه ئه‌مه‌ی تریش. ئه‌وه‌نده‌ی من هه‌وڵمدا ئاراسته‌ی ئه‌م گفتوگۆیه‌مان دیارییبکا، کیشه‌ی ئایین وه‌ک خۆی یان ته‌رزه ئیدیۆلۆژییه‌ک نه‌بووه، به‌ڵکوو پرسی ئێمه له‌سه‌ر منداڵییه‌کی لامل یان نه‌سازاو له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرم، نه‌ریت و سنووره دیاریکراوانه‌یه که کۆمه‌ڵ به پاڵپشتی ئایین یان جۆره ئیدیۆلۆژییه‌کی ره‌ها و باڵاده‌ست به‌سه‌ر ژیاندا، له شێوه‌ی نه‌ریت و نۆرمه جڤاکییه‌کاندا دایده‌ڕێژێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته جیهانبینییه‌کی باو و دواجاریش ده‌بێته پێوانه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌تن و به‌خته‌وه‌ریی یان نووشستییهکانی مرۆڤ.
دیاره له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کان لایه‌نگیر یان هاوڕای ئه‌و بڕوا ئایینی و ئیدیۆلۆژیانه بن که جڵه‌وی جڤاک ئاراسته ده‌که‌ن و پێناسه باش و خراپه‌کان ده‌که‌ن، ئه‌وکاته ئه‌و مرۆڤانه له روانگه‌ی به‌ها و پێوانه‌کانی ئه‌و ئایین و ئیدیۆلۆژییه‌وه، به‌خته‌وه‌ر و سه‌رکه‌وتوو ده‌ژمێردێن. ئه‌ڵبه‌ته له کۆمه‌ڵگای کوردییدا نه‌ریته کۆنه‌کان، ده‌سه‌ڵاتی خیڵ، ئیدیۆلۆژیی حیزبه‌کان راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی پشت به به‌ها، ره‌وشت و روانگه ئایینییه‌کان ده‌به‌ستن. هه‌ر بۆیه تا ئێستاش ئایین "ئه‌فیون"ی کۆمه‌ڵگای کوردییه. ده‌سه‌ڵاتداره ته‌ڵه‌که‌بازه‌کانی رۆژهه‌ڵات به گشتیی و به تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتداره ئایینی، خێڵه‌کیی، سێکولاره‌کان به چه‌پ و راستهکانیانهوه بهردوامییهکن له ئاکار و پێکهاته‌ی ده‌مڕاسته‌کانی ئیسلامی سیاسیی. هه‌موو ئه‌و ئیدیۆلۆژییانه ده‌ست له ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ به‌ها، پێوانه سیاسیی و ئه‌خلاقییه‌کانی ئایین سوورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌به‌دیی خۆیان، تاکوو به‌رده‌وام توانا، روح و به‌هره جیاوازه‌کانی تاکه‌که‌سه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ تێکبشکێنن. لێره‌وه پرسی ئه‌و تاکه‌که‌سانه دێته ئاراوه که به پیچه‌وانه‌ی ئه‌و پێوانهگهله که ده‌سه‌ڵاتێکی به رووکه‌ش سێکولار و به روح و ئاوه‌ز هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ هێزه ئایینییه‌کان بۆ پرسی به‌خته‌وه‌ریی سه‌پاندوویانه.
به‌ڵێ ئه‌وکات و ئێستاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان و پێناسه‌کانی ژیان دیاریده‌کا، هێزه کۆنخوازهکانی ناو جڤاکی کوردیین. ئه‌وکات ئه‌و هێزگه‌له کۆنخوازه کوردییه، که پێکهاته‌یه‌کن له ده‌مڕاسته ئیسلامییه‌کان، خێڵه‌کیی و به‌ناو نووسه‌ر و سیاسییه تاڵهکهبازهکانی دیکه‌ی جڤاکی کوردیی. ئه‌و هێزه‌ش ئه‌وکات و ئێستاش دژی هه‌موو تاکه‌که‌س و ره‌وتێکی نوێخوازی کورده. بۆیه هه‌میشه هه‌وڵده‌دا به رێگای به‌ها ئایینییه‌کان و ورووژاندنی نه‌ریته قه‌تیسماوه‌کان، که له ناخی جڤاکی ئێمه‌دا کاران، ئه‌و تاکه‌که‌س و ره‌وته نوێخوازانه تێک‌بشکێنێ. به‌مجۆره چونکه ئه‌و هێزه کۆنخوازه خۆراکی به‌هێزی خۆی له‌و پێکهاته فره‌وانه‌ی ناو جڤاکی ئێمه‌وه وه‌رده‌گرێت، بۆیه توانیوویه‌تی ئه‌و تاکه‌که‌س و ره‌وته نوێخوازه هه‌میشه تووشی شکست بکا. لێره‌وه من یه‌کێکم له‌و تاکه‌که‌سانه‌ی که به ختهوهریی ژیان له ئازادیی و ئاوه‌ڵایی، بڕوابوون به ویست، ئاوه‌ز و توانا جیاوازه‌کانی مرۆڤه‌وه به‌رهه‌مدێت نه‌ک ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ یان په‌یوه‌ندییه‌کی داڕێژراوی نه‌گۆڕ.
که‌واته یه‌کێک له سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی نامۆبوونی مرۆڤگه‌ل یان یاخی بوونی تاکهکهسگهل له جڤاکی ئێمه‌دا، په‌یوه‌ندی به‌و جیهانبینییه ئایینیی و نه‌ریتخوازه قه‌تیسماوه هه‌یه که بوار بۆ خۆی نه‌بێ بۆ که‌سی تر ئاوه‌ڵا ناکاته‌وه که چیژ له‌و به‌خته‌وه‌رییه وه‌ربگرێ که خۆی بڕوای پێیه‌تی.
به‌مجۆره ئاراسته‌ی من هه‌ر له منداڵییه‌وه، وه‌ک به‌رته‌کێکی هه‌سته‌کیی یان خودیی، له‌و تێگه‌یشتنه‌وه ده‌ستیپێکردووه. له یادمان نه‌چێ، مرۆڤ که ده‌بێ بێبه‌رییه له سنوور و چوارچێوه‌کانی ژیان، لێ دواجار ئه‌وه مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی جڤاکن به رێگای ئایین و نه‌ریته‌کانه‌وه له قاڵبی ده‌ده‌ن. لێره‌وه هه‌ندێ مرۆڤ هه‌ر له منداڵییه‌وه ئاسان نییه له‌و قاڵبه داڕێژراوانهدا سندم بکرێن. به‌و شێوه‌یه له نێوان ئه‌و تاکه‌که‌سه نه‌گونجاو یان ناڕازیی و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی جڤاکه‌وه، ململانێ ده‌ستپێده‌کا. که‌واته ره‌نگه به‌شێک له‌و هۆیانه بێت که من ئاراسته‌یه‌کی ترم به دژی ئه‌و ئاراسته باوه‌ی هاوپۆل و خه‌ڵکه وابه‌سته‌کانی ئه‌و ژیانه سنووردار و سه‌پێنراوه گرته‌به‌ر. له‌و روانگه‌یه‌وه، ئه‌و نۆرمه نه‌ریتیی و ئایینیانه‌ی که له ته‌مه‌نی منداڵیی مندا باو بوون، ئێستاش له کوردستاندا ئه‌و نۆرمه نه‌ریتیی و ئایینیانه‌ن به شێوه‌یه‌کی ئاڵۆزتر و تهڵهکهبازانهتر باڵاده‌ستن. به‌مجۆره ئه‌وکات و ئێستاش، ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی یان سه‌روه‌ریی و به‌رهه‌مداریی مرۆڤی کورد له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه، که وه‌رچه‌رخانێک له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئه‌خلاقییه ئایینیی و سیاسه‌ته ته‌ڵه‌که‌بازییه‌ی رۆشنبیرییه‌کان دروستبکا.
وه‌لێ به ده‌ر له‌و پهرۆشخۆرییهم بۆ کۆی مرۆڤی کورد، من هه‌ستده‌که‌م هه‌میشه به‌ره‌و ئه‌و ئاقارهم که له چێژی نامۆییه‌کی هه‌ڵبژێردراو بترازێ، چاوهڕواێی ئامانجێکی تر نیم. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ره‌وتێکه له پرینسیپی تاکه‌که‌سیی. لێ ئه‌م ره‌وته‌ش، به‌لای که‌مییه‌وه، به‌هایه‌کی جوانناسیی به‌رهه‌مده‌هێنێ. ئه‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و مه‌رجه قوڕسه‌کانی ژیان نهمگلێنن، به‌خته‌وه‌رییه.
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: كه‌واته ڕۆژههڵاتنشینان و، له‌و نێوه‌شدا ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌تی تهژیكراوین له‌وێنه‌و بیروباوه‌ڕو بۆچوونگهلێكی وه‌ها كهكۆمهڵگهو ئاین و ئه‌وانی تر به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوین، پێتان وانیه بشێ ئێمه‌ش خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین هه‌روه‌ك مه‌زه‌نه‌ی منداڵێكی تازه له‌دایكبوو؟..هه‌ندرێن: ده‌کرێ له گۆشه‌نیگای به‌راییه‌وه هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بین، که ئێمه‌ی کوردیش وه‌ک به‌شێک له جڤاکهرۆژههڵاتنشینهکان، له‌ناو چوارچیوه‌ی نه‌ریتی کۆنینه، جیهانبینییه قه‌تیسماو و به پیرۆزکراوه‌کانی ئایین و بیرۆکه‌ی رووکه‌شی ده‌ره‌کییه‌وه گیرمان خواردووه. لێ ئایا، من له کۆپله‌ی دوایی پرسیاره‌که‌ت؛ واتا: "ئێمه‌ش"، که ده‌شێ "خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین هه‌روه‌ک مه‌زه‌نده‌ی منداڵێکی تازه له دایکبوو"، تێناگه‌م؟ ئایا مه‌به‌ستت له‌و "ئێمه‌ش"ه، تاکه‌که‌سه‌کانی کورده یان خودی جڤاکی کورد؟
له‌وه‌ش بترازێین، له بنه‌مادا کێشه‌ی رۆژههڵاتنشینهکان ئه‌وه نییه که به روانگه‌گه‌لی ئه‌وانیتر و شرۆڤه نائاوهزییهکانی ئایینه‌وه گۆشکراوه، به‌ڵکوو کێشه‌که‌دا له‌وه‌دایه، که ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتیی ویستی ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه‌مان تێدا نییه که ئه‌و روانگه و تێڕاوانیینه ئایینییانه بکه‌ین به بنه‌مایه‌ک بۆ رزگار بوون له‌و شه‌ڕه به‌رده‌وام و تووند و تیژیانه‌ی که ژیانمانی وێڕانکردووه. دیاره هه‌موو جڤاکه‌کان، به جۆرێک له جۆره‌کان، به وه‌رگرتن و کاریگه‌ریی روانگه‌کانی ئه‌وانیتره‌وه گه‌شه‌یان سه‌ندووه. لێ کێشه‌ی رۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌یه نه ده‌توانێ له روانگه خۆماڵییه‌کانی خۆیه‌وه ناسنامه‌یه‌کی لایه‌ق به خۆی بسازێنێ و پێکڤه به کۆویستێکی هاوبه‌ش له ژیانێکی ئازاد‌دا بژیت و نه ده‌شتوانێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وابه‌سته‌بوونه به روانگه و بۆچوونه‌کانی ئه‌وانیتریش بێت. لێره‌وه قه‌ده‌ریی، هێمنی شاعیر واته‌نی، "به ده‌ستی دیله‌وه دیله"؛ کورد کوشته‌ی روانگه و شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایینێکه جڤاکگه‌لێکی وه‌ک عه‌ره‌ب، فارس و تورکه که خۆیان پاشکۆی ئه‌و روانگه له قوتووکراوانهی ئه‌ویتره، هه‌روه‌ک سه‌ر به شێوه جیهانبییه‌کی وشکه‌ڕۆی ئایینێکی وه‌ک ئیسلامه، که خۆی هیچ رۆڵێکی له شرۆڤه‌کردن و پیاده‌کردنی ره‌هه‌نده گونجاوه‌کانی ئه‌و ئایینه‌دا نییه. بۆیه "مه‌زه‌نده‌کانی ئێمه‌ش" (ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که‌تان، مه‌به‌ستی تاکه‌که‌سی کورد بێت) له‌گه‌ڵ له دایکبوون و گاگۆلکه کردنمانه‌وه به‌و روانگه و په‌یامه ئایینییه له قالبدراوانه ده‌مکوت ده‌کرێن. هه‌ڵبه‌ته له ده‌سپێکه‌وه ئه‌و روانگه و په‌یامه ئایینییانه‌ی ئه‌ویتر به شێوه‌یه‌کی ره‌مه‌کی، خێزان و ده‌وروبه‌رمان به شێوه‌یه‌کی دهڤۆکیی و مامه‌ڵه‌کردن و په‌یوه‌ندییه‌کانیانه‌وه به‌و روانگه و په‌یامه به‌سته‌ڵه‌کانه‌ی ئایین فرچکمان ده‌ده‌ن و دواجاریش به رێگای قوتابخانه، نه‌ریتی ده‌مکوتکردن و شێوازی وانه وتنه‌وه‌ی مامۆستا و سنووره‌کانی کۆڵان و ژینگه‌که‌مانه‌وه، ئه‌و مه‌زنده خۆیهکییانهی خۆمان لێدهسنرێنهوه.
له‌و روانگه‌یه‌وه، راسته، هه‌روه‌ک پێستریش گوتمان، سه‌ره‌تا ئێمه‌ی زارۆک جیهانێکی ئاوهڵاین، هه‌ندێکمان هه‌ر زوو خاوه‌ن خه‌یاڵ و بنه‌مای که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی خۆمانین، ئه‌و روانگه و نه‌ریته باوانه‌ی ئایین و جڤاکه‌که‌مان ناتوانن کهوییمان بکه‌ن، لێ له دواجاردا زۆرینه‌مان شێوه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌مان لێ دروست ده‌بێ که له ماڵ، قوتابخانه و ژێنگه گشتییهکهماندا باڵاده‌ست و نموونه‌ی مرۆڤ یان به‌های سه‌رکه‌وتوون. لێره‌وه، وه‌ک مه‌رجێکی سروشتی، به‌شێک له ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌بینه خاوه‌ن مهزاندهیهک که دژی ئه‌و وێنه‌یه له ژیان بوه‌ستیینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئاشکرایه ئه‌و ته‌رزه منداڵه خاوه‌ن مه‌زه‌نده و مه‌یله ره‌مه‌کییه له ئازادییه هه‌ر زوو، به هۆی ئه‌و ره‌وتاره تووند و تیژ و زاڵمانه‌ی خێزان، خوێندگا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، تووشی پرۆسه‌یه‌ک له ژیانی خوێنتاڵکردن و چه‌وسانه‌وه ده‌بێته‌وه. بۆیه، ره‌نگه، یه‌کێک له‌و په‌روه‌رده ره‌هایه‌ی جڤاکی ئێمه بێت، که هه‌میشه نه‌وه دوای نه‌وه هه‌مان وێنه له مرۆڤه وابه‌سته و نه‌ریتخواز به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. به‌مجۆره منداڵێکی له‌و چه‌شنه یاخییه له جڤاکێکی وابه‌سته به روانگه‌گه‌لی وابه‌سته و جیهانبینی ئایین وشکه‌ڕۆ، پرۆسه‌یه‌ک له شه‌ڕێکی هه‌میشه کۆتایی نه‌هاتوو. که‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن مه‌زه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆشمان بین، به‌ڵام له دواجاردا سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و مهزاندانه له ئاستێکی ناوه‌کیی نه‌بێت، هیچ بوارێکی ده‌ره‌کیمان بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه پێ نابه‌خشێ. له‌و ره‌وشه ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه ناچار ده‌بین خه‌ون به ژیانێکی خه‌یاڵیی یان ژیانێکی دوور له ژینگه‌که‌مان یان بوونێکی مێتافیزکیی ببینین. ئه‌و ره‌وشه‌ش؛ واتا وێنه‌ی ئه‌و جڤاکه نه‌ریتیی پاشکۆیه‌ی روانگه ده‌ره‌کیی و ئایینییه پیاده‌کردنه وشکهڕۆیه، له هه‌ر قۆناغێکدا ئه‌و مرۆڤانه‌ی ناچار کردووه یان له گۆشه‌گیرییدا بتلێنه‌وه یان روو له بزاڤێک بکه‌ن که گوایه هه‌ڵگری خه‌ونه‌کانییه‌تی یانیش وه‌ک ئێستا باوه سه‌ر بۆ هه‌نده‌ران هه‌ڵبگرن. به‌مجۆره راستییه‌که‌ی هه‌بوونی مه‌زه‌نده‌ی سه‌ربه‌خۆ له جڤاکی ئێمه‌دا، له ئێستا و ره‌نگه داهاتووی نزیکیشدا، له خوێنتاڵبوون زێتر هیچ ئاکامێکی دیکه‌ی نییه و نابێت. لێ دهستهربهردار بوونی مرۆڤ له مه‌یل و ویسته سه‌ربه‌خۆکانی خۆی به زۆره‌کیی و ملکه‌چبوونی له هه‌مبه‌ر ئه‌و نه‌ریت و روانگه له قوتووکراوانهی ده‌ره‌کیی و ئایینییش، جۆرێکی تره له خوێنتاڵبوون و دهعهجانبوونی مرۆڤ، بۆیه ده‌کرێ بوونی ئه‌و تاکهکهسگهله خاوه‌ن مه‌زه‌نده و ویسته سه‌ربه‌خۆییه له پرۆسه‌یه‌کی درێژخهیاندا جڤاک تووشی لێکانگیربوونهوهیهکی ناوه‌کیی بکات و له ئاکامی ئه‌مه‌شدا ئه‌و جڤاکه ناچار بێت وه‌رچه‌رخانی به‌سه‌ردا بێت.ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: باشه، دروست ئه‌وه وه‌ڵامی ته‌واوه‌تی پرسیاره‌كه‌ی من بوو، ئێستا ده‌مه‌وێ بپرسم تۆ هه‌رگیز له‌ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆت ترساوی، به‌واتایه‌كی تر، ترست له‌وه هه‌یه ڕۆژێك له‌ڕۆژان ڕووبه‌ڕووی خۆت ببیته‌وه؟..
هه‌ندرێن: مرۆڤ ئه‌گه‌رچی زۆر جار و له به‌شێک له قۆناغه‌کانی ژیاندا به لاملییهکی زۆره‌وه بڕوای به خودی خۆی هه‌یه، لێ هاوکاتیش ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤه سه‌ر و کاری له بواری خوێندنه‌وه یان جۆره جینابینییهکی مرۆڤخوازیی ئیدیالیی گوزه‌راندبێت دوای ئه‌زموونگه‌لێک له ژیان، خوێندن، خوێندنه‌وه، سه‌رکه‌وتن و دۆڕانه‌کان، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌که‌وێته شه‌ڕ یان ململانێکی ناوه‌کی هه‌میشه‌وه. چونکه کردنی کرده‌ی نووسین و گه‌ڕان به دوای ژیانێکی بێگه‌رد، گه‌یشتن به جڤاکێکی دادپه‌روه‌ر، یه‌کسان، سه‌روه‌ر و … تاد به پرینسیپێک له ژیان، خۆی له خۆیدا ئاراسته‌یه‌که به دژی خودی ئه‌و واقیعه‌ی که تێیدا ده‌ژین. به واتایه‌کی تر: له‌و رۆژه‌ی که من له منداڵییدا له ئاستێکی هه‌سته‌کییه‌وه له‌و ژیانه باوه‌ی ماڵه‌وه و ژینگه‌که‌م بێزار بووم و دواجاریش ئه‌و به‌رته‌که هه‌سته‌کییه به‌ره‌و خه‌یاڵاندنی ژیانی ناو کتێبه‌کانی بردم، که ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا به‌ره‌و ژیانێکی سه‌ختی پیشمه‌رگایه‌تی بردم تاکوو ئه‌و ژیانه له خه‌یاڵاندنه‌وه بکاته ژیانێکی ئه‌زموونیی، ئیتر ئه‌و "رووبه‌ڕوو بوونه‌وه"ی خۆمه بۆته ململانێیه‌کی ناوه‌کی من.
به‌ڵام وێڕای ئه‌مه‌ش، به گشتی"ترس له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆم"، هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بووه له ژیانی مندا. لێره‌وه ئێمه ده‌بێ بزانین که له کام جۆره "رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆم ترساوم" و ده‌ترسێم؟ ئایا ئه‌و ترسانه له به‌رانبه‌ر ئه‌و بیرکردنه‌وانه‌یه که گونجان له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه باوه‌ی ده‌روروبه‌رمان سهختدهکهن؟
راستیه‌که‌ی له ئاستی ناوه‌کییه‌وه هاوکات له‌گه‌ڵ بڕوابوونم به‌و ژیانه‌ی که وه‌ک ئاکامێک له ره‌فتار تێگه‌یشتنه‌کانم و پرسیارانه‌ی که به خۆیانه‌وه ئاوێزانم ده‌که‌ن، هه‌میشه له هه‌میشه بڕوا و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کانی ئه‌وانیترم تێدا ئاماده بووه. به‌جۆره ئه‌گه‌ر مرۆڤ بوونه‌وه‌رێک بێت له گومان و یه‌قین، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ژیان بریتی بێت له شادیی و دڵته‌نگیی، ئه‌گه‌ر تاکه‌که‌سێک له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و تاکه‌که‌سانه‌ی که هه‌ڵگری په‌رۆشخۆریی یان لایه‌نگریی گۆڕانی جڤاکه‌که‌ی بێت، دواجاریش دوای ئه‌وه‌ی ئاکامی کۆی ئه‌و خه‌ون و هه‌ڵوێسته کرده‌ییانه خاکه‌سار بوون، ئیتر مرۆڤ، وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه، ناچار ده‌بێ به ئاوڕێک له‌و ئه‌زموونگه‌له بداته‌وه که روویانداوه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌که له توانا، بڕوا و کرده‌کانت.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌شێک بێت له پرسی "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"، ئه‌وه من دوای ماوه‌یه‌ک له پێشمه‌رگایه‌تیی، کۆتایی هاتنی ئه‌و پێشمه‌رگایه‌تییه به هۆی خۆبه‌ستانه‌وه‌ی حیزبه کوردییه‌کان به شه‌ڕی ئێران-ئێراق و نه‌بوونی بنه‌ما و پرینسیپی شۆڕش له به‌ڕێوه‌به‌رانی بزاڤی کوردیی و … تاد، ئاکامی ئه‌مه‌ش سه‌رگه‌ردانیی و ئهوارهیی من وه‌ک سه‌دان له‌و پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانه‌ی که به هۆی خه‌مخۆرییان بۆ زێد و سه‌روه‌ریی خۆیان سه‌رگه‌ردان بوون و دواجاریش گه‌یشتنی ئه‌و بزاڤه به‌و ئاکامه‌ی که ئێستا ده‌یبینین، هه‌موو رۆژێک له شه‌ڕێکی بێده‌نگ و سه‌ختی خۆمدا به‌سه‌ر ده‌به‌م. ئه‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"ش هه‌ر ته‌نیا له ئاستێکی ماریفی یان ره‌خنه‌یی من له هه‌مبه‌ر ئه‌و ره‌وشه تاکه‌که‌سیی و چاره‌نووسه به کۆمهڵییهدا نییه، به‌ڵکوو له ئاستی روحی و خهونهکانیشمدان.
به‌ڵی، له‌وه‌ته‌ی تێگه‌یشتووم که تیۆریی رووت کافی نییه بۆ گۆڕانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵ و به‌خته‌وه‌ریی و کۆتایی پرسیاره‌کان، ئاوێزانبوون به "زانین"، که دواجار ده‌بێته پرسیارێک له "نه‌زانی" و دۆشدامان به‌رانبه‌ر پرۆسه‌ی بوون ، تێگه‌یشتن له سرووشتی مرۆڤ، چه‌قینی جڤاکی کورد له سووڕانه‌وه به ده‌وری نه‌ریته نه‌گۆڕه‌کانی، مه‌حاڵی ژیانێکی شکۆدار له وڵاته‌که‌ی خۆم، بێناسنامه‌یی، بێماڵیی و … تاد، هه‌میشه له‌گه‌ڵ خودی خۆم له شه‌ڕێکی بێده‌نگدا ده‌ژیم. له هه‌ندێ کاتدا ئه‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"یه به‌ره‌و هه‌وڵی خۆکۆشتن، ئازاردانی خۆم و خه‌ڵکانی دهوروبهرهکهمی پهلکێشکردووم.
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"خودییه به ده‌ر بێت، ناکرێ هه‌ڵگری بوێرییه‌کی ناوه‌کیی هزراندنی بوونه‌که‌ی و ئازادیی ژیانه‌که‌ی خۆیی و جڤاکه‌که‌ی و مرۆڤایه‌تیش بێت. به کوردی سه‌رچاوه‌ی "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"ی خود، له ماڵی جیاواز بوون، گومان له‌و ره‌وش و ئاسته‌ی ژیانی مرۆڤه‌وه ریشاژۆیه. به‌مجۆره ئه‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"یه به‌شێکه له تامی ئه‌و ژیانه‌ی که له جیهانی بیرکردنه‌وه‌ی خودی مرۆڤ و بوونه‌که‌یدا ئاماده‌یه. شه‌به‌نگی ئه‌و ژیانه‌یه که دواجار له‌گه‌ڵ رۆچوون به‌ناویدا، تووشی پرسیارمان ده‌کا. هه‌ندێک جاریش ده‌کرێ ئه‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"یه له ترسمان به‌رانبه‌ر مه‌رجه‌کانی ژیانه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات. له‌وێدا تۆ هه‌ستده‌که‌ی چیتر ناتوانێ به‌رگه‌ی ئه‌و ئه‌رکانه بگریت که ژیان، یان جڤاک و نۆرمه‌کانی دوای ده‌که‌ن. هه‌ندێ جاریش ئه‌و "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"یه له نه‌مانی مانا، تام و به‌های ئه‌و ژیانه‌وه دهمتهنێتهوه، که ئیتر ئومێدێکی نزیک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مانا، تام و به‌هایانه له ئارادا نییه.
به‌مجۆره من بوونه‌وه‌رێکم له نێوان ترسی له ده‌ستدانی ئه‌و خود و یاده‌وه‌رییه‌کانیدا، هه‌میشه له شه‌ڕێکی بێده‌نگی ناوه‌کییدا ده‌ژیم. ئه‌و شه‌ڕه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌ن و زانینه‌کان، ئاڵۆزتر و دۆشدامانتره. لێ ئه‌و شه‌ڕه زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و فشارانه‌ی که ئه‌و رۆژگاره بووده‌ڵه رۆژانه به مه‌رجه رووکه‌شه‌کانی ناچارم ده‌که‌ن؛ واتا ئه‌و به مێگه‌لبوون و به کاڵابوونهی مرۆڤی کورد و جیهانه‌ی که بوارێکی بۆ شکۆمه‌ندیی نه‌هێشتۆته‌وه.
هاوکاتیش من هه‌میشه هه‌ست به به‌رپرسیارییه‌کی روحی ده‌که‌م به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی که منیان خۆشویستووه و منیش نه‌متوانیووه، به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت، وه‌ک ده‌خوازێ ئه‌مه‌کدار بم به‌رانبه‌ریان یان ئه‌و ئه‌رکانه راپه‌ڕێنم که ده‌بێ رایانپهڕێنم.
که‌واته من له ترسی مه‌حاڵبوونی ئه‌و ژیانه شکۆمه‌نده‌ی که من خوازیاریمه، ده‌شزانم مهیسهریش نابێت، رۆژانه له "رووبه‌ڕووبوونه‌وه"ی خۆمدام.